سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پرسی کورد چییە؟ ناڕوونی خەریکە جەوهەری کێشەکە پێکدێنێت

دیاکۆ مروەتی

زۆر جار بیر لەوە دەکەمەوە کە ئێمە لە کام قۆناغی مێژوویی داین. چ ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی لە ئێستادا ڕوودەدات کە ئێمە بەشێکین لێی، بەڵام لەوانەیە هێشتا گرنگی و قووڵایی مێژووییەکەی بە تەواوی تێنەگەیشتبێتین؟ مێژووی نەتەوەی کورد پڕە لە هەوراز و نشێو، هەڵکشان و داکشان؛ پڕە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژووییەکان کە هەندێک جار بە شێوەیەکی تراجیدی و هەندێک جاریش بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز دووبارە بوونەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەم ئەزموونە مێژووییانە، پرسیارێکی بنەڕەتی هێشتا بێ وەڵامە: بۆچی کێشەی ڕزگاریی نەتەوەی کورد، دوای زیاتر لە سەدەیەک خەبات، هێشتا نەیتوانیوە بگاتە ئاسۆیەکی سیاسیی ڕوون و هاوبەش؟

چۆن خەباتێک کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە ئامانجی ڕزگاری لە دەسەڵاتی دەوڵەتانی داگیرکەر و بەدەستهێنانی مافی چارەنووس سەری هەڵدابوو، لە بەشێکی بەرچاوی گوتاری سیاسیی ئەمڕۆدا گۆڕاوە بۆ هەندێک داواکاریی چاکسازی، ڕیفۆرم، بەشداریی دیموکراتیک و بە فەرمی ناسینی هەندێک لە تایبەتمەندییە کولتووری و زمانەوانییەکان؟ چۆن لە خەبات بۆ سەربەخۆیی سیاسی، سەروەری و دەسەڵاتی سیاسی بەسەر خاکی کوردستاندا، گەیشتووینەتە قۆناغێک کە تێیدا بەشێک لە ڕەوتە سیاسییەکان، تێکەڵبوونی دیموکراتیک لە ناو پێکهاتەی ئەو دەوڵەتانەدا بە ئاسۆی سیاسیی خۆیان دەزانن کە مێژووی دابەشکردن و داگیرکردنی کوردستانیان پێوە گرێدراوە؟

ئەمڕۆ لە نێوان ڕەوتە سیاسییە کوردستانییەکاندا، بۆچوونی جیاواز لەبارەی چارەسەری پرسی کوردستان هەیە. هەندێک فیدراڵیزم بە چارەسەرێکی سیاسیی گونجاو دەزانن؛ هەندێکی تر لە مافی چارەنووسین لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستادا بەرگری دەکەن؛ هەندێکیش دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتەکان، ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک و بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی بە ڕێگای سەرەکیی خەبات دەزانن. ئەم جیاوازییانە لە هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک بوونی هەیە. هەر کۆمەڵگەیەکی سیاسی دەتوانێت لەسەر ڕێگاکانی گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری ناکۆکیی تێدا هەبێت.

بەڵام کێشە لەو شوێنەدا دەست پێ دەکات کە ئەم جیاوازییانە لە ئاستی ڕێگای جیاوازیی سیاسی تێدەپەڕن و دەگەنە ئاستی ناکۆکی لەسەر خودی مانا و پێناسەی کێشەکە. واتە، ئێمە هێشتا لەبارەی تێگەیشتن و ڕێگای گەیشتن بۆ نموونە بە ئازادییەکی هاوبەش ناکۆکین، یان لە بنەڕەتدا لەبارەی ئەوە ناکۆکین کە ئازادی لە بەستێن (کۆنتێکست) و دۆخی ئێستای کوردستان  چییە، کێشەی کوردستان چییە و کێشەی کورد لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و بۆ گەیشتووتە ئەم دۆخە؟

ئەوەی کە زۆر جار دەبێتە هۆی ناڕوونیی بەرنامە و ستراتیجیی حیزبەکان، پارادۆکسی نێوان گوتاری سیاسی و کرداری سیاسییانە. بۆ وێنە لە گوتاری سیاسیی باوی بەشێکی بەرچاو لە حیزبە کوردستانییەکان و هەروەها لە بەشێک لە هۆشیاریی سیاسیی خەڵکی کوردستاندا، کوردستان وەک خاکێکی داگیرکراو پێناسە دەکرێت. بەڵام ئەگەر کوردستان وەک خاکێکی داگیرکراو پێناسە دەکەین، پێویستە بە وردی ڕوونی بکەینەوە مەبەستمان لە داگیرکاری چییە، لەلایەن کێوە سەری هەڵداوە و چ میکانیزمێکی سیاسی، کولتووری، یاسایی، ئابووری و ئەمنیی بەردەوامیی پێ دەدات.

ئەگەر گوتاری سیاسیی حیزبێک، کوردستان وەک خاکێکی داگیرکراو پێناسە بکات، بەڵام لە کردەوەدا چارەسەری کێشەکە لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسیی هەمان دەوڵەتی داگیرکەردا داوا بکات، ئەوا چۆن دەبێت لە ستراتیج و خەباتی دروست و نادروست تێبگەین؟ بۆ نموونە، چۆن دەکرێت لە یەک کاتدا دەوڵەتێک بە داگیرکەر بناسێنین، بەڵام لە هەمان کاتدا داوای چاکسازیی ئەو دەوڵەتە، بەشداریی سیاسی لە دامەزراوەکانی و بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەندی بکەین؟

پارادۆکسەکە تەنها لە نێوان ئەوەی حیزبەکان دەیڵێن و ئەوەی دەیکەن نییە؛ بەڵکوو لەوەشدا خۆی دەردەخات کە چۆن گوتاری حیزبی دەتوانێت هەمان کات دوو وێنەی جیاواز لە کێشەی کورد بەرهەم بهێنێت.

لە لایەکەوە، کوردستان وەک خاک و نەتەوەیەکی داگیرکراو دەخرێتە ڕوو؛ لە لایەکی ترەوە، خەڵکی کوردستان وەک هاووڵاتییانی دەوڵەتەکانی ئێستا وێنا دەکرێن و بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریی زیاتر لە هەندێ هاوپەیمانی سیاسیی کە لایەنی هاوپەیمان  بە ڕوونی بەرگری لە گوتاری داگیرکاری دەکەن.

بۆیە، لەوانەیە کێشەی سەرەکیی ئەمڕۆی خەباتی سیاسیی کورد تەنها نەبوونی ستراتیجییەکی هاوبەش نەبێت؛ بەڵکوو نەبوونی ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەش لەبارەی خودی کێشەکە بێت.

ئایا ئێمە هێشتا لە قۆناغی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیین، یان بە تێپەڕبوونی کات، خەباتەکەمان گۆڕاوە بۆ خەبات بۆ بەدەستهێنانی هەندێک مافی کولتووری لە ناو ئەو ساختارە سیاسییانەی کە لە سەرەتادا بۆ ڕزگاربوون لێیان خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دەستی پێ کردبوو؟

ئەگەر ئەم حیزبانە بەهۆی‌، بە قەولی خۆیان،  «ئەمری واقیعەوە» لە ئاسۆی سەروەریی سیاسی و ڕزگاریی نەتەوەیی دوور کەوتونەتەوە و ئینتێگراسیۆن، تمرکززدایی و فیدڕاڵیزم بە چارەسەر دەزانن، ئەوا پێویستە بە ڕوونی پێناسەی خۆیان لە داگیرکاری، ڕزگاری و مافی چارەنووس سەر لە نوێ بۆ کۆمەڵگەی کوردستان ڕوون بکەنەوە. ناتوانرێت ئامانجی خەبات بگۆڕدرێت، بەڵام گوتاری سیاسی و پێناسەی کێشەکە هەر وەک خۆی بهێڵدرێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO