شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتیی و پارتی، لە ئایاری ١٩٩٤ەوە درێژەی کێشا، تاوەکوو لە کۆتایی ١٩٩٧دا، ئاگربەستێک کەوتە سەر ڕێ، بۆ گەیشتن بە چارسەرێکی ئاشتییانە. لەو کاتەوە ئیدیکە کەسایەتی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کەوتنە ڕجا و تکا بۆ گەیشتن بە ئاشتیی یەکجارەکی. تاوەکوو لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٨دا، بەزۆری واشنتن، ڕێککەوتننامەی ئاشتی واژۆکرا. بەڵام ئاشتییەک بە تامی دوو ئیدارە و دوو جوگرافیا و دوو هێزی چەکدار و دوو ئابووری و دوو عەقڵییەتی جیاواز. هەتاوەکوو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئەو دوو دووە، نەوەکوو هەر نەبوون بەیەک، بگرە وا خەریکین سنووری دێگەڵە بۆ هەتایە دەکەنە مەرز.
بەندە، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێ کارمەندەکانم، گەلێک جار، شایەتحاڵی گەلێک ڕووداو و گوتەی نافەرمی و پشتی کامێرا و دوور لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی بەرپرسە باڵاکانی ئەو مێژووە بووین.
ئەو دەم کارمەندی هۆتێل ئاشتی بووم لە شەقامی سالم، لە سلێمانی. نۆژەنکردنەوەی هۆتێل ئاشتی وەکوو یەکەم پڕۆژەی گەشتیاریی، مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتیی یەکێتیی بوو، لەو سەردەمەدا. کە بەپێی ستانداردی ئەو سەردەمە لە ڕووی گەشتوگوزار و کوالیتی و خزمەتگوزارییەوە، لە هەرێمدا بێ وێنە بوو. سیاسییە ناودارەکان و بازرگانە گەورەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و وەفدە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بە بەردەوامی ڕوویان تێ دەکرد. جگە لەمانە هۆتێلێکی حیزبی مەحکەم بوو لە ڕووی ئەمنییەوە. تاکە جێگەی حەوانەوەی هەموو ئەو کەسە گرنگ ( ڤی ئای پی)ـانە بوو.
بۆیە کارمەندەکانی ئەو هۆتێلە، دەبوو هیچ گوومانێک لە یەکێتیبوونیان نەکرێت و بەندەش جگە لەوەی کە کارمەند بووم، لە هەمووانیش حیزبیتر بووم. بڕێک لە چاو و گوێچکەی ڕۆژنامەوانیشم هەبوو، تاوەکوو ڕووداو و وتەی لابەلای گرنگ لە خەیاڵدانی شاراوەم زیندانی بکەم. بۆیە هەندێک گوتە و ڕووداوی سیاسییەکانم هەرگیز لەیاد ناچێت. لێرە و لەوێ لە دووتوێی ڕووداوەکانی دواتری کوردستاندا جێگەم کردوونەتەوە.
لە دوای ئاگربەستی نێوان یەکێتیی و پارتی ڕێگەی هۆتێل ئاشتی بوو بە ڕێگەی کانی بۆ وەفد و کەسایەتییە ناوبژیوانەکان. یەکێک لەو کەسایەتیانەی کە لە ١٩٩٨ میوانی هۆتێلەکە بوو، بەڕێز لیوا فوئاد عارف (١٩١٣–٢٠١٠) بوو. ئەو کەسایەتییەکی سیاسی و سەربازیی کوردیی عێراق بوو، لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا چەندین پۆستی گرنگی هەبووە. هەروەها پەیوەندیی سیاسیی لەگەڵ مام جەلال هەبوو و لە ١٩٦٣ پێکەوە چاویان بە جەمال عەبدولناسر کەوتووە.
لەو ماوەیەدا، کە میوانی هۆتێل بوو، بەیانییەک خۆی ئامادەکرد، تاوەکوو مام جەلال بێتە سەردانی بۆ هۆتێلەکە و قاوەیەک پێکەوە بخۆنەوە. وا ڕێککەوت، کە لە ساڵۆنی هۆتێلەکەدا دانیشتبوون. جا هەم ساڵۆنەکە بێ دەنگ بوو و هەمیش میوانی دیکەی لێ نەبوو. ئەو قەنەفە چەرم و مێزەی لە سەری دانیشتبوون، نازانم گووڵدان، یان هەر شتێکی دیکە بوو بەڵام شتێکی لە شووشەی لەسەر بوو. من ئەرکی خزمەتکردنم لە قاوە و ئاو و چا کەوتە ئەستۆ. گفتوگۆی کراوەی ئاسایی زۆریان کرد. بەڵام ئەوەی سەرنج ڕاکێش بوو، کە هاتنە سەر مەسەلەی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان یەکێتیی و پارتی. چۆڵی و دەنگدانەوەی هۆڵەکە ڕێگەی بەوە دەدا من و ئەو یەک دوو دانە پاسەوانە، گوێمان لە تەواوی گفتوگۆکان بێت. ئێمە هەم کارمەندی هوتێل و هەم دڵسۆزی یەکێتیی بووین. هەڵبەتە هێندەمان گوێ لەو گوتانە ببوو، کە ئیدیکە بایەخێکیان لەو سەردەمەدا بۆ ئێمە نەبوو. مام جەلال بەو سەلیقەی وێناکردنەی خۆی و دیالێکتە تایبەتییەکەی، بە فوئاد عارفی ڕاگەیاند: کوردستان وەکوو ئەو شووشەیە وایە بە سەر سەری یەکێتییەوە و لەسەر قاچێک وەستاوە، پارتی لە ١٩٩٢ەوە لە هەوڵی خستن و شکاندنێتی. من لەپێناو ئەو کوردستانە کاغەزی سپیم بۆ چەندین کەس ئیمزا کردووە، ئیدیکە نازانم ئاشتی بەچی بە دی دێت؟ ئەم گوتەیە کڕۆکی قسەکانی مام جەلال بوو، کە من گوێم لێ بوو نەوەکوو دەقاودەق.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات لەنێوان پارتی و یەکێتیی و توندتر لەو سەردەمە خۆی نوێ کردووتەوە. ئەم گرێکوێرەیە ئیدی خەریکە دەبێ بە گرێی سەرەتانی. کورت و کرمانج، پارتی بە هەمان شێوەی ئەو سەردەمە، کاغەزی سپی لە یەکێتیی گەرەکە. ئەو کاغەزەی تاڵەبانی باوک پێشکەشی بارزانی باوکی کرد، تاوەکوو شووشەکە نەشکێت.
بەڵام ئاخۆ دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و هاوکێشە سیاسییەکان و دیدگای ڕژێمە داگیرکەرەکانی چواردەور و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان و بۆ بارزانی و تاڵەبانی کوڕ هەمان شتە؟ ئاخۆ هەم بارزانی کوڕ و هەم تاڵەبانی کوڕ، پێویستییان بە خوێندنەوەیەکی نوێ نییە بۆ دۆخەکە. ئەمە و چەندین پرسیار و لێکدانەوە و شیکاری سیاسی، کە هەق وایە لەبەرچاو بگیرێت بەر لە هەر پێداگرتن و کارەساتێک.
بەڵام ئەوەی ماوەتەوە ئەمڕۆ بیڵێم ئەوەیە، نە ئەو دۆخەی دوێنێ وەکوو خۆی ماوە، تاوەکوو بارزانی کوڕ چاوەڕێی کاغەزی سپی لە تاڵەبانی کوڕ بکات و نە تاڵەبانی کوڕیش ئامادەیە کاغەزێکی دیکەی سپی بخاتە بەردەستی بارزانی کوڕ. چونکە هەم بارزانی باوک دەزانێت چەندی سوود و قازانجی سیاسی و ماددی و مەعنەوی حیزبی لەو کاغەزە سپییەی تاڵەبانی باوک کردووە و هەمیش تاڵەبانی کوڕ لە زیانە حیزبییەکانی تێگەیشتووە.
بەڵام ئەوەی هیچیان درکی پێ ناکەن و نایزانن ئەوەیە، ئەو شووشەیەی مام جەلال پاراستی له شکان، لەسەر خوێن و جەستە و گیرفانی یەکێتیی و دەڤەرەکەی بوو. بەڵام ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئەمجارە بشکێت، ئەوا کار لە جەستە و خوێن و گیرفانی هەردوو زۆن و هەردوو دەڤەر و هەر دوو حیزب و بگرە کاریگەری بۆ تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە.



