لەم سەردەمەدا، وزەی کارەبا تەنیا خزمەتگوزارییەک بۆ ڕووناکی نییە، بەڵکوو گۆڕاوە بۆ مەرجێکی بنەڕەتی و بێ چەندوچۆنی ئەخلاقی بۆ بەردەوامیی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ. چونکە بڕینی کارەبا لەسەر هاووڵاتییەک تەنیا بڕینی ڕووناکی نییە، بەڵکوو چەندین مانای دیکەی هەیە. بڕینی وزەی کارەبای ماڵێک بە مانای بڕینی ئاو و بڕینی پەیوەندییەکان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، بڕینی وزەیە لەسەر ساردکەرەوە، دەرمان و خۆراک. لەهەمان کاتدا، هێرشە بۆ سەر پاراستنی مرۆڤ و هێشتنەوەیەتی لەبەردەم گەرما و سەرمادا، چونکە لە ئێستادا، وزەی کارەبا بووەتە سەرچاوەی ژیان.
لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی ئابووری ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و گەندەڵی و فشاری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە، “پڕۆژەی ڕووناکی” بۆ چاکسازیی کەرتی کارەبا دەست پێ دەکات. ئەمە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە پارادایمی حوکمڕانیدا، کە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتدار و هاووڵاتی و تێڕوانینی دەوڵەت بۆ ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دەگۆڕێت. ئەم پڕۆژەیە لۆجیکی بازاڕ و قازانج دەخاتە پێش لۆجیکی ماف و پاراستنی کۆمەڵایەتیی هاووڵاتییانەوە.
لەم وتارەدا هەوڵدەدەین ئەم گۆڕانکارییە لە چەند ڕەهەندێکەوە، وەکوو قەیرانی ڕەوایەتیی سیاسی و چەسپاندنی “سەروەریی تەکنیکی” وەکوو جێگرەوەیەک و لێکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و بەکاڵاکردنی مافەکان و گرفتە دەستوورییەکان و مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ، هەروەها بەراوردکارییەکی هەندێک نموونەی وڵاتان شیکار بکەین.
هەڵوەشانەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و قەیرانی ڕەوایەتیی سیاسی
بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی ئەم گۆڕانکارییە، دەبێت سەرەتا گرێبەستی کۆمەڵایەتیی نەریتی لە هەرێمی کوردستان شی بکەینەوە. ئەم گرێبەستە، کە هاوشێوەی دەوڵەتە بەرخۆرەکان (rentier states) بوو، لەسەر بنەمای ملکەچیی سیاسیی هاووڵاتی لە بەرانبەر دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، وەکوو کارەبا و ئاو و مووچە بە شێوازێکی هەرزان، یان بەخۆڕایی دامەزرابوو. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەوایەتیی سیاسیی دەسەڵاتی حوکمڕان زۆرجار بەهۆی “کاراییی خزمەتگوزاری” (service delivery performance) بەدەست دەهات، نەوەکوو لۆجیکی یاسا، یان دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یاخود ڕێزگرتن لە مافە سیاسییەکان. بەڵام ئەم گرێبەستە لە دوای قەیرانە داراییە بەردەوامەکان و شکست لە شەفافییەتی داهات و پەککەوتنی دامەزراوە یاسایی و چاودێرییەکان، پاشەکەوتی مووچە بەتەواوی هەڵوەشاوەتەوە، یان کێشەی تێکەوتووە و حکوومەت نەیتوانیوە بە ئەرکی خۆی وەکوو لایەنێکی فەرمی لە گرێبەستەکەدا پابەند بێت.
لە ئەنجامدا، دەسەڵاتی سیاسی ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ڕەوایەتی بووەتەوە، کە تێیدا متمانەی هاووڵاتی بە دەسەڵات بۆ دابینکردنی مافەکان بە نزمترین ئاست گەیشتووە. لەم دۆخەدا، حکوومەتی هەرێم پەنا بۆ “پڕۆژەی ڕووناکی” دەبات، نەوەکوو تەنیا وەکوو چارەسەرێکی تەکنیکی بۆ کێشەی کارەبا، بەڵکوو وەکوو هەوڵێک بۆ چەسپاندنی سەروەریی خۆی لە ڕێگەی تەنیا کەرەستەیەکەوە، کە هێشتا لێی تێ ناگات، ئەویش “تەکنەلۆجیا و لۆجیکی بازاڕ”ە.
چەسپاندنی “سەروەریی تەکنیکی” وەکوو جێگرەوەیەک بۆ “ڕەوایەتیی سیاسی”
لێرەدا دەگەینە ناوەڕۆکی پرسەکە، ئەویش کاتێک دەسەڵات ناتوانێت بە یاسا و دادپەروەریی، یان بە کاراییی سیاسی جەماوەر بە لای خۆیدا ڕابکێشێت، هەوڵدەدات سەروەریی خۆی لە ڕێگەی “تەکنیک”ـەوە بچەسپێنێت. “پڕۆژەی ڕووناکی” و پێوەرە زیرەکەکان نموونەی پارادایمی “حوکمگەرایی” (Governmentality)ین، کە میشێل فوکۆ شیکاریی بۆ دەکات، تێیدا دەوڵەتی نوێ نەوەکوو بە زەبری هێزی پۆلیس، بەڵکوو بە زەبری تەکنەلۆجیا و سیستەمە تەکنیکییەکان حوکمی ڕەفتاری هاووڵاتی دەکات.
تەکنەلۆجیای پێوەرە زیرەکەکان و بڕینی ئۆتۆماتیکیی کارەبا بە بێبەزەییترین شێوە کاردەکات. ئەمە جۆرێکە لە حوکمڕانیی بێدەموچاو، کە تێیدا بڕیاری بڕینی کارەبا لە لایەن “ئەلگۆریتم”ێکەوە دەدرێت لەگەڵ بەسەرچوونی کاتی پارەدانی کارەبا لە لایەن هاووڵاتییەوە. ئیدیکە چەمکەکانی وەکوو “بەزەیی” و “دۆخی ئاوارتە” (وەکوو نەخۆشیی درێژخایەن، یان هەژاریی تووند) لەناو دەچێت و لە لایەن حکوومەتەوە گوێی لێ ناگیرێت و کاری پێ ناکرێت، چونکە ئەلگۆریتمەکە چاوی پێ ناکەوێت و گوێ لە قسەی هاووڵاتی ناگرێت. ئەمە ئاڵنگاریی لۆجیکی “لێپرسینەوە” دروست دەکات. ئەگەر کارەباکەت بڕا، کێ بەرپرسیارە؟ وەزیر؟ بەڕێوەبەری گشتیی؟ یان ئەلگۆریتمەکە؟ ئەمە بێدەموچاوکردنی دەسەڵاتە و وا دەکات لێپرسینەوە شتێکی نەکردەی “مەحاڵ” بێت.
ئەم سیستەمە تەکنیکییە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە متمانەی هاووڵاتی بێت، حوکمڕانی دەکات. سەروەریی حکوومەت تەنیا لە یەک شوێندا دەچەسپێت: “توانای تەکنیکیی بڕینی ئۆتۆماتیکی، کاتێک هاووڵاتی پارە نادات”. ئەمە جۆرێکە لە ملکەچکردنی تەکنیکیی هاووڵاتی، نەوەکوو ڕازیبوونی سیاسیی ئەو.
لێکەوتە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان و گۆڕانکاری لە سیاسەتی گشتی و بەکاڵاکردنی وزەدا
لە ڕووی سیاسەتی گشتییەوە، ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی چەسپاندنی بنەما فکری و فەلسەفییەکانی “نیولیبرالیزم”ـە. لە کاتێکدا، پارتە سیاسییەکانی پێکهێنەری حکوومەتی هەرێم هیچیان لەسەر ئەم بنەما فکرییە دەنگی خەڵکیان بەدەست نەهێناوە.
یەکەم، بەکاڵاکردنی وزە و مافەکان: حکوومەت چیدیکە کارەبا وەکوو ماف، یان پێداویستیی گشتیی نابینێت، بەڵکوو وەکوو کاڵایەکی ئابووری لێی دەڕوانێت، کە تەنیا کڕیار، بەکاربەر، نەوەکوو “هاووڵاتی” دەتوانێت تێچووەکەی بەتەواوی بدات. ئەمە بە واتای کەمکردنەوەی ئەرکی کۆمەڵایەتیی حکوومەت و خۆبواردن لە بەرپرسیارێتییەکان بەرانبەر ئەو چین و توێژانەی پێویستیان بە هاوکارییە، وەکوو سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کەمئەندامان و نەخۆشانی دۆخی قورس. لێرەدا، گرفتەکە تەنیا لە نرخەکەدا نییە، بەڵکوو لەوەدایە، کە هیچ سیستەمێکی پاراستنی کۆمەڵایەتیی نوێ بۆ هاووڵاتییە هەژارەکان، یان چینە داهات نزمەکان دانەنراوە بۆ ئەوەی لە کاتی گۆڕانی نرخ و بڕینی وزەی کارەبادا پارێزراو ببن. سیاسەتەکە گشتگیرە و جیاکاری لەنێوان توانای داراییی هاووڵاتییاندا ناکات.
دووەم، بەکارهێنەری ئابووری نەوەکوو هاووڵاتیی سیاسی: ئەم پڕۆژەیە، “پڕۆژەی ڕووناکی”، ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە، گرێبەستی کۆمەڵایەتیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، دەگۆڕێت. جاران هاووڵاتی وەکوو خاوەن ماف سەیر دەکرا، کە دەبێت حکوومەت خزمەتی بکات. ئێستا وەکوو “بەکارهێنەر” تەماشا دەکرێت، کە تەنیا کاتێک خزمەتگوزارییەکەی پێ دەگات، کە پارە بدات. ئەمە دەبێتە هۆی “پەراوێزخستنی سیاسی”. لەکاتێکدا، مرۆڤەکان خەریکی کێشە کاتییەکانی پارەدانی کارەبا و ئاون بە شێوەی ڕۆژانە، کاتی کەمتریان دەبێت بیر لە مافە سیاسییە گەورەکان و چاودێریی دەسەڵات بکەنەوە.
سێیەم، پێشێلکاریی دەستووری و مرۆیی: کارەبا وەکوو سەرچاوەی ژیان مافێکی دەستوورییە. دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ جەخت لەسەر مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ دەکاتەوە (ماددەی ١٥ و ١٧). ژیان بەبێ کارەبا لە سەدەی بیست و یەکەمدا، بە پێشێلکاریی کەرامەتی مرۆڤ دادەنرێت. دەوڵەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی “کەمترین ئاستی گوزەران” بۆ هەموو تاکێک و بڕینی ڕەهای کارەبا ئەم بنەمایە تێک دەدات. بڕینی کارەبا لەسەر نەخۆشێک، کە پێویستی بە ئامێری تەندروستی، یان ساردکەرەوەی دەرمانە، یاخود بڕینی ئاوی خواردنەوە بەهۆی نەمانی کارەباوە، بە واتای بێبەشکردنی ڕاستەوخۆی هاووڵاتی لە “مافی ژیان” و کەرامەتی مرۆڤ دێت، کە ئەم ماددە دەستوورییانە دەیپارێزێت.
گرفتە دەستوورییەکان و پاراستنی مافی ژیان و کەرامەت
پێشتر ئاماژەمان پێدا، لە دەوڵەتێکی دەستووریدا، کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ژیانی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییانەوە هەبێت، ئەوا ناتوانرێت تەنیا پشت بە لۆجیکی “بازاڕ” یان “گرێبەستی کارگێڕی” ببەسترێت. دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ چەندین ماددەی تێدایە، کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لەو بیانووانە دەکەن، کە بڕینی وزەی کارەبا وەکوو نادەستووریی، یان پێشێلکاریی بنەما دەستوورییەکان دادەنێن:
یەکەم، مافی هەبوونی ژیان و کەرامەت (ماددەی ١٥ و ١٧): هەموو تاکێک مافی ژیان و ئاساییش و کەرامەتی هەیە. بڕینی ڕەهای کارەبا، کە سەرچاوەی ژیان و کەرامەتە، بەبێ بڕیاری دادوەر، پێشێلکارییەکی مرۆیی مەترسیدارە.
دووەم، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئەرکی دەوڵەت (ماددەی ٣٠): دەوڵەت دەستەبەری دابینکردنی ژیانێکی شایستە و کەمترین ئاستی گوزەران دەکات. ئەم ماددەیە لۆجیکی “نیولیبرالیی ڕەها” ڕەت دەکاتەوە، کە دەڵێت: خزمەتگوزاری تەنیا بۆ ئەوانەیە، کە پارە دەدەن.
سێیەم، نایاساییبوونی باج و ڕسومات بەبێ یاسای پەرلەمان (ماددەی ٢٨): هیچ باج و ڕسوماتێک ناسەپێندرێت، نە هەموار دەکرێت و نە هەڵدەوەشێندرێتەوە، ئەگەر بەپێی یاسا نەبێت. نرخە نوێیەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، وەکوو “ڕسومات” یان “باجی شاراوە”، دیاریکردنی نرخ بە بڕیاری حکوومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسای پەرلەمان، پێشێلکاریی ئەم ماددە دەستوورییەیە، حکوومەت ناتوانێت بە بڕیاری کارگێڕیی بارگرانیی دارایی نوێ بخاتە سەر هاووڵاتییان.
چوارەم، یەکسانی و نەبوونی جیاکاری (ماددەی ١٤): بڕینی کارەبا تەنیا لەسەر هاووڵاتییانێک، کە توانای داراییان کەمە (دۆخی ئابووری)، جێبەجێ دەکرێت و وەکوو “جیاکاری لەسەر بنەمای دۆخی ئابووری” سەیر دەکرێت. دەوڵەت پابەندە بەوەی کە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان یەکسان بێت بۆ هەمووان.
پێنجەم، مافی پاراستنی ماڵ و نیشتەجێبوون (ماددەی ١٦ و ١٨): دەوڵەت دەستەبەری دابینکردنی نیشتەجێبوونێکی گونجاو بۆ هەمووان دەکات. ئەم بڕینە گشتگیرەی وزەی کارەبا ڕاستەوخۆ دەستکاریکردنی شێوازی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییە.
بەراوردی چەند نموونەیەکی هاوشێوە لە جیهاندا
نموونەی هەرێمی کوردستان لە بواری “باڵادەستیی تەکنیکی”دا تاقانە نییە، حکوومەتی هەرێم هەمان ئەو ڕێچکەیە دەگرێتەبەر، کە هەندێک لە دەوڵەتانی ڕووبەڕووی قەیران بووەوە، کاتێک ناتوانن بە کارایی حوکم بکەن دەیگرنەبەر. لێرەدا، چەند نموونەیەکی بەرچاو دەخەینەڕوو:
یەکەم: نموونەی عێراق (ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور): ئەمە نزیکترین نموونەیە. لە ٢٠١٦ بەدواوە، حکوومەت بە هاوکاریی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، پڕۆژەی “کۆکردنەوەی داهات و چاکسازیی کارەبا”ی دەستپێکرد. ئەمە بووە هۆی زیادکردنی نرخەکان و بڕینی کارەبا، کە بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی تووندی جەماوەری لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستدا (وەکوو بەسرە و ناسریە و نەجەف).
دووەم: نموونەی ئەردەن: ئەردەن بەهۆی فشاری دارایی نێودەوڵەتی، پاڵپشتیی حکومیی بۆ وزە کەمکردەوە و نرخەکانی کارەبای بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە و سیستەمی بڕینی کارەبا بۆ پارەنەدان زۆر تووندتر کرا، ئەمەش بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی خۆپێشاندان لە ٢٠١٨ و دواتردا.
سێیەم: نموونەی ئەفریقای باشوور (پێوەری پێشەکیی پارەدان): لە ئەفریقای باشوور، حکوومەت بە شێوەیەکی بەرفراوان “پێوەری پێشەکیی پارەدان”ی پەیڕەوکرد، ئەمەش وەکوو مۆبایل وایە، کاتێک پارەکە تەواوبوو، کارەباکە بۆ خۆی دەبڕێت (لە هەرێمی کوردستانیش چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون هەمان سیستەمیان پەیڕەو دەکرد). ئەمەش وەکوو “سزایەکی بەکۆمەڵ” لەسەر هەژاران تەماشا کرا و کەرامەتی هاووڵاتییانی شکاند، چونکە تەنانەت کەمترین دەرفەتی گفتوگۆیان نەماوە. ئەمە نموونەیەکی تەواوی “سەروەریی تەکنیکی”یە وەکوو سزا.
چوارەم: نموونەی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات (دوای سۆسیالیزم): ئەم وڵاتانە دوای ئەوەی لە سیستەمی سۆسیالیستییەوە، (کە کارەبا نزیکەی بەخۆڕایی بوو، وەکوو ماف سەیر دەکرا) گۆڕان بۆ سیستەمی سەرمایەداری، کەرتی کارەبایان بەتەواوی خستە ژێر دەستی کەرتی تایبەت، بەمەش نرخەکان بەخێرایی بەرزبوونەوە و لۆجیکی بازاڕ چەسپا. ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی شۆکێکی کۆمەڵایەتیی مەترسیدار و “هەژاریی وزە”ی گەورەی لێکەوتەوە.
کۆتایی
گۆڕینی شێوازی دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان، لەژێر ناوی “پڕۆژەی ڕووناکی”دا، تەنیا تەکنیکێکی ئابووری نییە بۆ چارەسەری کەمتەرخەمییەکانی پێشوو. ئەمە چەسپاندنی بنەما فکری و فەلسەفییەکانی “نیولیبرالیزمی بێبەزەیی”یە لە حوکمڕانیدا، کە تێیدا حکوومەت لۆجیکی بازاڕ و قازانج دەخاتە پێش لۆجیکی ماف و پاراستنی کۆمەڵایەتیی هاووڵاتییانەوە و مافی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ژیان، وەکوو کارەبا، دەکاتە بارمتەی توانای داراییی تاک. حکوومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و کۆکردنەوەی داهات، پەنا بۆ تەکنەلۆجیای سزا دەبات و ئەمەش هەمیشە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و گرژیی کۆمەڵایەتی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و تێکچوونی ڕەوایەتیی سیاسی. حوکمڕانیی ڕاستەقینە بە تەکنەلۆجیا ناچەسپێت، بەڵکوو بە دادپەروەری و متمانەی هاووڵاتییان دێتە دی.


