پرسی کورد یەکێکە لە ئاڵۆزترین و کۆنترین پرسیارە جیۆپۆلیتیکی و نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕەگی لە داڕشتنەوەی سنوورەکانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و پەیماننامەی لۆزاندا (١٩٢٣) هەیە؛ بە جۆرێک خاکی کوردستان بەسەر هەر چوار دەوڵەتی “تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا”دا دابەشکرا و نەتەوەی کورد لە هەر کام لەو بەشانەدا ڕووبەڕووی دۆخێکی جیاوازی سیاسی و دەستووری و مافە سەرەتاییەکان بووەوە، کە هێشتاش وەکوو یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ناوچەکە بە کراوەیی ماوەتەوە.
مێژووی نەتەوەی کورد هەمیشە وەکوو مێزگردێکی گەورەی خوێن و ئازار، هاوکات تابلۆیەکی پڕ شکۆی خەبات و قوربانیدان بووە لەپێناو مانەوە و سەرخستنی مافە ڕەواکانیدا، بەڵام ئەمڕۆ پرسی کورد لە وێستگەیەکی مێژوویی و قۆناغێکی یەکجار هەستیار و نوێدایە، کە تیایدا ڕووبەڕووی دڕندەترین و نامرۆڤانەترین هێرش و پەلاماری داگیرکەران دەبێتەوە. هێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی دوژمنان بۆ سەر خاکی کوردستان، لە بنەڕەتدا تەنیا دەستدرێژییەکی سەربازی نین، بەڵکوو هەوڵێکی ترسنۆکانە و نائومێدانەن بۆ کۆتاییهێنان بەو ورە و ئیرادە پۆڵایینەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندندایە، چونکە داگیرکەران دەزانن چیدیکە ناتوانن تەنیا بە زەبری چەک و تفەنگ کۆنتڕۆڵی ئەم نەتەوە هۆشیارە بکەن.
ئەوەی ئەمڕۆ خەوی داگیرکەرانی زڕاندووە و چاویان بەم پێشکەوتن و گەشەسەندنە هەڵنایە، بوونی ڕووناکی و یەکگرتووییە لەناو ماڵی کورددا. سیاسەتی دێرینی ئەوان هەمیشە لەسەر بنەمای پەرتەوازەیی و ڕازیکردنی یەکدی حیزبی و بەرهەمهێنانی ناکۆکیی ناوخۆیی بەڕێوەچووە، تاوەکوو لە سایەی ئەو تاریکییەوە سامانەکانمان تاڵان بکەن و بڕیاری سیاسیی ئێمە کپ بکەن و دەنگی ئازادی بخنکێنن.
بەڵام کاتێک کۆمەڵگەی کوردی بە هەموو چین و توێژەکانییەوە بەرەو ڕووناکی هەنگاو دەنێت و هۆشیاریی نەتەوەیی دەبێتە مەشخەڵی ڕێگە و تەواوی پیلان و نەخشە شۆڤێنییەکان لەبار دەچن. ئەم ڕووناکییەی کە لە کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە، تەنیا زانیاریی ڕۆشنبیریی سادە نییە، بەڵکوو هۆشیارییەکی قووڵی نەوەی نوێیە، کە دەزانێت چۆن داهاتوو دەهۆنێتەوە و چۆن بەبێ سڵەمینەوە ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری خاک و کەرامەتی خۆی بێت.
لە بەرانبەر ئەم هەڕەشە و هێرشانەدا، یەکگرتوویی نەتەوەیی تەنیا دروشمێک نییە، کە لە بۆنەکاندا دووبارە بکرێتەوە، بەڵکوو تاکە قەڵا ئیرادەی پۆڵایینی پاراستنی مانەوەی ئێمەیە لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە. هەر کاتێک ئیرادەی پارچەکانی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیدا یەک بگرێت، داگیرکەران تووشی شۆکی دەروونی و سیاسی دەبن و سیناریۆکانیان یەک لە دوای یەک تووشی شکست دەبن. هێرش و پەلامارەکانی ئەوان بۆ سەر زێدی کوردەواری، لە ڕاستیدا نیشانەی ڕوونی لاوازی و ترسی قووڵیانە لەو یەکڕیزییەی کە هەیە و دەبێت ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی پێ بدرێت.
لە کۆتاییدا، وەڵامی نەپچڕاوی نەتەوەی کورد بۆ ئەم هەموو دڕندەییە، تەنیا بەهێزکردنی ئیرادە، بڵاوکردنەوەی زیاتری زانست و ڕووناکی و پتەوکردنی یەکڕیزیی ناوخۆیی دەبێت، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی، کە تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانین داگیرکەران ناچار بکەین دان بە مافە ڕەواکانی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە دابنێن.


