سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خەمی هاووڵاتی و بەرژەوەندیی حیزبی

کاتێک باس لە هەرێمی کوردستان دەکەین، جگە لەو دابەشبوونەی پارتە سیاسییەکان لە ناوخۆیاندا هەیانە، ڕووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵتر‌ی فەلسەفی و بوونگەرایی دەبینەوە، کە تێیدا دوو جیهانبینیی تەواو دژ بە یەک لە خاڵێکدا یەکتر دەبڕن، ئەویش خەونی خەڵک و بەرژەوەندیی دەسەڵاتە.

پرسیارە فەلسەفییەکە ئەوەیە؛ هاووڵاتی چی دەوێت و لە بەرانبەردا حیزبی دەسەڵاتدار چی دەوێت؟

لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، داواکاریی هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستاندا پەیوەندی بە خەمی خاک و مافی ژیان و مانای بوونەوە هەیە. هاووڵاتی داوای ئەم توخمە بنەڕەتییانە دەکات: گۆڕینی ئەو پارچە زەوییەی لەسەری دەژین بۆ خاک و نیشتمانی نەتەوە و هاووڵاتی، کە هەمووان تێیدا ئازاد و سەربەرز بژین. چونکە مرۆڤی کورد، هەرێم تەنیا وەکوو جوگرافیا و سنوورێکی کارگێڕی نابینێت، بەڵکوو هەرێم بۆ کورد ئەو خاکەیە، کە تێیدا مانەوەی خۆی وەکوو نەتەوەیەکی ئازاد و خاوەن ناسنامە و مێژوو دەبینێتەوە.

هاووڵاتی کوردستان دەیەوێت لەو خاکەدا ببێتە خاوەن بیرێکی ئازاد و ئابوورییەکی سەربەخۆ، نەوەکوو شوێنکەوتوویەکی هەژاری بێدەسەڵات. بەو مانایەی، کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی دەرفەتەکان بۆ هەمووان بێت.

فەلسەفەی دادپەروەری، وەکوو ئەوەی لە بیردۆزەکانی “جۆن ڕۆڵز”دا هەیە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێت دەرفەتەکان بۆ هەمووان یەکسان بن.

هاووڵاتی کورد دەیەوێت داهات و سامانی ئەم هەرێمە، کە خاوەندارییەتییەکی گشتییە، بۆ هەمووان بێت، نەوەکوو تەنیا بۆ چینی دەسەڵاتدار و نزیکەکانیان. مرۆڤی کورد دەیەوێت هیچ کات ترسی نەبێت لە ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوەدا، نەترسێت لە دوای ناڕەزای و ڕەخنەگرتن هەموو شتێک لە دەست بدات.

هاووڵاتی دەیەوێت سیستەمێک هەبێت، کە پارێزگاری لە شکۆی نەتەوەکەی و مافەکانی وەکوو مرۆڤێکی رێزلێگراوی ئەم نیشتمانە بکات، بۆ ئەوەی نهێنیی مانەوەی لەم هەرێمەدا، تەنیا پارچە نانێک نەبێت، بەڵکوو ژیانێکی ئازاد و شایستە بێت بە مرۆڤی سەردەم.

لە بەرانبەر خواستە مەدەنییەکانی هاووڵاتیدا، لە مێژووی سیاسیی هەرێمەکەماندا دەسەڵات زۆرجار لەسەر بنەمای پراگماتیزمی ڕووت و بەرژەوەندپەرستی و ماکیاڤێلیزمی (ئامرازەکان پاساو بۆ ئامانج دەهێنن) بونیادنراوە.

حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، هیچ کات هەستی بە مەترسییەکانی داگیرکەرانی هەرچوار پارچە نەکردووە، بەڵکوو هەمیشە تەنیا ترسی لە نەیارەکانی ناوخۆدا هەبووە. بۆیە دەبینین دەسەڵاتی کوردی ئەم پارچە زەوییە وەکوو موڵکێکی پڕ لە سامان و خێر و فەڕ دەبینێت، نەوەک وەکوو نیشتمانێکی خاوەن سەروەریی پڕ لە هاووڵاتیی ئازاد و سەربەخۆخواز.

لە تێڕوانینی حیزبدا، جوگرافیا و دەسەڵات وەکوو سەروەتێکی تایبەت سەیر دەکرێن، کە دەبێت پارێزگارییان لێ بکرێت. بۆیە لێرەدا، خاک دەبێتە پێگەیەک بۆ قۆرخکردنی داهات و سامان و ئابووری و دابەشکردنی هەژموون بەسەر کایە گشتییەکاندا زۆر بە زەقی دیارە.

حیزب لەبری دروستکردن و گەشەپێدانی مرۆڤی ئازاد و دروستکردنی هاوپەیمانیی ناوخۆیی بۆ بەهێزکردنی هەرێم، ڕێک بەپێچەوانە، هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان دەکات بۆ لاوازکردنی لایەنە ناکۆکەکانی ناوخۆ. لێرەدا، دەسەڵات پێویستی بە سۆفی و شوێنکەوتوو هەیە، نەوەکوو مرۆڤی سەرڕاست و هۆشیار و خاوەن مۆڕال.

لە فەلسەفەی حیزبی دەسەڵاتداردا، بوونی هاووڵاتییەکی ڕەخنەگر و هۆشیار و خاوەن مۆڕال، هەڕەشەیە بۆ سەر پێگە حیزبییەکە و مانەوەی وەکوو هێزی یەکەم. بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەحیزبکردن و دەستەمۆکردنی کۆمەڵگە، بە جۆرێک، کە بژێوی و پێشکەوتنی تاک ببەستێتەوە بە ڕەزامەندیی حیزبەوە.

بۆیە دەبینین دەسەڵات بە شێوازێکی “ID”یانە (مۆڵەتنامەی ناسنامە و شوێنکەوتن) مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەکات. لەکاتێکدا، ئامانجی هاووڵاتی ژیانێکی شکۆمەندانەیە، ئامانجی سەرەکیی حیزب تەنیا مانەوە و بەردەوامیدانە بە قۆرخکاری. هەموو بڕیارێکی سیاسی و یاسایی، تەنانەت دۆسیە نیشتمانییەکانیش، لەژێر هاوکێشەی ئەم پرسیارەدا سەیر دەکرێن: «ئایا ئەمە دەسەڵاتی حیزبیی ئێمە دەپارێزێت یان نا؟»

ئەو قەیرانە قووڵەی کە لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت، جا لە ڕووی سیاسی و ئابووری یان کۆمەڵایەتییەوە بێت، لە بنەڕەتدا پێکدادانی نێوان ئەم دوو ئاراستەیەیە:

یەکەم: ئاراستەی هاووڵاتییە: هاووڵاتی دەیەوێت هەرێم بکاتە لانکەی ئازادی و دادپەروەری و گەشەسەندن.

دووەم: ئاراستەی حیزبی دەسەڵاتدار: دەسەڵاتدار دەیەوێت هەرێم لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی تەسک و سیستەمی حوکمڕانیی بنەماڵەیی، یان حیزبی و قۆرخکارییدا بهێڵێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO