ئێستا ئەركی هەموو تاکێکی کورد و زانا و خاوەن توانا ئەوەیە، گەڕان و هەوڵی دۆزینەوەی نەخشەڕێگەیەک و چارەسەرێکی خۆبەڕێوەبردن بدات. بەپێی ئەزموونی پێکەوەکارکردنی هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە (یەکێتی و پارتی)، بەداخەوە کێبڕکێ و ناتەبایی ئەم دوو پارتە گەیشتووەتە ئاستی شەڕی سارد و گەرم و بە هەردوو نەوەی کۆن و نوێوە، کە ناتوانن فۆڕمێکی خۆبەڕێوەبردنی هاوبەش بدۆزنەوە، کە لەگەڵ هەردوو لادا بگونجێت. لەم کاتەدا، دەبێت هەموومان بە ئەزموونی جیهانی فراواندا بگەڕێین و بەگوێرەی ئاستی پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵگەی کوردی کانتۆنەکان بەخۆیان، دیزاینی بکەین بەبێ دابەشکردنی حکوومەتی هەرێم بۆ دوو بەش. بۆ نموونە، ڕاستە ئیماراتیش یەک نەتەوەیە، بەڵام لە حەفت کانتۆن پێکهاتووە. کەواتە هەبوونی کانتۆن بەواتای دابەشبوون نایێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، کانتۆن بەواتای دابەشبوونی لە فۆڕمێکی یەکگرتندا دێت.
بە بڕوای من، سیستەمی کانتۆنەکان بۆ ئەم قۆناغە، لەوانەیە باشترین سیستەمی خۆبەڕێوەبردن بێت. هەر بۆیە، ئەمە بابەتێکی گرنگ و شایستەی زیاتر گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەیە، بەتایبەت لە ڕووی بیرکردنەوەی سیاسی و فەلسەفییەوە.
ڕاستە ئەم بابەتە، تەنیا بۆ بەرگرییەکی سیاسی نییە لە سیستەمی کانتۆنەکان، بەڵکوو ئەمە هەوڵێکە بۆ شرۆڤەکردنی دەرفەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها هۆکارەکانی بوونی کانتۆنەکان و گرنگیی ئەو کانتۆنانە بۆ نەتەوەی کورد. مرۆڤ ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە: ئایا ئێستا کانتۆن بۆ نەتەوەی کورد دەگونجێت یان نا؟ داخۆ دەتوانێت لە ڕووی هزری و فەلسەفییەوە، پرسیارێکی بنەڕەتی دەرببڕێت، ئایا یەکێتیی نەتەوەیی پێویستی بە یەکگرتنی ناوەندی دەسەڵات هەیە، یان دەتوانێت لە سایەی دانپێدانان بە جوداخوازی و خۆبەڕێوەبردنی ناوچەکان، ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە بەهێز بێت؟
لە سەرەتادا دەبێت بڵێین، ئایا مەبەست لە کانتۆنەکان و هزری سیستەمی کانتۆنەکان وەکوو مۆدێلێکی سیاسی بۆ داهاتووی کوردە؟ بەڕاستی دەبێت کار لەسەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بکرێت بۆ هاوبەشکردنی دەسەڵاتەکان، تاوەکوو بناغەی “مێژوویی، سیاسی و فەلسەفی” بە بەهێزی ڕوون بکرێتەوە. دیارە هزری دیموکراسی، لە ڕێککەوتندا و ئامانجی هزری کانتۆنەکانیش بەخۆیان، ئەوەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتەکان لەگەڵ “تاک و کۆمەڵگە و نەتەوە و ئازادی” بە ڕوونی بێتە بەرچاو.
کانتۆن، لە فەلسەفەی خۆبەڕێوەبردنەوە بۆ دیدارێکی نوێی نیشتمانی
ڕاستە هزری سەرهەڵدانی کانتۆنەکان لە فرە “نەتەوە و پێکهاتە و مەزهەب و ئایین”ـەوە لە جیهانی مۆدێرندا کراوە، بەڵام لە جیهانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتیش لەو کۆمەڵگەیانەی، کە هێشتا لە قۆناغی خێزانییەوە نەپەڕیونەتەوە بۆ هۆشیاری و فەلسەفەی نەتەوەیی، جێگەی سەرنجن. بۆیە پێشنیازی کانتۆن خۆی، بە جۆرێک لە چارەسەرکردنی کێشە دژبەرەکان و ناتەباییەکان دادەنرێت. ڕاستە لە هۆشیاریی سیاسیی کلاسیک و کۆندا، زۆرجار دەسەڵات لە ناوەندێکی یەکگرتوودا کۆ دەبێتەوە، بەڵام فەلسەفەی خۆبەڕێوەبردن دەبێت هەوڵی دەسەڵاتی ناوەندی بگوازێتەوە بۆ فرەناوەند و لەسەر بنەمای یەکگرتن لە جودابوونەوەدا کارەکانی خۆی بکات.
کانتۆن و فەلسەفەی ئازادی
ڕاستە ئازادی تەنیا ڕزگاربوون نییە لە دەسەڵات، بەڵکوو توانای خۆبەڕێوەبردنی ژیان و چارەنووسە. مرۆڤ دەتوانێت بوونی کانتۆنەکان، وەکوو ئەزموونێکی گەشەپێدانی مانای ئازادی بخوێنێتەوە. مرۆڤ دیسان دەتوانێت بڵێت: یەکێتیی لێرەدا، بە مانای یەکسانیی هەموو جودابوونەوەکان نایەت، بەڵکوو نەتەوە زیندووەکان ئەوانەن کە دەتوانن جودابوونەوە “هزری و سیاسی و ئایینی و کولتورییەکان” لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا بپارێزن.
لە ڕووی هزرییەوە، پێشنیازی سیستەمی کانتۆنەکان بۆ نەتەوەی کورد ئەوە نییە، کە دەسەڵات لە کوێدا کۆبکرێتەوە، بەڵکوو ئەوەیە چۆن مرۆڤ دەتوانێت سیستەمێک دروست بکات، کە ئازادی تاک و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشداری هاوڵاتی تێیدا ببنە بنەمای ڕێکخستنی سیاسی. بەم پێوەرە، کانتۆن بە مانای دابەشبوون نایەت، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ ڕێکخستنێکی فراوان لە چوارچێوەی هاوبەشیی کورددا.
ڕاستە تەنیا کانتۆن فۆڕمێکی دابەشکردنی جوگرافیای دەسەڵات نییە، بەڵکوو دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ لەسەر دەسەڵات، ئازادی و هاوبەشیی نیشتمانی. نەتەوە بە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەندێکدا دروست نابێت، بەڵکوو بە دروستکردنی هەستێکی هاوبەشی چارەنووس و ناسنامەیەکی هاوبەشی بەهێز دروست دەبێت. بەم شێوەیە سیستەمی کانتۆنەکان دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی کورد.
بەپێی قۆناغ و ئەزموونە مێژووییەکانی سیاسەتی کورد، زۆرجار بڕیار لە ناوەندی دەسەڵاتدا دراون بەبێ ئەوەی هەموو لایەنە پێکهاتە بەشدارەکان ئاگاداری ببن، ئەمەش کێشە دروست دەکات. دیارە بەپێی ئەزموونی ئەو نەتەوانەی سیستەمی کانتۆنیان بەکارهێناوە، جۆرێک لە یەکێتییبوون لە ڕێگەی فرەیییەوە دروست دەبێت، نەوەکوو لەناوبردنی جیاوازییەکان.
ئەگەر مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ بیرمەند و فەلسەفەوانەکانی جیهان، دەبینێت بەپێی فەلسەفەی هانا ئارێنت، لە سایەی ئازادی، لە کردار و بەشداریی گشتییەوە مرۆڤ مانای خۆی دەبینێت. هەروەها مۆرای بۆکچینیش کۆمۆنالیزم و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی کردووەتە فەلسەفەی شرۆڤە سۆسیۆلۆجییەکەی. کەواتە دەبێت کۆمەڵگە، توانای خۆی هەبێت بۆ دابینکردنی یاسا و بەڕێوەبردنی چارەنووسی خۆی.
ڕاستە دەبێت زانایانی کورد، ئەم جۆرە مۆدێل و سیستەمانە بەگوێرەی ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دیزاین بکەن، تاوەکوو ببێتە هەنگاوێکی پراکتیکی و واقعبینانەدا. لێرەدا، مەبەست لە کانتۆنەکان ئەوەیە، داهات و جوگرافیای کوردستان، کە لە چەندین سەرچاوەوە پێکھاتووە؛ “سامانە سروشتییەکان و گەشتیاری و کشتوکاڵی و بازرگانی و پیشەسازی و گومرگ و هتد”، لە بەرچاو بگیرێت. لەم سەردەمەدا، دەبێت سیستەم و یاسایەک لە ناو دەستووری کوردستاندا بۆ دابەشکردنی داهاتەکان تۆمار بکرێت.
مەبەستی گشتیی بوونی کانتۆنەکان ئەوە نییە، کە چۆن دەسەڵات دابەش ببێت، بەڵکوو ئەوەیە چۆن بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد لەسەر دەسەڵات بگۆڕدرێت. واتە نەتەوە بە سنوور و خاك و سازیی سیاسی دروست نابێت، بەڵکوو بە توانای دانپێدانان و جودابوونەوە و پاراستنی ئازادی و قبووڵکردنی فرەییی هزری و دروستکردنی چارەنووسێکی هاوبەشی بەهێز پێک دێت. بۆیە ئەگەر کانتۆن لەسەر بنەمای دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی دابمەزرێت، ئەوا دەتوانێت هزرێکی کاریگەر بگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی هزری و شارستانی بۆ داهاتووی کورد.
بەم شێوەیە، کێشەی کورد تەنیا نەبوونی دەسەڵات نییە، بەڵکوو کێشەی بنەڕەتی چۆنیەتیی بیرکردنەوەیە لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و ئازادی و چارەنووسێکی هاوبەشدا. بەم مەبەستە، بوونی کانتۆنەکان کۆتاییهێنانە بە دوو ئیدارەیی. لەبەرئەوە پرسیاری گرنگ لێرەدا، ئەوەیە: ئایا خۆبەڕێوەبردنی ناوچەکان، دەتوانێت جودابوونەوە سیاسییەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەیی و دەستوورییدا ڕێک بخات؟ ئەمەش دەبێت کار و گرنگی بە دەزگاکان بدرێت، نەوەکوو پارت دەستوەردان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بکات.
بەم تێگەیشتنە، تەنیا لەم قۆناغ و بارودۆخەدا، دەبێت یەکێتیی کورد لەسەر ئاستی قبووڵکردنی جیاوازییەکان بێت، چونکە یەکێتیی بەبێ یەکسانی و فرەیی بەبێ دابەشبوون و هەروها خۆبەڕێوەبردنیش بە مانای لاوازکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نایەت.
بەڕاستی باشووری کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە نوێکردنەوەی هزری سیاسی هەیە. مەبەست لەم نوێکردنەوەیەش، تەنیا بە گۆڕینی کەس و حکوومەت نایەت، بەڵکوو دەبێت گۆڕینی شێوازی ڕێکخستنی دەسەڵات بێت. دیارە ئەمەش تەنیا لە سایەی کانتۆنەکانەوە دێتە دی، کە تێیدا دابەشکردنی دەسەڵات و بەشداریی هاووڵاتییان وەکوو دادپەروەریی ناوچەیی لە بەرچاو بگیرێت، چونکە کوردستانی باشوور تەنیا پێویستی بە حکوومەتێکی بەهێز نییە، بەڵکوو حکوومەت پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی بەهێزە، هەروەها هاووڵاتیی خاوەن بڕیار و دەزگای سەربەخۆیە.
لەکۆتاییدا، دەبێت ئەوەش بگوترێت، کە کانتۆن بە تەنها دیموکراسی دروست ناکات، بەڵکو دەستوور، دادپەروەریی سەربخوە، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکانی وڵات، هەڵبژاردنی ئازاد و پاراستنی مافەکانی تاک و پێکهاتەکانی تێدا پێویستە. پرسیاری کۆتایی ئەوەیە: ئایا کوردستانی باشوور، دەتوانێت لە بیرکردنەوەی دەسەڵاتی حزبییەوە، بگوازێتەوە بۆ بیرکردنەوەی دەسەڵاتی دەزگایی و هاووڵاتی؟


