ڕاستە پێش ئەوەی خەبات بکرێت بۆ دانپێدانان، دەبێت کار لەسەر ڕۆشنبیریی دانپێدانان بکرێت، چونکە نەبوونی ڕۆشنبیریی دانپێدانان و باڵایی و نرخی دانپێدانان لەناو نەتەوەدا ناڕووێنێت و دەریان ناخات. چەمکەکانی “توندڕەوی و ڕاستیی ڕەها و ئێگۆ و کۆمرەشی”، چەمکە باوەکانی ناو ژیانی ئەم نەتەوانەن، کە ئەمەش مەودای کار و ڕۆشنبیریی دانپێدانان تەسک دەکاتەوە. ئیدیکە هەمووان بەم عەقڵە ڕەها و دواکەوتوەوە، ڕاستی تەنیا لە لای خۆیان دەبینن، لەبەر ئەوە سەرجەم بیرە جیاوازەکانیش ڕەت دەکەنەوە. لە ڕاستیدا، ڕۆشنبیریی سست و داماو، ناتوانێت لەگەڵ بیرە سەردەمییە هاوچەرخەکاندا بژی، چونکە ئێمە سینگ فراوانیی وەرگرتنی بیری جیاوازمان نییە، بەم پاشخان و هۆشیارییانەوە. هەموومان فۆڕمێکمان بەخشیوەتە ژیان، تاوەکوو ئەم شێوازە بوونەوەرە لە ناوچەکەماندا بەرهەم بهێنێت. دیارە ئەمەش لە بەرانبەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکاندا، ڕێگر و بەربەستە.
باشە دەبێت چۆن ئەم کولتوورە، ڕێگە بە ئاستی دیالۆگ و دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بدات. لە ڕاستیدا، بەبێ دانپێدانان، هیچ ڕەهەندێک لە بیرکردنەوە و دیالۆگ لەگەڵ ئەوی دیکەدا دروست نابێت. لەبەرئەوە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا هێز شوێنی دیالۆگ بگرێتەوە، کایەی دانپێدانان تەسک دەبێتەوە. دەردی ئێمە بە “دیالۆگ، پەیوەندی و لێکتێگەیشتن” دەرمان دەکرێت، چونکە ئەم دەردە بە کێبڕکێ لەپێناو پێشکەوتندا دەرمان دەبێت، نەوەکوو کێبڕکێ لەپێناو دانپێداناندا. عەقڵەکانی ڕەتکردنەوەی ڕەها، ناتوانن کەش و ژینگەی دیالۆگ بخولقێنن، بێگومان ئەوانیش لە هەمان کەش و سامناکیی کولتووریدا دەژین، لەبەرئەوە هەمان ڕەفتار و ئەنجام بەرهەم دەهێننەوە.
کۆمەڵگەی مەدەنی، لەسەر بنەمای “هاوکاری و لێبووردەیی و دیالۆگ و دانپێدانان بە ئەوی دیکە و قبووڵکردنی بۆچوونی جیاواز” ئاوا دەبێت. لەبەر ئەوە کۆمەڵگەی مەدەنیی تەندروست، بە پڕۆسەی لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن لەسەر ئاستی هەمەڕەنگیی بیر و بڕواکان تێر دەکرێت. پەیوەندی لە کۆمەڵگە مەدەنییەکاندا “ئاسۆییە”، نەوەکوو “ئەستوونی”.
چۆن مرۆڤ دەتوانێت یەکێک لە بەندەکانی دیالێکتیکی هێگڵ “یەکگرتن و کێبڕکێی دژەکان” بکاتە بنەمای دانپێدانان. ڕاستییەکەی، مێژووی هێگڵ خۆشی، مێژووی دیالێکتیکی دانپێدانان و ڕەتکردنەوەیە. ئیدیکە دواکەوتوویی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژینگەیەکی وەهای خولقاندووە، لە شوێنی “کێبڕکێ لە پێناو دانپێداناندا / هێگڵ”، کە لە ڕێگەی دیالۆگ و بیرکردنەوەوە ئەنجام بدرێت، کردوویەتییە کێبڕکێ لەپێناو زڕاندن و سڕینەوەی یەکتردا. ڕاستە هەرچەندە مرۆڤ بە سایەی ئەوی دیکەوە خۆی دەناسێت، بەڵام دیسان دان بە ئەوی دیکەدا نانێت، ئەمەش خۆی جەوهەری کۆنەپەرستییە. ڕەتکردنەوەی دانپێدانان بە ئەوی دیکە، لە پاشماوەکانی کۆیلایەتی و کێوێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە ڕەتکردنەوەی دانپێدانان بە ئەوی دیکە، تێکدانی پردەکانی پێکەوەژیانە.
ئیدیکە ترس لە دانپێدانان خۆی، بە مانای دانپێدانان نایەت، بەڵکوو لە دۆخی وێرانی عەقڵە کەلەپوورییەکانەوە دروست دەبێت و سەرهەڵدەدات. یەکێک لە خەسڵەتەکانی عەقڵە کەلەپوورییەکان، نەبوونی دانپێدانانە. لەبەرئەوە ئاستی باڵای دانپێدانان، بەستراوەتەوە بە پلەی باڵای عەقڵەوە. ئیدیکە یەکێک لە نۆرمەکانی شارستانییە گەورەکان و ئاستی باڵای بازنەی کلتوور و عەقڵی دانپێدانانە. بێگومان بەردی بناغەی چەمکی دانپێدانان، لە سەربەخۆیی تاکی پێکهێنەرەوە هاتووە.
بەم تێگەیشتنە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی مرۆڤایەتی لە نەبوونی دانپێدانانەوە دەست پێ دەکات. ڕاستە دانپێدانانی لایەنی بەرانبەر، گرێدراوی بەخشینە، بەوەی کە مرۆڤ چی پێشکەش بە نەتەوەکەی یان مرۆڤایەتی دەکات. بۆ نموونە، ئەو کەسانەی بوونەتە سیمبۆلی مرۆڤایەتی، وەکوو “سۆکرات و چی گیڤارا و گاندی و ماندێلا و…” بە ڕەنجی خۆیان هەستیان بەستووەتەوە بە لایەنی بەرانبەرەوە. لەبەر ئەوە وەکوو سیمبۆلی زۆربەی جیهان قبووڵ دەکرێن.
ئەم پڕۆسەیە و ئەم دەردەسەرییە پێویستی بە نەشتەرگەرییە، چونکە ئێستا کاتی ئەوە نییە، کەسێک تاوانەکە بخاتە ئهستۆی کەسێکی دیکە، با ئەمە بپەڕێندرێت بۆ پەڕەکانی مێژوو. دیارە لە ئەنجامی بێچارەیی و تەمبەڵی عەقڵییەوە، ئێمە ڕۆشنبیریی گڵەییکردن لە ئەوی دیکەمان کردووەتە دیاردە و پەتای سەردەم. ئیدیکە ئەگەر ئەم عەقڵە بەردەوام بێت تاوەکوو دەگاتە سیستەمی فەرمانڕەوایی، کە “تیۆری پیلانگێڕی” زال کردووە بەسەر هۆشیاریی ناوچەکەدا، ئەوا ئامادەیە، چونکە ئیمڕۆ پیلانگێڕییە نەرمەکان شوێنی پیلانگێڕییە سیاسییە ڕەقەکانی جارانیان گرتووەتەوە. بەمەش، ئەو نەتەوانەی نایانەوێت دان بە ڕاستییەکانی خۆیاندا بنێن، جۆرێک لە بڕوای کوێرانەیان بۆ دروست دەبێت.
ئازادی خۆشی بەهایەکی ڕەها نییە، بەڵکوو زیاتر مافێکە، لەبەر ئەوە دەبێت دانپێدانانی پێ بنرێت. ڕاستە ڕەتکردنەوەی دانپێدانان لە ترس و لاوازیی ئازادیی تاکەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام دیسان “دەبێت ئێمە دان بەوەدا بنێین، کە مەرجە پێویست و سەرەکییەکانی هەر کارێک خۆی، ئازادیی بوونەوەری چالاکە”. بێگومان ئەم قسانەی ئێمە دەیانڵێین، نە بۆ ڕەشبینییە نە بۆ گەشبینی، بەڵکوو بۆ دانپێدانانە. سەرەڕای ئەوەش، ڕاستگۆیی لەگەڵ خودا، باشترین دانپێدانان و مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕەهەندەکاندا.
ئەگەر یەکێک لە جیاوازی و پێوەرەکانی نەتەوەکانی پێشکەوتوو و دواکەوتوو ئەوە بێت، کە دان بنێن بە دووانەییی “سەرکەوتن و شکست”دا، ئەوا نە ئێمە دەتوانین دان بنێین بە شکستەکانی خۆماندا و نە دەشتوانین بەم عەقڵەی ئێستاوە لەگەڵ ڕەوتی گلۆباڵدا بەردەوام بین. لەبەرئەوە دانپێدانان بە شکستەکان و گەڕاندنەوەی هۆکارەکان بۆ خۆمان، دەروازەی ڕێگەی ڕەهەندەکان و سەرکەوتنە، چونکە شکستی ڕاستەقینە، هەژارییە لە ئاشکراکردنی شکست و دووبارەبوونەوەیدا. لەبەرئەوە ڕێگری لە دانپێدانان، لە بێبڕوایی مرۆڤ بە مرۆڤ خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر داننەنانیش بە شکستەکاندا خۆی جۆرێک لە ترسی فکری بێت، ئەوا قبووڵکردنی چارەنووسە عەقڵانییەکان، ڕەنگێکە لە بوێریی ڕەهەندەکان.
بنەمای دانپێدانان خۆی، لە ڕۆشنبیری و قبووڵکردنی جیاوازییەکانەوە دێت، چونکە ڕاستیی ڕەها، بەرچاوی دانپێدانان تاریک دەکات، کە ئەمەش هاوکێشەی “من و ئەوی دیکە” ئاڵۆز دەکات. ڕاستە هیچ هێزێک لە جیهاندا نییە بتوانێت ڕێگە لە جیاوازی بگرێت، بەڵام دانپێدانان و دانپێەدانەنان، هەردووکیان ئامراز و شێواز و دەربڕینی جیاوازیان هەیە.
بەمەش، دانپێدانان خۆشی قبووڵکردنی مافی لایەنی بەرانبەرە. هەروەها دانپێدانان جۆرێک لە ڕەوایەتی دەداتە بەرانبەر، چونکە مێژووی مرۆڤایەتی خۆشی لە دانپێدانانی مافەکانەوە تێپەڕیوە بۆ مافەکانی دانپێدانان. لەبەرئەوە دەبێت ئەمڕۆ ئێمەش بپەڕینەوە لە دانپێدانانی مافەکانەوە بۆ مافەکانی دانپێدانان. سەرەڕای ئەوەش، ئەمڕۆ کورد لەم قۆناغە ئاڵۆزەدا، لە دەرەوەی “پێداچوونەوە و دانپێدانان و یەکترقبووڵکردن”، هیچ چارەسەرێکی دیکەی لە بەردەمدا نییە.


