فەیلەسوفی ئیتاڵی جۆرجیۆ ئاگامبین لەسەر بنەمای فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانیدا، وێنەیەکی دیاری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەستنەوەی بە پەیوەندییە سیاسییەکانمان بۆ دەکێشێت. سنوورێکی دیار و ڕوون لەنێوان کایەی ماڵ و مانەوەیەکی سادەی بایۆلۆجیانە (Oikos) دیاری دەکات و جیای دەکاتەوە لە کایەی شار و هاووڵاتیبوون و ژیانی باڵای سیاسی و کۆمەڵگە (Polis). بەپێی ئەم دید و ڕوانگە فەلسەفییە، ئامانجی کۆتایی مرۆڤەکان لەڕووی سیاسەت و دەوڵەتدارییەوە، بەتەنیا دابینکردنی نان و مانەوەی فیزیکی نییە، بەمانای ژیانێکی سادە و بخۆ و برۆ، وەکوو ئەمڕۆی دنیای سێیەم، بەڵکوو ڕەخساندنی ژیانێکی شایستە و بەکەڕامەتە، کە تیایدا مرۆڤەکان لە دۆخێکی ناهەمواری بژێوی ئاساییدا بەرز دەبنەوە بۆ بەشداربوون لە پرسە چارەنووسازەکان و بەرەوپێشبردنی شار و نیشتمانەکەیان.
ئەگەر لەو چوارچێوە هزرییەی سەرەوە، تەماشای ئەزموونی سی ساڵەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بکەین، ڕووبەڕووی دەیان هەڵپەزین و دابەزین دەبینەوە، بۆ ئەم هەڵپەزین و دابەزینەش زۆر هۆکار هەن. لێرەدا، باس لە یەک هۆکار دەکەین، ئەویش قەتیسکردنی بڕیار و بودجە و دەستەڵاتە لە ناوەندێکی تەسک و مەرکەزییەتێکی وشکدا. ئەوەش وایکردووە پارێزگاکان و دەڤەرەکانی هەرێمی لە ئاستێکی خراپدا هێشتوونەتەوە، کە دەتوانین لەیەکچوونێکی دیاری بۆ بکەین لەگەڵ مانەوەی سادەی بایۆلۆجیی (ئۆیکۆس) و ژیانێکی کولەمەرگی بخۆ و بڕۆ. بەو مانایەی دۆخێک، کە خەڵک و دامەزراوە خۆجێییەکان تەنیا سەرقاڵی خەمی بژێوی و چاوەڕوانی مووچە و ڕاییکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی مانەوەن، بەبێ ئەوەی دەستەڵاتی بڕیاردان و نەخشەڕێژییان هەبێت بۆ پەرەپێدانی شارەکانیان. لێرەدا، گواستنەوەی سیستمی حوکمرانی بۆ سیستمێکی ئیداری لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی، بەتەنیا پێویستییەکی تەکنیکی، یان کاردانەوەی سیاسیی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ جەوهەری کایەی شار و هاووڵاتیبوون و ژیانی باڵای سیاسی و کۆمەڵگە (پۆلیس)، ئەمەش وەکوو پڕۆسەیەک، کە دەستەڵات شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوە، بۆ ئەوەی شار و پارێزگاکان لە چاوەڕوانی ناوەنددا ڕزگاریان بێت و هاووڵاتی بۆ خۆی ببێتە بکەرێکی ڕاستەقینەی ژیان و ڤیانی شار و دەڤەرەکەی خۆی.
لێرەدا، هەڕەشەکردنی دوو ئیدارەیی و دوولەتکردنی هەرێم، تێگەیشتنێکی سەقەت و ناسییاسییانەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەتایبەتیش لە دۆخی کورددا، کە زیاتر لە سەد ساڵە بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕێت و لەبەردەم هەڕەشەی گۆڕینی دیمۆگرافیا و وابەستەبوونی مرۆڤی کورددا بووە، تاوەکوو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت. هەرێمی کوردستان، ئەزموونێکی نیشتمانیی نەتەوەییە، باس لە لەتکردن و دابەشکردنی تاونێکی گەورەیە بەرانبەر چارەنووسی ئەو نەتەوەیە. لەسەر ئەو بنەمایەش چۆن ناوەندگەرایی، دەستەڵاتدار دەکاتە سەردارێکی ڕەها (Despotes) بەسەر چارەنووسی هاووڵاتییان و پارێزگاکانەوە، جیاوازی بەڕێوەبردنی ماڵ و دەوڵەت دەسڕێتەوە، ئاواش دابەشکردن و دوو ئیدارەیی، هەمان ئەزموونی مەرکەزی، بەڵام ئەوجارە بە بچووککراوەیی و لەتکراوی و بە لاوازی و سەرکزی دووبارە دەکاتەوە. لێرەدا، جیاوازیی نێوان لامەرزکەزییەت و دوو ئیدارەیی خۆی لە شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتی کارگێڕی و دارایی یەکپارچەیی قەوارەی هەرێمێکی بەهێزتری کوردستاندا دەبینێتەوە، لە نموونەی هەرێمی فیدراڵی باڤاریای ئەڵمانیا و کەتەلۆنیا لە ئەسپانیا. بەو جۆرە مەرجەکانی سەرکەوتنی شار و حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستاندا جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە لامەرکەزی بەبێ شەفافییەتی دارایی و سەروەریی یاسا تەنیا دەبێتە گواستنەوەی قەیرانەکان لە ناوەندەوە بۆ ناوچەکان.
لامەرکەزییەت بریتییە لە پڕۆسەی گواستنەوەی دەستەڵات و بڕیاردان و سەرچاوە داراییەکان لە ناوەندی حکوومەت و لە پایتەختەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوەی بەڕێوەبردن، بە ئامانجی لەیەکدی نزیککردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان خێراکردنی ڕاییکردنی مامەڵەکان و بەشداریکردنی خەڵکی ناوچە جیاوازەکان لە بڕیاردان لەسەر کاروباری خۆیان.
لەو ڕووەوە، هەرێم دەتوانێت ببێتە هەرێمێکی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو لەسەر بنەمای لامەرکەزییەت، بەڵام نەوەکوو دوو زۆن، کە واقیعێکی سیاسیی سەقەت و مێژوویی دروست کردووە، بەڵکوو لەسەر بنەمای لامەرکەزییەتی پارێزگاکان، لە چوارچێوەی قەوارەیەکی فیدڕاڵی وەکوو هەرێمی کوردستان و لەناوخۆیدا سیستەمێکی لامەرکەزی پەیڕەو بکات. ئەوەش بنەمایەکی یاسایی هەیە، وەکوو لە یاسای ژمارە (3)ی 2009ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بەڕوونی باس لە پێدانی دەستەڵاتی کارگێڕی و دارایی بە ئەنجومەن و پارێزگاکان دەکات، بەڵام لە جێبەجێکردندا، تاوەکوو ئێستا دەستەڵاتەکان لەناو خودی وەزارەتەکان قەتیس ماون. لەو بارەیەشەوە ئەزموونێکی زۆر خراپ هەیە، لەوەی کە کەسێک لە زانکۆی زاخۆ، یان گەرمییان یاخود لە زانکۆی هەڵەبجەوە بۆ یەک واژۆ دەبێت بێتە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێری پایتەخت، دەیان جاریش ئەوە دووبارە بووەتەوە، کە ئەو داواکارانە هاتوونەتە هەولێر، وەزیر ئامادە نەبووە، یان کارەکەیان تەواو نەبووە و بەناچاری و بە دڵێکی شکاو و توڕەوە گەڕاونەتەوە دەڤەری خۆیان و ڕاییبوونی کارەکانییان دواکەوتووە.
چونکە هەرێم لەسەر بنەمای سیستەمی فیدڕاڵی دامەزراوە مانای وانییە نەتوانێت لامەرکەزی بێت. فیدراڵی بەمانای دابەشکردنی دەستەڵاتی سیاسی و یاسادانان لەنێوان بەغدا و هەولێر. بەلام لامەرکەزی، بەمانای دابەشکردنی دەستەڵاتی کارگێڕی و خزمەتگوزاری لەنێوان حکوومەتی هەرێم و پارێزگاکاندا. لامەرکەزی بەهیچ جۆرێک یەکپارچەیی هەرێم نەوەکوو هەر تێک نادات بەڵکوو بەهێزتری دەکات، هەموو ئەو بانگەشە فریودەرانە ڕادەگرێت بۆ دوو ئیدارەیی و دابەشبوون، هەروەها فشار لەسەر پایتەخت کەم دەکاتەوە و ناوچەکان گەشە دەکەن و هاوسەنگییەکی ماقوڵی کارگێڕی دروست دەکات و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان و ڕێگەدوورەکان ناهێڵێت.
باشرین نموونەی ئیدارەیەکی وەها، هەرێمی فیدڕاڵی باڤاریایە لە ئەڵمانیا، کە دەستەڵاتێکی زۆری ناوخۆیی هەیە و بۆ حەفت ناوچەیی کارگێڕی و شارەوانی دابەشکراوە بۆ بەڕێوەبردنی خوێندگا و نەخۆشخانە و باجی ناوخۆیی و پلانداڕشتنی شارەکان. لە کەتەلۆنیاش بەهەمان شێوە، وێڕای ئەوەی کە حکوومەت و پەرلەمانی خۆی هەیە، لەناو خۆشیدا دەستەڵاتەکان خزمەتگوزاری و داراییەکان دابەشکراون بەسەر چوار پارێزگا و زیاتر لە نۆسەد شارەوانیدا. لە سویسراش، کە سیستەمێکی فیدراڵی و زۆر لامەرکەزییە، لەسەر بنەمای کانتۆنەکان دامەزراوە، هەر کانتۆنێک هەرێمێکە، دەستوور و حکوومەتی خۆیان هەیە. لەناو هەر کانتۆنێکیشدا شارەوانییەکان ڕاستەوخۆ دەستەڵاتییان بەسەر باج و پەروەردە و ژێرخانی ناوچەکەیاندا هەیە.
مەرجی سەرکەوتنی لامەرکەزیبوون لە هەرێمی کوردستاندا؛ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە فەلسەفەی حوکمڕانی و گۆڕینی بیرکردنەوەی بەڕێوەبردنی کارگێڕیی. ئەمەش لە چەند خاڵێکدا کورت دەکەمەوە:
یەکەم: کوردستان موڵکی خەڵکی کوردستانە، هەر جۆرە سازشکردنێک لەسەر هەر بستێکی خاکی کوردستان و پارچەپارچەکردنی، دەکەوێتە خانەی ناپاکی لە خاک و نەتەوە. بۆ ئەمەش پێویستە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات ببێت بە خاوەنی دەستوورێکی مۆدێرنی پێشکەوتوو و خەڵکی کوردستان دەنگی لەسەر بدات.
دووەم: حیزبایەتی ئامرازە، نەوەکوو ئامانج. هەر جۆرە بیرکردنەوەیەک بۆ خاوەندارێتییەکی تاهەتایەی کوردستان، نەوەکوو هەر خۆکوشتنە، بەڵکوو کوشتن و لەناوبردنی نەتەوەشە. مانەوەی هەر حیزب و گرووپ و خێڵ و خێزانێک وابەستەیە بە مانەوەی نەتەوە. نەتەوە نەمێنێت ئەوانیش نامێنن. بۆیە پێویستە فەلسەفەی حوکمداریی تاهەتایی بگۆڕدرێت بۆ هۆشیارییەکی نەتەوەیی و سیستەمێکی مۆدێرنی چاوساخ.
سێیەم: هەرێمی کوردستان، کە ئێستا بە سیستەمێکی مەرکەزی توندەوە بەڕێوە دەچێت، دەبێت ببێتە سیستمێکی لامەرکەزی و فرە دامەزراوەیی و دەستەڵاتەکان شۆڕببنەوە بۆ پارێزگاکان. ئەمەش وادەکات فشار لەسەر پایتەخت و حکوومەت کەم ببێتەوە و ڕۆڵی حکوومەت هێندەی پلاندانان و ستراتیجییەتی ئاساییش و سەقامگیری هەرێم دەبێت، هێندە ئیداریی نابێت.
چوارەم: دروستبوونی نەتەوە پڕۆسەیەکی سیاسییە و لەخۆیەوە دروست نابێت. ڕوحی پێکەوەبوون و هاوکاری بەهێزە، بەڵام سیستەماتیک نییە و هێشتا نەبووە بە هۆشیارییەکی دەستەجەمعی. لێرەدا، لە ڕێگەی سیستەمێکی مۆدێرنی کارگێڕی و سیاسییەوە دەبێت کار بۆ بەهێزکردنی ئەو پێکەوەبوونە بکرێت. ئەم پێکەوەبوونە لەڕێگەی مەرکەزییەتێکی ئیدارییەوە نابێت، بەڵکوو لە ڕێگەی ناسەنتەربوونی دامەزراوەکانەوە دەبێت. ڕێگەوبانی پێشکەوتوو و شەمەندەفەر، بە نیشتمانیکردنی زانکۆکان و وەرگرتنی قوتابیی و خوێندکاران لە زانکۆکانی دەرەوەی شارەکانی خۆیان و هەڵگرتنی خاڵە ناشیرینەکانی دێگەڵە و نێوان شارەکان بۆ بەهێزکردنی سنوورەکان لەڕووی ئاساییشەوە و …هتد.
پێنجەم: لەسەرووی هەموو ئەو خاڵانەش، دەستەهەڵگرتنی حیزبە لە دامەزراوەکان و قۆرخکردنییان بۆ حکوومەتێکی نیشتمانی، بەتایبەتیش دامەزراوەی ئەمنی و پێشمەرگە لەگەڵ داهاتی نیشتمانی. دەبێت دامەزراوەکان بەهەموو جۆرێک لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزبەکان دەربچن و ببن بە دمەزراوەی مۆدێرن. دامەزراندن لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی بێت نەوەکوو حیزبایەتی و خزمایەتی.
ئەمانەی سەرەوە، بنەماکانی دەستەڵاتێکی مۆدێرن و کارگێڕییەکی پێشکەوتوون. ئەگەر دەتانەوێت هەرێمی کوردستان پێشکەوێت و کورد لەدۆخی سادەی بایۆلۆجیی و تەنیا بژی و بخۆ و بڕۆدا نەمێنێت و دەربچێت بۆ مرۆڤێکی کارامە و داهێنەر و پێشکەوتوو، دەبێت بیر لە شێوازێکی حوکمڕانی تازە و مۆدێرن بکرێتەوە. ئەگەر نا، هەردوو حیزبی سەرەکی دەبێت گۆڕ بۆ نەتەوەکەیان لێ بدەن و ئەوانیش زوو یان درەنگ دەبن بە ڕەنجبەخەساری بێ نەتەوەی ناو زیندانەکانی داگیرکەر.



