شوان محهمهد
ئەوەی چەند ساڵێکە لە سلێمانی ڕوودەدات بەرهەمی بزاوتێکی فیکری و ڕۆشنبیری سیاسی ئەم شارە نییە، بەڵکوو ئەوە گواستنەوەی مۆدێلی حزبی و حوکمڕانی پارتییە بۆ کایەی سیاسی و حزبی ناوچەکانی سلێمانی، بەڵام ئەوە پارتی نییە کە ئەم کاری گواستنەوەیە دەکات، بەڵکوو خودی یەکێتییە کە ئەم پڕۆسیە ئەنجام دەدات.
لە ئێستادا مۆدیلی حوکمڕانی پارتی کە لە کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتی حزبی و حکوومی و ئابووری و ئەمنی و میدیاییەکان لەلایەن بنەماڵەی بارزانیـەوە، خۆی دەبینێتەوە، هەر لە خۆڕا و بە ئاسانی لە ماوەیەکی کەمدا نەگەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستا، بەڵکوو کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات لەلایەن بارزانییەکانەوە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ تا ئەمڕۆ، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە. مێژوویەک لەناو پارتیدا سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و کەسی دووەمی ناو حزب و بەرپرسی دەزگا سیخوڕییەکەی لە بنەماڵەی بارزانی نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین هەموو ئەو جومگە گرنگانەی دەسەڵاتێکی سەرتاپیگری” شمولی” پێدەناسرێتەوە لە دەست بنەماڵەی بارزانیدا کۆبۆتەوە.
ئەم مۆدێلە گەر پارتی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی زۆری بۆ دابێت قەڵەمڕەوی حوکمڕانی خۆی درێژبکاتەوە بۆ ناوچەکانی سلێمانی، سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، بەڵام لە دەرەوەی پارتی و لەناو خودی یەکێتیدا هەوڵی بەرهەمهێنانی مۆدلێکی هاوشێوەی پارتی دراوە.
سەرەتاکانی دروستکردنی ئەم جۆرە مۆدێلە، هاوشێوەی پارتی، لەلای یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٩، کاتێک کە تاڵەبانی باوک و نەوشیروان مستەفا نەیانتوانی ئیدارەیەکی تەندروستی ناکۆکییەکانیان بدەن و لە ئەنجامدا بزووتنەوەی گۆڕان دامەزرا. دواتر، لەگەڵ مردنی تاڵەبانی و کەڵەکەبوونی هێز و پارە لەلای نەوەی نوێ تاڵەبانییەکان (سەرەتا لاهور و دواتر بافڵ) سەرەتای دەرکەوتنی مۆدیلی پارتی لە ناو منداڵدانی یەکێتیدا جێگیر بوو.
مۆدیلی پارتی؛ جگە لە کۆکردنەوەی دەسەڵاتە هەستیارەکانی کە پێویستن بۆ مانەوەی حوکمڕانی هەر بنەماڵەیەک، لەسەر ئاستی سیاسیش لە ناوچەکانی زۆنگی زەرددا هیچ هێزێکی سیاسی شوێن پێ بەهێز و جەماوەریی نەهێشتەوە کە مەترسیدار بن لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەکە، لەماوەی چەند ساڵێکدا سەرجەمیانی خستە پەراوێزەوە. کۆکردنەوەی میدیا و کولتوور لە دەستی بنەماڵەکە خۆیدا، لەبری پەرلەمان و حکوومەت قۆرغکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە دەست کەسانێک جێگای متمانەی بنەماڵە بن. هەموو ئەو ڕووداوانەی ئێستا لە سلێمانی و لەناو یەکێتیدا دەگوزەرێت دووبارەکردنەوەی هەمان مۆدیلی پارتییە، بەڵام دراماتیکی ڕووداوەکان لەلای پارتی پلە بەپلە چووە پێش، لەلای یەکێتی زۆر بە خێرا دەچێتە پێش.
پەراوێزخستنی سیاسی، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و میدیا و کەلتوور، هیچ نەفەسێک بۆ ئازادی سیاسی و ئازادییەکی تەندروستی بازاڕ و ئازادی بۆ کولتوورو بیروڕا ناهێڵێتەوە کە کۆمەڵگەی کوردستانی لە هەناسەدان زیاتر پێویستی بەو ئازادیەیە. بەکورتی، لە سایەی ڕژێمێکی بنەماڵەیی (شمولی) لەم شێوەیەدا هیچ بوارێک بۆ ژیانی کۆمەڵگە ناهێڵێتەوە.
جۆرە مۆدیلێکی لەم شێوەیە داخراو کە مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەعیەت و کورتکردنەوەی بۆ کەسێکی بێ ئیرادە و شوێنکەوتەی هێزی سیاسی لەسەر بنەمای ” کۆیلەی دووانەی “پۆست” و “پارە” کۆبکاتەوە، بەدڵنیایەوە دژی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستانیییە.
ئەم مۆدێلەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە هەرێمی کوردستاندا پیادەی دەکەن، مۆدێلێکی داخراوە و ڕۆژبەڕۆژ کۆمەڵگەی کوردستانی دووچاری لێکترازان و دابەشبوونی زیاتر دەکات، هەرگیز ئەم مۆدێلە ناتوانێ هەڵگری ئەرکی نیشتمانسازی بێت و کۆمەڵگایەکی شایستە بە مرۆڤ بێت.
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا مۆدێلی تاڵەبانی بەرانبەر گرووپ و دەستە و تاکەکانی ناوچەکانی سلێمانی بەڕێوەی دەبات، سەندنەوەی مافی ئازادی و سیاسەت و خۆسەپاندنیەتی بەسەر کۆمەڵگەیەکدا کە لێوان لێوە لە پرسی مرۆڤدۆستی و نەتەوەیی و نیشتمانی. هاووڵاتییانی سلێمانی تا ئەم ساتەی باسی دەکەین لە مێژووی نوێدا دوای مۆدێلی سیاسی خۆسەپێنی بنەماڵەیی نەکەوتوون، لەوەش زیاتر وەک مێگەل دوای مۆدێلێک لە حوکمڕانی ناکەون کە ناسنامەی نەتەوەییان لە مێژوودا لەکەدار بکات و ببنە بەشێک لە دابەشکردنی ڕۆحی نەتەوە.
تێبینی:
گەر دەتەوێت ڕۆحی کۆمەڵگەی کوردستانی، بەتایبەتی سلێمانی، بخوێنیتەوە، تەماشای خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی سلێمانی بکە کە زۆرینەیان گەنج بوون بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاڤای کوردستان لە سەرەتای ٢٠٢٦ هاتبوونە سەر شەقام. بۆیە دووجار بیربکەرەوە!



