سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سیاسەتی زمان، زمانی زبر، زمانی نەرم

پرسی زمان بەتەنیا پرسێکی زانستیی زمانەوانیی ئەبستراکت نییە، واتە ڕەهەندەکانی قسەکردن و کارکردن لەسەر پرسەکانی زمان بەدەر لە لایەنە زانستییەکە دەچێتەوە سەر ڕەهەندی فەلسەفەی زمانناسی و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و دەلیڤەکانی دیکەی زمانناسییەوە، لەوانەش سیاسەتی زمانناسی، یان سیاسەتی زمان، کە ئامانجی نووسینی ئەم وتارەی ئێمەیە. هەندێک پێیان وایە قسەکردن لەسەر زمان هەر دەبێت باسی لایەنە زانستتیەکەی زمان بکرێت، وەکوو گراماتیک و ئیتمۆلۆجیا و فەرهەنگنووسی و سینتاکس و مۆرفۆلۆلۆجی و فۆنۆلۆجی بەس. لە ڕاستیدا، بایەخی زمان لە بایەخی سروشتی “سیاسی-کەلتووری” و “کۆمەڵایەتی-کەلتووری”دایە، واتە هەرچەند زمان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە، سیاسەتیش لەژێر باندۆری دەربڕینە زمانەوانییەکاندایە، میناک: زمانی زبر و توندوتیژ، یان زمانی نەرم و هێمن لە نووسین و دەربڕینەکاندا، کاتێک لایەنێکی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن لە دژی دەسەڵاتدا، بە پێچەوانەش زمانی دەربڕینی دەسەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، لە کاتی قەیران و کێشەکاندا، کاتێک ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەو شێوازە زمانە زبر و توندوتیژە بەکار دەهێنن و پەنا دەبەنە بەر ناووناتۆرە و ناوزراندن، کە هەندێکجار لە ئاکامی ئەو زمانە زبرە دووچاری هەڵایسانی شەڕی ناوەخۆ و جەنگێکی وێرانکەر دەبنەوە.

زمان لە وشەسازیی بەکارهێنراوەوە دەست پێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ واتای وشە هاوبەشەکان، تەنانەت بۆ خودی شێوازی ئاخافتن، وەکوو لە دەربڕینی زمانی گوند و خێڵەکی و شارستانیدا دەبینین، جگە لەوەش زمانگەلێکی تایبەت بە نەتەوە جیاوازەکان هەیە، کە هەمان زمانی دەربڕینی دایکیانە، وەکوو زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبی…هتد کە لە بنەڕەتدا، کۆمەڵێک زمانن، نەوەکوو یەک زمان، هەر زمانێکیش نوێنەرایەتی ناوچە و گرووپێکی جیاواز لە ئاخێوەرانیان دەکەن، لەسەر ئەم بنەمایەش کەسانی وەکوو ئەمیری حەسەنپوور و میهرداد ئیزەدی و محەمەد موکری و جەعفەر شیخولئیسلامی و …هتد زمانی کوردی بە کۆمەڵە زمان، یان زمانە کوردییەکان دەناسێنن.

 ڕەنگە یادەوەری سیاسی و زمانەوانی شایەتحاڵی نەهێشتنی فیزیکی بێت لەسەر بنەمای زماندا، وەکوو لە شەڕی ناوخۆی هەندێک نەتەوە و وڵاتاندا بینران، لەوانەش شەڕە ناوخۆییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جۆراوجۆری ئەو دەربڕینی زمانەی کە لایەنە شەڕکەرەکان قسەیان پێ دەکرد، وای لێکردن ببنە ئامانج، هەر لایەنێک بە ڕوونی لایەنەکەی دیکەی بەو زمانە زبرە دەکردە ئامانج. واتە هەر لایەنێک زمان و زاراوەی تایبەت بە خۆی هەبوو، تەنانەت لەناو ئەندامانی حیزبەکانیش، کە هەمان باوەڕ و ئایدۆلۆجیایان هەبوو، کە بە کۆمەڵ ئەو هزرە پێک دەهێنن، بە گوتاری گرووپێکی دیارکراو ناسراون، بۆ نموونە: بزووتنەوە ئیسلامییە میانڕەوەکان گوتارێکی جیاوازیان هەیە، لە بزووتنەوە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان و گوتاری پراگماتیک لە گوتاری پرەنسیپی جیاوازە، جگە لەوەش سۆفیگەری جیاوازە لە سەلەفییەت و هەردووکیشیان جیاوازن لە بزووتنەوە سیاسییەکان. بەم شێوەیە، مرۆڤ بە زمان و زاراوەی خۆی دەناسرێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، شێوازی ناساندنی چەپێک، یان مارکسیستێک بە هاوزیندانییەکانی، نیشاندەرێک بوو بۆ پەیوەستبوونیان بەو حیزبەوە، پێیان دەگوتن هاوڕێ، نەتەوەییەکان بە هەڤاڵ، ئیسلامییەکانیش بە “برای تۆ لە خودا”، و …هتد دەناسرانەوە.

هەموو ئەمانە لە گوتاری سیاسی و زمانەوانیدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە، بۆ هەمان ڕووداو بەلایەنی کەمەوە دوو زاراوە هەن، بۆ نموونە: کەسایەتییە سیاسییەکان و کەسایەتییە میدیاییەکان و نووسەران و ڕووناکبیرانی سەر بە هەردوو پارتی دەسەڵات، دەستەواژەی “دابەشبوون” بەکار دەهێننن، وەکوە: بۆ وەسفکردنی ئەوانەی لە زۆنی زەردن، کە لە ساڵانی شەڕی ناوخۆی نەوەدەکاندا ڕوویدا، جیاوازتر لە دەربڕینی ئەو زمانەی کە لە زۆنی سەوز بەکار دەهێنرا، کە بریتی بوو لە زمانی زبری میدیایی لایەنی شەڕکەر. لە کاتێکدا، لایەنی بەرانبەر بە “سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە” ناوی دەبرد. ئەویدیکە بە خیانەت.

لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شاراوە نییە، لە میدیای جیهانیدا دەستکاری زمان و زاراوەکان دەکرێن، کە هەموو ئەمانە ئاماژەن و بەربڵاون بۆ ڕوانگەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆجی و زاراوەگەلێکی وەکوو ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم و تیرۆر و کوردفۆبیا و ئیسلامۆفۆبیا…هتد لە ماوەی پێنج دەیەی شۆڕشەکانی کوردستاندا، دوو زاراوە لە گوتاری سیاسیدا بەریەککەوتن، ئەو لایەنەی کە لەگەڵ ڕژێمدا هاوتەریب بوون و بە جاش و بەکرێگیراو دەناسران، ئەو لایەنەش، کە لە دەرەوە بوون ناوزەند دەکران بە شۆڕشگێروە شەڕڤان و گەریلا و پێشمەرگە. هەڵبەتە لەگەڵ ئامێرە زمانەوانییە پەیوەندیدارەکاندا، بۆیە گوتارەکانیان لەگەڵ ئەم زاراوانەدا یەکیان دەگرتەوە، ئەم دیاردەیە لە هەموو زمانێکی جیهاندا بەدی دەکرێت، کە زاراوەکانی مەیلی ڕەنگدانەوەی دیدگای ئاخێوەرەکانیان هەیە.

جێی سەرنجە لە چوارچێوەی ئەو شەڕەی کە لە لایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە دژ بە گەلانی ناوچەکە، بۆ نموونە لە ئەفغانستان و عیراق، یان ئێران و کوردستان بەڕێوەچوون، میدیاکان پشتیوانییان لەو زلهێزانە دەکرد و زاراوەی جیاوازیان بەکار دەهێنا لە چاو ئەوانەی بەرگرییان لە نیشتمان، یان ئایینەکەیان دەکرد. لەو سۆنگەیە بە سەدان وشەو زاراوە و ئیدۆیان درووستبوون و بەکار هێنران، تاوەکوو ڕادەی ئەوەی کە بەرگریکارانی ئەم نەتەوانە بە تیرۆریست و دڕندە و وەحش دەناسێران. لێرەدا، زمانی وەسفکەر ئەم لایەنگرییە ئاشکرا دەکات و دەتوانێت بنەمای توێژینەوەیەکی زمانەوانی جددی و کاریگەر پێک بهێنێت، ئەم نموونەیە ئەم لایەنگرییە دەسەلمێنێت، لەم چوارچێوەیەدا ویستم خاڵێک بخەمە ڕوو سەبارەت بەو زمانەی کە میدیکاران و ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ئاماژەدان بە داگیرکەری ناوچەیەک، یان وڵاتێک بەکاری دەهێنن. زۆرێک لە ڕووناکبیران بە ئاسانی ئەم ناوە بەکاردەهێنن، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگیراوە و لە لایەن داگیرکەرانەوە وەکوو ڕەمزی کیانەکەیان قبوڵکراوە، ئەم ڕووناکبیرانە بەبێ ئازاری ویژدان و ناڕەزایی ئەم ناوانە بەکار دەهێنن، بێ ئاگا لەوەی کە چەواشەکارانە و بێمانان. کە مخابن نابێت لە ئەدەبیاتی کوردیدا بوونی هەبێت، بەڵکوو زمان دەبێت یەکگرتوو بێت لە وەسفکردنی ئەم ستەم و نادادپەروەری و داگیرکارییانەی کە لە ڕابردووی نزیکدا دووچاری نەتەوەکەمانی کردەوە. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەکوو چەمگەلی ˮداگیرکەری عیراقی و سوری و ئیرانی و تورکی“، تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان دان بەوەدا بنێن، کە ئەم دەوڵەتانە قەوارەیەکی دەستوورین، کۆلۆنیالیزمی نین، لەسەر بنەماکانی کوشتن و دزین و بێ یاسایی و بێڕێزیکردن بە شکۆی مرۆڤی کورد دانەمەزراون، چۆن دەتوانرێت بە دەوڵەتێکی مۆدێلرن هەژمار بکرێن؟

لێرەدا، دەمەوێت ئاماژە بە لایەنگری لە زمانی دەربڕین و هزرینی هەندێک ڕۆژنامەنووس بکەم لە وتووێژ و وتارەکانیاندا، لەبری ئەوە زاراوەگەلی سەیروسەمەرە بەکار دەهێنن، کە هۆشیارییەکی زمانەوانی و سیاسیی ئاڵۆز نیشان دەدەن، سەبارەت بە دەربڕینی هەندێک بۆچوونی ڕەخنەگرانە و هزری جیاواز، بەهۆی ئەوەی گوایە ستانداردەکانیان پێشێلکردووە، ئیدیکە لەو کەناڵانەدا بایکۆتکراون، ئەمەش ناچاری کردوون لە سەرەتای یەکێک لە بابەتەکانیاندا، ئەگەر تەنیا ژینگەی کولتووری بە هەموو هەمەجۆرییە سیاسی و ئەدەبی و ئایینییەکانیانەوە خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێگایەدا بگونجێنن، کە دەسەڵاتداران گرتوویانەتە بەر، لە ترسی ئەوەی نەبادا لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەن لەو زمانەی کە بەکاری دەهێنین، بۆیە دەبێت خۆیان بە دوور بگرن لە ئاماژەکردن بە هەندێک وشەو زاراوەی هەستەوەر و ناوزراندنی ئەو کەسانەی سەر بەو قەوارەیەن. گرنگە بگەڕێینەوە، بۆ ئەو کەناڵانەی بە ئاشکرا لەژێر پەردەی داگیرکەراندا شەڕمان لەگەڵ دەکەن، مێژووەکەمان چەواشە دەکەن، تەنانەت لەسەر بانگەشەیەکی ڕەوای نەتەوەییمان بەناوی ئایدۆلۆجیا و ئاساییشی نەتەوەییان دەمانکوژن، یان بەناوی پیرۆزی ئایینەکەیان لە خاکەکەمان دەرمان دەکەن.

کەواتە ڕۆڵی سیاسەتی زمان لەو ئاقارەدا چییە، ئایا ئێمە ناچار دەبین لە ئاست زمانی توندوتیژ و زبری ئەوان، بە زمانێکی نەرم بدوێین، ئەگەر وا بکەین، نادادپەروەری و شەڕانگێزییەکمان بەرانبەر خۆمان و دژی پرەنسیپی پیرۆزی مرۆڤبوونمان ئەنجامداوە، نەوەکوو هەر ئەوە، بەڵکوو دەبێت هەمووان خۆمان بە دوور بگرین لە وەسفکردنی پیلان و بەرنامە ڕەگەزپەرستییە ڕێکخراوەکانیان لە چەواشەکردنی زمان و ناسنامەو مێژوومان، یان دەبێت هەر هەموومان بەیەک شێوە، کە خۆیان دەیانەوێت لە ناشیرینکردنی وێنەی سیمبولە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان پێناسە بکرێن، هەردەم وەکوو تیرۆریست و تاوانباری جەنگ و ئەنجامدەری جینۆساید بناسرێین، کە ماوەیەکە لەڕێگەی وتارە پڕ لە درۆ و چەواشەکارییەکانیان لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا، وەکوو کۆلۆنیالیست و داگیرکەر  و هیچی دیکە دەیان چیرۆکی ئەفسانەیی دەئافرێنن، ئەگەر بەڕاستی چەمکەکانی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و چارەنووسی هاوبەش و یەکپارچەیی هزری لە گوتاری سیاسی داهاتووماندا بخوازین. ئاخۆ دەبێت ئێمەش لە ئاست ئەو زمانە زبرەیان بێدەنگ ببین، ئەوەی بەڕاستی سەرسامم دەکات، خودی زمانی سیاسیی ئەوان نییە، هەرچەندە سیاسەت بەشێکە لە کولتوور، بەڵکوو بەکارهێنانی گوتاری قێزەون و ناڕەوایە لە دەربڕینی ئەم جۆرە زاراوانە لە لایەن نووسەرەکانیانەوە، بۆیە دوورکەوتنەوە لە زمانی زبردا، لەم دەستەواژانە بایەخێکی سەرەکی هەیە. نووسەران دەبێت سەرلەنوێ بە هەرچییەک، کە نووسیویانە لێی بکۆڵنەوە بۆ پاککردنەوەی هزر و هەستەکانیان لەو کەموکوڕییە زمانەوانیانەی کە هۆشیاری زمانەوانی دەشێوێنن و هۆشیاری گشتیی ساختە دەکەن. درککردن بەم ڕاستییە، من لە خۆمەوە دەستم پێکرد و گەڕامەوە سەر هەموو ئەو شتانەی کە نووسیبووم و هیشتا بڵاوم نەکردبوونەوە، دووبارە دەستکاریم کرد و زمانەکەمم لەو جۆرە تەڵە زمانەوانییانە ڕزگارکرد و ڕێگە بە خۆم دەدەم، کە بیان گۆڕم و واتایەکە وەربگرم، ئەمەم زۆر بە تووندی لەدوا نووسینمدا، بەناوی “بیرکردنەوە لە واقیعی کولتووریمان” جێبەجێ کرد. ئیدیکە پێم وانییە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەم بەم ناوە دابێت، بە تاک یان فرە، بچێتە ناو زمانەکەمەوە، کە لە سیاسەتی زمانەوانیدا بە زمانی هێمن ناسراوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO