سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ناسیونالیزم و سەربەخۆیی کورد

ناسیونالیزمی کوردی بریتییە لەو بزووتنەوە سیاسی , کۆمەڵایەتی و کولتوورییەی کە پێی وایە، کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، جا چ لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە بێت، واتە کوردستانی گەورە، یان بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی و مافە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە (تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا).

لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسی نەتەوەبوونی کورد و مافی سەربەخۆیی هەمیشە لەنێوان ویستی قووڵی نەتەوەیی و هاوکێشە سەختەکانی سیاسەتدا جێگیر بووە. بۆ نەتەوەیەک، کە خاوەنی زمان و یادەوەریی هاوبەش و کولتووری نەتەوەیی و خاکێکی یەکپارچەی جوگرافییە، گەڕان بەدوای ناسنامەی نەتەوەیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووسدا، دیاردەیەکی سروشتییە و لە ئەزموونی گەلانی خاوەن دەوڵەت و نەتەوەکانی جیهاندا بینراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پرسە لە ژینگەیەکی هەرێمیدا هاتووەتە ئاراوە، کە هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندیی دەوڵەتە دراوسێ و نێودەوڵەتییەکان زۆرجار سنوور و بەربەستی گەورەیان لەبەردەمیدا دروست کردووە.

لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، ناسیونالیزم تەنیا پۆلێنکردنێکی دیمۆگرافی یان زمانی نییە، بەڵکوو گەڕانە بەدوای دانپێدانان و خاوەندارێتیی بوون و چارەنووس، وەکوو ڕەنگدانەوەی ئەوەی کە نەتەوەیەک بیەوێت خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆی خۆی بێت نەوەکوو تەنیا بەشێک بێت لە پێناسە و سنووری ئەوانی دیکە. لە قۆناغەکانی پێشوودا، گیانی نەتەوەیی کورد زۆرجار وەکوو قەڵغانێک بەرانبەر نکۆڵیکردن لە ناسنامە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پاراستنی هەستی هاوبەش و ڕێگریکردن لە تواندنەوە. بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا، مانەوە تەنیا لە چوارچێوەی سۆز و یادەوەریی تاڵ و دروشمە گشتییەکاندا چیدیکە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی قۆناغەکە نییە، چونکە ڕوحی نەتەوەیی ئەگەر لە یادەوەریی برین و قوربانیبووندا قەتیس بمێنێت، ناتوانێت بە شێوەیەکی کردەیی ڕێگەی بەرەوپێشەوە بکاتەوە. گیانی نەتەوەیی کاتێک بەهێز و کاریگەر دەبێت، کە وەکوو ڕوانینێکی ڕوون و عەقڵانی و بەردەوام خۆی ڕێک بخات و بتوانێت بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە بپارێزێت، نەوەکوو تەنا لە کاتی هەڵکشانی سۆزدا بجووڵێت.

مافی سەربەخۆیی، وەکوو پرەنسیپێکی بنەڕەتی و مافێکی ڕەوای هەر نەتەوەیەک، جێگەی مشتومڕی ئەخلاقی نییە، بەڵام لە دنیای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەتەنیا بە دروشم و خواست بەدی نایەت. لە شیکاریی سیاسیدا، هاوسەنگیی هێز و سەروەری و بەرژەوەندیی دەوڵەتان ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن، بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ نزیکبوونەوە لەم مافە پێویستی بە خوێندنەوەی وردی واقیع و هەڵسەنگاندنی هاوکێشەی هێز و ئامادەکاریی ناوخۆیی هەیە. سەربەخۆیی تەنیا ساتەوەختی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکوو توانای مانەوە و سەقامگیری و خۆبژێوییە لە دوای ڕاگەیاندنەکەوە، لە کاتێکدا گوشارە ئابووری و ئەمنی و دیپلۆماسییەکان دەگەنە بەرزترین ئاست و تەنیا ئەو قەوارە و نەتەوانە بەرگە دەگرن، کە خاوەنی پشتیوانیی ناوخۆیی و ستراتیجی ڕوونن.

لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گۆڕانکارییەکان بەخێرایی ڕوو دەدەن و هاوکێشەکانی پێشوو لە ژێر پرسیار و گۆڕانکاریدان. ئەم بارودۆخە لە هەمان کاتدا هەم دەرفەت دەهێنێتە ئاراوە و هەم مەترسیی جددیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر نەتەوەی کورد خاوەنی گوتارێکی هاوبەشی نەتەوەیی و یەکگرتوویی ناوخۆیی و بڕیاری ڕوون بێت، دەتوانێت وەکوو لایەنێکی کاریگەر مامەڵە بکات و پێگەی خۆی بپارێزێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر ناکۆکیی ناوخۆیی و پەرتەوازەیی درێژەیان هەبێت، ئەو دەرفەتانە بەخێرایی لەدەست دەچن و لایەنەکانی دیکە کەلێنەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن، چونکە بۆشایی و دابەشبوونی ناوخۆیی هەمیشە دەرگای دەستێوەردانی دەرەکی دەکاتەوە.

لە کۆتاییدا، بەهێزبوونی دۆزی نەتەوەیی کورد و هەر پێشکەوتنێک بەرەو سەربەخۆیی زیاتر لە هەموو شتێک بەندە بە ناوماڵی کورد خۆیەوە. حوکمڕانیی تەندروست و دامەزراوەی بەهێز و متمانەی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات و پێشخستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەر هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبی یان کەسی، بناغەی سەرەکیی هەر دەستکەوتێکن. بەبێ یەکڕیزیی نەتەوەیی و بەرپرسیارێتی و تێگەیشتنێکی واقیعبینانە لە دۆخی جیهان و ناوچەکە، هیچ خواستێک ناتوانێت بەئاسانی و بە شێوەیەکی بەردەوام بگاتە ئەنجام.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO