بەشی حەوتەم
ئاشکرایە، کە سروشتی مرۆڤەکان وایە، لە هەڵسوکەوتی هەموو کەسەکدا دوو سیفەت، بە دوو ئاڕاستەی دژ بە یەک، لە کەسایەتییاندایە، یەکەکیان ئاشتیخوازی و میانڕەوییە، ئەوی دیکەیان شەڕانگێزی و خۆویستییە. ئەم دوو سیفەتەش لە ناخی هەموو سەرکردەیەکدا بە ڕێژەیەکی جیا هەیە، دەرکەوتنیشی بەپێی ئەو چواردەورو ئەو بارودۆخ و ژینگەیەیە کە سەرکردەکەی تێدایە، ئەگەر ڕێخۆشکەر بن بۆی و زەمینەی بۆ بسازێنن بە یەکەکیان دەردەکەوێت.
هەڵکەوتنی دیکتاتۆرەکان بەدرێژایی مێژوو، لە ئەنجامی چەند هۆکارەکدا بووە، هەیانە وەک پێداویستی قۆناغەک هەڵکەوتووە، کە کەسەکی زیرەک بە دەسەڵات گەیشتووە و خەڵکی وا تێگەیاندووە کە دەتوانێ ئەو ئومێدە بەدی بهێنێ کە ئاواتی هەموو گەلەکەیان بووە. بەمەش خۆی دروستکردووە و پاڵپشتی خەڵکەکەی بەدەست هێناوە. هەندەکی دیکەیان هەیە، لەو کاتەدا هەڵکەوتووە، کە گەلەکە و دۆخەکەی لە پاشاگەردانیدا بووە، کەس بە گەورەیی کەس ڕازی نەبووە، ئەم دەرفەتی وەرگرتووە و خۆی دەرخستووە و ڕۆڵی فریادڕەسی دیووە. هەندەکی دیکەیان هەیە، لە نەزانی ژێر دەستەکانی هەڵکەوتووە، چونکە خەڵک لە خۆیانیان بە زاناتر، بە پیرۆزتر، بە شایستەتر زانیوە. بۆیە گوێی لە کەس نەگرتووە، چی ویستبێت وایکردووە.
دیکتاتۆرەکانیش دوو سروشتی تایبەت بەخۆیان هەیە، هەندەکیان تا سەر ئێسقان نیشتمانپەروەرن، ملکەچی هیچ دوژمنەک نابن، لەپێناو بیر و بۆچوونەکانیاندا ئامادەن، سەری خۆیان ببەخشن، بەڵام هەندەکی تریان هەنە، ئەوەندە بەرژەوەندپەرستن، هەموو گەل بە خاک و بە ئاسمانییەوەی بە کێڵگەی خۆیان دەزانن، لەپێناو مانەوەی خۆیاندا ئامادەن، ئەوەی هەیانە بیفرۆشن .
هەڵکەوتنی دیکتاتۆرەک بۆ ئێمەی کوردستانیان لە ئێستادا پێداویستییەکی ناچارییە، لەم قۆناغەدا ئومێدی چارەسەرییە، چونکە لە پاشاگەردانی دەژین و کەسیش بە کەس ڕازی نییە. بۆیە دەڵێم هەتا زووە، سەرکردە دیکتاتۆرەکەم، خۆت بنوێنە، خۆشەویستی گەل بەدەست بهێنە و سەرت بۆ کەس مەچەمێنە.
خۆزگە نەمردمایەو بمدیبووایە، سەرکردەکی دیکتاتۆر لە ناو کوردان هەڵبکەوتبووایە کە سیفەتى پێشڕەوى و لێوەشاوەیى تێدابووایە؛ خاک و نیشتیمانی بە گۆڕ و مێژووى بە دادگا بزانیبووایە و وانەى لێ وەربگرتبووایە؛ دادپەروەر و دانا و لێزان و شارەزا بووایە؛ وەک باوکەکى میهرەبان جیاوازى لە نێوان تاکەکانى گەلەکەی نەکردبووایە؛ کۆمەڵگەیەکى چالاک و زیندووى لێمان دروست بکردبووایە کە تواناى خۆڕاگرى و ململانێى داگیرکەرانى هەبووایە؛ تێر و برسى بە یەك چاو سەیربكردابووایە؛ بیر و بۆچوونەكانى قوتابخانە و پڕۆگرامی پەروەردەى نیشتیمانیی بووايە؛ بەرژەوەندی بەرز و باڵای نەتەوەكەی بە ڕێبازى خۆی بزانیبووایە؛ دەستەمۆی دەستی دوژمن و پاسەوانی بەرژەوەندی خۆی نەبوایە؛ لە زوڵمى داگیرکەران و لە زگسووتانی دایكانی نیشتیماندا، لەخۆپەرستان و لە هەنسكی منداڵاندا، لە گریانی لێقەوماوانى گەلەکەیدا، هەرگیز بێئاگا نەبووایە؛ لەگەڵ نەوەکانی خۆیدا دڵپاک و بێ کینە بووایە؛ ڕقی لە دوژمنان هەڵ بگرتبووایە؛ سزاى خۆفرۆشانی بدابووایە. خۆزگە، كارى لە پێشینەى سەرکردەکەم، ڕووناککردنەوەى بیر و ڕێى نەزانانى گەل بووایە؛ ڕووناکبیرە ڕاست و دڵسۆزەکانی لە هەلپەرستان جیا بکردابووایە، نرخى زانا و ڕاستگۆیانی بزانيبوایە، هیچە خۆ بەزلزانەكان و شڕەخۆرە بێ کەلکەکانى ڕابماڵیبوایە، ئەوەندەش باوەڕى بەخۆى هەبوایە، كە ئێمەى لە بێ باوەڕی ڕزگاربكردابوایە ئینجا ئەگەر سەرکردەکەم ئەم سیفەتانەی هەبوایە، با بەتەنیا خؤى بە نوێنەرى گەل بزانيبوايە، وەک پالەوان دەربکەوتبوایە .
هۆسەرکردە شیاوەکەم، ئەو وانەیەشمان فێربکە، کە میللەتەکەم بزانێت، نابێت مێشکى بیرهاتنەوەى بۆ ڕابوردوو بەقەبارەی مێشکى مێشوولەیەکى بچووک وابێت، کە زوو ڕابوردووى خۆى و دوژمنانى بیربچێت، فێرمان بکە، پشت بە خۆمان ببەستین، تا ئەو كاتەی تێمان دەگەن، تا ویژدانى مرۆڤایەتی دێتە هەژان، تا گوێمان لێ دەگیرێت و بێ بەزەیى داگیرکەران، دەگاتە عەرشى ئاسمان .
هۆ سەرکردە ديارنەکەوتووەکەم، ئەو تكایەشت لێ دەکەم، توڕەمەبەو لێم زویرمەبە، داوای بوورینت لێ دەكەم، چونكە بەخراپە ناوت دەهێنم و باست دەکەم، بەدیكتاتۆر ناوت دەبەم، بەڵام دڵنیابە لەوەى، ئێمەش هەروەكو میللەتان، لەدوا ڕۆژدا، بەبێ دەنگی شانازی بەبوونت دەكەین، لەتەنگانە هانا بۆ بیروڕاکانت دەبەین .
هۆ سەرکردە دیکتاتۆرەکەم، ئەو ڕاستییەشت پێ دەڵێم، ئەگەر بێت و لەدواڕۆژدا بەم شێوەیە هەل بکەویت، دلنيابە هەمو میللەت خۆزگە بەو ڕۆژە دەباتن کە تۆیان لێ دەردەکەویت، ئەگەر ئەم سیفەتانەت هەبێت، بەلێن بێت هەر لەئێستاوە، بەڕێزەوە، دەستەو نەزەر بۆت دەوەستين، خۆمانت لەگەل دەسازێنين، هەتا ماوين سەرت بۆ دەلەقێنين، دڵنیاش بە كە دەتنێژین یان کە ناوت دەهێنین، لەناخەوە رەحمەتت لەبۆ دەنێرین .



