من چەند جارێک باسی جیاوازیی دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزم، واتە “ئەنتی کۆلۆنیالیزم”م لەگەڵ پۆست کۆلۆنیالیزمدا کردووە. بەڵام دیسانیش بەردەوام سەبارەت بە پۆست کۆلۆنیالیزم پرسیارم لێ دەکرێت. یەکەم، من پۆست کۆلۆنیالیزم بە کۆمەڵێک خوێندنەوە و بۆچوون و لێکۆڵینەوە و ئامرازی شیکاری دەزانم، نەوەکوو تیۆری. پۆست کۆلۆنیالیزم تیۆری نییە. دووەم، ئەوەی کە کۆی ڕەخنەکانم لە پۆست کۆلۆنیالیزم چین، لێرەدا، ناتوانم هەمووی باس بکەم، بەڵام لە چوارچێوەی پرسی نەتەوەییی کورد دا باس لە هەندێک لە کێشەکانی پۆست کۆلۆنیالیزم دەکەم.
لەپێشدا دەمەوێ بڵێم، کە لێکۆڵینەوەکانی پۆست کۆلۆنیال (دوای ئیستعمار) دەکرێت بۆ پرسی کورد بەسوود بن، بەڵام ئەگەر ببێتە چوارچێوەی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە کوردستان، ئەوا بەس نییە و کێماسیی زۆری هەیە. هەڵوێستی من بە مانا دروستەکەی، دژەکۆلۆنیاڵییە، یان دژەئیستعمارییە، نەوەکوو پۆست کۆلۆنیال. ئەم جیاوازییەش تەنیا یارییەکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە کاتی مێژوویی و واقیعی ماددی و گرەوی سیاسیی کوردستانەوە هەیە.
چەمکی «پۆست کۆلۆنیال» هەر لە سەرەتاوە لێڵ و دووفاقە. دەتوانێت بە مانا تەسکەکەی ئاماژە بێت بۆ قۆناغی دوای دەسەڵاتی فەرمیی ئیستعماری ئەورووپا، یان بە مانا بەرفراوانەکەی ئاماژە بێت بۆ ئەو ڕێبازە ڕەخنەگرانەیەی کە سەرنج دەخەنە سەر کاریگەرییە کولتووری و ئیپستیمیکی و سیاسییە بەردەوامەکانی باڵادەستیی ئیستعماری. لە مانا بەرفراوانەکەیدا، لێکۆڵینەوەکانی پۆست کۆلۆنیال ئامرازی شیکاریی بەسوودمان پێشکەش دەکەن. فێری کردووین، کە گومان لە ئەرشیفە فەرمییەکان بکەین، سیاسەتی نوێنەرایەتیکردن هەڵبسەنگێنین، گەردوونخوازیی ساختەی مەعریفەی ئیمپراتۆری ئاشکرا بکەین و بپرسین، کە چۆن باڵادەستی لە ڕێگەی زمان و پەروەردە و ئەدەبیات و گوتاری ئەمنی و پلەبەندییە ڕەگەزییەکانەوە کار دەکات. ئەمانە هەموویان بۆ لێکۆڵینەوە کوردییەکان گرنگن.
بەڵام ناتوانین بەباشی لە کوردستان تێ بگەین، ئەگەر تەنیا وەکوو شوێنێک چاوی لێ بکەین، کە گوایە لە پاشماوە، یان میراتی ئیستعماردا دەژی. کوردستان لەو ڕووەوە «پۆست» دوای ئیستعمار نییە، کە گوایە دەسەڵاتی ئیستعماری کۆتایی هاتبێت و تەنیا شوێنەوارەکانی مابنەوە. کۆمەڵگەی کوردستانی هێشتاش لەژێر فۆڕمە چالاک و فیزیکی و کارگێڕی و سەربازی و زمانەوانی و ئابووری و ئیپستیمیکییەکانی باڵادەستیی ئیستعماریدا دەژی. ئەو دەوڵەتانەی حوکمی کوردستان دەکەن، تەنیا پێکهاتە ئیستعمارییەکانی قۆناغێکی ڕابردوویان بۆ نەماوەتەوە، بەڵکوو لە ئێستاشدا بەردەوام سەرلەنوێ بەرهەمیان دەهێننەوە.
ئەوان حاشا لە سەروەریی کورد دەکەن، زمان و پەروەردەی کوردی سنووردار دەکەن، خاکەکەی دابەش دەکەن و سیاسەتی کوردی ئەمنی دەکەن و سەرچاوەکانی تاڵان دەکەن و دیمۆگرافیای دەگۆڕن و داواکارییە دەستەجەمعییەکان بە تاوان دەژمێرن و زۆرجار تەنانەت لە داننان بە هەبوونی سیاسیی کوردیشدا دەستەوەستانن. ئەمە میراتێکی ناڕاستەوخۆی سیستەمێکی ئیستعماریی کۆتایی پێهاتوو نییە. بەڵکوو دۆخێکی ئیستعماریی بەردەوامە.
لەبەر ئەم هۆکارەیە، کە پێناسە سەرەتاییەکەی عەبدولڕەحمان قاسملوو، کە دۆخی کوردی وەکوو «حاڵەتێکی کلاسیکی ئیستعمار» وەسف دەکرد، هێشتاش لە ڕووی چەمکییەوە زۆر بەهێزە. ئەوە تەنیا موبالەغەیەکی ڕەوانبێژی نەبوو. کوردستان لەنێوان چەندین دەوڵەتدا دابەش کراوە و خاکەکەی پارچەپارچە کراوە و لە ڕێگەی پڕۆژە نەتەوەیی جیاوازەکانی ئاسیمیلەوە بەڕێوە دەبرێت. کورد بەرەوڕووی چەندین جۆری توندوتیژیی بەکۆمەڵ و ڕاگواستنی زۆرەملێ و وێرانکاریی کولتووری و ڕەگەزاندن و حاشالێکردنی سیاسی بووەتەوە. شاڵاوی ئەنفال و هەڵەبجە تەنیا تەقینەوەیەکی دابڕاوی دڕندەیی نەبوون، بەڵکوو بەشێک بوون لە پێکهاتەیەکی بەرفراوانتری دژەکوردیی دەسەڵات. خودی هەڵەبجە هێرشێکی کیمیایی بوو لە لایەن ڕژێمەکەی “سەدام حوسێن”ەوە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنیی کورد لە ١٩٨٨. بە هەمان شێوە، ئامادەکاریی ئایینی و سیاسیی دەوڵەتی ئێران بۆ توندوتیژی دژی کورد، لەوانەش فەتواکەی خومەینی لە ١٩٧٩ و دەرئەنجامەکانی، نابێت تەنیا وەکوو ململانێیەکی ناوخۆیی سەیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت وەکوو بەشێک لە لۆجیکێکی ئیستعماری لێک بدرێتەوە، کە هەبوونی سیاسیی کورد وەکوو یاخیبوون و کوفر و ئاژاوەگێڕی، یان هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکڕیزیی نەتەوەیی و ئایینی دەخاتە ڕوو.
کەوابوو، دۆخی کورد تەنیا کۆلۆنیالیبوونێک نییە لە پاڵ ئەوانی دیکەدا. بەڵکوو سیستەمێکی ئیستعماریی چەندلایەنە و جیاوازە. ئەم سیستەمە لانی کەم لە چوارچێوەی چوار دەوڵەتدا و لە ڕێگەی میکانیزمی جیاواز، بەڵام پێکەوەگرێدراوەوە کار دەکات: ناسیۆنالیزمی تورکی و بەتورککردن، دەوڵەتداریی ئێران فارس-تەوەر و ئاسیمیلە، ناسیۆنالیزمی عەرەبی و وێرانکاریی بەعسی، بەعەرەبکردن و پەراوێزخستنی سیاسیی سووری. باڵادەستیی ئیستعماری لە کوردستاندا ڕەهەندی ئایینی و کولتووری و سیاسی و ئابووری و ناوچەیی و ژینگەیی و زمانەوانی و ڕەگەزیی هەیە. فۆڕمەکانی جیاوازن، بەڵام پرنسیپە بنەڕەتییەکەی دووبارە دەبێتەوە: هەبوونی کورد دەکرێت فۆلکلۆریزە و بەئاسایش و ئاسیمیلە بکرێت، یان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو تەحەمول بکرێت، بەڵام نابێت هەرگیز ببێتە سەرچاوەیەکی یەکسانی سەروەری.
لێرەدا، هەندێک لە ڕێبازەکانی پۆست کۆلۆنیال سنووردار دەبن. فەرهەنگۆکەکەیان دەتوانێت باڵادەستیی ئیپستیمیکی ڕوون بکاتەوە، بەڵام هاوکات دەتوانێت ماددیبوونی بەردەوامی دەسەڵاتی ئیستعماریش بشارێتەوە. جەختکردنەوەی لەڕادەبەدەر لەسەر گوتار و دووڕەگەیی و نوێنەرایەتیکردن و ناسنامە شلۆقەکان و ناسەقامگیریی پۆلێنکارییەکان، دەتوانێت ناونانی داگیرکاریی سەربازی و دابەشکردنی خاک و جینۆساید و تاڵانکردنی سەرچاوەکان و ئەندازیاریی دیمۆگرافی و قەدەغەکردنی زمان و توندوتیژیی دەوڵەتانی دژەکورد بە ناوە ڕاستەقینەکانی خۆیان زۆر بەزەحمەت بکات. کورد تەنیا بەدەست نوێنەرایەتیکردنی هەڵەوە ناناڵێنێت، بەڵکوو بەدەست زەوتکردنی ماددیی خاک و دەسەڵاتی سیاسی و توانای دامەزراوەیی و پەروەردە و ئاساییش و مافی چارەنووسی دەستەجەمعییەوە دەناڵێنێت.
بۆیە ڕێبازێکی جددیی دژەئیستعماری، بەپێچەوانەی ڕەوتە زاڵەکانی نێو خوێندنەوە پۆست کۆڵۆنیالەکان، دەبێت ئەو دووڕییانە درۆینەیەی نێوان گوتار و ماددیبوون ڕەت بکاتەوە. گوتار گرینگە چونکە ڕەوایەتی بە توندوتیژی دەدات. بۆ نموونە، بەکارهێنانی چەمکی «تیرۆریزم» لە لایەن دەوڵەتانی دژەکوردەوە تەنیا هەوڵێک نییە بۆ نامەشرووع نیشاندانی سیاسەتی کوردی، بەڵکوو مۆڵەت بە چاودێری و زیندانیکردن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و پەراوێزخستنی دیپلۆماسی و بەتاوانناساندنی تەواوی ئاسۆیەکی سیاسی دەدات. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، کە خەباتەکە لە ئاستی زماندا کۆتایی دێت. پرسی سەروەری و دەوڵەتداری و خاک و پەروەردە و دامەزراوەکان و ئاساییشی دەستەجەمعیی کورد وەکوو پرسێکی بەتەواوی ماددی دەمێنێتەوە و تەنیا پرسی گوتار و ئاڵۆزیی ناسنامە و شتی لەم چەشنەدا کورت ناکرێتەوە.
لەبەر ئەمەشە، کە من لەگەڵ ئەو گومانە پۆست کۆلۆنیالییەی لە هەمبەر چەرخی ڕۆشنگەری، یان بەها گەردوونییەکان هەیە کێشەم هەیە و بە توندترین شێوە لەگەڵی هاوڕا نیم. بێگومان ڕۆشنگەری لە ڕووی مێژوویییەوە پەڵەدارە، تێکەڵ بە ئیمپراتۆریەتی ئەورووپی و پلەبەندیی نەژادی و لووتبەرزیی شارستانی و ئەو ئیدیعا درۆینەیە بوو، کە گوایە تەنیا ئەورووپا بەرجەستەکەری ئاوەز و ژیربێژییە. ئەو مێژووانە پێویستیان بە ڕەخنەی بێ وچان هەیە. بەڵام نابێت ڕەخنەگرتن لە ڕۆشنگەری ببێتە هۆی دەستبەرداربوون لە خودی ئاوەزی ڕەخنەگرانە، ئەمە بە مانای دەستبەردانە لە عەقڵی ڕەخنەگر، لە کاتێکدا لە دەرەوەی عەقڵی ڕەخنەگر جگە لە خورافە شتێکی دیکەمان نییە. بۆیە تەنانەت کۆماری ئیسلامی و ئەردۆغانیش لەژێر ناوی دژایەتیکردنی ئیسلامۆفۆبیا و ئۆریەنتاڵیزمدا، بوونەتە گەورەترین هێز لە پشتگیریکردنی پۆست-کۆلۆنیالیزم.
بۆ کورد، پرنسیپە گەردوونییەکان لەوپەڕی پێویستیدان: یەکسانی لەبەردەم یاسا و بەهای یەکسانی مرۆڤ و نەتەوەکان و ئازادیی بیروڕا و لێپرسینەوە لە دەسەڵات و مافی چارەی خۆنووسین و مافی سەروەریی نەتەوەکان و پاساوهێنانەوەی گشتیی بۆ داواکارییە سیاسییەکان و مافی خوێندن بە زمانی دایک و مافی نەتەوەیەک بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی خۆی. ئەمانە پێش گەردوونیبوونی بەهاکانی ڕۆشنگەری بوونیان نەبووە. پێش باوەڕی باوی دوای ڕۆشنگەری بە مرۆڤی خۆسەروەر و حاکم و خاوەن سەروەری بە حوکمی مرۆڤبوونی، ئەم مافانە لەگۆڕێدا نەبوون. هیچ سیاسەتێکی دژەئیستعماری ناتوانێت خۆی ڕابگرێت، ئەگەر دەستبەرداری ئەم پرەنسیپانە ببێت و پەنا بۆ ڕێژەییبوونی کولتووری و ڕەسەنایەتیی شارستانی و دەسەڵاتی ئایینی، یان حەقیقەتی سەرکردە-تەوەر ببات. ئەرکەکە داکۆکیکردن نییە لە ئەورووپا وەکوو بەرجەستەکەری ئاوەز، بەڵکوو داکۆکیکردنە لەو پرەنسیپەی کە هیچ دەوڵەت و نەتەوە و نەژاد و ئایین و دەقێکی پیرۆز، یان سەرکردەیەکی کاریزماتیک و پاوان و قۆرخکارییەکی بێ چەندوچۆنی بەسەر حەقیقەتەوە نییە.
بۆیە ناکۆکیی من لەگەڵ هەندێک فۆڕمی خوێندنەوەی پۆست کۆلۆنیالدا ڕەهەندێکی ئەخلاقیشی هەیە. زۆر جار دژەئیمپریالیزم تەنیا لە دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەورووپادا کورت کراوەتەوە. ئەمەش دووانەیەکی دژبەیەکی سادە و کوێرانە لەنێوان «ڕۆژئاوا» و «ئەوانی دیکە»دا ساز دەکات، وەکوو ئەوەی کە هەموو دەوڵەت و بزووتنەوە سیاسییە ناڕۆژئاوایییەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی قوربانیی ئیستعمار بن، یان وەکوو ئەوەی تەنیا ڕۆژئاوا ئیمکانی ئەوەی هەبێت ماکی ئیستعمار و کۆڵۆنیالیزم بێت. ئەوە لە خوێندنەوەی ئەکادیمیسیەنی کوردیشدا ڕەنگی داوەتەوە و کەسانێک وەکوو دوکتۆر کامەران مەتین باس لە تێزی «کۆلۆنیالیزمی ئێنترسابئاڵتێرن» (کۆڵۆنیالیزم لەناو بندەستەکاندا) دەکەن، وەکوو ئەوەی ئیستعماری کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی تورکەوە، ئیستعمارکردنی نەتەوەیەکی بندەست بێت لە لایەن «نەتەوەکانی دیکەی بندەست» وەکوو ئێران و تورکیای « بندەست»ی ئەورووپاوە، بۆیە بەپێی ئەو تێگەیشتنە، پێشمەرگەی کورد و سوپای پاسداران و دووەمین ئەرتەشی ناتۆ لە تورکیا هەموویان بندەستی ئەورووپان، ئۆکراینا و ڕووسیاش هەردووکیان وڵاتی سەردەستن، چونکە هەردوو ئەو وڵاتە کەوتوونەتە ئەورووپا. خوێندنەوە پۆست کۆلۆنیالەکان دەتوانن ئەو سەرلێشێواوییە و ئەو جۆرە جەوهەرگەرایی (ئیسێنشیالیزم) و زاتگەرایییە ساز بکەن.
ئەو دووانە دژبەیەکە لە ڕووی مێژوویی و ئەخلاقییەوە بەرگریی لێ ناکرێت. دەوڵەت و بزووتنەوەگەلێک لە ناو «باشووری جیهانی»دا هەن، کە پڕۆژەی باڵادەستیی نەژادی و ئاسیمیلاسیۆنی زمانەوانی و پاوانخوازیی خاکی و حوکمی ئیستعماریی ناوخۆیییان بونیاد ناوە. داگیرکەرانی کوردستانیش نموونەی زەقی ئەو ڕەوتەن. دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک تەنیا لەبەرئەوە نابێتە دژەئیستعماری کە تورکیا وەکوو جەزائیر، یان هیندستان بە فەرمی لە لایەن ئیمپراتۆریەتێکی ئەورووپییەوە داگیر نەکراوە. دەوڵەتی ئێران تەنیا لەبەرئەوە لە لێپرسینەوە نابەخشرێت، کە دروشمی دژەئیمپریالیزم بەرز دەکاتەوە. ڕژێمە ناسیۆنالیستە عەrەبییەکانیش تەنیا لەبەرئەوە نابنە ڕزگاریدەر لەبەرئەوەی دژی دەستێوەردانی ڕۆژئاوا وەستاونەتەوە. پەیوەندیی دەوڵەتێک لەگەڵ ئەورووپا، لە تاوانی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کورد دا بێتاوانی ناکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم کێشەیە زۆر بەڕوونی نیشان دەدات. لەمێژە خۆی وەکوو هێزێکی دژەئیستعماری و دژەئیمپریالیست نیشان دەدات و زمانی بەرخۆدان دژی باڵادەستیی ڕۆژئاوا بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ڕەوایی ئەخلاقی و سیاسی بەدەست بهێنێت. کەچی ئەم پڕۆپاگەندە بەنێو دژەئیستعمارییە ناتوانێت پەیوەندییە ئیستعمارییەکەی خودی ئێران لەگەڵ کوردستاندا بشارێتەوە. بۆ کورد، هێزە ئیستعمارییە ڕاستەوخۆکان بریتین لە ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا. ئەم دەوڵەتانە لە ڕووی فۆرمی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و ڕێڕەوی مێژووییەوە جیاوازن، بەڵام هەموویان لە ڕێگەی دابەشکردن و حاشالێکردن و ئاسیمیلە و ئەمنیکردن و هێزی سەربازی و دەستێوەردانی دیمۆگرافی و سەرکوتکردن و پێشێلکردنی سەروەریی سیاسیی کوردەوە دەسەڵاتیان بەسەر کوردستاندا سەپاندووە.
لەبەر ئەمەشە، کە مەودایەکی زۆر دەپارێزم لەو فۆڕمانەی پۆست کۆلۆنیالیزم، کە تێیاندا «ئەمریکا» نزیکە لەوەی وەکوو ناوێکی تیۆلۆجی بۆ شەڕی ڕەها و «شەیتانی گەورە»ی خومەینی پێناسە بکرێت. مێژووی کورد ناتوانرێت لە ڕێگەی سادەکردنەوەیەکی ئەخلاقیی ئاوا بخوێندرێتەوە. هەم لە باشوور و هەم لە ڕۆژاڤا، مانەوەی کورد تاوەکوو ئاستێکی بەرچاو پشتی بە حزووری ئەمریکا بەستبووەوە. ئەمە ئەمریکا ناکاتە هێزێکی خێرخواز، مێژووە درێژەکەی لە دەستێوەردانی ئیمپریالی و بەجێهێشتن و هاوپەیمانییە بەرژەوەندیخوازەکانیش ناسڕێتەوە، بەڵکوو تەنیا بەو مانایەیە، کە بڕیاردانی سیاسیی کۆنکرێتی دەبێت لە هەلومەرجی ماددییەوە دەست پێ بکات نەوەکوو لە کاردانەوەی ئایدیۆلۆجییەوە. بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەستبەجێی جینۆساید و ڕاگواستنی بەکۆمەڵ، یان لەناوبردن دەبنەوە لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە جیهادییەکانەوە، حزووری سەربازی، یان دیپلۆماسیی ئەمریکا دەتوانێت بوارێک بۆ مانەوە بڕەخسێنێت کە بەبێ ئەوە لەگۆڕێدا نەدەبوو. ئەخلاقی دژەئیستعماری دەبێت بتوانێت ئەم واقیعە ببینێت، بەبێ ئەوەی بیکاتە پاساوهێنانەوە بۆ دەسەڵاتی ئەمریکا.
پرسیارە گرنگەکە بۆ من هەرگیز ئەوە نییە، کە ئایا هێزێک «ڕۆژئاوایی»یە، یان «ناڕۆژئاوایی»، بەڵکوو ئەوەیە چی دەکات و کێ دەپارێزێت و کێ دەخاتە ژێردەستەیی و لە چ هەلومەرجێکی مێژووییدایە. سیاسەتی کوردی ناتوانێت باجی دژەئیمپریالیزمێک بدات، کە تاوانی ئێران و تورکیا و عێراق، یان سووریا لە ڕووی ئەخلاقییەوە پەردەپۆش بکات تەنیا لەبەرئەوەی لە دەرەوەی ڕۆژئاوان. هەروەها ناتوانێت باجی پۆست کۆلۆنیالیزمێکیش بدات، کە مانەوەی کورد وەکوو پرسێکی لاوەکیی سیاسی دەبینێت لەچاو دوژمنایەتییە ئەبستراکتەکەی خۆی بەرانبەر بە ئەمریکا.
هەمان کێشە لە هەندێک داکۆکیکردنی پۆست کۆلۆنیالیدا لە توندڕەویی ئایینی و ناسیۆنالیزمی سەرکوتگەر، یان پڕۆژە سیاسییە دژەدیموکراسییەکان دەردەکەوێت. کاتێک دژەئیستعماریبوون تەنیا دەبێتە بەرگریکردن لە هەر هێزێک، کە دژی ڕۆژئاوا بێت، ئەوا بنەما ئەخلاقییەکەی خۆی لەدەست دەدات. دەکرێت سەرەنجامەکەی بەوە بگات، کە پاساو بۆ ڕژێمگەلێک بهێنێتەوە، کە ژنان سەرکوت دەکەن و پێکهاتە ئایینییەکان دەچەوسێننەوە و نەتەوە زمانەوانییەکان دەسڕنەوە و دژبەری و ناڕەزایەتی بە تاوان دەژمێرن، یان توندوتیژیی بەکۆمەڵ دژی کورد بەڕێوە دەبەن. ئەمە ئەخلاقی دژەئیستعماری نییە، بەڵکوو بەرەبەندیی (کەمپیزمی) جیۆپۆلەتیکییە.
لەبەر ئەمەیە، کە وەکوومەرجەعێکی فیکری چاو لە ئێدوارد سەعید ناکەم. زۆر لایەنی ڕەخنەکەی ئەو لە ئۆریێنتالیزم (ڕۆژهەڵاتناسی) هەر بە گرنگی دەمێنێتەوە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چۆن مەعریفەی ئیمپراتۆری، جیهانی دەرەوەی ڕۆژئاوای دەتواندەوە و حوکمی دەکرد. بەڵام پرسی کورد هاوکات سنوورەکانی ئەو چوارچێوەیەی کەسانی وەکوو سەعیدیش ئاشکرا دەکات، کە دەتوانێت زۆر بەتوندی بە گریمانەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە گرێ درابێت، زۆر بەگومان بێت بەرانبەر بە داواکارییەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی، یان تەنانەت ئۆتۆنۆمیی سیاسیش بۆ کورد، یان زۆر ئامادە بێت بۆ ئەوەی هەر ڕەخنەیەک لە ڕژێمێکی سەرکوتگەری ناڕۆژئاوایی، پێشوەختە لە ڕێگەی هاوێنەی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایییەوە لێک بداتەوە.
ئەخلاقی دژەئیستعماری دەبێت یەکگرتوو و نەگۆڕ بێت و لە سنوورە جوگرافییەکان تێپەڕێت، ناتوانێت توندوتیژیی ئیمپریالی کاتێک لەلایەن ڕۆژئاواوە دەکرێت مەحکوم بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا توندوتیژی و جینۆسایدی دژەکورد کاتێک لە لایەن دەوڵەتانی عەرەبی و تورکی و فارسی، یان کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێت، بچووک بکاتەوە، لێی بێدەنگ بێت، بەڕێژەیی بزانێت، یان تەنانەت حاشای لێ بکات، وەکوو نموونەی حاشاکردنی ئێدوارد سەعید لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن دەوڵەتی عەرەبیی عێراقەوە.
هەمان خاڵ بۆ چەمکی دیکۆلۆنیالیزمیش (ئیستعمارسڕینەوە) ڕاستە. بیری دیکۆلۆنیال تێڕوانینی گرنگ پێشکەش دەکات، بەتایبەتی شیکارییەکەی بۆ ئیستعماریبوونی دەسەڵات و مەعریفە و نەژاد و زمان، یارمەتیمان دەدات تێ بگەین، کە چۆن سەربەخۆییی فەرمی کۆتایی بە پلەبەندییە ئیستعمارییەکان ناهێنێت. بەڵام نابێت ببێتە فەرهەنگۆکێک، کە باڵادەستیی چالاکی ئیستعماری لەپشت وەسفە ئەبستراکتەکانی «ئیستعماریبوون»ەوە ون بکات. لە کوردستان بەئیستعمار و کۆلۆنی کران، تەنیا پێکهاتەیەکی مەعریفی، یان میراتێکی کەلتووری نییە، بەڵکوو سیستەمێکی سیاسیی چالاکە بە ئەرتەش و زیندان و سنوور و دەزگای هەواڵگری و سیستەمی یاسایی و سیستەمی قوتابخانە و سیاسەتی نیشتەجێکردن و تاڵانکاریی ئابووری و کوشتنی ڕۆژانەوە، وەکوو کوشتنی کۆڵبەران.
بۆیە کێشەی کورد پێویستی بە تیۆرییەک هەیە بۆ شیکردنەوەی ئیستعمارێکی بەردەوام و فرەدەوڵەت و لە ڕووی ماددییەوە ڕێکخراو. دەبێت توانای شیکردنەوەی ئیستعماریبوونی مەعریفەی هەبێت، بەڵام هیی سەروەریش. دەبێت نوێنەرایەتیکردن شیکار بکات، بەڵام خاکیش دەبێت لێکۆڵینەوە لە گوتار بکات، تەنانەت لە جینۆساید و لەو هێزە ماددییانەش، کە ڕۆژانە ماشێنی کوردکوژییان لەگەڕدایە. دەبێت لێکۆڵینەوە لە بەنەژادکردن (ڕەگەزاندن) بکات، بەڵام لە یاسا و هێزی سەربازی و پەروەردە و ژێرخان و دیمۆگرافی و ئیکۆلۆجی (ژینگە) و مافی دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەکانیش بکات.
تیۆرییەکی ئاوا نابێت بە مانا سادە و کوێرەکەی نەتەوەپەرستانە بێت، کە کورد هەمیشە وەکوو بێتاوان، یان لە ناوخۆدا یەکدەست چاو لێ بکات. کۆمەڵگەی کوردی وەکوو هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە، دەبێت کراوە بێت بە ڕووی ڕەخنەگرتن لە پیاوسالاری و باڵادەستیی چینایەتی و سەرکوتگەریی حیزبی و زۆرداریی ئایینی و پلەبەندیی زمانەوانی و توندوتیژیدا. بەڵام نابێت ڕەخنەی نێوخۆیی لەگەڵ حاشالێکردنی دەوڵەت-تەوەرانە لە هەبوونی نەتەوەییی کورد تێکەڵ بکرێت. داواکاریی سەروەریی کورد پاشماوەیەکی ناعەقڵانیی نەتەوەپەرستیی سەدەی نۆزدەهەم نییە، بەڵکوو وەڵامێکی مرۆڤانەیە بۆ ئەو هەلومەرجە ماددییانەی کە تێیاندا ژیانی کورد بەردەوام لە ئاساییش و یەکسانی و زمان و خاک و بکەرایەتیی سیاسی بێبەش کراوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ناسیۆنالیزم و مافخوازیی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی دەوڵەت و لەو ڕێگەیەشەوە یەکسانی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا تەنیا لە کورد حەرامکراوە و بە ناڕەوا دەبینرێت. لەکاتێکدا، کەس فەلەستینییەکان لەسەر دەوڵەتخوازی سەرکۆنە ناکات.
بۆیە، پرسی دەوڵەتی کوردی شەرمەزارییەک نییە، کە لە ڕێگەی ئاهەنگگێڕانی ئەبستراکت بۆ بێدەوڵەتی تێپەڕێندرێت، بەڵکوو پرسی مانەوە و پاراستن توانای دامەزراوەیی و یەکسانیی سیاسییە. دەوڵەتێکی کوردی، یان بە شێوەیەکی واقیعبینانەتر فرەیییەک لە دەوڵەتانی کوردی و پێکهاتە سیاسییە ئۆتۆنۆمەکان، کە بەهۆی بارودۆخە جیاوازەکانی کوردستانەوە فۆڕمیان گرتووە، مسۆگەر نییە، کە دیموکراتیک، یان دادپەروەر بێت. هیچ دەوڵەتێک وا نییە. بەڵام نەبوونی سەروەریی کورد ئازادیی بەرهەم نەهێناوە، بەڵکوو لاوازی و بێپەناییی هەمیشەیی لە هەمبەر دابەشکردن و ئاسیمیلاسیۆن و کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و کۆنتڕۆڵی دەرەکیدا بەرهەم هێناوە.
کەواتە بەرهەمدارترین کەڵکوەرگرتن لە خوێندنەوەکانی پۆست کۆلۆنیال، کەڵکوەرگرتنێکی هەڵبژێردراوە وەکوو ئامرازێک بۆ شیکاری. لێکۆڵەرانی کورد دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی بەڵگەنامە ئەرشیڤییەکان و خوێندنەوەی لۆجیکی زاڵ بەسەریاندا و هەروەها ئاشکراکردنی باڵادەستیی ئیپستیمیکی و شیکردنەوەی گوتاری ڕەگەزێندراو و بەرپەرچدانەوەی گریمانەی مەشرووعییەت و ڕەواییی ئیدیعا و گوتاری بەشارستانیکردنی (civilizing) کورد لە لایەن دەوڵەتە باڵادەستەکانەوە. بەڵام بیری دژەئیستعماریی کورد نابێت تێگەیشتنی زەمەنیی (temporality) پۆست کۆلۆنیالی، واتە دۆخی «دواتر»، کورتکردنەوەی ئیستعمار بۆ گوتار و گومانکردن لە خودی سەروەری و ڕۆمانتیزەکردنی بێدەوڵەتی، یان ئەو ڕێژەییبوونە ئەخلاقییەی کە پاساو بۆ باڵادەستیی ناڕۆژئاوایی دەهێنێتەوە، قبووڵ بکات.
چوارچێوە دروستەکە، گەردوونخوازیی دژەئیستعمارییە، هەڵوێستێک کە دان بە دۆخی ئیستعماریی بەردەوام لە کوردستاندا دەنێت، جەخت لەسەر بەهای یەکسانیی سیاسیی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەکاتەوە و پێداگری لەسەر بەڵگە و ڕەخنە و یەکگرتوویی ئەخلاقی دەکات و هەم ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی و هەم دەسەڵاتی ئیستعماریی ناڕۆژئاوایی ڕەت دەکاتەوە و بەرگری لە سەروەریی کورد دەکات، نەوەک وەکوو قەدەرێکی نەتەوەیی میستیکی، بەڵکوو وەکوو مەرجێکی ماددی بۆ مانەوەی دەستەجەمعی و یەکسانی و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک.


