عەبدولرەزاق مەهدی
“کاتێک نەتەوەیەک دەبێتە قوربانی شکستێکی دەروونی، ئەوە نیشانەی کۆتایی و نەمانی ئەو نەتەوەیەیە” (ئیبن خەلدوون)
یوری بێزمینۆڤ لە ١١/١٢/١٩٣٩ لە مۆسکۆ لە دایک بووە. لە سوپای یەکێتیی سۆڤیەت-دا ئەفسەر بوو. بەهۆی باوکییەوە لە پەیمانگای زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان وەرگیراوە، ئەم پەیمانگایە سەر بە دەزگای کەی جی بی (KGB)، هەواڵگری سۆڤیەتی، بووە. پاش دەرچوونی لە بەشی زمان بۆ هیندستان دەگوازرێتەوە، لەوێ خزمەتی سۆڤیەت دەکات. ئەو دەمە سۆڤیەت-یش چەندین ڕێگای جیاوازی بەکاردەهێنا بۆ بنکۆڵ کردن و لاوازکردنی گەلانی دیکە، تا خۆی بە سەرداری سۆسیالیستەکانی جیهان بمێنێتەوە.
یوری بێزمینۆڤ لە هیندستان گوازرایەوە بۆ ئاژانسی ڕۆژنامەوانی نۆڤۆستی، کە ناوەندی سەرەکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بوو لە دەزگای هەواڵگری سۆڤیەت لە مۆسکۆ. کاری سەرەکی دەبێتە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لەسەر وڵاتە بیانییەکان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی پایەی سۆڤیەت و تێکدانی دۆخی ناوخۆیی وڵاتانی دوژمن.
دواتر کاتێک یوری بێزمینوڤ لە ئەمریکا نیشتەجێ دەبێت، لە ١٩٨٤ یەکێک لە پەڕتووکە هەرە گرنگەکانی خۆی بەناوی “نامەیەکی خۆشەویستی بۆ ئەمریکا” دەنووسێت، ئەم پەڕتووکە یەکێکە لەو بەرهەمانەی باسی خاپوورکردن و بۆمببارانکردنی کلتووریی دەکات. لە پەڕتووکەکەی، بێزمینۆڤ دەڵێت: بۆ خاپوورکردنی هەر نەتەوەیەک گوزەرکردنی چوار قۆناغ پێویستە، کە بەم جۆرە دابەشیان دەکات:
قۆناغی یەکەم، لەناوبردنی ڕەوشت و بەهاکانی کۆمەڵگا
ئەم قۆناغە پێویستی بە ماوەی ١٥-٢٠ ساڵ هەیە، لەم ماوەیەدا کار بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نابەرپرس و بێ باک دەکرێت. چونکە پێش ئەوەی بتەوێت هەر وڵاتێک تێک بدەیت، دەبێت هێزی بەرەنگارییان لەناوبەریت و خەڵکانێک دروست بکەیت کە تەنیا داوای ماف بکات بێ ئەوەی بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت. ئامانج لەم هەنگاوە لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەیە کە دێنە پێش ئایدیۆلۆجیا نوێیەکەی وڵاتی ڕووخێنەر، کە دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە هەموو بنەما بەهێزەکانی ئایدیۆلۆجی نەتەوەیی ئەو وڵاتە لەناو بەرێت. قۆناغی یەکەم کۆمەڵە ئاستێک لە خۆ دەگرێت. لەم ئاستەدا کار دەکرێت بۆ لەناوبردن و بێ سەروبەرکردنی ئەو ناوەندانەی کە تاکەکان پەروەردە دەکەن وەک:
بواری ئایینی، تێکدانی بنەمای ئایینی زۆر دەستکەوتی دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە چەند ڕێگایەک بگیرێتە بەر وەک بەسیاسیکردنی پیاوانی ئایینی، دروستکردنی پێکدژی و ڕقەبەرایەتی لە نێوان پیاوانی ئایینی، بەشێوەیەک کە پیاوانی ئایینی متمانەی خۆیان لای هاووڵاتییان لە دەست بدەن.
پەروەردە، سیستەمی پەروەردە تێک بدە، مامۆستا و خوێندن بێ بەها بکە، بڕوانامە بخە پێش فێربوونەوە، تاکی نەزان دروست بکە کە هیچ کات ئاشنایەتییان لەگەڵ کتێبدا نەبێت. وا لە تاکەکان بکە مێژووی خۆیان نەزانن و خۆیان بە کەم ببینن. کۆمەڵێك گەنجی تووڕە دروست بکە کە بەهیچ شتێک ڕازی نەبن، خۆیان هیچیان پێ نەکرێت و نەزانن چییان دەوێت. هەوڵ بدە قوتابی لە وڵاتانی بەئامانج کراو بهێنیتە وڵاتی خۆت و ئاشنای وڵاتی خۆتی بکەیت و دواتر بیاننێریتەوە تاوەکوو لە وڵاتی خۆیان نوێنەرایەتی کلتوورەکەت بکەن . ئاستی زانستی لە زانکۆکان لەناوبەرە، با قوتابی بڕوانامەی هەبێت بەڵام زانستی پێ نەبێت، واتە کارێک بکە نە تاک پەروەردە بکرێت نە فێر بکرێت، ئەوکات نەوەیەکی نەزان و ناهۆشیار دروست دەبێت کە گەمژاندنیان زۆر ئاسان بێت.
ڕاگەیاندن، ڕاگەیاندن بێ سەروبەر بکە، ڕاستییەکان بشێوێنە، سۆزی خەڵک ڕابکێشە، بیروباوەڕی خۆتی تێدا بڵاو بکەوە، نەیارەکان بێدەنگ بکە، سیمبولە نیشتیمانییەکان ناشرین بکە، کێشە سەرەکییەکان بشارەوە، ڕاگەیاندن بکە هۆکارێک خەڵك کات بە فیڕۆ بدات و نەتوانن خۆی دروست بکات و بیر لە بەرەنگاری و شۆڕش بکاتەوە.
کلتوور، پێویستە ڕووناکبیر و هونەرمەندەکان ڕابکێشیت و بیانکڕیت. کار بۆ دروستکردنی کەسانێک بکە کە وەک ڕووناکبیر بناسرێن و لە ڕێگەیانەوە ئایدیۆلۆجیای خۆتی پێ بڵاوبکەرەوە، پێویستە ئەو ڕووناکبیرە ساختانە وا گەورە بکرێن تاکەکانی کۆمەڵگە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن شوێنیان بکەون و لاسایییان بکەنەوە. یوری بێزمینۆڤ ئەو ڕۆژنامەوان و نووسەر و شاعیرانەی ناوناوە “بێئاگا بەسوودەکان”.
تێکدانی پەیکەربەندەکان
مەهێڵە سوپای نیشتیمانی دروست ببێت، ئەگەر هەشی بوو، ململانێی نێوان سەرکردە سەربازییەکان قووڵ بکەرەوە و وایان لێ بکە لە یەک ناوەندەوە فەرمان وەرنەگرن. سوپایەکی لاوازی بێ ئینتیما دروست بکە. لە بواری ئاسایشیشدا وایان لێ بکە بە پارە بەرگری لە نیشتیمان بکەن و بێ پارە نیشتیمان بە هی خۆیان نەزانن. لە بواری سیاسەتی ناوخۆ، پارتی سیاسی زۆر و پێکدژ دروست بکە. سیمبولە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەکان تێک بدە و سیمبولی زۆر دروست بکە. بۆ ئەوەی نەبنە خاوەن یەک سیمبول و یەک پیرۆزی. گرفتی ژیان زۆر بکە تاوەکوو خۆکوشتن زۆر بێت. دانیشتوان بگوازەوە و دیاردەی کۆچ دروست بکە. ڕق و ناکۆکییەکان قووڵ بکەرەوە، دواتر وایان لێ بکە بڵێن هیچ بە ئێمە چارەسەر ناکرێت. هەوڵبدە بەرپرسەکانی دوژمن فێری لووتبەرزی بکە و دووریان بخەرەوە لە هاووڵاتییان. مەهێڵە دەروونی بەرپرسەکان ئارام بێت و بیر لە خزمەت بکەنەوە، هەمیشە لەناو گرفت سەرقاڵیان بکە تاوەکوو ئاگایان لە خزمەتکردن نەبێت. پاراستنی بەرژەوەندی تایبەت و تەماح چاوی بەرپرس کوێر دەکەن، ئەمەیان بۆ بکە بە کلتوور. هەمیشە داگیرکردنی کۆمەڵگە، واتە عەقڵ و زەین و دنیابینی، باشترە لە داگیرکردنی سەربازی. یەکەم هەنگاوی هێرشەکە دەبێت ئامانجەکە کۆمەڵگە بێت، پاش چەند ساڵێک ئینجا هێرشی سەربازی دەست پێ بکە. پێش ئەوەی هێرش بکەیت بۆ هەر وڵاتێک، هاووڵاتییەکان لە دەسەڵاتی خۆیان تووڕە بکە، تووڕەکان یارمەتیت دەدەن لە داگیرکردنی وڵاتەکەیان. ئەگەر وا نەکەیت قوربانی زۆر دەدەیت لە داگیرکردنی هەر وڵاتێک، وا لە دوژمن بکە نەزانێت لە کوێوە بەرگری بکات.
قۆناغی دووەم، ناسەقامگیری
دوای سەرکەوتن لە قۆناغی یەکەم، ئەم قوناغە سەر هەڵدەدات ئەم قۆناغەش پێویستی بە ٢ تا ٥ ساڵ هەیە بۆ جێبەجێکردنی. لە ئەنجامی ڕووخانی بەهاکان و لەدەستدانی هیوا و ورەکان، هاووڵاتییان پەنا بۆ هەرکەسێک دەبەن کە بەڵێنی هاوکاری و باشترکردنی ژیانیان بدات. قووڵکردنی ناکۆکی و دەمارگیریی تائیفی/ئایینی، دانانی کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاو، کارکردن بۆ ناچارکردنی بە ئەنجامدانی کاری هەڵە، بڵاوپێکردنی سیخوڕ، قەرزارکردنی وڵات و دروستکردنی ناسەقامگیری سیاسی، کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان، ناچارکردن لەوەی هەرچۆن چاکی بکات لە لایەکی ترەوە خراپ بێت. ئەگەر ویستت دەسەڵاتێک بنکەن بکەیت وا لە سیاسییەکان بکە بەڵێنەکانیان لە کردارەکانیان زیاتر بێت و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان لێ بستێنەوە. وا لە هاووڵاتییان بکە لە سیاسەت و سیاسەتمەدارەکان بێزار بن و هەمیشە بەپەلە بن لە چارەسەرکردنی دۆخی کۆمەڵگە، لە کاتێکدا ئەم گرفتانەی کە هەیە بە ئاسانی چارەسەر نابن.
قۆناغی سێیەم، قەیرانەکان
ئەم قۆناغە بۆ ئەنجامدانی ٢ تا ٦ مانگ دەخایەنێت، لەم قوناغەدا کار دەکرێت بۆ چالاککردنی شانە نووستووەکان لە وڵاتی بە ئامانج کراودا. سوود لە سەلێشێواوی هاووڵاتییان وەردەگیرێت تاوەکوو لە خزمەت بەرژەوەندییەکان بەکار بێت. لەم قوناغەدا وڵاتی ڕووخێنەر پێویستی بە هێزی سەربازی نابێت بۆ داگیرکردنی وڵاتی بە ئامانج کراو، چونکە هەموو جومگەکانی ئەو وڵاتە کەوتووتە دەست پیاوە نزیکەکانی خۆی، وڵاتی داگیرکار دەتوانێت موڵک و سامانی وڵاتی بە ئامانج کراو بخاتە خزمەتی خۆی. بە ویستی خۆی بڕیاری سیاسی لەو وڵاتە دەربکات. لەم قۆناغەدا وڵاتی داگیرکەر نە هێزی بەکارهێناوە، نە هیچ کەس پێی دەزانێت کە وڵاتێکی داگیر کردووە، نە وڵاتی داگیرکراو بەئاسانی دەتوانێت هەڵبستێتەوە و سەروەری خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ناشتوانێت هیچ بەرگرییەک بکات و نازانێت لە کوێوە دەست بە چاکسازی بکات.
قوناغی چوارەم، ئاساییکردنەوە
دوای ئەوەی هاووڵاتییان ویست و توانای بەرەنگاریان لەدەستدا، کارکردن لەسەریان ئاسان دەبێت. بایەخ بە سوپا و هێزی سەربازی و هەواڵگری دەدرێت، هەموو بەرەنگارییەک لەناو دەبرێت، سەرکردەیەک لە دەسەڵات دادەنرێت کە گوێ لەمست و دارەدەست بێت. سەبارەت بە “بێئاگا بەسوودەکان” لە ڕۆژنامەوان و شاعیر و نووسەر و خۆفروشەکان، زۆربەیان دەخرێنە زیندان و هەندێکیشیان لە سێدارە دەدرێن لەبەرئەوەی هیچ بەهایەکیان نامێنێت، بێگومان هیچ بوارێک نادرێت بە ڕەخنەگرتن لە ڕژێمی نوێ و ئایدیۆلۆجیای نوێ.
بۆ ئەوەی لە قووڵایی ئەم تیۆرە تێبگەین و بە وردی شیکاریمان بۆ کاریگەرییەکانی کردبێت، دەگەڕێینەوە بۆ “گۆستاف لۆبۆن”، فەیلەسووفی گەورەی فەرەنسی کە باسی جەماوەرەکان دەکات. بێگومان ئەم تیۆرییەی “جەنگی داڕووخاندن” وەک دیار بوو بنەمای جێبەجێکردنەکەی بریتییە لە پڕۆسەی لە هاووڵاتییخستن و لە نەتەوەخستنی کەسەکانی کۆمەڵگە، بە جەماوەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا بە ئامانج گیراو.
گۆستاف لۆبۆن دەڵێت “چەند هۆکارێک لە پەیدابوونی تایبەتمەندییەکانی نێو سروشتی جەماوەر و کۆمەڵگە کاریگەرن، یەکەم هۆکار ئەوەیە کە هەریەک لە تاکەکانی کۆمەڵگە و جەماوەرێک، تەنیا بەهۆی هەبوونی لەنێو کۆمەڵگەکەدا، هەست بە توانایەکی لەبن نەهاتوو و هەرگیز تێکنەشکاو دەکات. ئەمەش ڕێگەی بۆ خۆش دەکات ملکەچی هەندێک ڕەمەک بێت و ئەگەر ئەو هەستەشی نەبووایە ملکەچ نەدەبوو. تاکەکان بە ویست و بژاری خۆیان ملکەچیی دەنوێنن چونکە جەماوەر بە سروشتی خۆی بێئاگا و دەبەنگە هەر بۆیە هەست بە بەرپرسیارەتی ناکەن. جا لەبەر ئەوەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی تاکەکان جڵەو دەکات و ڕێگرییان لێ دەکات، بەڵام لە دۆخێکی وەهادا بەتەواوی برز دەبێت و دەسڕێتەوە.
بەم جۆرە لۆبۆن پێمان دەڵێت تاکی بە جەماوەر بوو کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە لەوانە:
یەکەم، لە ئەقڵانییەت دابڕان و لە نائەقڵانییەت شوناس وەرگرتن.
دووەم، تەواوی جووڵەکانی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو لایەنەدایە کە لە ڕێگەی ئایدۆلۆجیا و پروپاگەندە و هەژموونی دەروونی، دەستی گرتووە بەسەر جەماوەردا.
سێیەم، هەموو کردەوەکانی تاک دەچنە چوارچێوەی بێئاگایی.
چوارەم، تاک وەک ئامراز بەکار دەهێنرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرانبەر کە زۆربەی جار ئەم ئامانجە دژی بەرژەوەندی و سەروەریی تاکەکانە.
لێرەدا بەرچاوڕوونی تەواومان بۆ دروست بوو لەبارەی ئەم جەنگی داڕووخانەی کە یۆری بێزمینۆڤ قسەی لەسەر دەکات، بەمەش دەتوانین ئەنجامگیری بۆ بکەین و لە چەند خاڵێکدا کۆی بکەینەوە. ئەم تیۆرییە دەچێتە خانەی “جەنگی دەروونی ستراتیجییەوە”.
ئەم جەنگە دەروونییە ئاراستەی هەموو ئەندامانی دوژمن دەکرێت، بە خەڵکی مەدەنی و سەربازەوە، بە چەندین شێواز بەکار دەهێنرێت. ئەم شێوە جەنگە دەروونییە لە ڕووی زەمەنییەوە لەپێش پێکانی ئامانجەکان بە دووربینی ناسراوە، واتە دوور ئامانجە، بە کات و شوێنی دیاریکراو پەیوەست نییە، ئامانجی کەمۆکردنی جەماوەرە کە ئاڕاستەی خەڵکانێکی زۆر و شوێنێکی فراوان دەکرێت. مەبەستیش لێی کارکردنە لەسەر ڕاوبۆچوون و ڕەفتاری خەڵک لە نزیکمەوداو و، مەبەستی دەستبەسەراگرتنی وڵاتە وەک دوا ئامانج.
جەنگی دەروونی و دۆخی هەرێمی کوردستان
لە پاش ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، جەنگی دەروونی لەسەر کوردستان بەشێوازێکی نوێ و چڕییەکی زیاتر دەستی پێی کردووە. قوناغێکی نوێ دەستی پێی کردووە و دەزگا میدییاییەکانی وڵاتی دەوروبەر و هەندێک لە دەزگا خۆماڵییەکانیش ڕۆڵێکی یەکجار گەورە لەم جەنگەدا دەگێڕن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەرەی جەنگی سەرەکی، لە هەمان کاتدا بوونەتە ئامرازی سەرەکی جەنگ. ئەم لایەنانەی ئەو جەنگەیان بەرپا کردووە، مەبەستێکی سەرەکییان هەیە ئەویش کوشتنی گیانی فیداکاری و بەرگری و ملکەچکردنە بە مەرجەکانی داگیرکەران.
سەرچاوەکان
- سیاسەت، ڕاڤەکردنی هزرە مەزنەکان بە زمانی سادە، کۆمەڵێک نووسەر، وەرگێڕانی ڕەسووڵ سوڵتانی، کۆمەڵگای فەرهەنگی ئەحمەدی خانی، ٢٠٢٠.
- کۆمەڵناسیی جەنگ، سورێن ئەکرەم، چاپخانەی تاران، ٢٠٢٠.
- سایکۆلۆجیای جەماوەر، گۆستاف لۆبۆن، وەرگێڕانی سەڵاح سەعدی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٧.
- جەنگی دەروونی، ئاراس فەریق زەینەڵ، چاپخانەی چوارچرا، ٢٠١٩.
- جەنگی زانیاری، سیخوڕی، سێکس، فریودان، سیروان حوسێن بیەیی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٨.