سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بوونی دەوڵەت و نووسین مەرجە بۆ بوونی شارستانییەتێکی پێشکەوتوو

نووسەر: محەمەد بوودەهان

وەرگێڕان: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور

ئەگەر هەموو بەڵگەنامەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئاستی شارستانییەتی نەتەوەی ئەمازیغ لە مێژووی کۆندا، بۆ نموونە بە بەراورد لەگەڵ گەلانی هاوچەرخی خۆیدا وەک ئەفریقیا و ئەمریکا و ئوسترالیا، پێشکەوتوو بووە، ئەوا بەراوردکردن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە کە ئەوانیش هاوچەرخی ئەمازیغەکان بوون، وەک میسری، فینیقی، یۆنانی، ڕۆمانی، فارس، چین، ژاپۆن، هتد، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەم ئاستە لە شارستانییەتی ئەمازیغەکان کەمە و لە خوار ئەو ئاستەوەیە کە نەتەوەکانی دیکە پێی گەیشتوون.

بۆچی ئەمازیغەکان کە لە کۆنترین و دێرینترین نەتەوەکانن، نەیانتوانی شارستانییەتێک لە ئاستی شارستانییەتی فیرعەونی، چینی، یۆنانی، ڕۆمانی یان فارسی بەرهەم بهێنن؟ بەو هۆکارە سادەیە کە نەیانتوانی دەوڵەتێک بە بەردەوامیی مێژووییەوە دامەزرێنن کە لە دامەزراندنیەوە بە درێژایی هەموو قۆناغە مێژووییەکان ئامادەیی هەبێت، وەک لە نێو ئەو نەتەوانەی کە باسمان لێ کردن ئامادەیە و ئەوان هەروەک ئاماژەمان پێ دا، لە ڕووی کولتوورییەوە لە ئەمازیغییەکان پێشکەوتووترن. دەوڵەتێک بە بەردەوامیی مێژووییەوە پێویستە نەک نیمچەدەوڵەتێکی کاتی و زووتێپەڕ وەک ئەو پاشایەتییە هەناسەکورتانەی کە بۆ بەرخۆدان لە هەمبەر داگیرکەری شەڕاشۆ پێویست بوون.

بۆچی دەوڵەت؟ پەیوەندیی بە پێشکەوتووییەوە چییە؟

نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە دەوڵەتداربوونی بەردەوامیی مێژوویی نەبێت، وەکوو نەتەوەی ئەمازیغ و نەتەوەکانی دیکە، تەنیا دەتوانێت کولتوورێکی زارەکی بە بڕشتێکی ناوخۆیی و خۆجێیی سنووردار، دابونەریت و بیروباوەڕ و سرووتەکان ڕێک بخات، ئەوەیش تەنیا لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی سادەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا کە ناتوانێت ئاستی ڕێکخستنی خێڵەکی تێ بپەڕێنێت. لە کاتێکدا کە شارستانییەت، بەبێ گوێدانە ئەو مشتومڕە هەمیشەییەی سەبارەت بە جیاوازیی نێوان کولتوور و شارستانییەت هەیە، ئاڵۆزتر و گشتگیرتر و بەرفراوانترە لە کولتوور، چونکە کولتوور تەنیا بەشێکە لە شارستانییەت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگایەک کە ئاستێکی پێشکەوتووی شارستانییەتی هەیە، لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیدا ئاڵۆزتر بێت. ئەمەیش زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سیستەمی دەوڵەتی، چونکە دەوڵەت بەرجەستەکردنی ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئاڵۆزترە کە لە سادەیی ڕێکخراوەی خێڵەکی تێدەپەڕێت. ئەم حاڵەتە لەبەر ئەوەیە کە دەوڵەت ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی ئاڵۆزتر و پێشکەوتووترە لە ڕێکخستنی خێڵەکی، تەنانەت کاتێکیش کە ئەم دەوڵەتە سروشتێکی خێڵەکییانەی هەبێت کە تێیدا حوکمڕانی لەسەر بنەمای پەیوەندیی خێڵەکی دامەزرابێت.

هەر بۆیە ڕوونی دەکەمەوە کە مەبەست لە دەوڵەت لەم بابەتەدا (کە تەنها لە ڕواڵەتدا جیاوازە لە سێ کۆڵەکە ناسراوەکەی کە بریتین لە خاک و نەتەوە و دەسەڵات) بە تایبەت کە بابەتەکە پەیوەندیی بە مێژووی کۆنەوە هەیە، هەموو دەسەڵاتێکی سیاسیی ناوەندییە (یەک فەرمانڕەوا یان یەک دەستەی فەرمانرەوایی) کە هێزی سەربازی (سوپا، پاسەوان، پۆلیس، هتد)ی هەیە بۆ ڕێگریکردن، فەرمانکردن و قەدەغەکردن، ناچارکردن و کۆنترۆڵکردن. ئەمەش بەبێ گوێدانە سروشتی ئەم هێزە، وەک ئەوەی کە ئایا پێک هاتووە لە بەکرێگیراو، ڕێگر، باندێکی تاوانبار، یان تاک کە هەموویان سەر بە خێڵی فەرمانڕەوای ئەم وڵاتەن. هەروەها بەبێ گوێدان بەوەی کە ئایا ئەم دەوڵەتە سەرەتاییە، خێڵەکییە، پاوانخوازە، تیۆکراتیکە یان نا، یان خۆکەسییە و پەیوەستە بە کەسایەتیی فەرمانڕەواوە. چونکە گرینگ سروشتی دەسەڵات یان سروشتی دەوڵەت نییە، بەڵکوو گرینگ دەستڕاگەیشتنی دەوڵەتە بەسەر ئەو هێزەدا و مافی بەکارهێنانی بۆ ڕێگریکردن و فەرمانکردن و قەدەغەکردن و ناچارکردن و کۆنترۆڵکردن. بۆیە نابێ ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی خێڵەکی لەگەڵ دەوڵەتێکی بەسروشت خێڵەکیدا تێکەڵ بکرێت. جیاوازییەکە ئەوەیە کە یەکەمیان – تەنانەت کاتێک کە بنەماکەی، وەک چۆن کارەکتەری زاڵی خێڵی ئەمازیغ بوو، لەسەر یەکێتیی قەڵەمڕەو و خاک، نەک تەنها لەسەر یەکێتیی خوێن و خزمایەتی دامەزرابێت – ئەو دەسەڵاتە سیستماتیکییەی نییە بۆ ڕێگریکردن، ڕێکخستن، قەدەغەکردن، ناچارکردن و کۆنتڕۆڵکردن. لە کاتێکدا دەوڵەت خاوەنی ئەم دەسەڵاتەیە و هەر بۆیە مافی بەکارهێنانیشی هەیە، سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتێکە زیاتر لەوەی لەسەر بنەمای یەکێتیی قەڵەمڕەو و خاک دامەزرابێت، لەسەر بنەمای یەکێتیی خوێن و خزمایەتی ڕێک خراوە. بۆیە ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی خێڵەکی چەندەیش پێشکەوتوو بێت، هەمیشە لە دەوڵەتێکی سادە و سەرەتایی کە سروشتێکی خێڵەکییانەی هەیە، ئاڵۆزیی کەمتری هەیە.

پەیوەندیی دەوڵەت بە بەکارهێنانی نووسینی زمانەوە

بەڵام ئەگەر دەوڵەت توخمێکی گرینگ و تەنانەت پێویستیش بێت بۆ پێشکەوتنی شارستانییەت، ئەوە هۆکارەکەی تەنیا ئەم خاڵانە نییە:

– چونکە گریمان دەکرێت بە لوتفی هێزی سەربازییەوە توانای ئەوەی هەیە ئەو گرووپەی لە ژێر ئاڵاکەیدایە بپارێزێت و بەرگری لە خاکەکەی بکات؛

– وە لەبەر ئەوەی لەژێر ئەو ئاڵایەدا، وەک چۆن هەموو ئەو گرووپە بەڕێوە دەبات کە ملکەچی دەسەڵاتەکەین، مەرجەکان بۆ هاوکاریکردنی دەستەجەمعیی باشتر بۆ بەرهەمهێنانی ئابووری، بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییەکان بەدی دێنێت، هەرچەندە سادە، سەرەتایی و سنووردار؛

– وە بە هۆی تواناکانی بەردەستیەوە کە بەرهەمی کۆکردنەوەی باج و خەراجەکانە، توانای تەواوکردنی پرۆژە گەورەکانی ئاوەدانکردنەوەی هەیە، وەک هەرەمەکانی میسر یان دیواری چین، کە گوزارشت لە لایەنەکانی پێشکەوتنی شارستانییەت دەکەن.

 بەڵکوو سەرباری هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە، هۆکارێکی دیکەیش ئەوەیە کە دەوڵەت فاکتەرێکی بنەڕەتی و پێویستە – نەک بڵێین مەرجێکی هەمیشەیی- بۆ سەرهەڵدان و پەرەدان بە نووسین. بۆچی؟ چونکە پێویستیی دەوڵەت بۆ بەکارهێنانی نووسینی زمانەکە گەورەتر و بەهێزتر بوو لە پێویستیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بیروباوەڕی ئایینی. بۆچی پێویستیی دەوڵەت بۆ ئەمە گەورەتر و بەهێزتر بوو؟

بە حوکمی ئەوەی دەوڵەت خاوەن دەسەڵاتێکی ناوەندییە و بەشێک لە سروشتی دەوڵەت خۆی بریتییە لە هەوڵدان بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی تا ئەوپەڕی ڕووبەرەکان و دوورترین ناوچەکان کە دەشێت ملکەچی ئەم دەسەڵاتە بکرێن. ئەمەش وا دەخوازێت کە بڕیار و فەرمانەکانی خۆی، وەک دەسەڵاتێکی ناوەندی، بگەیەنێتە ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە و ڕەنگە لە دەسەڵاتی ناوەندی (پایتەخت) دوور بن. پێش نووسین، گواستنەوەی زارەکی تاکە ئامراز بوو بۆ گەیاندنی ئەم بڕیار و فەرمانانە کە لە ناوەندەوە بۆ پەراوێزە دوورەکان دەر دەکران. شێوازی زارەکی گونجاوترین و باشترین و ڕێکوپێکترین شێواز نەبووە، هۆکارەکەیشی دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە هەمیشە ئەگەری شێواندن و گۆڕانی فەرمانەکانی دەوڵەت لە کاتی گواستنەوەی زارەکییان لە ئارادا بێت، یان بە هۆی لەبیرچوونەوە یان بە هۆی گواستنەوەیان لە ڕێگەی زیاتر لە یەک کەسەوە تا دەگاتە دواهەمین کەس، کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی وەک نوێنەری دەسەڵاتی ناوەندی لە ناوچەی پەیوەندیداردا ئاراستەیان کرابوو. بە هەمان شێوە، ڕاگەیاندنی زارەکی، ئارگۆمێنتێکی جێگیر و گەرەنتیکراوی پێک نەدەهێنا. هەر بۆیە هەر کەسێک کە بەرژەوەندیی لەو بابەتەدا هەبایە، جا چ دەوڵەت خۆی بوایە یان کەسانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، دەیتوانی بە سوودی خۆی بیقۆزێتەوە. جگە لەوەش، چیتر تەنیا پشتبەستن بە شێوازی زارەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی داهات و خەرجییەکانی دەوڵەت پەسەندە و گونجاو نەبوو، لەگەڵ ئەوەی کە ئەمە دەیخواست ئەو کەسانەی کە پابەند بوون بە پێدانی باج (باجێک بە شێوەی ماددی لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتدا)، بڕەپارە و بەروارەکانیان کۆنترۆڵ بکرایەت و بژمێردرایەت.

لێرەوە پێویستییەکی بەرچاو هەبوو بۆ نووسین و تۆمارکردن بە شێوەیەک کە ڕێگە بدات هەرکاتێک پێویست بوو بتوانن بگەڕێنەوە بۆ داتا و زانیارییەکان. ئەم پێویستییە گرینگەی دەوڵەت بە تۆمارکردن و نووسین، ئەوەیە کە پەیوەندیی هۆکارانەی نێوان دەوڵەت و سەرهەڵدانی بەکارهێنانی نووسینی زمانەکە ڕوون دەکاتەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کەمبوونی ڕێژەی خوێنەواریی خەڵک لە نووسین و خوێندنەوەدا، هیچ گرنگی و کاریگەرییەکی نییە لە ڕۆڵی دەوڵەت لە سەرهەڵدان و بەکارهێنانی نووسیندا. چونکە ئەوانەی پەیوەندییان بە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە فەرمان و بڕیارە نووسراوەکانی دەوڵەتەوە هەیە، ئەوانەن کە بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنیاندا، لەوانەش پارێزگار و کرێکاران کە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی ناوەندی دەکەن و وا گریمان دەکرێت کە زانیارییان لەسەر خوێندنەوە و نووسین هەیە، کە ئەمە خۆی یەکێکە لە مەرجەکانی هەڵبژاردنیان بۆ ئەو پۆست و ئەرکانە.

بۆیە زۆرێک لە میللەتانی دێرین، وەک خودی میللەتی ئەمازیغ، ئەگەر پێش ئەوەی سیستەمی دەوڵەت بناسن پیتەکانیان بۆ نووسین داهێنابا، جا چ وەک وێنەکێشانی هێمای وشە یان بیرۆکە (ئایدیۆگرام) یان وەک ئەلفوبێیەک کە پێک هاتووە لەو پیتانەی دەنگەکان دەنوێننەوە، ئەو زمانەیان بۆ نووسین، گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و بەرهەمهێنانی کولتووری و فیکریی نووسراو بەکار نەهێناوە. چونکە هێشتا مەرجەکانی ئەم بەکارهێنانە لە بەردەستدا نەبوون. وەک باسم کرد، یەکەم مەرج بۆ ئەم بابەتە، بوونی دەوڵەتێکە و پێویستیی گەورەوگرانی ئەو دەوڵەتە بە بەکارهێنانی ئەو زمانە. بە کورتی، ئەگەر دەوڵەت بریکاری پێشکەوتنی شارستانییەت بێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە ژێر سێبەری دەوڵەتدا بەکارهێنانی نووسینی زمان گەشەونەشە دەکات و ئەمەیش خۆی کەڵەکەبوونی فیکری و مەعریفی و ئاسانکاریی بەکارهێنان و گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی ئەو فیکر و مەعریفەیە مسۆگەر دەکات و هەلومەرجی گونجاوتر و باشتر بۆ پێشکەوتنی شارستانییەت دابین دەکات.

ئەمازیغییەکان لە نێوان دەوڵەتی “بانگەوازچی” و دەوڵەتی “نووسین”دا

بە پشتبەستن بەو شتانەی کە لەبارەی بوونی پەیوەندییەکی هۆکارانە لە نێوان سەرهەڵدانی دەوڵەت و پێویستیی بەکارهێنانی زمانێکی نووسین ڕوونمان کردەوە، وەڵامی ئەو پرسیارە سەبارەت بە نەبوونی نووسین لە نێو ئەمازیغەکاندا ڕوون دەبێتەوە: وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، لە نێو ئەمازیغەکاندا نووسین  نەبووە، چونکە سیستەمێکی دەوڵەتی کە خاوەنی بەردەوامیی مێژوویی بێت، نەبووە. چونکە ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خێڵەکی بە پێچەوانەی ڕێکخراوەی دەوڵەتی، تەنانەت کاتێک لە شێوەی فیدراسیۆنی خێڵەکاندا بێت، بۆ گەیاندنی فەرمان و بڕیارەکانی مەجلیسی خێڵ بە ئەندامانی ئەم خێڵە یان ئەو یەکانەی کە سەر بە ئەو خێڵەن، پێویستیی بە زمانی نووسین نییە. بەکارهێنانی زارەکی ئامرازێکی پەسەندە و گونجاوە بۆ گەیاندنی ئەم فەرمان و بڕیارانە بە لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووبەرە بچووکە جوگرافییەی لە لایەن خێڵەوە دەستی بەسەردا گیراوە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەندامانی خێڵ و یەکەکان کارێکی مومکین و بەردەست بووە. ئەمە بە پێچەوانەی ئەو شتەیە کە سەبارەت بە دەوڵەت باسمان لێ کرد. لەبەر ئەم هۆکارە، لە بەستێنی خێڵەکیدا دیاریکردنی “بانگەوازچی” (البراح) یەک بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاگادارکردنەوە و پەیامە بەس بوو تاوەکوو لە ڕۆژانی بازاڕی هەفتانە یان دوای نوێژی هەینی ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنێت. تەنانەت ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم ئاگادارکردن و ڕاگەیاندنە لە ڕێگەی “بانگەواز”ەوە پیشەیەکی ناسراو بوو، بۆ ئەم مەبەستەیش ئەوانەی باڵابەرز و دەنگێکی بڵیندیان هەبوو و ڕوونبێژ و ڕەوانبێژ بوون، هەڵدەبژێردران. پیشەی «براح» لە زمانی ئەمازیغیدا بە مانای بانگەوازچییە. ئەم وشەیە لە زمانی ئەمازیغیی باکووردا باوە. پێ ناچێت ئەم وشەیە بە ڕەچەڵەک بیانی بێت، بە زمانی ئاخاوتن “البراح” دەخوێندرێتەوە. وەک نووسەری ئەم دێڕانە بە باشی لە بیریەتی، پەنابردن بۆ خزمەتگوزارییەکانی “البراح” (بانگەوازچی) تەنانەت چەند ساڵێک دوای سەربەخۆییش بەردەوام بوو، بەتایبەت لە گوندەکان و ناوچە بیابانییەکان.

کەواتە، سەبارەت بەو پرسیارە کە بۆچی ئەمازیغەکان نەیانتوانی ئەلفوبێیەکەیان، “تیفیناغ”، بۆ نووسین و تەدوین و بەرهەمهێنانی کولتووری و ئەدەبی بەکار بهێنن، وەک چۆن بۆ وێنە لە نموونەی چینی و ژاپۆنی و یۆنانی و ڕۆمانییەکاندا دەیبینین. وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەوان پێویستییان بەو شتە نەبووە، چونکە ڕێکخراوەی خێڵەکی بۆ “بڵاوکردنەوە”ی بڕیارەکانی مەجلیسی خێڵ، بە ڕاگەیاندنی زارەکی لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکانی “البراح”ـەوە پەسەندەی دەکرد. ئەمە هەروەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، پێچەوانەی سیستەمی دەوڵەتییە. هەر بۆیە، وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ڕیشەی نەبوونی نووسین و تەدوین لە لای ئەمازیغەکان، بۆ نەبوونی دەوڵەت دەگەڕێتەوە. ئەوان بە دەوڵەتی “البراح” پەسەندەیان کرد کە پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەتی نووسین نییە.

پەیوەندیی نووسین و پێشکەوتنی شارستانییەت

لێرەدا دەگەینە خاڵی سەرەکیی باسەکە، ئەویش تێگەیشتنە لەوەی کە بۆچی ئاستی پێشکەوتنی کولتووریی ئەمازیغەکان بە لاوازی ماوەتەوە و لە خوار ئاستی ئەو میللەتانەوەیە کە نموونەیانمان هێنایەوە. هۆکارەکەشی نەبوونی نووسین و بەرهەمهێنانی کولتووری و ئەو کەڵەکەبوونە فیکری و مەعریفییەیە کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی نووسیندا دەستەبەر دەکرێت. فەرهەنگی نووسین هەلومەرجێکی شیاو لە پێشکەوتنی شارستانییەت بۆ ئەو کۆمەڵگایانە دەڕەخسێنێت کە نووسینیان هەیە و ئەم ئاستە لە شارستانییەت بۆ ئەو نەتەوانەی زارەکیی ماونەتەوە و هێشتا نەچوونەتە قۆناغی نووسین و تەدوین، مسۆگەر نابێت. بۆیە، هەروەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، هەرچەندە ئەمازیغەکان بەسەر زۆرێک لە نەتەوەکانی هاوچەرخیاندا سەرترییان هەبووە، بەڵام بێدەوڵەتی وای کرد گرنگترین پێکهاتەی شارستانیەت و پێشکەوتن، واتە “نووسین” کە کلیلی چوونە ناو مێژوو و خاوەندارێتی و پێوەندارێتی (ئینتیما) بە مێژووەوەیە، لە نێویاندا بزر و غایب بێت. نەتەوەیەک کە نانووسێت هیچ مێژوویەکی نییە، چونکە هێشتا مێژووی خۆی نەنووسیوە بۆ ئەوەی لێی هۆشیار و بەئاگا بێت.

بۆیە بەرهەمهێنانی نووسین، فیکری و فەرهەنگی، بۆ هەموو شارستانیەت و پێشکەوتنێک پێویستە. بەڵام نەبوونی نووسین بە هۆی نەبوونی دەوڵەتەوە، هەروەک ڕوونم کردەوە، وای کرد ئاستی شارستانییەتی ئەمازیغ لە نزمترین ئاستدا بوەستێت؛ ئاستی پێش نووسین.

نەبوونی نووسین بەهۆی بێدەوڵەتییەوە سەرەتای نەبوونی ناسنامەیە

نەتەوەی بێدەوڵەت نەتەوەیەکی بێبەرگری و بێپاراستنە، چونکە هێزی سەربازیی نییە کە لە دەستدرێژیی نەتەوەیەکی تر کە دەوڵەت و هێزی سەربازیی هەیە، بیپارێزێت. بۆیە شانازیکردنی هەندێک لە چالاکوانان و شاعیرانی ئەمازیغی بەوەی کە نەتەوەی ئەمازیغ هێرشی نەکردووەتە سەر نەتەوەکانی تر و وڵاتیانی داگیر نەکردووە، شانازییەکی ڕاست و دروست نییە. بێگومان ئەمازیغ هەرگیز هێرش و داگیرکاریی نەکردووە، چونکە ئامرازی پێویستی بۆ ئەو کارە نەبووە کە پێش هەر شتێک دەوڵەتە و پاشان سوپا و سەربازە، کە پێویستی پێیەتی و ڕەنگە لە شەڕانگێزیی دژ بە گەلانی دیکە و داگیرکردنی خاکیاندا بەکاری بهێنێت. بۆیە ئەوەی کە ئەمازیغییەکان سەرزەمینی نەتەوەکانی دیکەیان داگیر نەکردووە بڕیارێکی خۆکرد و بژاردە نەبووە، چونکە دەوڵەت و سوپایان وەک جێبەجێکەری ئەو کارە نەبووە. لەبەر ئەوە، شانازیکردن و خۆهەڵکێشان بەو بابەتەوە دروست نییە. بەڵکوو ئەمە هەڵوێستێکی ئیجبارییە بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی داگیرکاریی، واتە دەوڵەت و سوپا و سەرباز، لە ئارادا نەبوون. بەڵام نەبوونی دەوڵەتی ئەمازیغی، سەرەڕای هەموو بەرخۆدانی قارەمانانەیان، داگیرکردنی خاکەکەیانی ئاسان کردووەتەوە. چونکە لە پشت ئەم داگیرکارییەوە هێزی سەربازی هەیە کە دەوڵەتێکی لە پشتەوەیە و پشتیوانیی لێ دەکات. هەروەک باسمان لێ کرد، تەنیا هێزی خۆبەخشی شەڕڤانانی ئەمازیغی نییە کە بەرگری لە شەرەفی وڵات دەکەن، بەڵکوو ئەوە دەوڵەت و سوپایەکی گەورەیە کە دەتوانن ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن.

تەنانەت لەوەش زیاتر، بە هۆی نەبوونی دەوڵەتەوە سەرزەوینی ئەمازیغی بە ئاسانی دەکرێتە ئامانجی داگیرکاریی ئەو نەتەوانەی دەوڵەت و سوپایان هەیە. هەروەها یەکێکی تر لە لێکەوتەکانی بێدەوڵەتی ئەوەیە کە زمان و ناسنامەی ئەمازیغییش دەکەوێتە بەر هێرشی داگیرکاریی بێگانەکان. ئەمەش کاتێکە کە ئەمازیغی بە هۆکاری ئایینی و کولتووری و زمانەوانی و سیاسی، بە پێی بنەمای “ژێردەستە لاسایی سەردەستە دەکاتەوە”، زمانی داگیرکەری بێگانە وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە نووسین و بڵاوکردنەوەدا بە کاری بهێنێت و بەم شێوەیە لە پەرەپێدانی زمانەکەی و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی زمانێکی نووسراو دوور دەکەوێتەوە. چونکە پاش ئەوەی دەستی بە نووسین بە زمانی بێگانە کرد، چیتر پێویستی بە زمانەکەی خۆی نامێنێت. ئەم مرۆڤە ئەمازیغە تەنانەت وا خۆی نیشان دەدات کە سەر بەو خەڵکە بیانییەیە و زمانی ئەوانی هەیە و بە تەواوی ئینکاری ناسنامەی ئەمازیغیی خۆی دەکات. بۆیە دەبێتە کەسێکی ڕەگەزگۆڕاو، چونکە واز لە ڕەگەزی ئەمازیغیی خۆی دەهێنێت و ڕەگەزێکی بیانی لە باوەش دەگرێت، وەک ئەوەی بۆ ئەمازیغە ڕەگەزگۆڕاوەکان – واتە لە ڕووی نەتەوەیی و ناسنامەییەوە – لە مەغریب-دا ڕووی دا. ئەوانە کەسانێکن بە شێوەزاری عەرەبیی دارجە (لەهجە) قسە دەکەن و پێوەندارێتیی ئەمازیغیی ڕەسەن و سروشتیی خۆیان ڕەت دەکەنەوە. دارجە حەقیقەتێکە کە ئەمازیغییەکان بۆ سەرکەوتن بەسەر پرۆسەی گۆڕانی ڕەگەزیی خۆیاندا بەرهەمیان هێناوە. ئەم کارە هەمیشە بە دەلالەتی زمانی عەرەبیی ڕەسەن واتە وشەی “ڕەگەزی” کراوە کە بە مانای نەتەوەیی و ناسنامەییە.

تێبینی

  • نووسەری ئەم بابەتە، موحەممەد بوودەهان، نووسەر و بیرمەند و خەباتکاری ئەمازیغیی-یە کە زۆربەی نووسینەکانی بە زمانێکی زانستی و بە مەبەستی بەرگریکردن لە ناسنامەی ئەمازیغی نووسراون.
  • ئەم بابەتە پێشووتر لە ماڵپەڕی گۆڤاری کۆمار بڵاوکراوەتەوە، لەبەر گرنگی بابەتەکە لێرە بە تۆزێک دەستکاریی دووبارە بڵاوی دەکەینەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO