سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ھۆگربوون و گیرۆدەبوون، دوو ڕووی ھەمان دراو

نیشتیمان عەبدولقادر

ھۆگربوون وەک حاڵەت لەسەر ئاستی تاک بە پێی جیاوازی توخم و تەمەن و ژینگەی مرۆڤەکان ھەم شێواز ھەم ڕادەکەی دەگۆڕێ، ھەم ھۆکارە دروستکراوەکانی بەپێی جیاوازی سیفاتی کەسەکان دەگۆڕێ کە دواتر ھەمان ئەو ھۆکارانە وا دەخرێنە ڕوو کە جۆرێک لە پێڕەوایەتی بە ھۆگربوونەکە ببەخشن. لەسەر ئاستی گرووپ و پێکھاتەیەکی کۆمەڵایەتیش وەک خێزان، سیاسی وەک حیزب، ئایینی وەک ئایینێک یان مەزھەبێکی دیاریکراو، بە ھەمان شێوە، جۆر و ڕادە و ئاستی ھۆگربوونی جیاواز ڕوودەدات و بەردەوام لە ھەڵکشان و داکشاندا دەبێت.

بە گشتی و لەسەر ئاستی جیھان مەسەلەی ھۆگربوونی باوکان و دایکان بە منداڵەکانیانەوە، پەیوەندی ژنایەتی و مێردایەتی، کار و پۆست، سامانی مادی، توانا و لێھاتوویی ئەدەبی و ھونەری، پێگەی ئابووری یان سیاسی یان کۆمەڵایەتی، واقیعی حاڵە و بەپێی جیاوازی کات و شوێن ڕێژەکەی دەگۆڕێ.

سروشتی ھۆگربوون بە پێناسە گشتییەکەی لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەگۆڕێ بۆ گیرۆدەبوون، چونکە دەبێتە شوناس و ناسنامە بۆ کەسی ھۆگربوو، دەبێتە داردەست و بیانوو بۆ پەیوەستبوونی زیاتر و زیاتر، بە مانایەکی تر، ھۆگربوون بەردەوام وەبەرھێنان لەخۆیدا دەکات تا ڕادەی گیرۆدەبوون بە ھەموو ئەوانەی کە کەسێک بە ھی خۆیی دەزانێ لە دەسکەوتە بەدەستھێنراوەکان و ھەندێ جار لە بەدەستنەھێنراوەکانیش کە جێی خواست و خوولیای ئەون.

لە حاڵەتی گیرۆدەبووندا ئیتر ئاگایی مرۆڤ تاڕادەی نەبوون (عدم) ئەڕوات و گەڕانەوە بۆ حاڵەتی سروشتی مەحاڵ دەبێت لەبەرئەوەی ھێز و وزەی مرۆڤەکە بۆ خاوەندارێتی و داگیرکردن و زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکەدا بەکاردێت، جا ئەوانی دیکە مرۆڤە دوور و نزیکەکان بن یا دنیای مادیات و پێگە جیاوازەکان بێت.

بەو مانایەش، سەرەتای گیرۆدەیی لە ھۆگربوونەوە دەست پێ دەکات، کە لێکەوتە یان دەرئەنجامی بێئاگایی و نائاگاییە لە سروشتی خود و تواناکانی خود و واقعی دەرەوەی خود، لە ناتەبایی و ناھاوسەنگییشەوە سەرچاوە دەگرێت، بەوەی کە ئیگۆ دەستپێشخەر دەبێت لە پێواندنی ھەستەکانی خود، کە ئەوەش دەبێتە بنەما بۆ چۆنیەتی ھەڵوێست وەرگرتن و ڕەفتارکردن و دواجاریش لەوانەیە ببێتە نموونە و خەڵکانی تریش دووبارە پەیڕەوی بکەن و پێڕەوایەتی پێ ببەخشن.

بۆ نەگەیشتن بەو حاڵەتانە یاخود ھاتنە دەرەوە لێی تەنیا فاکتەرێک کە فریادڕەس بێت “ئاگایی”ە، بەو مانایەی کە مرۆڤ لە دەرەوەی ھەموو ئەوانەدا کە ڕوو دەدەن و دەگوزەرێن خۆی ببینێت لە بچووکترین بازنەی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانەوە تا دەگات بە گەورەترین بابەتە ئابووری و سیاسییەکان. تێڕامان و خوێندنەوەی جیاوازی بێلایەنانەی ھەبێت. مەبەست لە بێلایەنانە ئەوەیە کە تەنیا لە ڕوانگەی ئایدۆلۆجیایەک یان ئایینێکی دیاریکراوەوە نەڕوانرێتە مەسەلەکان و حوکمیان بەسەردا نەدرێت، بەڵکو لە خۆدیتنەوە لە توانای ژیانکردن لەناو ئەو بازنانەدا بێت بە جۆر و ڕادەی جیاواز بەبێ ئەوەی یەکبوونێکی ڕەھا لەنێوان خودی کەسەکە و خودی بابەت یان مەسەلەکەدا ڕووبدات تا ڕادەی توانەوە، کە ئەوەش دەبێتە ھۆی لەدەستدانی زۆرێک لە توانا نادیار و پەی پێنەبراوەکانی کەسەکە.

ئەو خۆدیتنەوەیە لە دەرەوەی ھەموو ئەوانی دیکە کەفیلە بە وەئاگاھێنانەوە و گەشەکردنی ئاگایی بە بەردەوامی، ھاوکات وردە وردە پەیبردن بە ھەموو ئەو توانایانەی بە دڵنیاییەوە غافڵ بوون لە ھەندێکیان و لە ڕێژەکانیشیان لە ڕابردوودا ھەبووە زیاد دەکات. مەبەست لە توانای زاڵبوون و ھەڵبژاردن و سەربەخۆیەتییە لە گوتار و کردار و بەدەستھێنانی ھەموو ئەو وەسیلانەی کە پێویستییەکانی تاک فەراھەم دەکات.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە چۆن ئەو ئاگاییە دێتەبوون ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، ھەر خودی پرسیارەکەیە. ئەگەر ھەر کەسێک ڕاستگۆیانە ئەم پرسیارە لە خودی خۆی بکات و بیکاتە جمکی خۆی، مکوڕ بێت لەسەر پەی بردن بە وەڵام و تێڕامان لەسەر ئەگەری جیاواز لە گەیشتن بە وەڵامی زانستی و واقعی و لۆجیکی، ئەوا وردە وردە ترازان لە ھۆگربوون دروست دەبێت چونکە ئامادەگی دەستھەڵگرتن لە ھۆگربوون دێتەگۆڕێ و مەودای نێوان گیرۆدەبوون و گیرۆدەنەبوون تادێت زیاتر و ئاشکراتر دەبێت، چونکە خواست بۆ ئازادبوون لە ھەموو پەیوەستبوونێکی ڕەھا، خواست بۆ تێگەیشتنی واقیع و عەقڵانییەت شوێنی ھۆگربوون و گیرۆدەبوون دەگرێتەوە.

بۆ نموونە، ئازادبوون لە باوکسالاری، مێردسالاری، پیاوسالاری، دایکسالاری، مێینەسالاری، پۆستسالاری، پارەسالاری، حیزبسالاری، هتد، ھەموو ناوێک کە دەتوانرێ پاشگری سالاری پێوەبکەیت کە مایەی ھۆگربوون یا گیرۆدەبوون بووبێت. ئەمەش بە مانای دەستبەرداربوون نییە لە ھەموو ئەوانە و ژیانکردن وەک گەدا و دێوانە بەڵکو بەو مانایەیە کە بوونی ڕاستەقینەی کەسەکە لە ھەموو و لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا ھەبێت کە بەشێکن لە پێکھاتەی خواست و غەریزەکان. ھاوکات پێویستییە مادی و ڕۆحانییەکانیشت پڕدەکەنەوە بەڵام دوور لە زاڵگەریی و تەمەلوک و داڕشتنی نەخشەی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لەسەر بنەمای پێگەی وەھمی و سیفاتێک کە خود بۆ خۆیی دروستی کردووە، لە گەورەکردنی قەبارەی ئیگۆ و فەرزکردنی بەسەر ئەوانی دیکەدا لەژێر پاساوی جیاوازدا.

بە کورتی، بەئاگابوونی مرۆڤ لە ھۆگربوونی بە ھەر کەس و ھەر شتێکەوە دەیپارێزێ و دووری دەخاتەوە لە گیرۆدەبوون، بەھەموو پێوەرێکیش گیرۆدەبوون ھەم نەخۆشییە ھەم ھۆکارێکی سەرەکی ناخۆشی و ناشادی مرۆڤە لە ھەموو شوێن و سەردەمێکدا بەجیاوازی تەمەن و توخم و ھەموو سیفاتەکانی دیکەی مرۆڤەکانەوە، چونکە کەسی داگیرکەر ھەمیشە غافڵە لەوەی کە خۆیشی داگیرکراوە چونکە پەیوەستبوون و ھۆگربوونی مرۆڤ بە ھەر کەس و ھەر شتێکی دەرەوەی خۆی بەرەو نائاگایی زیاتری دەبات. پێوەر و پێواندنەکانی لە حاڵەتی شڵەژانی ھەمیشەییدا دەبن، خەم و دڵەڕاوکێی لە دەستنەدانیان وزە و توانایەکی زۆر دەبات. لەو نێوەندەدا ژیانکردن بە سروشتی تەواو تێکدەچێ و شوناسی دەستکرد و وەھم و خۆخەڵەتاندن شوێنی حەقیقەت دەگرێتەوە، ئازادی وەک سروشت لەبیر دەکرێ، بەپێچەوانەشەوە خاوەندارێتی زیاتر و فراوانتر دەکرێتە وەسیلە بۆ بانگەشەکردن کە ئازادی بە خاوەندارێتی وەدەستدەھێنرێت، قەتیسبوون و چەقین لەم وەھم و بانگەشەکارییەدا لە ھۆگربوون تێدەپەڕێت و گیرۆدەبوون دروست دەکات کە سەرچاوەی نەھامەتییە لەسەر ئاستی تاک و لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و گەلانیش.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO