سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئایا ئەمريکا ئەمجارە هێرشی زەمینی دەکاتە سەر ئێران؟

ڕەنج نەوزاد

لەگەڵ هاتنی سێيەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمريکا بۆ ناوچەکە و ناردنی هێزی زیاتر لە فڕۆکە و سيستەمی بەرگری و کەشتی و سەرباز، باس لەوە دەکرێت، ئەگەر هەیە ئەمجارە ئەمريکا جەنگێکی یەکلاکەرەوە، واتە هێرشێکی زەمینی ئەنجام بدات بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئێران. لە ڕووی سەربازييەوە، لە ئێستا و بۆ ئايندەیەکی نزيک (چەند هەفتەیەک تاوەکوو دەوروبەری دوو مانگی دیکە) ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی زەمينی گشتگير لە لایەن ئەمريکاوە نزيکە لە سفر. لێرەدا، باس لە ئۆپراسيۆنی تايبەت ناکەم، بۆ نموونە هێزێکی ئەمريکا لە ناوچەیەکی ئێران ئۆپراسيۆنێکی خێرا بکەن و بکشێنەوە، یاخود ناوچەیەکی بچووک بگرن وەکوو دوورگە و بەشێک لە کەنارە دەریاییەکانی ئێران، بەڵکوو باس لە شەڕێکی زەمینی دەکەم بۆ ڕووخاندنی ڕژێم، هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستان ڕوويدا. پێش ئەنجامدانی جەنگێکی لەم شێوەیە ئاماژەکان چين؟ چۆن دەزانرێت ئەگەر هەیە جەنگێکی وا ڕووبدات؟ بۆ تێگەيشتن لە چەند لایەنێکی جەنگ بەگشتیی و لە شەڕی ئەمريکا و ئێران بەتايبەتی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە دەخەمەڕوو:

یەکەم، ئاماژە لۆجستييەکان: گرنگترين و ڕوونترين ئاماژەن، بريتييە لەوەی ئەمريکا پێش چەند مانگێک، یاخود ساڵێک بۆ دوو ساڵ، دەست دەکات بە درووستکردن وفراوانکردنی ژێرخانێکی سەربازی و نيمچە سەربازی فراوان لە دوو یان سێ ناوچە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا و تا دەگاتە ناوچەی ئۆقيانووسی هیندی (ئاسيا). بە دەيان و سەدان بينا و باڵەخانە و گۆڕەپان و هۆڵ و وێستگەی سووتەمەنی و کارگە دروست دەکات، یان ئەوانەی کە هەن فراوانتر دەکات. وەکوو نەخۆشخانە و چێشتخانەی سەربازی و شوێنی مانەوە و خەوی سەربازەکان، شوێنی چاککردنی کەرەستە سەربازييەکان و فراوانکردن، یان دروستکردنی کۆگای گەورە و فڕۆکەخانە و بەندەری نوێ لەو ناوچانە، بەتايبەتی لەو وڵاتانەی کە بنکەی سەربازیی ئەمريکایی تیایە. چونکە جەنگی نێوان ئەمريکا و ئێران جەنگی نێوان دوو دەوڵەتە، کە سنووريان بە یەکەوە نييە، بەپێچەوانەی جەنگی ڕووسيا و ئۆکرانيا، بۆیە ئاماژە لۆجستييەکان زۆر ڕوون و ئاشکرا دەبن، ئەستەمە لە ميديا و ڕای گشتیی بشاردێتەوە، بەتايبەت پێش چەند هەفتەیەک، یان چەند مانگێک لە دەستپێکردنی جەنگەکە. لەم جۆرە جەنگە فاکتەری سوپرایز و لەناکاوی تێدا نابێت، مەگەر تەنيا سەعات و ڕۆژی دەستپێکردنەکە سوپرایز بێت.

دووەم، ئاماژە سەربازييەکان: تاوەکوو ئێستا ئەمريکا کەشتی فڕۆکەهەڵگر و کەشتی سەربازی و مووشەک و سيستەمی بەرگری و فڕۆکە و هێزی تايبەتی ناردووە. هەمووی ئاماژەیە بۆ شەڕێک کە لە ئاسمانەوە ئەنجام دەدرێت و ئەوپەڕی دەکرێت هەندێک ئۆپراسيۆنی زەمینی سنووردار و بچووک ئەنجام بدرێت. لە جەنگێکی زەمينی تەقليدی، ئەو هێزەی کە سەرەکييە بريتييە لە هێزی پيادە ((Infantry، کە زۆربەی سەربازی ئاسایی و گەنجن بەبێ پلەی سەربازی بەرز، نەوەکوو هێزی تايبەت. بە سەدان هەزار لەمانە لەگەڵ هەزاران تانک و زرێپۆش و سەيارەی سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن پێش ماوەیەک لە جەنگەکە. هاوکات ناردنی یەکەی ئەندازياری (Combat Engineering) لە سوپای ئەمريکا، کە هەڵگری دەيان جۆر لە ئامێری ئەندازيارين وەکوو شۆڤڵ و حەفارە و ڕۆبۆت و پردی سەربازیی کاتیی و ئامێری ئاشکراکردن ولابردنی مين، کە ڕێگە بۆ هێزی پيادەی خۆیان خۆش دەکەن پێشڕەوی بکەن و ڕێگری لە هێزی بەرانبەر دەکەن هێرش بکەن. ناردنی ئەم هێزانە بە نهێنی ناکرێت، چونکە بە سەدان گەشت و جوڵەی فڕۆکە و کەشتی بارهەڵگری دەوێت. جگە لەوەی بە دەیان هەزار خێزانی ئەمريکی ئاگادار دەبن، کە ئەندامێکی خێزانەکەیان ڕەوانەی جەنگ دەکرێت، چونکە زۆربەی سەربازەکانی هێزی پيادە لە ئەمريکاوە دێن، نەوەک لە سەربازگەکانی دەرەوە.

سێیەم، ئاماژە یاساییەکان: لەم جۆرە شەڕە پێويستە ئەمريکا بە یاسایی و فەرمی جەنگ ڕابگەیەنێت. چونکە ناردنی هێزی پيادە، واتە ناردنی هاووڵاتيیانی ئەمريکایی بۆ جەنگ. دەبێت کۆنگرێس وەک نوێنەری نەتەوەی ئەمريکا ئەوە قبوڵ بکات. سەرۆک داوا لە کۆنگرێس دەکات دەنگ بدەن لەسەر ڕاگەياندنی جەنگ، کاتێک کۆنگرێس قبوڵی دەکات، ئیدی سەرۆک، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە جەنگ ڕادەگەيەنێت. چەند سەعاتێک پێش یان پاش دەستپێکردنی جەنگەکە دەبێت تڕەمپ گوتارێکی فەرمی بۆ ئەمريکاييەکانی هەبێت، کە تيايدا دەڵێت بە سيفەتی سەرۆکی ئەمريکا و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دەستوور پێی داوم، لەبەر بەرژەوەندييە باڵاکانی ئەمريکا جەنگم ڕاگەیاند دژی ئێران بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی. لە دۆخی ئێستای ئەمريکا ئەم هەنگاوە قورسە، مەگەر ئێران ئۆپراسيۆنێکی هەستیار و ترسناک ئەنجام بدات، وەکوو لێدان لە کەشتييەکی فرۆکەهەڵگر، یان کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازی ئەمريکی، یاخود ئەنجامدانی ئۆپراسيۆنێکی تێکدەرانە و ترسناک لەناوخۆی ئەمريکا، لەم سيناريۆیانە دەکرێت هەردوو حيزبەکەی ئەمريکا هاوڕابن لە ئەنجامدانی جەنگێکی لەو شێوەیە.

چوارەم، ئاماژە دبلۆماسييەکان: پێش ساڵێک، یان چەند مانگێک لەم جۆرە جەنگە، جوڵەیەکی دبلۆماسی چڕ و ئاشکرا و بەردەوام و ناسروشتی دەبينرێت لە لایەن ئەمريکاوە لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ و کەنداو و ئاسيا. جگە لە سەردانی بەردەوامی وەزيری بەرگری و سەرۆکی هەواڵگریی ئەمريکا بۆ وڵاتانی هاوپەيمان.

