ئهحمهد فاتح محهمهد
لە سەردەمی هاوچەرخدا، پرسیارێکی فەلسەفیی قووڵ بەرۆکی کۆمەڵگە دیموکراسی و نیمچە دیموکراسییەکانی گرتووەتەوە، کاتێک پەرلەمان تەنیا دەبێتە هۆڵێک بۆ دووبارەکردنەوەی بڕیاری حیزبەکان و ڕاستاندنی ویستی دەسەڵاتی جێبەجێکار، چی لە مانا ڕاستەقینەکەی سیاسەت دەمێنێتەوە؟ زۆرجار دەبینین سندووقەکانی دەنگدان لە ڕواڵەتدا شەرعییەت بە نوێنەران دەبەخشن، بەڵام لە کردەوەدا، هاووڵاتی هەست بە نامۆبوونێکی قووڵ دەکات و هەست دەکات بڕیارە چارەنووسسازەکان لە شوێنێکی دیکە و بەدوور لە دەنگ و ئیرادەی ئەو دەدرێن. لێرەدا، کە پێویستیی گەڕان بەدوای قۆناغی لەودیو نوێنەرایەتیی ڕووکەشەوە سەر هەڵدەدات. گەڕانێک، کە مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان نییە، بەڵکوو داڕشتنەوەی فەلسەفەی بوونی پارلهمانه تاوەکوو سیاسەت لە پاوانکاریی دهستهبژێرهكان دەربهێنرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە. بۆ تێگەیشتن لەم قەیرانە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگوڕیشهی فەلسەفی چەمکی نوێنەرایەتی.
فەیلەسووفی فەڕەنسی ژان ژاک ڕۆسۆ، لە سەدەی هەژدەهەمدا درکی بەو تەنگژە شاراوەیە کردبوو، کە لە جیاکردنەوەی دەنگدەر و بڕیاردەردا هەیە. ڕۆسۆ لە تیۆری “گرێبەستی کۆمەڵایەتی”دا، جەختی لەوە دەکردەوە، کە سەروەریی گشتیی ناتوانرێت ببەخشرێت یان بنوێنرێت، چونکە ئەو ساتەی هاووڵاتی دەنگی خۆی بەتەواوی دەداتە دەست نوێنەرێک و خۆی لە کاروباری گشتیی دەکشێتەوە، ئازادییە کاراکەی لەدەست دەدات و دەبێتە تەماشاکەرێکی بێدەنگ. هەرچەندە ئهوانهی داكۆكی له دیموکراسیی نوێنەرایەتی بەدروستی ئاماژە بەوە دەکەن، کە کۆمەڵگە گەورەکانی ئەمڕۆ بەبێ دامەزراوەی نوێنەرایەتی ناتوانن کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵام پرسیارە ڕۆسۆییەکە هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوە: چۆن دەکرێت نوێنەرایەتی دروست بکرێت بەبێ ئەوەی ببێتە گۆڕستانی بەشداریی هاووڵاتییان.
لەناو فەیلەسووفانی سەدەی بیستەمدا، هانا ئارێنت، لە کتێبە گرنگەکەیدا، “لەبارەی شۆڕش”ەوە بە قووڵی ڕەخنە لەو مۆدێلە تەقلیدییەی دیموکراسیی نوێنەرایەتی دەگرێت، کە سیاسەت تێیدا کورت دەکرێتەوە بۆ دەنگدانی چەند ساڵ جارێک و قۆرخکاریی حیزبە بیرۆکراسییەکان. بە بۆچوونی ئارێنت دیموکراسیی ڕاستەقینە تەنیا پاراستنی مافە مەدەنییەکان نییە لە دوورەوە، بەڵکوو دەبێت ئازادیی گشتیی و بەختەوەریی گشتیی بۆ هەمووان دابین بکات. واتە ئەو دەرفەتەی کە هاووڵاتی خۆی ڕاستەوخۆ بەشداری لە داڕشتنی ژیانی سیاسیدا بکات. ئارێنت پێی وایە، کاتێک نوێنەرایەتی دەبێتە پیشەیەکی داخراو، دەسەڵاتی بنیاتنەری گەل دەمرێت. لەبەر ئەمە ئەو پێشنیازی سیستەمی ئەنجومەنەکان دەکات. پێکهاتەیەکی سیاسی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، کە لەسەر بنەمای ئەنجومەنە ناوخۆییەکان دادەمەزرێت و دەرگای بۆ هەموو هاووڵاتییان کراوەیە، تاوەکوو بەشداریی ڕاستەوخۆ لە حوکمڕانیدا بکەن.
هەرچەندە هەندێک لە توێژەران وەکوو مارگرێت کانۆڤان و ئەلبرێخت وێلمەر ڕەخنەیان لەو بیرۆکەیەی ئارێنت گرتووە و بە ناواقیعی، یان سادەیان زانیوە، بەڵام بنەما فەلسەفییەکەی ئەو وانەیەکی زیندووە، پەرلەمان تەنها کاتێک ڕوحی دیموکراسیی دەپارێزێت، کە پابەند بێت بە ئەنجومەنە خۆجێییەکان و فەزا کراوەکانی بەشداریی هاووڵاتییانەوە، تاوەکوو سیاسەت نەبێتە دیلی بیرۆکراسیی حیزبی.
لێرەدا، فەلسەفەی یۆرگن هابەرماس پردێکی تیۆریی گرنگ دروست دەکات بۆ ئەوەی پەرلەمان و هاووڵاتی پێکەوە ببەستێتەوە بەبێ ئەوەی دەستبەرداری دامەزراوە یاساییەکان بین. هابەرماس لە بەرهەمە سەرەکییەکەیدا لەنێوان فاکتەکان و نۆرمەکاندا، هەوڵ دەدات وەڵامی ئەوە بداتەوە، کە چۆن دەکرێت ئایدیاڵی سەروەریی نەتەوە لە کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانی ئەمڕۆدا بەزیندوویی بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی پارە و دەسەڵاتی کارگێڕیی بە تەواوی دایبڕمێنن. چارەسەرەکەی هابەرماس لە مۆدێلی دوو ڕێڕەویی سیاسەتی گفتوگۆئامێزدا خۆی دەبینێتەوە. بە بڕوای ئەو، شەرعییەتی پەرلەمان تەنیا لە دەنگدانی ناو هۆڵی پەرلەمانەوە نایەت، بەڵکوو دەبێت پەرلەمان بەردەوام لە ڕێگەی فەزای گشتییەوە خۆراکی فیکری و ئەخلاقی وەربگرێت.
فەزای گشتیی ئەو پانتاییەیە، کە هاووڵاتییان، لە کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا گفتوگۆیەکی ئەقڵانی و ڕەخنەگرانە دەکەن و هێزی پەیوەندیکاری لە خوارەوە بەرهەم دەهێنن. لێ ئەرکی پەرلەمانێکی زیندوو ئەوەیە، ببێتە دەروازەیەک کە ئەم هێزە پەیوەندیکارییەی شەقام وەربگێڕێتە سەر زمانی یاسا، تاوەکوو ببێتە بەرپەرچدانەوەیەک بۆ هەژموونی سەرمایە و دەسەڵاتی کارگێڕی.
بێگومان وەکوو هەندێک لە ڕەخنەگرانی هابەرماس ئاماژەی پێ دەکەن، هێشتا مەترسیی ئەوە هەیە کە گرووپە لۆبییە بەهێزەکان لە فەزای گشتیدا زیاتر لە دەنگە لاواز و کەمینەکان کاریگەرییان هەبێت، بۆیە پەرلەمان پێویستی بە میکانیزمی یاسایی هەیە، کە یەکسانیی دەرفەت بۆ هەموو دەنگەکان بپارێزێت. کەواتە پەرلەمانی دوای قۆناغی نوێنەرایەتیی ڕووکەش چ شێوەیەک وەردەگرێت؟
بە کۆکردنەوەی ڕەخنە ڕادیکاڵەکانی ڕۆسۆ و ئارێنت لەگەڵ پڕۆژە گفتوگۆئامێزەکەی هابەرماس، دەگەینە ئەو بەرەنجامەی گەڕاندنەوەی سیاسەت بۆ هاووڵاتییان لە ڕێگەی تێپەڕاندنی دووانەیی نوێنەرایەتیی تەواو یان دیموکراسیی ڕاستەوخۆی خەیاڵییەوە دێتە دی. پەرلەمانێک کە سیاسەت بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵک، نابێت ببێتە دوورگەیەکی دابڕاو لە کۆمەڵگە. پێویستە ئەو دامەزراوەیە لە ڕێگەی لێپرسینەوەی بەردەوام ئەنجومەنە هاووڵاتییەکان و لیژنە کراوەکان و پابەندبوون بە شەفافییەتی ڕاستەقینەوە، دەرگاکانی بە ڕووی ئەنجومەنە خۆجێیەکان و فەزای گشتییدا بکاتەوە. هاوکات دەبێت یاساکان نەوەکوو لە ژوورە داخراوەکانی ڕێککەوتنی حیزبی، بەڵکوو لەناو مشتومڕی ئازاد و زانیاریی ڕووندا لەدایک ببن.
کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات پەرلەمانتار تەنیا بریکارێکی بێدەسەڵاتی حیزب نییە، بەڵکوو کەناڵێکی زیندووی گفتوگۆیە لەنێوان شهقام و یاساداناندا، ئەو کاتە سیاسەت لە تەوقی دەسەڵاتخوازی ڕزگاری دەبێت. بەدیهێنانی ئەم ئاسۆیەش تەنیا بە چاکسازیی یاسایی ناکرێت، بەڵکوو بەوە دەبێت هاووڵاتی خۆی وەکوو بکەرێکی ئەخلاقی و سیاسیی چالاک ببینێتەوە نەوەک تەنیا وەکوو کڕیارێکی خزمەتگوزارییەکان، چونکە پەرلەمان هەرگیز لەو ئاستە هۆشیاری و بەشدارییە زیاتر نابێت، کە کۆمەڵگە بەرگریی لێ دەکات.



