لە دوای پەرەسەندنە سیاسییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ەوە، جارێکی دیکە دەنگۆ و هەڕەشەکانی پەیوەست بە گەڕانەوە بۆ دووئیدارەیی و بیرۆکەی هەرێمێکی سەربەخۆ، یان حکوومەتێکی جیاواز لە سنووری سلێمانی، گەرمتر لە هەر کاتێکی دیکە هاتوونەتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان. پاش ئەوەی لە ٤ی تشرینی دووەمدا پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردن و چەقبەستوویی، بە ئامادەبوونی ٥٢ پەرلەمانتار و بایکۆتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و نەوەی نوێ و چەند فراکسیۆنێکی دیکە کۆ بووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد، ناکۆکییەکان چوونە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدارەوە.
لە کاتێکدا فراکسیۆنی پارتی کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێکی یاسایی و پێویست بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ناو دەبات، بەشێکی بەرچاو لە چاودێران پێیان وایە ئامانجی ڕاستەقینە لەو دانیشتنە کاراکردنەوەی دامەزراوەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە حیساب نەکردن بۆ کۆی لایەنە سیاسییەکان و قۆڵبادانی یەکێتیی و نەوەی نوێ لە ناو باڵەخانەی پەرلەماندا. لە بەرانبەردا، یەکێتیی کشانەوەی خۆی لە حکوومەت ڕاگەیاند، ئەمەش ئاسایی دەبوو ئەگەر وەکوو لایەنێکی بەهێز ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی ڕابگەیاندبایە. بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و لەبری ئەوە هۆشداریی پێکهێنانی دامەزراوەی هاوتەریبی دا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا. هەرچەندە ئەم هەنگاوە وەکوو بژاردەیەکی ناچاریی دەبینرێت و لە سۆشیال میدیادا جۆرێک لە پشتیوانی بۆ دەردەکەوێت، بەڵام ئەزموونی بەڕێوەبردنی دوو ئیدارەیی وەکوو لێکەوتەی شەڕی ناوخۆ، یادەوەرییەکی تاڵی هەیە لەلای خەڵکی کوردستان.
لە دوا هەنگاویشدا بۆ پڕاکتیککردنی فشارەکانیان، یەکێتیی و هاوپەیمانەکەی پەنایان بردە بەر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بەڵام ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووەم دادگاکە داواکارییەکەیانی ڕەت کردەوە و پارتیش دژایەتی خۆی بۆ هەر هەوڵێکی دابەشکردنی هەرێم دووپات کردەوە. لێرەدا، پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەگەر دابەشکردنی هەرێمی کوردستان ناڕەواو مەترسیدار بێت، ئەی کاراکردنەوەی یەکلایەنەی پەرلەمان بەبێ سازانی نیشتمانی بۆ ڕەوایە، بەتایبەتیش کە لێکەوتەکەی بەم شێوەیە بێت.
لەم نێوەندەدا، هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی و نەوەی نوێ، کە لە تەممووزی ٢٠٢٦دا لەژێر ناوی “هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە” بە ٣٨ کورسیی پەرلەمانەوە لە بەرانبەر ٣٩ کورسییەکەی پارتی پێک هێنرا، چەندین پرسیاری قووڵی لای هاووڵاتییان و چاودێران دروست کردووە: ئایا ئەم هەنگاوە و هەڕەشەی جیاکردنەوەی ئیدارەی سلێمانی شەڕێکە لەپێناو سەروەریی یاسا و دادپەروەری و کولتوورسازی و نەتەوەسازی، یان ململانێیەکە لەسەر دەسەڵات و داهات؟ ئایا یەکێتیی و نەوەی نوێ دەتوانن لە هەرێمێکی نوێدا یاسا سەروەر بکەن، هاووڵاتی لە بەرانبەر یاسادا یەکسان بکەن و داهات بە شەفافی دابەش بکەن؟ ئایا دەتوانن بە شێوازێکی تەواو جیاواز لە پێشوو حوکمڕانی بکەن و بە شێوەیەکی بەرچاو کولتوورسازی، مرۆڤسازی و نەتەوەسازی و نیشتمانسازی بکەن؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە بەپێی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتیی ڕابردوو دڵخۆشکەر نین، چونکە ئەزموونی حیزبە حوکمڕانەکان نیشانیان داوە، کە ئەم ململانێیانە زیاتر بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی حیزب و بنەماڵەکان و سەرئەنجام بە زیانی گشتیی و هاووڵاتییان بووە، تەنانەت گومانی جددی لەسەر توانا و نیازی ئەم هاوپەیمانییە نوێیەش دروست بووە، کە لە خەمی مافی هاووڵاتییاندان.
بیانووی هاوسەنگیی هێز لە بەرانبەر مەترسیی دابەشبووندا
یەکێتیی و نەوەی نوێ لە لێدوانە فەرمییەکانیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هاوپەیمانییەکەیان بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی سیاسی و ڕێگریکردن لە قۆرغکاریی دەسەڵات و نووسینەوەی دەستوور و یاسای بودجەی شەفافە. بە بۆچوونی ئەو لایەنانەی پشتیوانی لە لامەرکەزییەتی تەواو، یان هەرێمی سلێمانی دەکەن، مانەوەی دۆخی ئێستا بووەتە هۆی سزای سیاسی و ئابووری لەسەر ئەم دەڤەرە. بۆیە، داوا دەکەن ناوچەکان دەسەڵاتی کارگێڕیی و دارایی سەربەخۆیان هەبێت تاوەکوو بتوانن لەسەر داهات و ئابووریی خۆیان بڕیار بدەن. لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە ڕەخنەگران ئەم هاوپەیمانییە و هەڕەشەی دووئیدارەیی تەنیا وەکوو کارتێکی فشاری سیاسی دەبینن بۆ دەستکەوتی حیزبی و پشکی کابینەی داهاتوو، نەوەک وەکوو ستراتیجێکی ڕاستەقینە بۆ خزمەتی خەڵک.
بەرپرسیارێتیی پارتی لە هاوکێشەی دابەشبووندا
مرۆڤی بێلایەن لە خوێندنەوەی ئەم دۆخەدا، ناتوانێت بەرپرسیارێتی دروستبوونی ئەم قەیرانە و هەڕەشەی دووئیدارەیی و دابەشبوونی جوگرافی تەنیا بخاتە ئەستۆی یەکێتیی و نەوەی نوێ، بەڵکوو پارتیش وەکوو هێزی سەرەکی حوکمڕان، بەرپرسیاری ڕاستەوخۆیە لەوەی دۆخەکەی گەیاندووەتە ئاستێک، کە نەیارەکانی داوای جیابوونەوە و ئیدارەی جیاواز بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر داواکارییەکەی یەکێتیی و نەوەی نوێ بۆ دابەشکردنی هەرێم بە هەڵە، یان زیانێکی گەورە دابنرێت، ئەوا سیاسەتی خۆسەپاندن و تاکڕەوی لە بڕیاردان و فەرامۆشکردنی بەشداری ڕاستەقینە لە لایەن پارتییەوە هەمان مانای هەیە و دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ لەباربردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی لە لێدوانەکانی تشرینی دووەمدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڕیاری تاکلایەنەی کەمینەیەک و جیاوازیی خزمەتگوزاری لەنێوان ناوچەکاندا، بە نموونەی چەمچەماڵ و هەولێر، وای کردووە پەنا بۆ بیرۆکەی دووئیدارەیی ببرێت. لە بەرانبەردا، بەرپرسانی پارتی ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن هەنگاوەکانیان بۆ پاراستنی دامەزراوە یاسایییەکانە. هەروەها، دوای دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی لە ٩ی تشرینی دووەمدا، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی ئامادەیی حیزبەکەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتیی و سەرجەم لایەنەکان بە مەبەستی چارەسەری قەیرانەکان ڕاگەیاند، لە کاتێکدا لە لایەن یەکێتییشەوە جەخت لەوە دەکرێتەوە، کە داوای گفتوگۆ لە ڕاگەیاندنەوە ناکرێت، بەڵکوو بە دانیشتن و کۆبوونەوەی کردەیی دەکرێت.
چارەنووسی هەولێر و دهۆک؛ ئایا دادپەروەری بەشبەش دەکرێت
گریمان سنووری سلێمانی و هەڵەبجە توانییان بە جیاکردنەوەی ئیدارە، یان دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ ببنە نموونەیەکی جوانی بەڕێوەبردن، کە تەواو لە ئیدارەدانی پارتی جیاواز بێت و تێیدا یاسا سەروەر بێت، ژینگە و سیاسەتی کولتووری مرۆڤانە بێت و داهاتەکان بە دادپەروەرانە دابەش بکرێن، بەڵام لەم هاوکێشەیەدا پرسیارە ئەخلاقی و نیشتمانییە گەورەکە بەبێ وەڵام دەمێنێتەوە: ئەی چارەنووسی هاووڵاتییان و تەنانەت دەنگدەر و لایەنگرانی یەکێتیی و نەوەی نوێ لە هەولێر و دهۆک چی بەسەر دێت؟ ئایا چ بەهایەک بۆ کوردبوون دەمێنێتەوە کاتێک لەیەک هەرێمدا بەشێکی کۆمەڵگە لە نەهامەتیدابن و بەشێکیشی لەخۆشگوزەرانیدابن.
بۆ هەر هێزێکی سیاسی، کە بانگەشەی دادپەروەریی سەرتاسەری بکات، قبووڵکردنی ئەوەی بەشێکی نیشتمان لە دۆخێکی نالەبار و نادادپەروەریدا بمێنێتەوە لەپێناو خۆشگوزەرانی بەشێکی دیکەدا، دژبەرییەکی سیاسی و ئەخلاقییە. جگە لەمەش، شارەزایان و سیاسەتمەدارانی سەربەخۆ هۆشداری دەدەن کە جیاکردنەوەی سلێمانی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان نەوەکوو هەر دابەشبوونێکی مێژوویی وەکوو دەیەی نەوەدەکان زیندوو دەکاتەوە، بەڵکوو لە ڕووی دەستووریشەوە ڕەنگە ببێتە هۆی بچووکبوونەوەی پێگەی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ئاستی پارێزگای ئاسایی بە دەسەڵاتێکی کەمترەوە، کە ئەمەش هەموو قەوارەی هەرێم لاواز دەکات لە بەرانبەر فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا.
شەڕی داهات یان شەڕی داد
ئەم پرسیارە ناوکی گومانە جەماوەرییەکانی ئەم قۆناغەیە. ڕەخنەگران، لە نێویاندا چالاکوانان و پەرلەمانتارانی پێشوو و حیزبەکانی دیکە، ئاماژە بەوە دەکەن، کە قەیرانی هەرێم تەنیا جوگرافی نییە، بەڵکوو قەیرانی سیستەم و شێوازی حوکمڕانییە. ئەگەر مەبەست چاکسازیی ڕاستەقینەیە، بۆچی یەکێتیی و نەوەی نوێ خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوانیان وەکوو شەفافیەت و سەربەخۆیی دادگا و نەهێشتنی گەندەڵی و باشکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەر ئێستا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕیندا جێبەجێ ناکەن بەبێ ئەوەی پێویست بە چاوەڕوانی هیچ لایەنێکی دیکە، یان جیابوونەوە بکات.
ئەگەر دەسەڵات لە ناوچەیەکدا نەتوانێت بە کردەوە نموونەیەکی باڵای شەفافیەت و سەربەخۆیی دامەزراوەکان نیشان بدات و تەنیا ناوەندگەرایی لە هەولێرەوە بگوازێتەوە بۆ سلێمانی، ئەوا هەرێمێکی نوێش تەنیا ناوێکی نوێ دەبێت بۆ هەمان سیستەمی کۆن. لەم ڕوانگەیەوە، خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە وای ببینن، کە ململانێکە بۆ دابەشکردنی داهات و پێگەی هێزە نەوەکوو گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەم لەپێناوی دادپەروەریدا. لە بەرانبەریشدا، بەرگریکارانی هاوپەیمانییەکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە بەبێ ڕاستکردنەوەی ناوەندی بڕیار، سەروەرکردنی پەرلەمان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی بودجە لە ئاستی هەموو هەرێمدا، چاکسازیی ڕیشەیی بەتەنیا لە ئاستی لۆکاڵیدا ناکرێت.
ئەگەر دەسەڵاتداران خۆشیان نەیبینن، ئەوا زۆرێک لە ڕەخنەگران و چاودێران بە زمانی جیاواز و شێوازی جیاواز ئەزموونی ٣٠ ساڵەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستانیان خستووەتە ڕوو، کە چۆن و چەندە ڕووبەڕووی داڕمان و شکست بووەتەوە و پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە،بەتایبەتیش لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لانی کەم لەبەرئەوەی ئەو زۆرترین پێداگری، یان بانگەشەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات. چونکە هەروەکوو چۆن دابەشکردنی جوگرافیا کێشەی نادادپەروەری چارەسەر ناکات، مانەوەی هەرێمیش بەم شێوازە چەقبەستووە، کە بە بڕوای ڕەخنەگران تێیدا پارتی دەستی بەسەر هەموو جومگەکاندا گرتووە، قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە و تەنیا سنوورەکانیان دەگوازێتەوە.
ئەگەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان مەبەستە، ئەوا لەپێش هەموو شتێکەوە دەبێت هێزە سیاسییەکان بزانن، کە پاراستنی شکۆ و ژیان و ئازادیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێویستە، چونکە بناغەی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی هەرێم، خەڵکی کوردستانە نەوەکوو بەرژەوەندیی بنەماڵەکان، ئەوەی ڕەوایەتیش بە هەرێم دەدات هەر خەڵکی کوردستانە نەوەکوو حیزبەکان. خۆ ئەگەر پاراستنی بەرژەوەندیی بنەماڵەکان بخرێتە پێش پاراستنی شکۆی هاووڵاتییانی کوردستانەوە، ئەوا قەوارەی هەرێم دەکەوێتە مەترسیی ڕاستەقینەوە؛ چونکە لەم هاوکێشەیەدا، ئەوەی بنەماڵەکان دەپارێزێت ئەو حکوومەتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانەن، کە تەنیا بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە پاڵپشتییان دەکەن، نەوەکوو لەپێناو پاراستنی هەرێم وەکوو قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری بۆ کوردستان.
لە کۆتاییدا، پرسیاری ڕاستەقینە، کە لەبەردەم هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدایە ئەوەیە: ئایا ئامادەن لە ڕێگەی سازانی نیشتمانی و دەستبەرداربوون لە تاکڕەوی و دامەزراوەی سەربەخۆوە دادپەروەری بۆ هەموو کوردستان لە زاخۆوە تاوەکوو خانەقین مسۆگەر بکەن، یان دابەشبوون دەکەنە دەروازەیەک بۆ بەردەوامیدان بە ململانێی داهات و دەسەڵات؟