پێنجەم، ئاماژە سەربازييە تەکتيکييەکان و ستراتيجييەکان: ئەم جۆرە جەنگە ئەگەر ڕووبدات بە زمانی سەربازی و جەنگ پێی دەڵێن شەڕی چەکە تێکەڵەکان، یان جەنگی هێزە هاوبەشەکان (Combined Arms Warfare)، واتە بەکارهێنانی کەرەستە و چەکە سەربازييەکان فرە و جۆراوجۆرن (ئاسمانی و دەریایی و وشکانی و مانگە دەستکردەکان). لە چەکی ستراتيجی کەشتی فڕۆکە هەڵگر، فڕۆکە ستراتيجييەکان بۆ نموونە B1, B2, B52,، ژێردەریایی ئەتۆمی تاوەکوو چەکی تەکتيکی وەکوو تانک و زرێپۆش و فڕۆکەی ئێف ٣٥ و ١٦. دەکرێت نەبوون، یان کەمی یەک دوو پارچەی بچووک لەم جۆرە کەرەستانە ئاماژەیەکی یەکلاکەرەوە بێت بۆ ئەگەری ڕوودان، یان ڕوونەدانی شەڕی زەمينی. بۆ نموونە، نەناردنی یان کەم ناردنی سەيارەی هەمەری سەربازی و زرێپۆش و تانک و تۆپ هاوێژ لە لایەن ئەمريکاوە ئاماژەیە، کە جارێ شەڕی زەمينی ڕوونادات. هاوکات جوڵەنەکردنێکی فراوان بە فرۆکە ستراتيجييەکانی ئەمريکا بەرەو ئەو سێ ناوچەیە، ئاماژەیەکی دیکەیە. لە ئەگەری هەڵگيرساندنی ئەو شەڕە، بەکارهێنانی فڕۆکەی ستراتيجی دەبێتە ئۆپراسيۆنێکی ڕۆژانە. ئەمە پێويستی بە ئامادەکردن و فراوانکردنی ژێرخانی فڕۆکەخانەکانی ئەو جۆرە فڕۆکانەیە، بەتايبەت لە بەريتانيا. ڕاستە ژێرخانێکی گەورە و ئامادە هەیە، بەڵام بۆ کاتی جەنگێکی وا دەبێت فراوانتر بکرێت، پاش جەنگەکە ئەو فراوانيیە کەم دەکرێتەوە. ئەو زیادکردن و فراوانييە دەکرێت چەند مانگێک کارکردن و گواستنەوە و ئامادەکاری بووێت. هەموو ئەمانە دەبنە بابەتی ميديا.

شەشەم، جەنگێکی ناهاوسەنگ (Asymmetric Warfare): ئەگەر ئەم جەنگە ڕووبدات، ئەوا بەپێی ئەدەبياتی سەربازی، بۆ ئەمريکا جەنگێکی سنووردارە (Limited War) بۆ ئێران جەنگێکی گشتگيرە (Total War). بەو مانایەی ئەمريکا تەواوی ئابووری و تواناکانی وڵات و کۆمەڵگە ئامادە و تەرخان ناکات بۆ جەنگ، بەڵام ئێران دەيکات. ئەمريکا لەبەردەم مەترسييەکی وجودی نابێت، خاکەکەی گۆڕەپانی جەنگ نييە، ژیان لە ئەمريکا ئاسایی دەبێت، ڕژێمی ئێران لەبەردەم مەترسييەکی وجودی دەبێت، شەڕی مان و نەمان دەکات، خاکەکەی گۆڕەپانی سەرەکی جەنگە. ئەمريکا لە قۆناغێکدا دەتوانێت ئێران کاول بکات، ئێران توانای کاولکردنی ئەمريکای نييە.

بەڵام تێبينييەک لەم بارەیەوە  گرنگە، ئەمريکا وەکوو تاکە سوپەرپاوەری جيهان، تەنيا خاکی خۆی و مانەوە بە مەترسی وجودی نازانێت، بەڵکوو دەکرێت لەدەستدانی پێگە جيهانييەکەی و سەرکردایەتی جيهان و بە هەمان شێوە وەکوو مەترسييەکی وجودی بزانێت. ئەم خاڵە مەترسييە بۆ ئەمريکا و ئێرانيش. چونکە ئەمريکا دەزانێت ئەگەر هێرشی زەمينی دەستی پێ کرد، ئيدیکە کشانەوە و دانوستان و ڕێککەوتنی بێ تەسليم بوونی ئێران و شکست لە جەنگەکە، قبوڵکراو نييە. ئەمە دەيخاتە بەردەم چەند ئەگەرێک، بەردەواميدان بە جەنگێکی زەمينی بۆ ماوەیەکی درێژ و قبوڵکردنی زیانێکی مرۆیی و ئابووری و سەربازی گەورە، ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ستراتيجی لە قۆناغێکدا ئەگەر ئيدیکە سەرکردایەتی ئەمريکا ئاستی ستراتيجیی جەنگەکە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی ئاستی ئۆپراسيۆن و تەکتيکیی جەنگەکە پێی وابێت تاکە بژاردەیە بۆ دەرچوون لەو جەنگە بە سەرکەوتوویی. شکستی ستراتيجی بۆ ئەمريکا لە گۆڕەپانی جەنگێکی زەمينی لەم شێوەیە و لەم سەردەمەی جيهان، بە ئەگەری زۆرەوە پێی هەزم ناکرێت و پەنا دەباتە بەر بۆمبی ئەتۆمی ستراتيجی، نەوەکوو تەکتيکی، ئەگەر بزانێت تاکە چارەسەرە بۆ خۆلادان لەو کارەساتە. ئەم سيناريۆیە بۆ ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە کارەساتێکی بێ وێنە دەبێت. ئەمە یەکێکە لە خاسيەتەکانی جەنگی ناهاوسەنگ، لایەنی بەهێز ئەگەر ناچاربێت، دەتوانێت سنوور نەهێڵێت بۆ زیان گەياندن بە لایەنی لاواز.

لە ٢٠٠٣ کاتێک لە بەغدا بۆ ماوەیەکی کورت بەرگرييەکی باش کرا بەرانبەر بە سوپای ئەمريکا. بەپێی زانياری و هەڵسەنگاندنی هەواڵگری عێراق، ئەمريکا ئامادەبووە بە ئەتۆمی لە بەغدا بدات، چونکە هەواڵگری عێراق پێی وابووە مەحاڵە ئەمريکا شکست قبوڵ بکات و ڕێک بکەوێت لەگەڵ سەدام لەو قۆناغە، بۆیە گرتنی بەغدا بۆ ئەمريکا حەتمی بووە، ئەگەر بە تەواويش لەناوی بەرێت. سالم جومەيلی، بەرپرسی بەشی ئەمريکا لە هەواڵگری عێراق لەو سەردەمە دەڵێت پێش جەنگەکە، لە کاتی ئامادەکارييە لۆجستييەکانی ئەمريکا، ڕاپۆرتمان نارد بۆ سەرۆکایەتی، کە ئەمريکا لەم جەنگە تاوەکوو بەغدا نەکەوێت واز ناهێنێت، ئيدی بە بەکارهێنانی هەر ئامراز و ڕێگەیەک بێت، چونکە مەحاڵە شکست قبوڵ بکات. سەرچاوەی بەرگرييەکەی عێراق لە ناوچەی فڕۆکەخانەی بەغدا بوو لە ٢٠٠٣، بۆیە بە فەرمانی ئاستی ستراتيجی جەنگەکە (سەرۆک و وەزيری بەرگری، هتد) فەرمان درا بە ئاستی ئۆپراسيۆن و تەکتيکی، کە هێزی لە ڕادەبەدەر (Overwhelming Force) بەکاربهێنن بەرانبەر ئەو ناوچەیە. ئەم عەقيدە سەربازييە لە سوپای ئەمريکا پێی دەڵێن عەقيدەی کۆڵن پاوڵ، لە ٩١ بەرانبەر بە عێراق لە تەواوی جەنگەکە جێبەجێ کرا، لە ٢٠٠٣ لە شەڕی فرۆکەخانەی بەغدا جێبەجێ کرا. مەبەست لەو تەکتيکە ئەوەیە ئەمريکا سوود لە ناهاوسەنگی هێز دەبينێت، کە دەتوانێت بە شێوەیەکی چڕ لە یەک کات تەواوی هێزی ئاسمانی و ئاگرباران و وشکانی و موشەکیی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ناوچەیەک یان لە شەڕێکی دياريکراو، کە دەرەفەت بە بەرانبەر نەدات دەست بکاتەوە و بەرگری بکات و شۆکی بکات، تاوەکوو لەناو دەچێت یا تەسليم دەبێت. زیاتر لەو شەڕانە بەکاردێت، کە دەوڵەتی بەهێز دەيەوێت خێرا و بە زیانێکی کەم بەبێ ئەوەی بکەوێتە شەڕێکی ئيستنزاف، شەڕەکە یەکلایی بکاتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی. بۆ نموونە لە ١٩٩١دا، لە ماوەی ٣٨ ڕۆژ ئەمريکا نزيکەی دوو سەد و بیست  هەزار موشەک و بۆمب و تۆپی بەرانبەر بە ژێرخانی سەربازی و مەدەنی عێراق بەکارهێنا پاشان دەستی کرد بە هێرشی زەمينی. ئەمە لە جەنگی ٤٠ ڕۆژەی ئێران ڕووی نەدا. ئەگەر هێرشی زەمينی بکرێت، بە دڵنياییەوە بەکاردێت، بۆیە لە ئەگەری ڕوودانی ئەو شەڕە، کەوتنی ڕژێمی ئێران نيمچە حەتمييە، مەگەر موعجيزەیەکی سەربازی ڕووبدات. چونکە توانای ئەمريکا لە بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر لە ئێستادا زۆر بەهێزتر و وێرانکەرترە بە بەراورد بە ١٩٩١ و ٢٠٠٣. بەکارهێنانی ئەم عەقيدەیە دەکرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژمارەیەکی کەم لە بۆمب بێت، بۆ نموونە بۆمبی ئەتۆمی لەو ناوچەیە بدرێت، کە زۆر خۆڕاگرە، یان چەک و بۆمبی قەدەغەکراو. گومان هەیە لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە ٢٠٠٣ چەکێکی قەدەغەکراو بەکارهاتبێت.

ئەم گريمانە و ئەگەر و مەترسيانە وا دەکەن، کە سوپای ئەمريکا پێش ئەنجامدانی هێرشی زەمينی، ئامادەکارييەکی گەورە بکات. بۆ  نموونە، ئەگەر پلانی جەنگەکە وا دانرابێت، کە ٣٠٠ هەزار سەرباز بنێرن، ئەوا ژێرخانی لۆجستی دەبێت ئامادە بکرێت بۆ یەک میليۆن سەرباز، چونکە لە ئەگەری ئەوەی ئێران بەرگرييەکی قورس و گەورە بکات، ئەوا ئەمريکا بە دڵنياییەوە ناکشێتەوە، بەڵکوو سەدان هەزار سەرباز و کەرەستەی دیکە دەنێرێت. ئەم ئامادەکارييە جگە لەوەی کاتێکی زۆری دەوێت، هەموو جيهانيش هەستی پێ دەکات. بۆیە ئەگەر قۆناغی سێيەمی جەنگەکە دەست پێ بکاتەوە لەم چەند مانگە، ئەوا هێرشی زەمينی نابێت. ئەم خاڵە، هۆکارێکی سەرەکييە، کە ئێران هيچ سازشێک و نەرمييەک نانوێنێت، چونکە هيچ ئاماژەیەک نابينێت بۆ هێرشێکی زەمينی، پێی وایە تاوەکوو ئەو جۆرە هێرشە نەکرێت، ئەوا ڕژێم ناکەوێت، ئامانجی سەرەکیی ئێرانيش ئەمەیە.

قۆناغی سێيەمی جەنگەکە لەم چەند مانگە ئەگەر ڕووبدات، ئەوا دەکرێت فراوانتر و توندتر بێت لە جەنگی ٤٠ ڕۆژە، بەڵام هەر زیاتر پشت بە هێزی ئاسمانی دەبەستێت، ئەگەر هێرشی زەمينی ڕووبدات، ئەوا سنووردار و بچووک دەبێت، ناگاتە هێرشێکی گشتگير و فراوان بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئێران و کەوتنی تاران.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO