تۆمارکردن و بەدیکۆمێنتکردنی وردەکاری زانیاری سەر دانیشتوان، لە ڕووی چەندایەتیی و چۆنایەتییەوە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک یەکێکە لە نیشانەکانی پێشکەوتن و بایەخدان بە پلان و هەنگاوی زانستی بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە تۆمارکردنی ئەوەی لە کۆمەڵگەکەدا ڕێژەی زۆربوونی ساڵانە چەندە، دابەشبوونی دیموگرافی بەسەر ناوچە و هەرێمە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا چۆنە، پێکهاتەی دانیشتوان و ناوەندی تەمەن و ڕەگەز و ڕێژەی لە دایکبوون و مردن و هێزی کار و ئاستی خوێندەواری و جۆری پیشە، هتد، زۆر گرنگە. زانین و ڕوونکردنەوەی هەموو ئەمانە، یەکێکن لە پێویستییەکانی گەشەپێدان، زانینی خاڵی بەهێز و خاڵی لاوازی کۆمەڵگەکە، بە تایبەت لە کاتی بەراوردکردنیان بە داهاتی کۆمەڵگە و بەرهەمهێنان و ڕەوشی ئابووری و دارایی وڵاتەکە بە شێوەیەکی زانستی.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگای گۆڕانکارییەکانی ڕۆژانەوە بە وردی تۆمار دەکرێت، بۆ نموونە لە ٢٠١٠، سەرۆکی چین لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لێدوانێکیداو گوتی: بە لە دایکبوونی ئەم منداڵە ژمارەی دانیشتوانی چین گەیشتە یەک ملیار و سێ سەد ملیۆن.
لە عێراق-دا نە تۆماری وردی ڕۆژانە هەیە و نە ئامار و سەرژمێری دانیشتوانیش بە شێوەیەکی خولی ڕێکوپێک دەکرێت، چونکە هەر لە دروستبوونی عێراق-ەوە، بە مەبەستی سیاسی و لە بەرەژەوەندی هەندێک لایەنی نەتەوەیی و ئایینیی و مەزهەبیی، هەمیشە هەوڵی گۆڕانی دیموگرافی و جێگۆڕکێی نەتەوە و گرووپەکانی عێراق دراوە. ئەوەی لەسەر دەسەڵات بووبێت و پڕۆسەی ئامار و سەرژمێرییەکەی بەڕێوەبردبێت، هەوڵی زاڵکردنی گرووپەکەی خۆی داوە. بۆیە هەمیشە سەرژمێریی لە عێراق-دا مەترسی خستوەتە سەر هەندێک نەتەوە و گرووپ، بە تایبەتی گەلی کوردستان.
ئەگەر بەراوردی تەواوی خەمڵاندن و سەرژمێریەکانی عێراق بکەین، هەر لە دروستبوونی عێراقەوە، کە یەکەم سەرژمێری بەریتانییەکان لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩، بۆ هەر سێ ویلایەتی بەسرە و بەغدا و موسڵ کردیان، کە هێشتا باشووری کوردستان بە عێراق-ەوە نەلکێنرابوو، دواتر لیژنەکانی تورکی و بەریتانی و عێراقی لە ١٩٢٤ بۆ ویلایەتی موسڵ بە مەبەستی لکاندنی ئەم بەشەی کوردستان بە عێراق-ەوە، پاشانیش خەمڵاندنی دانیشتوان لە ساڵانی ١٩٢٧ و ١٩٣٤ تا سەرژمێرییەکانی ١٩٤٧ و ١٩٥٧ و ١٩٦٥ و ١٩٧٧ و ١٩٨٧ و ١٩٩٧ کە دوا سەرژمێرییە لە عێراق-دا کرابێت، ئامار دوای ئامار، ژمارەی کورد لە عێراق-دا کەمبووەتەوە بە بەراورد بە ڕێژەی زۆربوونی ئەوانی دیکە. لە ڕووی نیشتەجێبوون و خاکیشەوە زیاتر بەرەو باکوور و ناوچە شاخاوییەکان هەڵکشاوە. وردە وردە ژمارەی کورد لە کوت و بەغدا و دەڵتاوە و دیالە و تکریت و موسڵ و کەرکوک و تەواوی ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ناسراوە کەمبووەتەوە، لە سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک چڕ بووەتەوە.
ئێستا بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، دوای بیست و حەوت ساڵ لە سەرژمێری ساڵی ١٩٩٧ لە عێراق و دوای سی و حەوت ساڵ لە دوا سەرژمێری ١٩٨٧ کە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی ئێستای گرتبووەوە، بۆ جارێکی دیکە ئاماری دانیشتوان بکرێت لە عێراق-دا بە هەرێمی کوردستانیشەوە. کارێکی گرنگ و هەنگاوێکی زۆر باشە ئەگەر بۆ مەبەستی گەشەپێدان و پلانی پەرەپێدان بەکار بێت بۆ خەڵکی عێراق، بەڵام هەموو دەزانین لە عێراق-دا گرفتی گۆڕانی دیموگرافیی زۆرەملێ هەبووە، کورد ئەنفالکراوە، دێهاتەکانی وێران کراوە، دانیشتوانی کورد بە زۆر لە شوێنی ڕەسەنی خۆی ڕاگوێزراوە، دەستکاری نەخشەی کارگێریی ناوچە کوردستانییەکان کراوە. بە سەدان هەزار خێزانی کورد نەگەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و لە بەرامبەردا بە سەدان هەزار خێزانی عەرەب لەم ناوچانەدا نیشتەجێکراوە، جگە لەمانەش ئێستا نزیکەی پێنج ملیۆن عێراقی لە دەرەوەی عێراق دەژیت و ئاوارەی وڵاتان بوون!! ئایا ئەم پڕۆسەی ئاماری دانیشتوانە چۆن چارەسەری ئەم گرفتانە دەکات؟
لەم بارودۆخ و ڕەوشەدا، سەرژمێری و ئاماری دانیشتوان لە عێراق-دا، مەترسی زۆری بۆ کورد هەیە ئەگەر ئەم ئامارە ببێتە دۆکیومێنتێکی فەرمی و دواتر چارەسەری کێشەی کوردی لەسەر بونیاد بنرێت. بەڵام لە ڕووی یاسایی و ئهكادیمی و زانستییهوه بۆ ههر سهرژمێریهكی گشتی كۆمهڵێك مهرج و بنهما ههیه ههتا جێی باوهڕ و دانپیانانی ناوخۆ و دهرهوه بێت، ئهگهر ئهو مهرجانهی تێدا نهبێت دانی پێدا نانرێت و به ههوڵ و تهقهڵای لایهنێكی سیاسی دهدرێته قهڵهم بۆ ئامانجێكی دیاریكراو. بۆیه پرسی سهرژمێری له عێراق-دا یهكێكه له پرسه ههستیارهكان و سهرهتا كۆدهنگی و ڕێكهوتنی سیاسی گرووپ و نەتەوە جیاوازهكانی عێراق و پاڵپشتی و هاوكاری ههرێمی و نێودهوڵهتیشی دهوێت. ئهگهر له ههموو پرسهكانی تردا كورد له دوای سێپتهمبهری 2017 هوه ههڵوێستی لاوازیش بووبێت بهڵام بۆ پرسێكی وهكوو سهرژمێری گشتی له عێراق-دا ههڵوێستی كورد زۆر بههێزه و دهتوانێت بهشێكی زۆری مهرجهكانی خۆی بسهپێنێت، چونكه بهبێ ڕهزامهندی كورد ههرگیز پرۆسهی سهرژمێری گشتی له عێراق-دا ئهنجام نادرێت و سهركهوتوو نابێت. بۆیه پێویسته:
یەکەم، كورد لهسهر ئاسایی كردنهوهی ناوچه كوردستانییه دابڕێنراوەکان به هیچ شێوهیهك سازش نهكات و ڕێگا نەدات ئەم سەرژمێرییە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی ئەم ناوچانە بەکار بێت لە ئایندەدا.
دووەم، لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا و دڵسۆز پێکبێنێت بۆ پێداچوونەوە و داڕشتن و نووسینەوەی ئەو فۆرمەی لە سەرژمێریەکەدا بەکار دێت، هەندێک بڕگە و داوکاری زانیاری تێ بکات کە بەڵگەی ڕەسەنی و ناڕەسەنی شوێنی نیشتەجێ بن لە کاتی سەرژمێریەکەدا.
سێیەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە هەڵمەتێکی هاندان و ئاسانکاری و هاوکاری دەست پێ بکات بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، لە بەرپرسەکانەوە دەست پێ بکات، ئەوەی پلەو پۆستی باڵاتری هەیە پێشتر بیگەڕێنێتەوە.
چوارەم، لە پڕۆسەی سەرژمێری و ئامارەکەدا، کورد وەکوو هەر عێراقییەکی دیکە ڕۆڵی هەبێت، پەراوێز نەخرێت، سەرپەرشتی تیمەکان بکات، ئهگهر وهكوو چاودێریش بێت كورد له تهواوی وردهكارییهكانی سهرژمێریی ناوچه كوردستانییه دابڕێنراوەکاندا ئاگادار بێت، بۆ ئهوهی بهراوردی ڕێژهی زۆربوون و كهمبوونهوهی دانیشتوان بكهین و دواتر توێژینهوهی زانستییان لهسهر ئهنجام بدهین.
پێنجەم، لەم سەرژمێرییەدا بە هۆی نائارامی و بەرزی ڕێژەی ئاوارەبوون و بەحێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوون و جێگۆڕکێی بەشێکی زۆری دانیشتوانەوە فۆرمێكی تایبهت بۆ ههموو ئهو عێراقیانه دروست بكرێت كه له كاتی سهرژمێرییهكهدا له شوێنی نیشتهجێبوونی ئاسایی خۆیان نین. ههندێك له پرسیارهكانی ئهو فۆرمه جیاواز بێت و وهكوو فۆرمه گشتییهكه نهبێت، بۆ نموونه هۆكاری جێهێشتنی شوێنی نیشتهجێبوون؟ یان مهیلی گهڕانهوه، هتد.
شەشەم، ئەگەر کورد دڵنیا نییە، مەترسی هەیە ئەم سەرژمێرییە دواتر بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکان بەکار بێت، دەتوانێت یەکێک لە بنەما و مەرجەکانی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لەم سەرژمێرییەدا لە دەست بدات کە گشتگیرییە. ئیتر وهكوو سهرژمێریهكهی ساڵی 1997ی لێ دێت، بە هەوڵێکی ناوچەیی و لۆکاڵی دەدرێتە قەڵەم و وەکوو سەرچاوەیەکی زانستی بەکار نایەت.
بە گشتی ئەم سەرژمێریە لە دوای بیست و حەوت ساڵ بۆ ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و لە دوای سی و حەوت ساڵ بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دوای ئەو هەموو گۆڕانە دیموگرافییە لە عێراق-دا کارێکی گرنگە، ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕووداوەکانی ئایندە دەبێت. بۆیە پێویستە کورد ئامادەیی هەبێت و بە گرنگی و بایەخەوە سەیری بکات و بیر لە مەترسییەکانی ئایندەی بکاتەوە. ژمارە بۆ کورد گرنگە، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکاندا، کە بڕیارە لە ڕێگای ڕاپرسی و سەندوقەکانی دەنگدانەوە ئەو پرسانە یەکلاییبکرێنەوە. سەرژمێریی چەندایەتی دەنگدەرانمان دەداتێ، پشتگوێ خستنی خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانییە. جگە لە دەسەڵاتی سیاسیش، پێویستە خەمی هاووڵاتییان و هەر تاکێکی کورد بێت.