قەیران ساتێکی گرنگە بۆ دەرکەوتنی شاراوەکان. چۆن نەتەوە دەزگایە و ئێمە وەها بیری لێناکەینەوە؟
نەتەوە چەمکێکی مۆدێرنە، کە بریتییە لە پێکەوەبوون و پێکەوەگرێدانی خەڵکانێک کە لە هەندێک خەسڵەتدا هاوبەشن و لە هەندێکی تردا جیاوازن.
ئەم بە یەکەوەبوونە مەیسەر دەبێت چونکە دەزگاکانی مۆدێرن هاتنە ناوەوە، وەک چاپ، ڕۆژنامە، دەوڵەت یان حکومەت، ئەم دەزگا مۆدێرنانە توانای بەزاندنی ئەو سنوورانەیان هەیە کە یەکە پێش-مۆدێرنەکان نەیانبوو. پرۆسەی دروستکردنی هاوبەشی تەنها لە ڕێگای ئامراز و دەزگاکانەوە نابێت، بەڵکوو دەبێت پرۆسەی نەتەوە خۆی وەک پرۆسەیەک ببینێت کە دەبێت هەموو ڕۆژێک بونیادبنرێت.
ئەگەر مۆدێرنە ئامرازەکانی دابینکرد بەڵام دەبێت ئەم ئامرازنە ئەو پەیام و چیرۆک و هەواڵ و یادەوەری و مەترسی و تراجیدیا و خۆشییانە بکەنە هاوبەش هەتا پرۆسەی هاوبەشبوون بەردەوام لە بونیادناندا بێت. ئەمە لە خۆیەوە نابێت. دەبێت چیرۆکت هەبێت کە چیرۆکنووس بەرهەمی دەهێنێت، سینەمات هەبێت کە فلیمساز کاری تیادا دەکات، قوتابخانە و بەرنامەی بونیادی هاوبەشی هەبێت، دەبێ زمانێک هەبێت بیگەیەنێت، دەبێت مۆزەخانە هەبێت، دەبێت ئەرشیف هەبێت، دەبێت لە سەروی هەموو ئەمانەوە هێزێک هەبێت کە پلانی ئەمانەی هەبێت و خەڵکێک هەبێت کە وەرگریی بێت.
هاوبەشی لە ڕێگای سیمبول و تیماکانەوە یەکتر دەناسنەوە، بەیەکەوە دەبەسترێن، سۆز بۆ یەکتر پەیدا دەکەن.
بەڵام ئایا ئێمە هیچ کام لەمانەمان هەیە، هیچ کام لەمانە دەکەین؟
نەتەوە تەنها ڕەهەندی نەرمی نییە، وەک چیرۆک و یادەوەری و سیمبول، بەڵکوو ڕەهەندی ڕەقیشی هەیە، وەک ژێرخان، ئابووری، بازاڕ، هەتا خەڵکێک بەیەک بگەن، بەرهەم بهێنن، بگۆڕنەوە، بەریەک بکەون، یەکتر بناسن، لە ڕێگای کاڵا و شمەک و بەرهەمەکانیانەوە چیرۆک و سەربوردەکانیان بگوزرێتەوە.
نەتەوە بریتی نییە لە پرۆسەی ڕق، کە زۆر لە ناسیونالیستەکان ڕقدۆستن. بونیادی نەتەوە جیاوازە لە ناسیونالیزم، ناسیونالیزم بە گشتی بریتیە لە هەوڵی خۆشەویستی درۆزنانە بۆ ناوەوە و ڕق لە دەرەوە لە پێناو کۆنترۆڵکردن و ڕامکردنی کۆمەڵگە.
نەتەوە پێویستی بە جیاوازە هەتا خۆی بناسێتەوە و بگۆڕێتەوە، تووشی ئاڵنگاری بێت و دایەلۆگ و سینتەسایز بکات و گەشە بکات.
بەم پێیە نەتەوە ئەو کۆدەزگایەیە، کە وەهات لێدەکات بە جۆرێکی تایبەت ڕەفتار بکەیت، هانی هەندێک شت دەدات و ڕێگریی لە هەندێکی تر دەکات، ئەمە پێناسەی دەزگایە.
لە ئێستادا دەبێت کورد بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن بگاتە خاڵی وەستان لە داڕزان، لە خۆخۆری و خۆڕسواکردن و هەرزان بوون. کە ناتوانیت بەیەکەوە هەڵبکەیت چونکە وەک پێویست مۆدێرن نیت، توانای بیرکردنەوەت نییە، ئامانجی دیارت نییە.
ئەم ڕۆژانە لەگەڵ ناوەندێک لە هەڵەبجە لە گفتوگۆدا بووم، چەندێک دڵخۆش بووم کە ناوەندێکی وەها هەیە، هێندەش دڵتەنگ، کە پرسی خەڵکێک لەبری ئەوەی بە نەتەوەیی بکرێت بەشاریی دەکرێت. چۆن فەرامۆشی خەریکە تاڵترین یادەوەریمان هەڵدەکورمێنێ.
ئەم ئێوارەیە کاتێک هاوڕێیەکی عەرەب گوتی ئامادەیە هاوکاربێت کە لە کەربەلا کۆڕ بۆ پرسی هەڵەبجە ساز بکات، دڵتەنگ بووم کە ئێمە چۆن، نەک هەر نەمانتوانیوە تراجیدیاکانمان بکەینە بەشێک لە یادەوەریی دەوڵەتی عێراق بەڵکوو هەوڵ دەدەین لە یادی خۆشمانی ببینەوە.
نەتەوە بریتی نییە لە گیڤ و گاڤی سۆشیال میدیا. لە ڕاستیدا گەر لە سەرەتای مۆدێرنەدا میدیا پانتایی خەیاڵی هاوبەش بوو، ئێستا پانتایی هەڵوەشانیی گشتییە.



