سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خشین، یان پەڕینەوەی پەرلەمانتاران!

توفیق ڕەحمان مەنتک

لەم چەند ڕۆژەدا دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردنەکان، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا دەستەی سەرۆکایەتی خۆی هەڵبژارد، ئەمەش وا لێکدرایەوە کە پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە. لە کاروباری سیاسی و حکومڕانی پەرلەمانی کارا تەنها ئەوە نییە کە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت بەڵکوو پەرلەمانی کارا ئەوەیە کە ئەرکی خۆی کارایانە بکات لە ڕووی یاسادانان و بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن. ئەوەی من مەبەستمە لەم بابەتەدا تیشکی بخەمە سەر بابەتێک لە سۆشیاڵ میدیا چەندین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا ئەویش بەشداری ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان بوو لە دەرەوەی سیاسەتی فراکسیۆن و حیزبەکانی خۆیان بەشداریان لە دانیشتنەکەدا کرد.

لە زۆربەی سیستەمی پەرلەمانیدا ئەندامانی پەرلەمان بەشێوی تاکە کەسی لە چوارچێوەی لیستی پارتێکدا خۆیان کاندید دەکەن، بەڵام لەڕووی یاساییەوە، یاسایی هەڵبژاردنەکان ئەو ئەندام پەرلەمانانە ئازادن لە هەمان لیست بمێننەوە یاخود بچنە پاڵ کوتلەیە یان سەربەخۆ کار بکەن. ئەمە دیاردەیەکی تازە نییە و لە وڵاتانی دیموکراسی و ڕۆژئاوا هەیە و پێی دەگوترێت “پەڕینەوە بۆ ئەوبەر” (crossing the floor).

کاتێک دیاردەیەکی لەم شێوەیە ڕوودەدات پرسیارێک سەرهەڵدەدات ئایا ئەمە کارێکی دیموکراسییە، هەڵوێستی دەنگدەران چی دەبێت، ئەو ئەندام پەرلەمانەی کە ئەم بڕیارەی داوە تا چەند لێکدانەوەی کردووە بۆ ئینتیمایی حیزبی و دەسکەوتی کەسی یان بەرنامەی دەنگدەرەکانی؟

ئەگەر ئێمە لێکۆڵینەوە بکەین کە ئەم دیاردەیە چەند بڵاوە بەتایبەتی لە ووڵاتانی وەک کەنەدا، بەریتانیا، ئوسترالیا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بوونی هەبووە و هەیە، واتا ئەمە شتێکی تازە نییە.

ئەم دیاردەیە لە مێژووی کەنەدا زۆرجار دووبارە بۆتەوە کە ئەندامی پەرلەمان دوای دەرچوونی چۆتە پاڵ پارتێکی تر یان وەک سەربەخۆ خۆی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەو داتایانەی لە تۆماری کتێبخانەی پەرلەمانی کەنەدا بەردەستە لە مێژووی کەنەدا دا لە ١٨٦٧ تاوەکوو ئێستا ٣٠٠ ئەندام پەرلەمان لە ماوەی کاری پەرلەمانیدا پەیوەندییان بە پارتێکی تر کردووە، ڕێژەی ٥٠% ئەو ژمارەیە پەیوەندییان بە پارتی بەرامبەر کردووە و نیوەکەی تر وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەردەوام بوون لە کارکردندا. بۆ نموونە لە ١٨٦٠ ژمارەیەک پەرلەمانتار کە دژی سیستەمی فیدراڵی بوون پەیوەندییان کرد بە پارتی حکومڕان، حکومەتەکەی سێر جۆن مەکدۆناڵد. لە ٢٠٠٥یش سترۆناچ بێلیندا لە پارتی پارێزگاران چووە پاڵ پارتی لیبراڵ کە یارمەتی پارتەکەی دا لە بەردەوامبوومی حکومەتی کەمینە. لە ٢٠٠٦دا، تەنها چەند هەفتەیەک لە دوای هەڵبژاردنەکان دەیڤید ئێمرسن لە پارتی لیبراڵ پەیوەندی کرد بە پارتی پارێزگاران. لە ٢٠٢١یشدا، جێنیکا ئاتوین، لە پارتی سەوز، چووە پاڵ کوتلەی پارتی لیبراڵ، هتد.

لە دوایین هەڵبژاردنەکانی کەنەدا پارتی لیبراڵ هەرچەندە براوە بوو و حکومەتی پێکهێنا بەڵام لە پەرلەمان زۆرینەی نەبوو، ئەمەش وایکرد کە حکومەت نەتوانێت هەموو یاسا و پڕۆژەیەک لە پەرلەمان پەسەند و دەرباز بکات. ئیدی، لیبراڵەکان لە دۆخێکی ناهەمواردا بوون، بۆیە لە ٢٠٢٥-٢٠٢٦ سەرۆک وەزیران مارک کارنی توانی سێ ئەندام پەرلەمانی لایەنی ئۆپۆزسیۆن، پارتی پارێزگاران، هەروەها یەک ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکراتی نوێ، بهێنێتە نێو کوتلەی پارتەکەی. بەمەش پارتی لیبراڵی حکومڕان توانی ببێتە پارتی زۆرینە لەنێو پەرلەمانی کەنەدا.

لە ئوسترالیا پەڕینەوەی پەرلەمانتاران کەمترە بەڵام نموونەش هەیە وەک لە ١٩٩٧، چێریل کێرنۆت پارتی دیموکراتی ئوسترالی بەجێهێشت و پەیوەندی کرد بە پارتی کاری ئوسترالی. نموونەیەکی دیکە، جیابوونەوەی کۆری بێرنارد لە لیبرالەکان بوو کە پارتی پارێزگارانی ئوسترالی دامەزراند، کرەیگ کێلی پەیوەندی کرد بە پارتی یەکێتی ئوسترالیا.

ئەمریکاش لەم دیاردەیە بێبەری نیە بەڵام کەمترە بە هۆکاری ئەوەی لە ئەمریکا زیاتر دوو پارت دیموکراتەکان و کۆمارییەکان زاڵن و پارتێکی تری باڵا دەست یاخود بژاردەیی سێیەم یان چوارەم نییە. بەپێی تۆمارەکان لە نێوان ١٩٤٧ تاوەکوو ١٩٩٧ نزیکەی ٢٠ کۆنگرێسمان و سیناتۆر ئەوبەر ئەوبەریان کردووە، سەرنجڕاکێشترین نموونەش لە ٢٠٠١ بوو کە سیناتۆر جیم جێفۆردس کوتلەی کۆمارییەکانی بەجێهێشت و خۆی وەک ئەندامی سەربەخۆ ناساند. ئەمە کێشەیەکی گەورەی دروست کرد چونکە بووە هۆی یەکسانبوونی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران، گرفتی بۆ بەرنامە و ئەجێنداکانی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بۆش دروست کرد.

لە بەریتانیا هەمان شت ڕوویداوە، وینستۆن چەرچڵ دووجار ئەوبەر ئەوبەری کردیە، و لە ٢٠٢٢دا، کریستیان وەیکفۆرد لە بەرەی پارێزگارانەوە چووە بەری پارتی کار. بەهەمان شێوە لە ٢٠٢٤دا، ناتالی ئێلفیک و دان پۆڵتەر لە پارێزگارانە بوون بە ئەندامی پارتی کار.

لە ئەوروپا ئەم دیاردەیە زیاتر لەنێو پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا ڕوو دەدات. لە زۆربەی خولەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بەلایەنی کەم ڕێژەی ١٠% ی ئەندامانی پەرلەمان کوتلە و پارتەکانیان گۆڕیووە.

هاوکات لەسەر ئاستی پەرلەمانی وڵاتان ئیتاڵیا بە پلەی یەکەم دێت کە ڕێژەیەکی بەرزی هەیە لەوەی ئەندامانی پەرلەمان لە پارتێکەوە بپەڕنەوە بۆ پارتێکی تر. لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەورووپا کەمترە بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بەتایبەتی ڕۆمانیا و پۆڵەندا زۆرە.

لەبەرئەوەی ئەم دیاردەیە لەم دواییانە لە کەنەدا زۆر قسەی لەسەر کراوە، چەندین ڕاپرسی ئەنجامدرا لەلایەن دەزگاکانی وەک نانۆس و ئیپسۆس. ڕای کەنەدییەکان لەسەر ئەم بابەتە جیاواز بوو، بەشێک پێیان وابوو پێویستە لەو بازنەیەی کە ئەندام پەرلەمانەکە نوێنەرایەتی دەکات دووبارە هەڵبژاردن بکرێتەوە، بەشێکی تر پێیان وابوو ئەگەر ئەندام پەرلەمانەکە ڕەخنە و سەرنجی هەیە لەسەر سیاسەتی پارتەکەی، ئەوا دەتوانێت وەک ئەندام پەرلەمانێکی سەربەخۆ بەردەوامی بە کارەکانی بدات. بەپێی ئەو داتایانەی کە هەیە زۆربەی ئەو کەسانەی چوونەتە پاڵ پارتێکی تر لە هەڵبژاردنی دواتر کورسییەکەیان لە دەستداوە و تۆمەتبار کراون بە خیانەت لە دەنگدەرانی خۆیان و دۆڕانیان باجی ئەو کارە قوڕسە بووە.

هەرچەندە گۆڕینی سەنگەر لە ماوەی کاری پەرلەمانتاری لە زۆربەی وڵاتان شتێکی نایاسایی نییە بەڵام دەنگدەران ڕەخنەی ئەوەیان هەیە کە ئەو کەسەی کە دەنگیان پێداوە لەسەر بنەمای پاڵپشتیان بووە بۆ بەرنامەی ئەو پارتەی کە ئەندام پەرلەمانەکە تێیدا کاندید بووە.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کڕۆکی بابەتەکەی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە دەبینین لە هەرێمی کوردستان کڕینی وەلائی بەرپرسانی حکوومی و پەرلەمانی بابەتێکە کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە و بەردەوامیشە. بۆ نموونە، لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە بەرپرسە دیارەکانی گۆڕان کە پلەی وەزیر یان ئەندام پەرلەمانیان هەبوو لە کوردستان و لە بەغدا پەیوەندییان کرد بە پارتی دەسەڵاتدار و ئەمەش وای کرد گۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا متمانەی خەڵک لە دەست بدات.

هەربۆیە ئەمجارە ئەو پەرلەمانتارانەی کە بەشداری دانیشتنەکەیان کردووە کە لە تەواوی سۆشیاڵ میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسکراوە زیاتر کارەکەیان خشین بووە بۆ دەسکەوتی ماددی و پارە وەرگرتن. ئەم دیاردەیەی کڕین و فرۆشتن بە کورسی پەرلەمان و دەنگی پەرلەمانتاری پێشهاتەیەکی مەترسیدارە بۆ لاوازکردنی پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و لە داهاتووشدا ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەبێتە متمانە نەبوون بە کاندیدەکان و دەسپاکی ئەندامانی پەرلەمان.

ئەگەر سەیری ڕێژەی بەشداری خەڵک لە دەنگدان بکەین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ڕێژەی بەشداری لە ئاستی پێویست نەبووە بگرە نزمیش بووە، هۆکارێکی زۆری ئەمە دەگەڕێتەوە بابەتی متمانە نەبوون و گومانی خەڵک لە کڕین و فرۆشتن بە دەنگ و کورسی پەرلەمان کە بەشێکی پەرلەمانتاران هەرماوەیەک لەدوای دەرچوونیان بە ئاشکرا یاخود بە نهێنی مامەڵەیان بە کورسی پەرلەمان کردووە. ئەمە کاری دەستەی دەسپاکییە کە لێکۆڵینەوە بکات چونکە وەرگرتنی پارە لەلایەن کەسێک بەرپرسیارێتی هەبێت دەچێتە بابەتی گەندەڵی. ئەوەی کە بۆ زۆربەی خەڵک ڕوونبۆتەوە ئەو کارەی ئەو ئەندام پەرلەمانانە زیاتر لە خشین دەچێت بۆ دەسکەوتی کەسی و ماددی. لەوەی پەڕینەوە بێت بۆ ئەوبەر، وەک ئەوەی لە پەرلەمانەکانی دنیا ڕوو دەدات.

کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەو گرنگییەی نییە چونکە هەموومان دەزانین بەبێ ڕێکەوتنی سیاسی پارتەکان پەرلەمان ناتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت و ڕووداوەکانی ڕابردووش لە ١٩٩٢ وە تاوەکوو ئێستا ئەم شاهیدیەمان بۆ دەدەن. ئەوەی کە خەڵکی کوردستان پێویستە لێی ورد ببێتەوە بابەتی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، ئەوەی ڕوویدا ئەوە دووپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان لە تەواوی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیووە وەک قەوارەیەکی یەک دامەزراوەیی لە ڕووی سیاسەتی حکومڕانی و ئابووری و بەرگری کار بکات.

ئەم ڕووداوانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە پارتەکان بناغەیەکی دامەزراوەیی و یەک قەوارەیان دروست نەکردووە کە خەونی کوردی نەک تەنها باشوور بەڵکوو ڕۆژهەڵات و ڕۆژاڤا و باکووریش بووە.

ئێمە دوای ٣٥ ساڵ حکومڕانی کوردستانی باشوور دەبینین کە بە جیدی کار دەکرێت لەسەر گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. ئەگەر ئێمە نەتوانین سیستەمی دامەزراوەیی و حکومڕانی دروست بکەین، ئەوا نەک ٣٥ ساڵی تریش بەڵکوو ٣٥ هەڵبژاردنی تریش بکرێت هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت چونکە لەجیاتی خەونی سەربەخۆیی و هەنگاونان بۆ دەستوور و حکومڕانی دیموکراسیانە و پاراستنی مافی ئەوانەی ڕۆژانە زەویان داگیر دەکرێت لە خانەقین و مەخموور و جەلەولا و ئەوا خەریکە وەکوو فەڵەستین دەبینە کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO