بەهرۆز جەعفەر
ڕاپۆڕتێکی هەواڵگریی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە خراوەتە بەردەم سەرۆک وەزیران “عەلی زەیدی” کە تیایدا پڕە لە بەڵگە و وێنە، کە وێنەکان لە ڕێگەی جیۆفیزیایی و مانگە دەستکردەکانەوە تۆمارکراون، تیایدا حیزبوڵڵای عێراقی بە بەهای نیزیکەی (٢) میلیار دۆلار نەوتی تەنکەر و بە قاچاخ بردووە بۆ ئێران و لەوێوە بەرەو ئەفگانستان.
لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بەشێوازی دزیکردنەکە دەکات، لە ڕێگەی بوونی ئۆپەراسیۆنی کونکردنی بۆرییە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، کە لە نزیک چوارڕێیانی ئەلبەهبەهانی لە جورف سەخر (حیزبوڵڵا ناوی ناوە جورف ئەلنەسر) تێدەپەڕن. جورف سەخر دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی بەغداو و باکووری پارێزگای بابل، ناوچەیەکی دارستاناوی داخراوە، بەگشتیی ماوەی نیزیکەی (٢٠) ساڵە، بەتایبەتی لە دوای ٢٠١٤ ەوە هیچ کەس و لایەنێکی حکوومی و مەدەنی نەیتوانیوە توخنی ئەم ناوچەیە بکەوێت، چونکە مۆڵگەی سەرەکی حیزبوڵڵای عێراقییە.
ئێمە نابێت تەنیا مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیارییە ورد و درشتەکەدا بکەین، کە ئەمەیە: لە جورف سەخر بۆڕییەکی نەوت کوونکراوە، ڕۆژانە (٢٠) هەزار بەرمیلی لێوە براوە. بەڵکوو پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا کۆنتڕۆڵی نەوت لە عێراقدا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانە، یان دەسەڵاتە ناڕەسمییەکانیش بەشێکیان لە کۆنتڕۆڵی ئەم سامانەدا هەیە؟
بە قاچاخبردنی نەوت لە عێراق بابەتێکی نوێ نییە، ڕۆژانە لە ڕێگەی جیاجیاوە ئەمە دەکرێت، تەنیا لە ماوەی نێوان ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٦ لە دەستەی نەزاهەی عێراق دووسەد و بیست و هەشت جار هەواڵ و هەوڵی بەقاچاخبردنی نەوت تۆمارکراوە. هەوڵەکان زۆر لەوە زیاترن، تەنانەت لە خاڵە سنوورییەکانی سنوری عێراق-سوریاوە هەفتانە بە تانکەر نەوتی ڕەش و گاز بە کوالێتی جیاجیا، ڤی ئاڕ، چەند جۆرێکی قیری پاڵێوگەکانی نیزیک لە گرووپ و حیزبەکان ئاودیوی ئەویو دەکرێت بە ناوی ئەوەی، کە گوایە ئەوە بەرهەمێکی دیکەی نەوتییە.
ئەمجارەیان، بابەتەکە هەستیارتر دەردەکەوێت. بەگشتیی چوار خاڵی گرینگ لێرەدا هەیە:
یەکەم: گرووپی چەکداریی لە ئارادایە و تۆمەتباری سەرەکییە، حیزبوڵڵا یەکێکە لە کاریگەرترین گرووپە ئایدۆلۆجییە چەکدارە بە ئەزموونەکانی نیزیک لە ئێران لە عێراق. نیزیک لە ئێران واتە بڕوایان بە ویلایەتی فەقیهە هەیە. یەکسەر دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ٢٠٠٣ حیزبوڵڵا لە عێراق لە لایەن ئەبومەهدی موهەندیسەوە درووست بوە، دژی ئەمریکییەکان جەنگاون. لە ٢٠٠٩ شەوە حیزبوڵڵا لە لیستی گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکاندایە لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە. ئێستاش بەسەرکردایەتی ئەبو حوسێن حەمێداوی زۆر تووندگیرانە درووشمی ئەوەیان بەرانبەر کابینەکەی زەیدی بەرزکردۆتەوە، کە نە چەک دادەنێن، نە جورف ئەلنەسریش چۆڵ دەکەن.
دووەم: حکوومەتی عێراق و ئیدارەی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەیان هەبوو، کە هەموو گرووپەکان ڕێکخراونەتەوە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا، لەو نێوەندەشدا حیزبوڵڵا هەر دوو لیوای ٤٥ و ٤٦ ی هەیە، ڕاستەوخۆ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە مووچەیان پێدەدرێت. مووچە لە کوێوە دێ؟ لە داهاتی نەوتەوە، واتە بە دۆلار و لە ئەمریکاوە دێـت.
سێەم: ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە وردە، تەنانەت جووڵەی تەنکەرەکان و کوونکردنی بۆڕییەکەش نیشان دەدات، ئەمەش مانای وایە بە هاوکاریی ئەمریکییەکان ئەم ڕاپۆرتە ئامادەکراوە و خراوەتە ڕۆژەڤەوە.
چوارەم: ئەمە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە لە سەر سەروەری و ئابووریی عێراق و بوونی درزێکی گەورەیە لە کەسێتی مەعنەویی دەوڵەتدا، بەتایبەتی بە پاڵپشتی ئیدارەی ئەمریکا ئیدارەی زەیدی بەڵێنی داوە ئابووریی نەوتی عێراق ڕێک بخاتەوە، لە باشووری عێراق چیڤرۆن و ئەکسۆن مۆبێل و چەندین کۆمپانیای دیکەی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی هەیە، لە کەرکوکیش بەتەواوی بریتش پیترۆلیۆم-بی پی- دۆخی نەوتی کۆنتڕۆڵ کردووە.
هەموو ئەوانەی سەروخوانیان لەگەڵ بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکان هەیە، بە فەرمی و بە گشتیی ئیش لە بارزگانیی و گواستنەوە و هەناردەکردنی هەر بەرهەمێک دەکەن، دەزانن تەنانەت گواستنەوە لە باشور و ناوەڕاستەوە بۆ سلێمانی، یان هەولێر پێویستی بە مۆڵەتی ڕێگە (بە خەت سێر بەناوبانگە) هەیە، هەروەکوو هەر بارێک پێویستی بە “دۆکیۆمێنت” (ئەوراق)ی پاڵێوگەکان هەیە. بۆیە ئەمە کارێک نییە بەبێ پاڵپشتی و دەستوپێوەندیی کەسانی دەستەڵاتدار بەڕێوە چووبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو نەوتە نەوتی خاو بێت، ئەوا تاوانێکی ئاشکراو کارەساتێکی تەواوە بۆ حکوومەت و شان و شەوکەتی کابینە وەزارییەکانی حکوومەت.
لەکاتێکدا، بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ٢٠٢١ەوە، ئەم گرووپە خەریکی بردنی نەوتەکەیە و بۆڕییەکەیان کوون کردووە. حکوومەت و وەزارەتی نەوت لە کوێ بوە؟ بێگومان وەزارەتی نەوت و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بووە. بەدرێژایی مێژوو نەوت توانای فڕینی نەبووە، ئەم نەوتە خۆی نەفڕیوە لە عێراقەوە بۆ ئەفگانستان. لە هەر ڕۆژێکی کارکردندا ، هیچ بیرێک نییە لە هیچ کێڵگەیەکی عێراقدا نەوتی عێراقدا نەوتی لێ دەربێت و دەمەو ئێوارە پێش کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی فەرمی ڕاپۆرت و داتاکانی نەگاتە وەزارەت. وەزارەت و کۆمپانیاکانی دەزانن چەند پەمپ لە بیرەکان دەدرێت، لە خەزانەکانەوە بۆ ناو بۆڕییەکان، ئەو خاڵەی نەوتەکەی بۆ دەچێت، تەنانەت بۆ جەیهانی تورکیاش وایە، ڕۆژانە دڵنیایی دەنێرێت، کە ئەوەندە بڕە گەیشتووە.
ئەم دێڕانەی سەرەوە، گرنگن، بەڵام لای من گرنگیەکانی لە شوێنێکی دیکەوەن:
یەکەم: ئەو چاکسازییانەی حکوومەتی عێراق بانگەشەی بۆ دەکات لە کەرتی نەوت و غازدا کردوویەتی، پێشووتر گومانێکم لێی هەبوو، ئێستا گومانەکە تۆختر بووە، بەتایبەتی لەبابەتی بەهەدەردانی گازدا، وەکوو هەمووان دەزانن بەدرێژایی دەیەکانی ڕابردوو، عێراق گازی هاوەڵی خۆی بە خۆڕایی سووتاندووە، بەهەدەری داوە، ژینگەی پیسکردووە، لەبەرانبەردا، ساڵانە هاوردەکرنی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران و شوێنەکانی دیکەوە نیزیکەی (٧) میلیار دۆلار لەسەر عێراق کەوتووە، ئەوە ماوەی ساڵێکە لەپڕ پەیتا پەیتا بەرپرسانی عێراق دەڵێن بە ڕادەی ٧٥٪ بەهەدەردانی غازی سووتاومان کەمکردۆتەوە.
دووەم: بەدرێژایی سەدەی بیستەم ترس و کێشەی ئیمپریالیزم و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و ناوچەکە لەگەڵ کورد ئەوەبوو، کە کەرکووک و ناوچە کوردییەکانی باکووری وڵات بەگشتیی خاوەنی نەوت و گازن، ئێستا وا هێدی هێدی ئەم گرووپانە و حکوومەتی عێراق بەڕێگەی جیاجیا کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە ژێر ڕکێفی حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە. ئەوە لە کەرکووک و لە کۆمپانیای نەوتی باکوور هەموو شتێک لە دەستی کورد دەرچووە، بەڕێژەی ٩٨٪ فەرمانبەرانی نەوتی باکوور و غازی باکوور عەرەب و تورکمانن. ڕەنگە چیدی دیکە بکەن لەڕووی ئەندازەی نەوتیی و جیۆلۆجییەوە ئەگەر کێڵگەکانی کوردستان بکەوێتە بەردەستیان!؟
لەکاتێکدا، بەرانبەر بە جەستەی خۆیان و لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست زۆر بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ بیرە نەوتییەکان و بۆڕییەکان کردووە، کە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
ئەمە حیزبوڵڵایە. دوو ڕۆژ پێش کۆتا هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کە ٨٥٪ ی کارەبای هەرێمی کوردستان و غازی شلی ماڵانی لێوە بەرهەم دێت، بەیاننامەیان دژی حکوومەتی زەیدی دەرکرد، گوایە ئەوە حکوومەتی بەغدا خۆی بووە پێشتر پەلاماری کۆرمۆری داوە، نەوەکوو ئەوان.
کۆتا هێرشی، کە لە ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ کراوەتە سەر ئەم کێڵگە هەستیار و کاریگەرەی کوردستان، مەترسیدارترین و پڕ زیانترینیان بووە.



