سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی کار و بێکاریی لاوان لە باشووری کوردستان

کار تەنیا چالاکییەکی ئابووری پەتی و سەرچاوەی داهات و مایەی دابینکردنی پێویستییە خۆراکی و پۆشاکییەکانی  تاک نییە، کار پێگە و هەستکردن و باوەڕبوونە بە خود، ئامرازی دروستکردنی پەیوەندی و کەناڵی فێربوون و پێگەیاندنی پیشەییە، کار چالاکییەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی بنەڕەتییە، کەناڵی گوزارشتکردنە بۆ مرۆڤ، بۆ دەربڕین و پیشاندانی توانا و لێهاتوویی و شارەزاییەکانی کەسەکە. هاوکات، کەرەستەی گۆڕینی کۆمەڵگە و سروشت و ناوەندی پێکەوەژیانی مرۆڤەکانە، مایە و هۆکاری بەختەوەری و تەبایی خێزانە. کورد لەخۆڕا نەیگوتووە: “شولکەرێ خۆ بە خۆشتفێ خەڵکیت”؛ یان “کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە”. بە تایبەتی کاسەیەک لە ئەنجامی کار و ڕەنج و ماندووبوون و ئارەقەوە بەرهەم هاتبێت.

کار چالاکییەکی ڕێکخراو و ئامانجداری کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووری و مرۆییە، تاک لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەقڵ و ژیریی، یان جەستەیی و ماسولکەییەوە ئەنجامی دەدات، بەمەبەست و ئامانجی بەرهەمهێنانی کاڵا و شمەک و خزمەتگوزاری لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجێکی ماددی، یان کۆمەڵایەتی. ئەمەش دەبێتە  ئامرازێک بۆ گرێدان و پەیوەستبوونی تاک بە بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەیەوە، کار هۆکاری ڕێکخستنی ژیانی تاک و خێزان و گرووپەکانە.

 دوای شۆڕشی پیشەسازی و پێشکەوتنە تەکنۆلۆجییە گەورەکان و فراوانبوونی ژیانی شارنیشینی و زۆربوونی پێداویستییە ماددییەکان، گرنگی و بایەخی کار و جۆری کار و بڕی داهاتەکەی زۆر زیادی کردووە، نەوەکوو هەر پێگەی تاکەکان دیاری بکات، بەڵکوو لەسەرخۆ دەبێتە هۆکاری دابەشبوونی چینایەتی و جیاکردنەوەی توێژە کۆمەڵایەتییەکانیش.

بێگومان لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا یەک جۆری کار نییە، بە پێچەوانەوە، هەزاران جۆری کار هەیە و هەر یەکە پێناسە و تایبەتمەندی خۆی هەیە،  ئەرکی حکوومەتەکانە ئەرک و ماف و ڕێگە و شوێن و خەسڵەتیان دیاری بکات و ڕێکیان بخات. بۆ نموونە، دەشێت کاری کرێگرتە بێت، بەرانبەر بڕە نرخێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراو، وەکوو کرێکاری ڕۆژانە، کە سەدان جۆری هەیە؛ یان گرێبەست بێت؛ یاخود کاری کەسی و خاوەندارییەتی و بۆ خۆ بێت وەکوو دەستگێڕی و بەقاڵی و فرۆشیاری کە سەدان جۆری دیکەی هەیە؛ یان جۆری هزری و هێزی بازوو و کاری فەرمی و نافەرمی بێت؛ یان کاری تاکەکەسی و بەکۆمەڵ، یانیش کەرتی تایبەت یان کەرتی گشتیی بێت.

لە پرۆسەی کارکردندا، دەستی کار بە یەکێک لە سەرچاوە ئابووری و کۆمەڵایەتییە گرنگەکان دادەنرێت، دەوڵەتان پشت بە هێزی کار دەبەستن بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەکانیان.

لە باسکردنی دەستی کار و گەشەپێدان و سەقامگیری کۆمەڵایەتیشدا یەکەم ڕەگەز بە خەیاڵماندا بێت توێژی لاوانن، وەکوو هێزی بزوێنەری کۆمەڵگە و پێشەنگی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەهۆی ئەو وزە جەستەیی و هزری و تواناییەی هەیانە بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئایدیا و بەهای نوێ و داهێنان و چارەسەری گرفتەکان.

بێکاری و پەراوێزخستن و بەشداری پێنەکردنی ئەم توێژە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی هەر کۆمەڵگایەکدا، بە یەکێک لە ترسناکترین و کوشندەترین نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت. ئارامی و سەقامگیری کۆمەڵگە ناهێڵیت و شیرازەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی تێک دەدات. لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ڕێژەی بێکاری گەنجان بەرز بوو، دەست لە سەرکەوتنی هەر نەخشە و پلان و بەرنامە و پڕۆگرامێکی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی بشۆ، چونکە بێکاری واتە دابین نەکردنی لایەنی کەمی داواکارییەکانی تاک و تێرنەکردنی پێداویستییە سەرەکی و بنچینەییەکانی ژیانی ئەوانەی لە تەمەنی کارکردنن و هێزی بازو و زەینی تەواو و ئارەزووی کارکردنیان هەیە و بە دوای کارێکدا دەگەڕین و هەلی کارکردنیان نییە. لەو دۆخەدا، گەنجان بوارێکیان دەست ناکەوێت تیایدا  ئەرکێکی بەدەنی، یان زەینی بگرنە ئەستۆ بەرانبەر کرێیەکی گونجاو، کە لانی کەم پێویستی ڕۆژانەیان پڕ بکاتەوە. لە ڕووی ئابوورییەوە ئەمەش بە مانای پەککەوتنی بەشێکی گرنگی هێزی کار دێت لە کۆمەڵگەدا، کە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا.

به‌پێی پێوه‌ری ڕێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی ته‌مه‌نی (15-65) ساڵ بۆ ته‌مه‌نی هێزی كار ده‌ستنیشان كراوه ‌و به‌پێی هەندێک لەو ڕووپێوییانەی ساڵانە ‌بڵاو دەکرێنەوە له ‌لایه‌ن بانكی نێوده‌وڵه‌تی،‌ یان وه‌زاره‌تی پلاندانان و دەستەی ئامار لە هه‌رێم‌ و عێراق، زیاتر لە هەژدە میلیۆن کەس لە تەمەنی کارکردنن، نزیکەی نۆ میلیۆن لەوانە لە کەرتی تایبەت و حەفت میلیۆنیش لە کەرتی گشتیی کار دەکەن، بەڵام نزیکەی دوو میلیۆن و شەش سەد هەزار کەس بێکارن لە عێراقدا.

 لە هەرێمدا، نزیکەی ٤٣%ی دانیشتونەکەی لە تەمەنی کارکردندان، واته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌نجمان هه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌ كوردستاندا، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ ئیداره‌دان هه‌یه‌ تاوه‌كوو بتوانرێت پڕۆسەی بە کۆمەڵایەتیبوون و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست تەواو بکرێت. هاوکات، ڕێگە لە تاوان و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان بگیرێت. ئەرکی حکوومەتی هەرێم نییە هەموو ئەمانە دابمەزرێنێت، بەڵام ئەرکیەتی هەلی کار بڕەخسێنێت و ڕێگە و شوێنی توند بگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە تێکدانی بازاڕی کار، وەکوو هاوردەکردنی دەستی کاری بیانی و کارکردن لە هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەت و دیارینەکردنی سنووری کار و ناڕوونی ئەرک و مافی کرێکار، هتد. کار ڕەگەزێکی سەرەکیی مانەوە و گەشە و پێشکەوتنی هەر نەتەوەیەکە و کۆمەڵێک ئەرکی بنچینەیی هەیە  لە کۆمەڵگەدا، دەکرێت بەکورتی ئاماژەیان پێ بکەین:

یەکەم: کارکردن دەبێتە مایەی توندوتۆڵکردنی پەیوەندی تاک و پەیوەستکردنی بە کۆمەڵگەوە، هەستی سەر بە کۆمەڵگەکەی باڵاتر دەبات، خۆشەویستی بۆ نەتەوە و نیشتمان و ژینگەی کۆمەڵایەتییەکەی زیاتر دەکات. لە ڕێگەی کارکردن و بەرهەمهێنان و بەشداری چالاکانەوە پەیوەندی هاوسەنگ دروست دەبێت. کارکردن دەبێتە تەواوکاری پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی، دەبینین دوای پەیداکردنی کار، بەشداری لاوان لە بۆنەکاندا و دەرکەوتنی زیاتر دەبێت. بە پێچەوانەوە، لە کوێدا بێکاری هەبوو، هاوسەنگی ئەم پەیوەندییانە تێک دەدات و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات و ئاژاوە و پشێوی دەنێتەوە.

دووەم: کارکردن یەکێکە لەو کەناڵانەی بەشداری دروستبوونی ناسنامە کۆمەڵایەتی تاکەکان دەکات. کاتێک کەسێک وەکوو پزیشک، یان خاوەن پۆستێکی باڵا، یاخود وەکوو پارێزەر یان کرێکاری ڕۆژانە کار دەکات، ئەم جۆرە کارە دەبێتە بەشێکی گرنگی ناسنامە و کەسایەتی و دواتر خێزانیی ئەو کەسە، بەپێی پێویستی و تاییەتمەندیەکانی ئەو پیشەیە ڕەفتار دەکات و لەگەڵ هاوپیشەکانیدا پەیوەندی دەگرێت و جۆرێک لە کولتووری چینایەتی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن.

سێیەم: کارکردن دەبێتە مایەی سەربەخۆیی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەمەش یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکیەکانی لاوان، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە قۆناغی پەڕینەوە دادەنرێت لە منداڵییەوە بۆ پێگەیشتن، چونکە پێوەری ئەم قۆناغە تەنیا بایۆلۆجی و تەمەن نییە. پێناسەی بایۆلۆجی بۆ دیاریکردنی لاوان کافی نییە، چونکە بە بوونی کارێکی گونجاو داهاتێک ئەو هەستە دروست دەبێت، کە ئیدیکە کارایە و بەشدارە.

چوارەم: کار هۆکاری سەرەکیی ڕێکخستنی ژیان و کات و بەرنامەڕێژی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانەیە، هەوێنی بیرکردنەوەیە لە ئایندە و خولقێنەری هزری پلاندانانە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تواناسازی و خۆباشترکردن و فێربوونی پیشەیی و وەرگرتنی ئەزموون و شارەزایی زیاتر چ لە بواری کارەکەدا، یان ژیانی کۆمەڵایەتی بەگشتیی وەکوو بیرکردنەوە لە هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزان و…هتد. 

 پێنجەم: لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، کارکردن و هەبوونی هەلی کاری زۆر بۆ لاوان، ئامرازی بەشداری لاوانە لە پڕۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی کۆمەڵگە و بونیادنانی کۆمەڵگەی خۆشگوزەران، سەرقاڵبوون بەکار و بەرهەمهێنانەوە مانای تێکەڵاوبوون و یەکانگیری کۆمەڵگەیە، هۆکاری ڕاکێشانی دەستی کاری بیانی و ئەزموون و شارەزایی جیاوازە.

شەشەم: یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی کار لابردنی فشار و پاڵەپەستۆی دەروونییە لای لاوان، کار ڕێگری دەکات لە دروستبوونی هەستی ڕەشبینی و بێزاری و نامۆیی، بە پێچەوانەوە، وەکوو ئاماژەمان پێ کرد کار لە لای لاوان خەیاڵی پلاندانان و ئایندەسازی دروست دەکات. لاوان دەخاتە سەر کەڵکەڵەی دابینکردنی ژیانێکی خۆشتر و تێرکردنی حەز و ئارەزووەکانیان، کە لە ڕاستیشدا، لە دۆخی بێکاری ئەو ئارەزووانە زەحمەتە بێنەدی، هەرچەندێک کۆمەڵگەکەش ئاسانکاری کردبێت.    

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO