سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەرێم لە نێوان توندبوونی بەغدا و پەرتەوازەیی ناوخۆییدا: حەوت مەرجەکەی بودجەی ٢٠٢٧

یادگار سدیق گەڵاڵی

لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧، هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سیاسی و دارایی قورس. ئەگەرچی زۆرێک لە ناکۆکییە داراییەکان دەکرا لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵی و ساڵانی پێشووتردا بە شێوەیەکی بنەڕەتی یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام دواخستنی چارەسەرەکان وای کردووە ئەمساڵ حەوت مەرجی زۆر توند بۆ هەرێم دابنرێت. ئەم مەرجانە نەک هەر دۆسیە کۆنەکانی وەکوو پشکی هەرێم و داهاتی نانەوتی بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵنەوە، بەڵکوو بە زیادکردنی مەرجی نوێ لەسەر کەرتی غاز، تەواوی ستراتیجییەتی وزەی هەرێم دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

کێشە کۆنەکان لە بەرگێکی نوێدا؛ بۆشایی یاسایی و ناڕوونی

تێڕوانین لە حەوت مەرجەکەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ دەری دەخات کە کۆمەڵێک پرسی بنەڕەتی هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و بگرە ئاڵۆزتریش کراون:

 قەرەبووکردنەوەی مافە داراییەکان (مەرجی یەکەم): داوای ڕێککەوتن دەکرێت لەسەر قەرەبووکردنەوەی مافە داراییەکانی ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٦ کە بڕەکەی دەگاتە ١٢.٧٧٥ ترلیۆن دینار و لە ماوەی ٣ ساڵدا بدرێتەوە، لە کاتێکدا خودی مافە داراییەکان و میکانیزمی هەژمارکردنیان بەتایبەت بۆ قۆناغی ٢٠١٤-٢٠٢٦ هێشتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی نەکراوەتەوە.

بڕی بەرهەمی نەوت (مەرجی دووەم): هەرێم پابەند کراوە بە فرۆشتنی لانیکەم ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی “سۆمۆ”وە، یان ڕادەستکردنی بە وەزارەتی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە کاتی وەستانی هەناردەدا. بۆشایی ئەم بڕگەیە لەوەدایە کە هیچ چارەسەرێکی دیاری نەکردووە بۆ ئەوەی ئەگەر هەرێم بە هەر هۆکارێکی تەکنیکی یان ئابووری نەیتوانی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلە بەرهەم بهێنێت، یان ئەگەر بەرهەمەکەی لەو بڕە زیاتر بوو، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

داهاتی نانەوتی (مەرجی سێیەم): ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی مانگانە مەرجە، بەڵام هاوشێوەی بودجەی سێ ساڵیی، هێشتا پێناسە و جۆری ئەو داهاتانەی دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا و ئەوانەی لە هەرێم دەمێننەوە یەکلایی نەکراوەتەوە.

پشکی هەرێم و خەرجیی فیعلی (مەرجەکانی شەشەم و حەوتەم): کەمکردنەوەی پشکی هەرێم بۆ ١٢.٧٪ (لە بری ١٤.١٤٪) و بەستنەوەی بە خەرجییە ڕاستەقینەکان (الإنفاق الفعلي) دوای دەرکردنی خەرجییە سەروەرییەکان، دوو لەمپەری سەرەکین کە ساڵانە بەشە بودجەی هەرێم بەرەو کەمبوونەوەی زیاتر دەبەن. لێرەدا خاڵێکی ستراتیجیی گرنگ هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە چارەسەرکردنی مەرجی شەشەم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و چەسپاندنی ڕێژەی ڕاستەقینەی پشکی هەرێم، ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی زۆر باش هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی مەرجی یەکەمیشدا، چونکە زیادبوونی پشکی هەرێم بە ئەسەری ڕەجعی (كاردانەوەی پێچەوانە بۆ ساڵانی ڕابردوو) هاوکێشەی قەرز و مافە داراییە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی پێشوو لە بەرژەوەندیی هەرێم دەگۆڕێت.

مەرجەکانی (٤ و ٥)؛ گورزی کۆتایی لە کەرتی غاز و گرێبەستە نوێیەکان

ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧دا زۆرترین جێی سەرنجە، هاوکات لای بەشێک لە ئێمەی چاودێریش پێشبینیکراو بوو، زیادکردنی هەردوو مەرجی چوارەم و پێنجەمە، کە ڕاستەوخۆ کەرتی غازی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

ڕادەستکردنی غازی زیادە (مەرجی چوارەم): بەپێی ئەم خاڵە، دەبێت هەرێم تەواوی ئەو غازەی لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە ڕادەستی بەغدای بکات، ئەگەرنا بەهاکەی لە پشکی بودجەی هەرێم دەبڕدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دەرفەتێکی زێڕین هەبوو بۆ ئەوەی ژێرخانی غازی ماڵان لە ڕێگەی تۆڕی بۆرییەوە لە هەرێم دابمەزرێت، کە هەم تێچووی بۆ هاووڵاتی هەرزانتر و سەلامەتتر دەکرد و هەم کێشەی سووتەمەنیی بۆ هەمیشە بنبڕ دەکرد. ئێستا بە تێپەڕاندنی ئەم مەرجە، لە مەودای نزیک و مامناوەنددا هیچ هیوایەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیجیی لەو شێوەیە نامێنێت، تەنانەت ئەگەر نیازی ئەنجامدانیشی هەبێت.

هەڵوەشاندنەوەی شەرعییەتی گرێبەستەکان (مەرجی پێنجەم): ئەم بڕگەیە بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (١٥-٢-٢٠٢٢)، هەرێم بێبەش دەکات لە واژۆکردنی هەر گرێبەستێکی نەوت و غاز بەبێ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی. بەم پێیە “بەدەر لە تێبینییە تەکنیکی و یاساییەکانی تر لەسەریان”، هەردوو گرێبەستە گازییەکەی کۆمپانیاکانی وێسترن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن (HKN) کە لە ئایاری ٢٠٢٥دا واژۆ کران، دەکەونە بەردەم قەیرانی یاسایی و شەرعییەتیان نامێنێت.

پەرتەوازەیی ناوخۆیی و لاوازبوونی پێگەی دانوستان

ئەوەی دۆخی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ لە ساڵانی پێشوو جیا دەکاتەوە و مەترسییەکان دووهێندە دەکات، تەنها توندیی مەرجەکان نییە، بەڵکوو دابەشبوونی قووڵی ناوماڵی کوردە لە هەرێم و لە بەغدا. لەم قۆناغە هەستیارەدا، نەبوونی یەکڕیزیی سیاسی و چوونی لایەنەکان بە وەفدی جیاجیا و ئەجێندا و داواکاریی پەرتەوازەوە بۆ بەغدا، پێگەی دانوستانکاری کوردی بە تەواوی لاواز کردووە. کاتێک بەغدا دەبینێت هێزە کوردستانییەکان بە یەک گوتار و یەک تیم دانوستان ناکەن، چۆن چاوەڕێ دەکرێت حکومەتی فیدراڵی حسابیان بۆ بکات یان ئامادە بێت گۆڕانکاری و نەرمی لەم حەوت مەرجە قورسەدا بنوێنێت؟

ئەو دۆخە دارایی و یاساییەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧دا ڕەنگی داوەتەوە، دەرئەنجامی ئەو لێژبوونەوە بەردەوامەیە کە چەندین ساڵە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە و هێشتا کۆتاییەکەی دیار نییە. ئەگەرچی مەرجەکانی بەغدا توندتر و ئاڵۆزتر بوون، بەڵام ناتوانرێت ڕاستییەکان بشاردرێنەوە؛ بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە دەکەوێتە ئەستۆی کورد، چ لە ڕووی نەبوونی دیدگایەکی ستراتیجی و بەڕێوەبردنێکی تەندروست لە دوو دەیەی ڕابردوودا، چ لە ڕووی پەرتەوازەیی و ململانێی حزبیی ئەمڕۆ لە بەغدا. بەردەوامبوونی ئەم شێوازە لە سیاسەت و بەڕێوەبردن، هەرێم دەخاتە ناو بازنەیەکەوە کە ساڵ بە ساڵ دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبات و وەکوو پەندە کوردییەکە دەبێت بڵێین: ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO