مێژووی “کەشتی” وڵاتان پڕیەتی لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، تاوەکوو گەشتووەتە کەنارێکی ئارام، بەڵام بۆ پاراستنی “کەشتیەکە و سەرنیشینەکانی” لە نغرۆبوون، بیرمەند و سەرکردە و داڕێژەرانی بڕیار، هەڵوەستەیان کردووە و هەڵساون بە داڕشتنی نەخشەڕێگەی تۆکمە بۆ ئەوەی کەشتیەکەیان لە داهاتوودا بەرگەی هەڵبەز و دابەزی شەپۆلەکان بگرێت، ئەم نەخشەڕێگەیەش بریتی بووە لە نووسینەوەی “دەستوور” کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە و بە دایکی یاساکان پێناسە دەکرێت و وەکوو داینەمۆی پێشکەوتنی وڵاتان لەقەڵەم دەدرێت.
هەرێمی کوردستان دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە 2003 قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە “عێراقی نوێ”دا بۆ فەراهەم بووە، ئەم قەوارەیەش لە ماددەکانی (116 و117 و 120 و 121)ی دەستووری عێراقدا دانی پێدانراوە، بۆیە پاراستنی ئەم قەوارەیە “هێڵی سوورە” و نابێت بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ پاساوێکدا، سازشی لەسەر بکرێت.
بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ٢١ ساڵ لە نووسینەوەی دەستووری عێڕاق، تاوەکوو ئێستا “داڕێژەرانی بڕیاری هەرێم” نەیانتوانیوە سوود لەو مافە دەستوورییە وەربگرن، کە لە ماددەی 120ی دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێکراوە و بە ڕوونی ماف بە هەرێمی کوردستان دراوە، کە خاوەن دەستوورێکی تایبەت بە خۆی بێت، کەچی هێشتا هەرێمی کوردستان نەبووەتە خاوەن دەستووری خۆی.
گرنگ و پێویست بوو دوای نووسینەوەی دەستووری عێراق، یەکەم هەنگاوی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ بێت بۆ هەرێمی کوردستان، لەجیاتی واژووکردنی “ڕێکكەوتننامەی ستراتیجی لە تەمموزی 2007 و دواتریش ڕێكکەوتننامەی دەباشان لە ئایاری 2016” چونکە پێم وایە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستوورێکی هاوچەرخ و ڕێزلێگراوە، کە ماف بە هەموو گرووپ و پێکهاتە و حیزب و کەسەکان بدات بۆ ئەوەی لەژێر سایەیدا هەموو دام و دەزگا مەدەنی و سەربازییەکان یەک بخەن و سنوور بۆ هەرسێ دەسەڵاتی “یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری” دیاری بکەن، تاوەکوو بتوانرێت ئەرکی خۆیان بە شێوەیەکی شەفاف ئەنجام بدەن. لەپێناو گەیاندنی کەشتی هەرێمی کوردستان بە کەناری ئارامی هاوشێوەی هەرێم و وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەندەڵی و بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک کە دەرفەتی کاری یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتووان بڕەخسێنرێت و ئەرک و ماف بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، بەبێ ڕەچاوکردنی جۆری ڕەنگ و ڕەگەز و حیزب و ئایین و ئایدیۆلۆجیا.
بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت، دەکرێت سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان هەوڵ بدات نووسینەوەی “دەستوور” بکاتە ڤاکسینی پەتای “پەرتەوازەیی کوردستان” تاوەکوو زاڵ بین بەسەر ئاستهنگهكانی ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە هەڕەشەی دووئیدارەیی لە کوردستان لە هەموو هەڕەشەکانی دیکە ترسناکترە، داخی گرانم ئێمە بەتەمای دەوڵەت بووین، کەچی ئێستا خەریکە دوو لەت دەبین!
ئێمەی کوردستانی گرنگە سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین و ئەوەمان لەبەرچاو بێت، کە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەهۆی نووسینەوەی دەستوورەوە توانیویانە بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ ببن و کۆدەنگی دروست بکەن و سەقامگیری بەرپا بکەن. بۆ نموونە، سەرەکیترین فاکتەری گەشەسەندن و زلهێزبوون و سەرکەوتنی ئەمهریکا، هەبوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە تەنیا لە (7) ماددە پێکهاتووە و لە سەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیۆمێنتی نووسراوی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، کە تەمەنی ٢٣٩ ساڵە و تاوەکوو ئێستاش کاری پێ دەکرێت.
ئەگەر باوکانی دامەزرێنەری ئەمهریکا ٢٣٩ ساڵ لەمەوبەر توانیبێتیان هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژن و دەستوورێک بنووسنەوە، بۆچی ئێمەی کورد نەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین و هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژین؟
ڕاستییەکی تاڵە، کە دەڵێین “کەشتی” هەرێمی کوردستان بههۆی پهرتهوازهییەوە کونی تێبووه، بەڵام خۆشبەختانە هێشتا نقووم نەبووە، بۆیە دەکرێت نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ ببێتە فریادڕەس بۆ ڕزگارکردنی ئەم کەشتییە، بە مەرجێک دەستوورێکی ڕێزلێگیراو بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نەوەکوو تەنیا وەکوو مەرەکەبی سەر کاغەز بمێنێتەوە.
لە ئێستادا گرنگە ئەوە بزانین، کەوا هەموومان دانیشتووی ئەم کەشتییەی هەرێمی کوردستانین و ئەرکی سەر شانی هەموو لایەکمانە، بە گیانێکی نەتەوەیی و نیشتمانی چارەسەرێک بۆ کون و کەلەبەرەکانی ئەم کەشتییە بدۆزینەوە، بۆیە پێم وایە تاکە چارەسەر تەنیا دایەلۆگ و سازان و نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخە بۆ ڕزگارکردنی ئەم کەشتییە، چونکە بە نقوومبوونی ئەم کەشتییە نەوەکوو تەنیا باشووری کوردستان زەرەر دەکات، بەڵکوو تاکە ئومێدی هەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستانی گەورەش لەبار دەبات.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین، کەوا خەڵکی کوردستان شایەنی خزمەتی زیاترن، نەوەکوو دڵەڕاوکێی زیاتر. بۆیە تاوەکوو کار لەکار نەترازاوە، گرنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەوڵی خۆیان چڕ بکەنەوە، تاوەکوو دڵنیایی بدەنە خەڵکی کوردستان، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەپێناو گەیشتن بە سازان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ و مەدەنی بۆ هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دوولەتبوون و بەهێزکردن و ڕێکخستنەوەی دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکان و دانانی سنوورێکی دەستووری بۆ هەرسێ دەسەڵاتی “یاسادانان و بەڕێوەبردن و دادوەری” چونکە دڵنیام ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندی گشتیی خەڵکی کوردستاندا دەبێت، بە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە، کوردستانیش خاکێکی بە پیت و بەرەکەتی هەیە و بەشی هەموولایەک دەکات و جێگەی هەمووشمانی تێدا دەبێتەوە، دەستووریش دەبێتە نەخشە ڕێگەیەک، کە بەوهۆیەوە دەتوانرێت “کەشتی” هەرێمی کوردستان لە نقوومبوون ڕزگار بکات و بیگەینێتە کەنارێکی ئارام و داهاتوویەکی “گەش و پڕشنگدار و دادپەروەر” بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.



