عوسمان ساوجی
ڕەگەزپەرستی یەک لە هەرە دیاردە باوەکانی سەدەکانی ڕابردووە، کە لە هەندێک کۆمەڵگەی پێشکەوتووی دنیای دیموکراسی بووتە لەکەیەک و شەرم بۆ کەسانێک کە هەڵگری ئەو تێڕوانین و ئایدۆلۆجیایە بن یان خەسڵەتەکانیان تیادا بەدی بکرێت، لە هەندێک دەوڵەتیش بە یاسا قەدەغەکراوە و ئەوانەی پیادەی بکەن ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزا دەبنەوە.
ڕەگەزپەرستی کە بە زمانی ئینگلیزی (racism)ی پێدەگوترێت و بە عەرەبیش دەبێت بە (العنصریة) پێشینەیەکی مێژوویی دووری هەیە، کە لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ئەوەیە کە پێکهاتەیەکی نەتەوەیی، ئایینی، ئایینزایی، هتد، پێگەو پێکهاتەی زیندەیی و بیرکردنەوە و جوانی جەستەییان زیاترە لە پێکهاتەیەکی دیکە. دەکرێت سەرچاوەی ڕەگەزپەرستی بریتی بێت لە بۆچوونی کەسێک یان ئەفسانەیەک یان دەقێکی پیرۆز کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو پێکهاتەیە شانازی بە باڵایی خۆیانەوە بکەن و بەکەمتر لەخۆیان لەوانی دیکە بڕوانن، وەک ئەوەی کۆمەڵناسی ئوردنی حوسێن خەزاعی ڕوونی کردووەتەوە.
فەرهەنگی بەریتانی سەبارەت بە بیری ڕەگەزپەرستی دەڵێت: ڕەگەز پەرستی لەسەر بنەمای دابەشکاری مرۆڤەکان دامەزراوە، ئەوەش بە پۆلێن کردنیان لەسەر بنەمای زیندەیی کە کاریگەری لەسەر شێوە و ڕەنگ و ڕەفتار و ئاکار و ئایدیایان دەبێت، کە ئەوەش وادەکات پێکهاتەیەک هەست بەباڵایی خۆیان بەرانبەر بە ئەوانی دیکە بکەن.
بەهۆی لێکەوتە خراپەکانی ئەو ئایدۆلۆجیایە زۆرێک لە دەقە پیرۆزەکان و ڕێکخراوەکان و بیرمەندان هەوڵیانداوە ڕێگری بکەن لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی بەڵام هیچیان بەتەواوی سەرکەوتوو نەبوون تەنانەت دوای دوو جەنگی جیهانی کە ملیۆنان مرۆڤی کردە قوربانی هێشتا لە چەندین شوێنی جیهان لە ئاستێکی ئێجگار مەترسیداردایە. لەو بارەوە قورئانی پیرۆز بە دەقێکی ڕەوان ڕێگری لە باڵایی هیچ کەسێک بەسەر ئەوی تردا دەکات بەهۆی ڕەگەزەوە. لەهەمانکاتدا لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە سەرجەم مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک بوون و یەکسانن لە ماف و شکۆمەندیدا، هەموو مرۆڤەکان دەبێت لەو مافانە سوودمەند بن کە ئاماژەیان بۆ کراوە و هیچ جیاکارییەک بە هۆکاری ڕەگەز و ئایین و ڕەنگ نابێت بکرێت.
دیارە سەرەڕای ئەو هەموو سنووربەندی و ئاستەنگ کردنە ڕواڵەتیانەی بۆ وەها دیاردەیەک هەیە دەکرێت بپرسین بۆچی هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە؟ بۆچی هێشتا ئەوەندە خواستی لەسەرە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەش پێویستە بگەڕێینەوە بۆ پاشخانە مێژووییەکەی کە دیارە کۆمەڵێک ئاراستە و ڕەوتی سیاسی و مەدرەسەی فکری بەئاشکرا کاریان بۆ برەوپێدانی کردووە. ئەوەش لەپێناوی بەدەستهێنانی سۆزی پێکهاتەیەک و قۆستنەوەی بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیان، یەک لەو ڕەوتە سیاسیانەش کە ڕەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبووە نازییەکانی ئەڵمانیا بوون کە داخی شکستی وڵاتەکەیان بە جووەکانی وڵاتەکەیان دەڕشت و ئەوانیان بە سەرچاوەی نەهامەتی دەزانی.
نمونەیەکی تر کە زۆر ناسراوە بریتییە لەو جیاکارییە ڕەگەزییەی بەهۆی ڕەنگی پێستەوە لە هەر یەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەفریقای باشوور هەبووە، کە کارێکی وای کردبوو تەنانەت لە چێشتخانە و پیشە و هۆکارەکانی گواستنەوەشدا پێست ڕەشەکان پلە دوو یان سێ بن.
ئایدۆلۆجیای ڕەگەزپەرستی لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا وای کردووە ئەو بابەتە ببێتە دیاردەیەکی جیهانی و دەوڵەتانی داگیرکار (الاستعمار) هەمیشە لەو سەردەمەدا بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ گەلە داگیرکراوە (المستعمرة)-کاندا کردووە کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بوون گوایە خەڵکانێکی ناشارستانی و دواکەوتوون و ئەمان وەک فریادڕەس هاتوون تاوەکوو بیانگوازنەوە بۆ سەردەمێکی نوێ، بەتایبەت لە بواری پیشەسازی و بەڕێوەبردن و بازرگانیدا.
هەر لەو بارەوە دەکرێت دۆخی کورد لەژێر سایەی چوار دەوڵەتی سەردەستی کوردستان گەورەترین قوربانی دەستی ئایدۆلۆجیای ڕەگەزپەرستی بێت، ئەوەش لەوکاتەوەی لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی دەوڵەتانی سەرکەوتوو لە جەنگ هەنگاو بە هەنگاو لە دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد پەشیمان بوونەوە و کورد کرا بە کەمینەی نەتەوەیی لەو دەوڵەتانەدا، ئەوانیش هەریەکەیان بەگوێرەی ئەو سیستەمەی هەیان بوو مامەڵەیەکی ناڕەوایان لە تەک ئەو گەلە پشتگوێخراوەدا کرد. لەلایەک لەلایەن فارسەکانەوە وەک بەشێک لە گەلانی ئێران هەژمارکرا و هەندێک لە عەرەبەکانیش وەک بەشێک لە گەلی عەرەب لێییان ڕوانیون بەڵام لە ئاستێکی زۆر نزمتردا. تورکەکانیش زۆر ئەولاتر ڕۆیشتن بەوەی بوونی/وجودی کورد وەک نەتەوەیەک ڕەت دەکەنەوە. هەموو داگیرکەرانیش کۆکن لەسەر ئەوەی زمان و وێژە و نەریتە کوردییەکان لەناوبەرن و ڕێگری بکەن لە خوێندن و ناونانی منداڵان و قسەکردن بە زمانی کوردی.
تەنانەت هەندێکیان بۆ بەیەکجاری سڕینەوەی کورد پەنایان بۆ چەکی ئایین بردووە لەلایەک وەک بەهەشتی جەمال نەبەز لە کتێبێکیدا باس لەوە دەکات کە یەکێک لە مێژوونووسانی شیعە بە ناوی مەسعودی ڕەچەڵەکی کورد دەباتەوە سەر پەیوەندییەکی ناشەرعی نێوان جنۆکەکان و بەردەستەکانی سولەیمان پێغەمبەر سەلامی خوای لەسەربێت کە ئەوە نووسەر و ڕووناکبیر یونس ڕاوی پشت ڕاستی دەکاتەوە. لەلایەکی تریش هەمیشە کوردیان بە کافر و زەندیق و ئاگرپەرست لەقەڵەمداوە و خوێن و ماڵ و نامووسیان بە غەنیمەیەکی پاک (حلال) زانیوە و ئەنفال و کیماباران و وێرانکارییەکان لەسەرتاسەری کوردستان دەرئەنجامی ئەو بیرکردنەوەیەن.
مەبەستمان لەم شێر و ڕێویە بۆ ئەوەیە کە نەوەی ئێستا ئەگەر ساتێک ویستی بخوێنێتەوە لەوە تێبگات کە هۆکاری ئەو هەڵوێستە نامرۆڤانەی جیهان بەرامبەر کورد لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە، چۆن دەتوانن وابەسانایی هەر تاکێکی ئاسایی گەلانی ئەم دەوڵەتانە بەهەر ڕێگەیەک بۆیان بلوێ کوردێک بکوژن، جا ئەو کوشتنە لەڕێگەی بڕیارێکی دادگاوە بێت، یان چەکدارێکی سەر سنوور یان هاووڵاتییەک لە یەکێک لە کافێکانی شارە گەورەکانیان.
لەکۆتاییدا پرسیاری ئەوە دێتە گۆڕی ئایا کوردیش خۆی ڕەگەزپەرست نییە؟ ئایا بزاوتی کوردی بزاوتێکی ڕەگەزپەرستانە نییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەکرێت نووسینەکانی ڕووناکبیر جەمال نەبەز و هەموو خەرمانی وێژەی ڕێکخراوێکی وەک کاژیک بخوێنینەوە بزانین لە هیچ شوێنێکدا ئاماژەیەک بۆ بڵندی کورد و داپاچینی ئەوانی تر هەیە؟ بەدڵنیاییەوە دەڵێم، نەخێر، چونکە سەرجەم هێز و لایەن و ڕێکخراو و دەستەبژێری نەتەوەیی کورد هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بووە کە باری لاری گەلەکەیان ڕاست بکەنەوە و کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تر مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی بەدەست بهێنێت، ئەوان ئامانجیان ڕزگارکردنی کورد بووە لە ژێردەستەیی و لە باشترین حاڵدا داوای سەربەخۆیی کوردستان-یان کردووە لەسەر خاکی کوردستان نەک گەلانی دیکە.