هاوپەیمانیی نێوان پۆست-کۆلۆنیالەکان، فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال، چەپ و ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم بەشێوەیەکی مەبەستدارانە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئاراستە و تەرکیزێکی هەڵبژاردەیی لەسەر ڕووداو و کێشەکانی چەوساندنەوە و دەسەڵات، بەتایبەت کاتێکیش پرسەکە بێتە سەر ئیسرائیل و جووەکان، کە وەک تەنها دووایین بەجێماوەکانی چەوساندنەوە، ڕاسیزم و کۆلۆنیالیزم دەبینرێن، لەکاتێکدا لەم تیۆرە ناوبراوانەدا ئێوە بە هیچ شێوەیەک بەر ناوی کورد ناکەون. لەم ڕووەوە دەکرێت ئەم دیاردەیە لەڕێگەی هەڵوەستەکردن لەسەر دەمارگیرییە ئایدیۆلۆجییەکان، گێڕانەوە و حیکایەتە مێژووییەکان و ئەجێندا سیاسییەکانەوە شی بکرێنەوە. لێرەهەوڵدەدەم شرۆڤەیان بکەم.
بینینی ئیسرائیل وەک تاکە “قەوارەی کۆلۆنیی”
تیۆری پۆست-کۆلۆنیال چیتر شتێکی ئەوتۆی لەسەر کۆلۆنیالیزم بە مانا کلاسیکییەکەی وشەکە نەماوە و تەنها ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی نیشتەجێکەری (ئیستیتانی) کۆلۆنیالیی دەبینێت، وەک تەنها دوژمن و نەیاری ناو بەستێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمی دەدات و پیشانی دەدات. ئەمەش کێشە و گرفتی ئیسرائیل-فەڵەستین دەباتە نێو چوارچێوەیەکی سادەکراوەی دوو ئاراستەیی: چەوسێنەر و چەوساوە و ئاڵۆزیی و زنجیرە و مێژووی جوو لەم بەستێنەدا لەبیر دەکات. بۆی گرنگ نییە چەندە جووەکان لە خودی بەستێنی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاوەدوونراون و ئازاردراون. لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بێبەریان دەکات. حیکایەتە ئیسلامییەکانیش کە خۆیان لەگەڵ ئەم وێنەیەدا یەک دەخەن، ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی بێگانە دەبینن بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە، ئەمەش وا دەکات هەم ئیسلامیی و هەم حیکایەتی پۆست-کۆلۆنیالیی یەک بگرن: زایۆنیزم وەک بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی نەتەوەیی جوو دەکەنە دەسکەلایەکی سادەی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی.
بەڵام بەپێچەوانەوە، خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەم چوارچێوەیە کورت ناکەنەوە. کورد وەک نەتەوەیەکی خۆجێیی و ڕەسەن، بەڵام لەدەوڵەتخراو بەدەستی خودی ئەو ئیمپریالیزمەی ئەم حیکایەتانەی سەرەوە گوایە هێرشی دەکەنە سەر، بووەتە ئاڵنگاریی هەرە سەرەکیی بەردەم پڕۆژە ناسیۆنالیستییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا. ئەم وڵاتانەش لە ئایدیۆلۆجیای حیکایەتی پۆست-کۆلۆنیالییدا هەمیشە وەک قوربانییانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی دەبینرێن. لەم گوتارەدا خەباتی فەڵەستین وەک خەباتێکی ڕەسەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی «چەوسێنەر-چەوساوە» دەبینرێت، بەڵام خەباتی کورد زۆربەی جار بەپێچەوانەوە: وەک بەهێزکەری هەژموونی ڕۆژئاوایی لەقەڵەم دەدرێت. بەو مانایە هەر جووڵەیەکی کورد دژی دەوڵەتانی ناوبراوی قوربانیی ئیمپریالیزم و بەرەی بەرەنگاریی (محوەری مقاوەمە) وەک هەوڵێک بۆ لاوازکردنی خەباتی فەڵەستین و هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی هەژموونی ئیمپریالیزم سەیر دەکرێت. ئەمە بەفراوانیی لەنێو گوتاری چەپ لە کوردستانیشدا ڕەنگدانەوەی هەیە. بەڵام ئەم گوتارە لەنێو چەپی فەڵەستیندا هیچ ڕەنگدانەوەیەکی نییە. بەو مانایە چەپی فەڵەستینیی خەباتی فەڵەستین ناخاتە ناو تیۆری ناسیۆنالیزم و دەوڵەت-نەتەوە ڕەتناکاتەوە، بەڵام چەپی کورد ئەم کارە بەرانبەر خەباتی کورد دەکات.
فیمینیزمی ئینتەرسێکشنالی هەڵبژاردەیی
یەکێک لە پێناسە سادەکانی فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال بریتییە لەو چوارچێوەیەی ناو تیۆری فیمینیستیی و باس لە ڕەهەندە جیاوازەکانی ناسنامەی کەسێک وەک ڕەگەز، جێندەر، چین، سێکسوالیتە، هتد، دەکات کە بەناویەکدا دەچن و بەشداریی لە ئەزموونی تاقانەی جیاکاریی و ئیمتیازبووندا دەکەن. ئەم فیمینیزمەش یەکەمجار لەلایەن ژنانی ڕەشپێست لە ئەمریکا-وە داهات بۆ خۆجیاکردنەوەیان لە «فیمینیزمی سپیپێست». هەڵبەت هەر زوو ئەم تیۆرە ئاراستەی دژە-ئیسرائیلی وەرگرت، لەنێو خودی ئەمریکا دا، ئەمەش بەدەستپێشخەریی خودی دامەزرێنەرانی ئینتەرسێکشنالیتیی، لەوانە کیبەرلی کرینشاو و ئەنجێلا دەیڤس.
فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال لە تیۆردا و بەشێوەی ڕووت باس لەوە دەکات خەبات لەپێناوی گرووپە پەراوێزخراوەکان دەکات، بەڵام ئەگەر لەسەرەتادا گرووپە پەراوێزخراوەکان ژنانی ڕەشپێستی ئەمریکا و پاشان ژنانی فەڵەستینیی بووبن، ژنانی کورد بە سەرتاپاگیریی دەکەونە دەرەوەی ئەم گوتارەوە. لەم ڕووەوە ژنانی تورک و ئێرانیی و عەرەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبنە نوێنەرە هەرە دیارەکانی ئینتەرسێکشنالیی و ژنانی کورد فەرامۆش دەکرێن، هەروەها ژنانی جووش وەک نوێنەری «فیمینیزمی سپیپێست» لەقەڵەم دەدرێن. لە پراکتیکدا زۆرینەی هەرە زۆری نوێنەرە دیارەکانی فیمینیزمی ئینتەرسێکشناڵ چوونەتە پاڵ گوتاری پۆست-کۆلۆنیال و هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئایدیۆلۆجییە ئیسلامییەکاندا کە دیسانەوە هەمان چوارچێوەی سادەکراوی «چەوسێنەر: ئیسرائیل و ڕۆژئاوا و چەوساوە: فەڵەستین، ئێران، تورکیا و جیهانی عەرەبیی» بەئەبەدیی دەکەن. لەم ڕووەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە دیارترین فیمینیست، جودیت بەتلەر، تەنانەت حەماسیش بە دیارترین نوێنەری چەپی جیهانیی بزانن.
بۆ نموونە بزووتنەوەی ژنانی کورد لە کوردستان کاتێک بە فراوانیی دژی پێکهاتە باوکسالارییەکانی کۆمەڵگە بوونەتەوە و خەبات بۆ یەکسانییەکی زیاتر دەکەن، تاکە بزووتنەوەی سیکۆلار و دیموکراتیی و چەپ-لیبراڵن لە ناوچەکە هێشتا نابنە جێی سەرنجی فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال. هۆکاری زۆریش بۆ ئەمە هەن: بزووتنەوەی کوردیی، یەکەم، پێچەوانەی بەها ئیسلامییەکانە (لێرەدا ئیماندار کە شوێنی پرۆلیتاریای گرتووەتەوە، لاوازبوونی لە بەرژەوەندیی تیۆری پۆست-کۆلۆنیال و فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال نییە)، هەروەها ناشکەوێتە بەرەی خەباتی فەڵەستینیی. بەوەدا ژن لە خەباتی فەڵەستینییدا پێگەی نییە، بەڵام بۆ فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال کۆیلەبوون و ژێردەستەیی ژنی فەڵەستینیی لەلایەن حەماس و هێزە ئیسلامییەکانی دیکەوە کێشە نییە، چونکە دوژمنە سەرەکییەکە، ئیسرائیلـە.
لەم ڕووەوە پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی ژنانی کورد لەلایەن فیمینیزمی ئینتەرسێکشنالەوە پێچەوانەی پشتیوانییەکەی بۆ ئایدیۆلۆجیا ئیسلامییەکان دەوەستێتەوە، بەوەدا بۆ فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال نەک کورد بەڵکو بزووتنەوەی ئیسلامیی فەڵەستینیی تەنها «بەرەنگاریی ڕەسەنی کولتووریی و نەتەوەییە».
ڕۆڵی ئیسلامیزم
بزووتنەوە ئیسلامییەکان، کە لەبەرەی دژە-ڕۆژئاوا و دژە-زایۆنیزم وەستاون بەردەوام لەلایەن چەپ و تیۆریزەکارانی پۆست-کۆلۆنیال و فیمینیستە ئینتەرسێکشنالەکانەوە ڕۆمانتیزە و ستایش دەکرێن و وەک تەنها دەرکەوتە و بەرجەستەبوونە ڕەسەنەکانی بەرەنگاریی دژی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم دەبینرێن. ئەم بەڕۆمانتیککردنە بە مەبەست خۆی لە پراکتیک و مێژووە کۆلۆنیالیستیی-ئیمپریالیستییەکانی خودی ئیسلام، وەک کۆلۆنیالیزمی عەرەبیی-ئیسلامیی، خەلافەتی عوسمانیی، سەفەویی و خەونی ئیخوان موسلمین بۆ ئوممەی ئیسلامیی پشتگوێ دەخات. بۆ نموونە:
یەکەم، مێژووی دوور و درێژی داگیرکاریی سەفەویی لەسەر کوردستان، چەوساندنەوە و داگیرکردنی ئەمڕۆی ئێران لە کوردستان و چەوساندنەوەی بەلووچەکان و ئەحوازییەکان نەک تەنها پشتگوێ دەخرێن، بەڵکوو ستایشیش دەکرێن، بەوەدا ئێران وەک قەڵای بەهێزی دژە-ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی دەبینرێت.
دووەم، داگیرکاریی و کۆلۆنیالیزمی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان، کولتوورکوژیی، زمانکوژیی، کۆمەڵکوژیی و جەنگە نەبڕاوە میلیتارییەکانی دژی نەتەوەی کورد لەم گوتارانەی سەرەوەدا بەفەرامۆشیی مێژوویی دەسپێردرێن، ئەمەش پێگەی تورکیا وەک دەوڵەتێکی ڕەسەن، ژێردەستەی ئیمپریالیزم و هەروەها ڕۆڵی لە پشتیوانیکردنی بزووتنەوە دژە-ئیسرائیلییەکاندا بەرز دەنرخێنێت.
سێیەم، تاوان و داگیرکاریی و جینۆسایدی بەعس لەسەر کورد نەک بەهەند ناگیرێت بەڵکو ڕەوایەتییش وەردەگرێت بەوەدا کورد وەک لاوازکەری بلۆکی دژە-ئیمپریالیی دەبینرێت، بەعسیزم وەک تەنها نوێنەری بەهێزی دژە-ئیسرائیل و دژە-زایۆنیزم.
بەهەڵەنیشاندانی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
چوارچێوەکانی تیۆری پۆست-کۆلۆنیالیی توانای تێگەیشتنی لە مێژووی فرە-لایەنی کۆلۆنیالیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نییە یاخود نایەوێت لەپێناوی ئەجێندا سیاسییەکانی، لێی تێبگات. لەکاتێکدا دەست لەسەر سینگ ئامادەیە هێرش بکاتە سەر کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی و ئیسرائیل بە تەنها بەجێماوی نوێنەری ئەم کۆلۆنیالیزمە ببینێت، بەڵام ئەم جۆرە داگیرکاریی و کۆلۆنیزەکردنانە پشتگوێ دەخات:
یەکەم، کۆلۆنیالیزمی-داگیرکاریی ناوخۆیی: بۆ نموونە باڵادەستیی و ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێی کورد و داگیرکردنی پانتایی و خاکە مێژووییەکەی و ڕاگواستن و جینۆساید لەلایەن دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و سووریا و عێراق (کە خۆیان دروستکراوی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایین) هیچ بەهایەکی بۆ تیۆری پۆست-کۆلۆنیال نییە چونکە لەگەڵ ئەجێندا و چوارچێوە ئایدیۆلۆجییە دژە-ئیسرائیلییەکەیاندا ناگونجێت.
