١-٣
كوردانی تاراوگه هه‌ر له سه‌ره‌تای گه‌یشتنیان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه تێیدا ده‌ژین هه‌وڵیان داوه كۆرسی زمانی كوردی بۆ منداڵه‌كانیان دابین بكه‌ن. ئه‌مه‌ش چ له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی كولتووری و چ له ڕێگه‌ی هه‌وڵی كه‌سێتی و چ له چوارچێوه‌ی پرۆگرامی هاندانی زمانی دایك له‌لایه‌ن داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی وڵاته پێشوازیكه‌ره‌كانه‌وه. به‌ڵام ئه‌وا چه‌ند ساڵێكه، خۆشبه‌ختانه، خه‌ریكه جموجۆڵێكی تر كه‌وتۆته نێو دیاسپۆرای كوردییه‌وه و چه‌مكی زمانی دایك خه‌ریكه ده‌چێته قۆناغ و ئاستێكی تر. ئه‌وه‌ی ڕه‌چاو ده‌كرێ ئه‌وه‌یه كه جگه له گرنگی دان و كار كردن بۆ بنیاتنان و به‌هێز كردنی په‌یوه‌ندی نێوان كورده‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌كه له دیاسپۆرا، كاربه‌ڕێكه‌رانی كۆنفێدێراسیۆنی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی وادیاره كه هه‌ستیارن و دركیان به‌وه‌ش كردووه كه زمان ئامرازێکی بنەڕەتییە له كه‌ره‌سته‌كانی بنیاتنانی ناسنامه‌ی كوردی. بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه، گرنگی به زمانی دایكی منداڵانی كوردی دیاسپۆرا ده‌ده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی زۆریان داوه بۆ ڕێكخستنی كۆرسی زمانی كوردی بۆ منداڵان ڕاسته‌وخۆ و به ئۆنڵاین به هه‌ردوو زاره‌كانی كرمانجی و سۆرانی. چه‌ند مامۆستایه‌كی دڵسۆزیش به خۆشبه‌خشانه ئه‌و كاره گرنگ و پیرۆزه‌یان گرتۆته ئه‌ستۆی خۆیان و ڕۆڵی پیرۆزی مامۆستایی خۆیان ده‌گێڕن. هه‌ڵبه‌ته پێشتر ده‌یان كۆمه‌ڵه‌ی كولتووری كوردی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌و هه‌وڵه‌یان داوه و چه‌ندان كۆرسی زمانی دایكیان بۆ منداڵانی كورد ڕێكخستووه. به‌ڵام به‌داخه‌وه به پچڕ پچڕی و تا ڕاده‌یه‌كیش بێ چوارچێوه بووه. ئه‌و جیاوازیه‌ی كه له پڕۆژه‌ی ناوه‌ندی دایسپۆرای كوردستانی-دا به‌د‌ی ده‌كرێ بریتییه له نیه‌ت و هه‌وڵ و شێوازێكی جیاواز له جاران. جیاوازه سه‌ره‌كیه‌كه‌ش له گوتاری ئه‌م ڕێكخراوه‌دا هه‌ستی پێده‌كرێ، به‌تایبه‌تی له باسی لۆبی كوردی له دیاسپۆرا. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م گوتاره هه‌ڵگری هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ره.
بۆیه ئه‌وه‌ی كه من لێره‌دا ده‌مه‌وێ له‌سه‌ری بوه‌ستم، پێشنیازی چه‌ند پرسیارێكی بنه‌ڕه‌تی و چاره‌سازخوازه له ڕێگه‌ی هه‌ندێ بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی جیاواز ده‌رباره‌ی ئاڵۆزی چه‌مكی زمانی دایك له تاراوگه بۆ كاربه‌ڕێكه‌ران و مامۆستایانی دڵسۆزی زمانی كوردی بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و گۆشه‌نیگایه‌كی جیاواز و تێگه‌یشتنێكی جیاواز بۆ وانه گوتنه‌وه‌ی زمانی كوردی له ده‌وروبه‌رێكی جیاوازدا كه تاراوگه‌یه. واته له به‌رچاو گرتنی تایبه‌تمه‌ندێتی تاراوگه وه‌كو چوارچێوه و ده‌وروبه‌رێكی ئاڵۆز بۆ منداڵانی كورد. پرسیاره سه‌ره‌كیه‌كه‌ش بریتیه له، ئایا گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی زمانی كوردی چ تایبه‌تمه‌ندیه‌كی هه‌یه له تاراوگه‌دا؟ هاوکات کۆمەڵێک پرسیاری لاوەکیش دەوروژێنین وەک، ئایا په‌یوه‌ندی هه‌یه لە نێوان زمانی دایك و ناسنامه؟ ئایا منداڵان و لاوانی كورد له تاراوگه، گرفتی تایبه‌تیان هه‌یه له بنیاتنانی ناسنامه‌یان؟ ئایا مامۆستایانی كورد له تاراوگه، تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌بێت ئاڵۆزی ده‌ورووبه‌ری تاراوگه له مێتۆد و ناوه‌ڕۆكی وانه گوتنه‌وه‌یاندا ڕه‌چاو بكه‌ن؟ له‌و نووسراوه كورتكراوه‌یه‌دا، له سێ ڕوانگه‌وه بچینه ناو باسه‌كه‌وه، كه ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م ڕوانگه: زمان جگه له‌وه‌ی ئامرازی پەیوەندییە لەنێوان منداڵ و خێزانەکەی و کو‌لتوور و کۆمەڵگاکەی، كه‌ره‌سته‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیشه بۆ پێكهێنانی ناسنامه‌ی كه‌سیی و كولتووریی (ئێتنیی، نیشتیمانیی، نه‌ته‌وه‌یی، ڕۆحانیی، هتد). چونكه زمان هه‌ڵگری هه‌ست و به‌هاكانی خێزان و گرووپه‌كانی ده‌وروبه‌ریشه. واته منداڵ سه‌ره‌تا له ماڵه‌وه و دواییش له قوتابخانه و له نێوكۆمه‌ڵگادا هه‌ستكردن به به‌هاكان و تێنۆڕینه‌كان بۆ ژیان ده‌ست پێ ده‌كات، كه دره‌نگتر ده‌بن به به‌شێك له كه‌سایه‌تی و بنیاتی ده‌روونی و جیهانبینی ئه‌و.
دووه‌م ڕوانگه: تێبینی كردن له بار‌و دۆخی منداڵی كورد له تاراوگه، كه تیایدا ناسنامه‌ی خۆی بنیات ده‌نێ، تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كی ئاڵۆزی هه‌یه و كاركردن له‌گه‌ڵیان له بواری زماندا پێویستی به ڕه‌چاو كردنی ئه‌و خاڵه گرنگانه هه‌یه كه وابه‌سته‌ن له لایه‌كه‌وه به كاراكته‌ری دۆخی منداڵی كورد له نێوان دوو كولتوور و دوو جیهاندا و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به چاوه‌ڕوانی نیشتیمانپه‌روه‌ران و ئینتیلیجێنسیای كورد له‌و منداڵانه كه له داهاتوودا ببن به لۆبیه‌كی به‌هێزی كورد له دیاسپۆرا بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پرسی نه‌ته‌وایه‌تیمان.
سێیه‌م ڕوانگه: هه‌وڵی پاراستنی زمانی دایك وه‌كوو به‌رده‌وامیدان به مانه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه، چاوه‌ڕوانی ئێمه‌یه له منداڵه‌كانمان له تاراوگه كه ئه‌و ئامانجانه به‌ده‌ست بهێنن و به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه كه ئێمه چه‌ندین نه‌وه‌یه له‌سه‌ری ده‌ڕۆین و له خه‌بات داین، كه پرسی نه‌ته‌وه‌ییمانه.
چواره‌م ڕوانگه: وه‌ستان و تێڕوانین له توانای پرسیاركردنمان له ناوه‌ڕۆك و له مێتۆدی كاركردنی په‌روه‌رده‌ییمان بۆ به‌هێزكردنی هه‌ستی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌لای منداڵانی كورد له تاراوگه له ڕێگه‌ی زمانی دایكه‌وه. له كاتێكدا، زۆربه‌یان له‌ده‌ورووبه‌رێكی خێزانی‌دا له دایك بوونه كه تاڕاده‌یه‌ك بوونه‌ته هه‌ڵگری هه‌سته ناڕه‌حه‌ته‌كانی نائومێدی و ڕق وكینه‌ی دایك و باوكیان به‌رامبه‌ر به دووژمنی ده‌ره‌كی. هه‌روه‌ها، به‌رامبه‌ر به كرمی ناوه‌كیش (دووبه‌ره‌كی ناوخۆیی و گه‌نده‌ڵی، هتد). زۆر له‌و منداڵانه گوێیان كراوه‌ته‌وه به ڕسته ئاساییبووه‌كان و ژه‌نگهه‌ڵگرتووه‌كان وه‌كوو: “كورد دوا كه‌وتووه”، “كورد خائینه” “كورد قه‌ت نابێ به هیچ”، هتد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و دایك و باوكانه چاوه‌ڕوانن له منداڵه‌كانیان كه له داهاتوودا ببن به “كوردی باش و دڵسۆز” و هه‌ڵگری به‌هاكانی ئه‌وان. به‌ڵام ئایا تا چ ڕاده‌یه‌ك ئێمه ئاگاییمان هه‌یه له‌وه‌ی كه له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و منداڵانه، وه‌كوو هه‌موو منداڵانی ڕۆژئاوا، به كۆنسێپتێكی بنه‌ڕه‌تی په‌روه‌رده كراون كه بنیاتنراوه له‌سه‌ر دوو به‌های سه‌ره‌كی: یه‌كه‌میان بریتییه له جۆری په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و گه‌وره‌ساڵ، كه تیایدا منداڵ له هه‌مان ئاستی گه‌وره‌ساڵدایه. دووەم به‌ها بریتییه له په‌روه‌رده‌ی منداڵ له‌سه‌ر بنه‌مای تاكگه‌رایی. واته تاك و مافه‌كانی تاك وه‌كوو به‌های هه‌ره باڵا له سه‌رووی گرووپ و كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ته دوایی دێینه‌وه سه‌ر ئه‌و دوو خاڵه بنه‌ڕه‌تی و گرنگانه.
به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و چوار خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفه‌تێك بده‌ین به تایبه‌تمه‌ندێتی گرنگی زمان بۆ منداڵانی كورد و ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی كه له تاراوگه‌دا ده‌بێت له مێتۆدی وانه گوتنه‌وه و ناوه‌ڕۆكی وانه‌كاندا زۆر به وردی له به‌رچاو بگیرێن. له كۆتاییشدا چه‌ند پرسیارێكی ستراتیجی په‌روه‌ده‌یی ده‌ورژێنین بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستایانی به‌ڕێزی زمانی كوردی له دیاسپۆرا كه ئه‌و ئه‌ركه پیرۆزه‌یان گرتۆته سه‌ر شانی خۆیان، بتوانن هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ن بۆ تایبه‌تمه‌ندێتی و ئاڵۆزی كرده‌ی (فێركردنی زمانی كوردی بۆ منداڵانی كورد له تاراوگه) وه‌كوو لایه‌نه دیاره‌كه‌ی (ئاگایی). له هه‌مان كاتیش‌دا هۆشیار بن له‌لایه‌نه ناڕه‌سته‌وخۆكانی ئامانجه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه، كه لایه‌نه شاراوه‌كه‌یه‌تی (نائاگایی)!
واپێده‌چی كه زمان وه‌كوو هه‌ستی سه‌ربوون (ئینتیما)، په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌بێ به ناسنامه‌وه. ئه‌مه‌ش ناچارمان ده‌كات كه له هه‌مان كاتدا وه‌كوو دوو بابه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌گرێدراو له ڕووی سۆسیۆلۆجی و ده‌روونی و فه‌لسه‌فیشه‌وه باسیان بكه‌ین و كاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. بۆیه سه‌ره‌تا پێشنیازی ئه‌وه ده‌كه‌م كه هه‌ندێك له‌سه‌ر چه‌مكی زمان بوه‌ستین و دواییش دێینه سه‌ر چه‌مكی ناسنامه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له میكانیزم و دیالیكتیك و كاراكته‌ری تێكهه‌ڵكێشراویان تێبگه‌ین.
ڕۆڵی زمان
بێگومان هه‌روه‌كوو پێشتر باسمان كرد، زمان ڕێگە بە تاکەکان دەدات كه بیرکردنەوەکانی خۆیان دابڕێژن و دەرببڕن، چونكه وەک ئامرازێکی پەیوەندیکردن، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە چۆنیەتی تێگەیشتن و کارلێککردنمان لەگەڵ جیهانی دەوروبەرمان. بۆیه به گرنگی ده‌زانین كه لێرەدا چەند خاڵێکی سەرەکی سەبارەت بە دیالیكتیكی زمان و بیرکردنەوە و بینینه‌كانمان بۆ دنیا له ڕێگه‌ی زمانه‌وه بخەینە ڕوو.زمان، وه‌ك ئامرازی دەربڕینی بیرۆکەکان:
زمان ڕێگەمان پێدەدات كه بیری ئاڵۆز دابڕ‌ێژین و هەستەکان دەرببڕین. لە ڕێگەی وشەوە دەتوانین بیرکردنەوە و ئارەزوو و نیگەرانییەکانمان بخەینە ڕوو، بەم شێوەیە ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ئاسان بکەین. به‌ڵام زمان جگه له‌وه‌ی كه ئامرازه بۆ پەیوەندیکردن، کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوەشمان هەیە. شێوازی ده‌ستەواژەکردنی بیرکردنەوەکانمان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر تێبینیكردن و تێگەیشتنمان هەبێت بۆ شتەکان. هه‌ر ئه‌وه‌شه كه ئاراسته‌ی هه‌ست و گوتار و كرداره‌كانمان دیاری ده‌كات.
بیرکردنەوەی ئەبستراکت: زمان ڕێگەمان پێدەدات بە شێوەیەکی ئەبستراکت بیربکەینەوە. توانای بیرکردنەوەمان لەو چەمکانەدا پێ دەبەخشێت کە یەکسەر ئامادە نین یان بەرجەستە نین، وەک بیرۆکەی فەلسەفی، گریمانە، یان پلان دانان بۆ داهاتوو، هتد.
کارلێکی کۆمەڵایەتی: زمان ئامرازێکە بۆ دروستکردن و به‌هێز كردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. ئاڵوگۆڕی زارەکی ڕێگەمان پێدەدات ئەزموونەکان هاوبەش بکەین و پەیوەندی دروست بکەین و تێگەیشتن له یەکتر پەرەپێبدەین. ئەمەش پەیکەری کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات و یارمەتی له‌یه‌كترنزیكبوونه‌وه و هاوکاریكردن دەدات.
گەشەی مەعریفی: بۆ منداڵ فێربوونی زمان پەیوەستە بە گەشەکردنی مەعریفییانەوە. ئه‌مه‌ش لەگەڵ بەدەستهێنانی وشە و پێکهاتەی نوێ و توانای بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان لە جیهان دەگۆڕێت. بەم شێوەیە زمان دەبێتە ڤێکتەری فێربوون و دۆزینەوە و داهێنان.
زمانی ناوەوە: زۆرێک لە دەروونناسەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێمە زمانێکی ناوەوەمان هەیە، كه جۆرێکە لە دیالۆگی ناوەکی و یارمەتیمان دەدات بۆ ڕێکخستنی بیرکردنەوەکانمان. له‌م باره‌یه‌وه ئێدگار مۆران ده‌ڵی: “زمانی ناوه‌وه بۆ بیرکردنەوەی مه‌عریفی و ئاڵۆز و ڕەخنەگرانە و بڕیاردان زۆر گرنگە”.
وه‌كوو بینیمان زمان لە تەنها ئامرازێکی پەیوەندیکردن زۆر زیاترە ؛ ئامرازێکی بەهێزە کە بیرکردنەوەمان لە قاڵب دەدات، کاریگەری لەسەر تێڕوانینمان بۆ جیهان هەیە و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانمان دەوڵەمەند و ئاڵۆز دەکات. بۆیه ڕۆڵ بینینی زمان لە گەشەسەندنی مەعریفی و بنیانتانی بیرۆکەکانماندا ده‌بێته توخمێکی ناوەندی ئەزموونی مرۆڤ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته توخمێكی سه‌ره‌كی له پێكهاته‌كانی هه‌ستی ناسنامه‌ی كه‌سی و كولتووری نه‌ته‌وه‌یی، نیشتیمانی، سیاسی، ڕۆحانی، هتد، كه دواتر دێینه‌وه سه‌ری.
گۆشه‌نیگای فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وانی
به‌ڕێز لەتیف عومەر، له ماڵباتی ڕه‌وه‌ند، بابه‌تێكی كورت و گرنگی بڵاو كردۆته‌وه له‌ژێر ناوی “خۆت لەبیرمەکە”، تیایدا له سه‌ر زاری ڤۆڵتێر و پێم وابێ نیچه‌وه ده‌ڵێ: “بۆ ئەوەی هەمیشە خۆت لە بیر بێت بیرکەرەوە ، پێویستیت بەچییە لە بوونی خۆتا تا بتوانی ونبووەکانی زاتی خۆت بدۆزیتەوە لە بوونی ناوەوەتدا، بۆ ئەمە پێویستە لێکۆڵینەوە لە خودی خۆت سەرچاوەی تێگەیشتنت بێت. نێگەتیڤەکان لەمەڕ هەڵسوکەوت و فیکر و بۆچوونەکان توێژینەوەی بوونی خۆتی گەرەکە بۆ ئەوەی دەرئەنجام خۆت بدۆزیتەوه تۆ کێی؟ لەناو تۆیا چی هەیە، چی نهێنییە، چی هەیە ئاشکرایە؟”
بێگومان مه‌به‌ست له ناسینی خۆ واته ناسینی بیركردنه‌وه و گوتار و هه‌ڵسوكه‌وتی خۆ، كه ڕاسته‌وخۆ یارمه‌تیت ده‌ده‌ن بۆ ناسینی ناسنامه‌ی كه‌سیی و كولتووری خۆت. بۆ ئه‌وه‌ی خۆت بدۆزیته‌وه كه تۆ كێیت، ئه‌وا ده‌بێ هۆشیاری په‌یدابكه‌یت له كه‌ره‌سته شاراوه‌كانی ناوه‌وه و قووڵایی خۆت كه ناسنامه‌ت پێك ده‌هێنن. بۆیه به گرنگی ده‌زانین كه دوایی بێینه سه‌ر بابه‌تی ناسنامه، به تایبه‌تی بنیاتنانی ناسنامه‌ی كه‌سیی له تاراوگه‌دا. چونكه له یادمان نه‌چێ كه زمان هێمای سه‌ره‌كی ناسنامەیه؛ چونكه لەلایەن قسەکەر بەکاردەهێنرێت بۆ نیشاندانی ناسنامەی خۆی. هەروەها تاکەکان بەکاری دەهێنن بۆ پۆلێن‌کردنی هاوتەمەنەکانیان بەپێی ئەو زمانەی کە قسەی پێدەکەن. وا پێده‌چی كه هەموو مرۆڤێک سەر بە چەند گرووپێکی کۆمەڵایەتییە و خاوەنی چەندین ناسنامەی کۆمەڵایەتییه.
شتێكی ڕوونە کە زمان بۆ دەستووری شوناسێکی بەکۆمەڵ پێویستە، کە گەرەنتیه بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و نه‌ته‌وه‌یی کۆمەڵگەیەک. زمان شوێنی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه کۆمەڵایەتییەكانه كه به‌هۆیه‌وه ده‌بێته شوێنی چنینی کولتوورسازی زمانەوانی. ئه‌مه‌ش هێماسازیی ناسنامەی تێدا بنیات ده‌نرێ. هەروەها ڕوونە کە زمان لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەکات، هاودەنگی لەگەڵیدا دروست دەکات، ناسنامەمان خۆی لە مێژووماندا نوقم دەکات و لە ئەنجامیش داوا ده‌كات كه هەمیشە پەیوەندیمان بە نەوەکانی خۆمانەوە بمێنێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توێژەرەکان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پەیوەندی نێوان زمان و ناسنامە په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر ئاڵۆزه ، چونکه زمانی ئاخاوتن ته‌نها ئامرازی په‌یوه‌ندی و ڕاگه‌یاندن نییه، به‌ڵکو به‌ستراوه‌ته‌وه به چه‌مكی زمانه‌وانیش كه كۆمه‌ڵێك كۆد و سیمبولی شاراوه‌ی گرووپێك و مێژوو و به‌سه‌رهاته‌كانی گرووپه‌كه ده‌گرێته خۆی. بۆیه ڕەنگە پێویستمان بە جیاکردنەوەی زمان له کو‌لتوور بێت. بۆ نموونه، كاتێك كوردێك له كوردستان فێری زمانی ئینگلیزی یان فه‌ره‌نسی ده‌بێت، ئه‌وا مانای ئه‌وه نییه كه فێری كولتووری ئینگلیزی یان فه‌ره‌نسیش ده‌بێ. بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له كولتووری نه‌ته‌وه و وڵاتێكی تر، تێكه‌ڵ بوون و قبووڵكردن و به ناوه‌وه‌كردنی به‌هاكان له ڕێگه‌ی ژیان له‌ناو كولتووه‌ره‌كه‌دا پێویستن.
لودڤیك ڤیتیگنشتاین كه فەیلەسوفێکی زمانه‌وانی سەدەی بیستەمی نەمساییه، پێی وایه كه “سەرەڕای بیرۆکە چەسپاوەکان سەبارەت بەو ڕۆڵەی کە زمانێک دەتوانێت بیگێڕێت لە پێوەندیدا لەگەڵ ناسنامەی کۆمەڵایەتی گرووپێك، نابێت ناسنامەی زمانی لەگەڵ ناسنامەی گوتار و ئاخاوتندا تێکەڵ بکرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە ته‌نها زمان نییە کە ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییە کولتوورییەکانە، بەڵکو گوتارەکەیەتی یان ئاخاوتنه‌كه‌یه‌تی پێی. واته، وشەکان نه لە مۆرفۆلۆجیایاندا و نە یاساکانی ڕستەسازیی (ڕێزمان) هەڵگری کولتوورن، بەڵکو شێوازەکانی قسەکردنی هەر گرووپێك و ڕێبازه‌کانی بەکارهێنانی وشەکان و چۆنیەتی و جۆری ئارگومێنته‌كان و گێڕانەوەكان بۆ موناقەشەکردن و بۆ گاڵتەکردن و بۆ ڕوونکردنەوە و ڕازیکردن و بۆ ڕاکێشانی ئه‌وی تر ده‌بن به هه‌ڵگری كولتووری ئه‌و گرووپه‌ی كه به‌و زمانه بیر ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ئاخڤن و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن”.
بۆیه ده‌كرێ بیرکردنەوە بە زمانی كوردی، لە بیری عه‌ربی و فەرەنسی و ئیسپانی و پورتوگالی جیا بکەینەوە. دەتوانین فۆرمێکی بیرکردنەوە دەرببڕین، واتە قسەکردنێک، بە زمانێکی تر، تەنانەت ئەگەر ئەم زمانەی دیکەش هەندێک کاریگەری لەسەر ئەم بیرکردنەوەیه هەبێت. هەموو ئەو نووسەرانەی کە ڕاستەوخۆ بە زمانێکی تر بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە کە زمانی دایکی خۆیان نییە، بەڵگەی زیندوون بۆ ئەم بۆچوونه. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بیرکردنەوە، لە ڕێگەی گوتارەوە ئاگادار دەکرێتەوە! گوتاریش، واته زمانێك، لەگەڵ تایبەتمەندییه‌كانی قسه‌پێكردنی كه بریتییه له جیهان بینین. ئەمەش پەیوەستە بە خوو و دابونه‌ریتی کولتووری ئەو گرووپەی کە ئەو کەسەی قسە دەکات یان دەنووسێت كه سەر بەو گرووپەیە، یاخود هه‌ستی ئینتیمای بۆ ئه‌و گرووپه‌یه.
لودڤیگ ڤیتگنشتاین، لە ڕێگەی دوو بەرهەمە سەرەکییەکەیەوە، کە بریتین لە تراکتاتۆس لۆجیکۆ-فەلسەفیکۆس و لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکان، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر فه‌لسه‌فه‌ی تێگەیشتن لە زمان و زمانه‌وانی دانا. لە “تراکتاتۆس”دا پێشنیاری ڕوانگەیەکمان بۆ ده‌كات بۆ زمان وەک ئامرازێکی ستراكته‌ری (ستراكتورالیزم) بۆ وێنا‌كردن و ده‌ربڕینی واقیع. ئەو دەڵێت زمان جۆرێکە لە وێنە، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی جیهانی تاكه كه‌سه. به‌ڵام بە بڕوای ئەو، گەڵاڵە زمانەوانییەکان کاتێک ما‌نایان هەیە کە بتوانرێت بە ڕاستییە ئەزموونییەکان پشتڕاست بکرێنەوە. ئەم ڕێبازە زۆرجار بە دەستەواژە بەناوبانگەکەی کورت دەکرێتەوە: “سنووری زمانەکەم بە واتای سنووری دنیای منە”. له‌به‌ر ئه‌وه، ڤیتگنشتاین لە “لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکانی زمانه‌وانیدا، ڕوانگەیەکی جیاواز دەگرێتەبەر و ڕەخنە لەو بیرۆکەیە دەگرێت کە زمان تەنیا ئامرازێکە بۆ ده‌ربڕین. بۆیه دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر كه چه‌ند ساڵی خایاند و تیۆر و بۆچوونه‌كانی پێشووتری خۆی خسته‌وه ژێر پرسیار، ڤیتگنشتاین هات چەمکی “یارییەکانی زمان”ی په‌ره پێدا، كه تیایدا جه‌خت له بیرۆكه‌ی ئاڵۆزی پشت و بن و ته‌نیشتی وشه‌كان ده‌كاته‌وه و پێی وایه كه مانای وشەکان به گوێره‌ی بەکارهێنانیان لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا ده‌گۆڕێت. بەم شێوەیە زمان وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت، کە ماناكان لە کارلێکەکانی مرۆڤ و پراکتیزە کولتوورییەکانەوە سه‌رچاوه ده‌گرێت.
بە کورتی، زمان لای ڤیتگنشتاین، هەم ئامرازێکە بۆ وەسفکردنی جیهان و هەم ئامرازێکی دینامیکییە کە لەگەڵ پراکتیک و کارلێکەکانماندا له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر پەرە دەستێنێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت. ئەم دوو پره‌نسیپه ڕێگای نوێی بۆ فەلسەفەی زمان کردۆتەوە و بەردەوامە لە کارلێكردن لەسەر بیری هاوچەرخی ڕۆژاوایی له زانستی زمانه‌وانیدا.
بێگومان، بۆچوون و شیكردنه‌وه فه‌لسه‌فییه‌كانی ئێدگار مۆران و به تایبه‌تیش ڤیتگنشتاین كه له سه‌ره‌وه خستماننه ڕوو، ڕه‌نگه یارمه‌تیمان بده‌ن بۆ باشتر بینین و تێگه‌یشتن و باشتر شیكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی لاوی كورد له تاراوگه. ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه هاوكاریمان بكات بۆ گرتنه‌به‌ری مێتۆدێكی زانستی و كاریگه‌ر بۆ ڕاهێنانی لاوانی كورد بۆ دروستكردنی لۆبیه‌كی كوردی به‌هێز و كاریگه‌ر له تاراوگه، له ڕێگه‌ی وانه‌ی زمانی دایكه‌وه.
ماویەتی