دووەم، ئیمپریالیزمی ئیسلامیی: فراوانخوازیی مێژوویی ئیمپراتۆریی و خەلافەتە ئیسلامییەکان و میراتی بەجێماویان لە ژێردەستەکردن و چەوساندنەوەی نەتەوە نا-عەرەبەکان بەتایبەت کورد بە هیچ شێوەیەک شایانی گفتوگۆ و ڕەخنە نییە لای تیۆری پۆست-کۆلۆنیال و چەپ و فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال.
سێیەم، پراکتیکە تازەکانی داگیرکاریی: بۆ نموونە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی سیستەماتیک و ستراتیجیی و دڕندەئاسا و بەربەرییانەی خەباتەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی تورکیا و ئێران بەهیچ شێوەیەک نابنە باس و خواسی ئەم تیورە ناوبراوانە، بەوەدا لەگەڵ چەلەحانێی حیکایەتخوانانەی «بەرەنگاریی دژە-ئیمپریالیستیی» ئەواندا ناگونجێت.
پیرۆزکردن و ستایشکردنی ئێران و تورکیا
ئێران و تورکیا بەگشتیی لە بازنە چەپگەرییەکان و پۆست-کۆلۆنیالییەکاندا بۆ وەستانەوەیان دژی هەژموونی ڕۆژئاوایی ستایش دەکرێن. ئەمەش سەرەڕای پێگەی تورکیا لە ناتۆ و لە ڕۆژئاوادا، کەچی هێشتا ناتوانن ڕەخنەیەکی ڕاشکاوی ئاراستە بکەن وەک دەوڵەتێکی ڕاسیست و داگیرکەر.
بۆ نموونە، ئەم حیکایەتانە نایانەوێت چەوساندنەوە و داگیرکاریی سیستەماتیک و تیۆکراتییانەی ئێران لە دژی نەتەوەی کورد و پشتیوانیی ئێران لە گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستییەکان و خەباتیان دژی ئیسرائیل و پروپاگەندەی دژە-جوویی ببینن.
داگیرکاریی مێژوویی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان، جینۆسایدی کورد، گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران، هێرشە سەربازیی و میلیتارییەکان و بەزاندنی سەروەریی وڵاتان، ئەمانە هیچیان هێشتان بیانوو نین بۆ تیۆری پۆست-کۆلۆنیال و چەپ تا تورکیا ڕەخنە و شەرمەزار بکەن و خۆپیشاندانی ملیۆنیی لەدژ ڕێک بخەن.
ئەمجۆرە سوکایەتیی و بێڕێزییە هەڵبژاردەیە نابینایی ئایدیۆلۆجیی ناو ئەو بزووتنەوە ناوبراوانە و لەپشتیوانییخستنی مەبەستدارانەی خەباتی کورد دیاری دەکات، بەوەدا حیکایەتی دژە-زایۆنیی دەبێتە حیکایەتی باڵادەست و خەباتی نەتەوەی کورد بۆ سەربەخۆیی بەهیچ شێوەیەک لەنێو ئەم حیکایەتەدا جێی نابێتەوە، بەڵکوو بە تێکدەری بنەماکانی حیکایەتەکەش دادەنرێت.
بەرەنجام
هاوپەیمانیی نێوان چەپ، تیۆری پۆست-کۆلۆنیال، فیمینیزمی ئینتەرسێکشنال و ئیسلامییەکان ناسازگارییەکی قووڵی نێو پیادەکردنی پرەنسیپەکانیان دەردەخات. چڕکردنەوەی نیگایان لەسەر ئیسرائیل و جووەکان وەک بەرجەستەبوونی چەوساندنەوە خزمەت بەو ئەجێندا فراوانە ئایدیۆلۆجییە دەکات کە خەباتە ڕەواکانی کورد بۆ بەدەستهێنانەوەی پانتایی مێژوویی خۆی و هەروەها گرووپە نەتەوەییەکانی دیکەش بە فەرامۆشیی و بێباکیی ڕادیکاڵ دەسپێرێت. لە هەمانکاتدا بەمەبەست یان نائاگایانە نایەوێت لە پراکتیک و پڕۆژە کۆلۆنییەکانی دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک تورکیا و ئێران تێبگات.