سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەربەخۆیی پەرلەمانتار و بەرپرسیارێتیی ئاکاری و سیاسی و کۆمەڵایەتی

سلێمان مستەفا حەسەن

 ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەوە، بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕیوە. لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە ٢٠٠٥دا، دەستە سەربەخۆکانیش بەجیا لە هەرسێ دەسەڵاتەکەی دیکە دامەزراون. لێرەدا، دەبێت دان بە ڕاستییەکدا بنێین، ئێمە دیموکراسیمان بە شێوەیەکی هەڵە ئەزموون کردووە، ئەمەش باجێکی زۆری لە کورد و کوردایەتی سەندووە و هەموو کوردێکی دڵسۆزی نیگەران کردووە. چونکە نەتەوەکەمان لە باشوور تۆماری قوربانی و بەرخۆدانی زۆری هەیە؛ ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و عەرەباندن و بەعساندن و زیندان و لەسێدارەدان، هەموویان شایەدی ئەو ڕاستییەن، کاتێک دەڵێین لە پێکهاتە و دەستەواژەکانی دیموکراسی و سەروەریی یاسا بە هەڵە تێگەیشتووین، کاتێک دەڵێین دیموکراسیمان بە شێوەیەکی هەڵە پەیڕەو کردووە، یان بە پێچەوانەی دابونەریتی کوردەواری و ڕەفتار و مامەڵەمان لەگەڵ کردووە، ئەمانە ڕاستییەکی تاڵن.

 با بە کوردی و کورتی لە پەرلەمانەوە دەست پێ بکەین. لە خولی یەکەم و دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان‌دا، کار بە سیستەمی لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی و دابەشکاریی هەڵبژاردن و شێوازی لیستی داخراو کرا. پەرلەمانتاران لەسەر لیستی پارتەکان بەربژێر دەکران و بەپێی ڕیزبەندیی لیستەکان، بەرکەوتەی حیزبە براوەکان دیاری دەکران. لە خولی چوارەم و پێنجەم و شەشەمدا، سیستەمی لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی و دابەشکاریی هەڵبژاردن، لەگەڵ شێوازی لیستی نیمچەکراوە پەیڕەوی لێ کراوە.

پرسیارێکی گرنگ لێرەدا دێتە پێشەوە: ئایا پەرلەمانتار ئازادە بە ئارەزووی خۆی واز لە پارتەکەی بهێنێت و فراکسیۆنەکەی جێ بهێڵێت؟ ئەگەر بەپێی چەمکەکانی دیموکراسی و سەروەریی یاسا مامەڵە بکەین، وەڵامەکە بەڵێیە، بەڵام ئەمەش بە واتای نەبوونی هیچ سنوورێک نییە. چونکە مافی یاسایی و بەرپرسیارێتیی ئاکاری و سیاسی دوو بابەتی جیاوازن. لە سیستەمی لیستی نیمچەکراوەدا، پەرلەمانتار بەرپرسیارێتییەکی ئاکاری و سیاسی بەرانبەر پارتەکەی و دەنگدەران هەڵدەگرێت، چونکە شێوازی بەدەستهێنانی کورسییەکەی پەیوەندیی بە لیست و دەنگەکانی پارتەکەیەوە هەیە. بە دەگمەن پەرلەمانتارێک دەتوانێت تەنیا بە ماف و ماندووبوونی خۆی دەنگی پێویست بۆ کورسییەکی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بەڵکوو دەنگدەری پارتەکەش دەنگی پێ دەدات و لە کۆتاییدا، بە دەنگی هاوڕێکانی لە لیستەکەدا کورسییەکە دەباتەوە. لە سەرەتاش کورسی بۆ حیزبەکە دیاری دەکرێت و لە قۆناغی دووەم دەدرێتە ئەو بەربژێرەی کە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بۆ نوێنەرانی ژنانیش ئەم بەرپرسیارێتییە لە ڕووی هەڵسەنگاندنی شێوازی بەدەستهێنانی کورسییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

بۆیە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتیی ئاکاری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەن، کە نابێت پەرلەمانتارێک بە پشتبەستن بە مافی یاسایی خۆی، لە شەو و ڕۆژێکدا، هەموو ئەو پەیوەندی و بەرپرسیارێتییانە پشتگوێ بخات و ڕایبگەیەنێت، کە وەکوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ کار دەکات، لە کاتێکدا سیاسەت و چالاکییەکانی پێچەوانەی ئەو بەرنامە و بانگەشەیە بن، کە بە ناوی لیستەکەوە پێشکەشی دەنگدەران کراوە لە کەمپینی هەڵبژاردندا، تەنانەت لەناو حیزبەکەشی بەڵێننامەی پابەندبوونی پڕ کردووەتەوە.

ئایا پەرلەمانتارێک، کە تەنیا ٣٠٠ دەنگی هەیە، بەڕاستی بە ٣٠٠ دەنگ دەبێتە پەرلەمانتار؟ ئایا نرخی کورسیی پەرلەمان بۆ نموونە هەر ٣٠٠ دەنگە؟ ئەوەش پرسیارێکە، کە پەیوەندیی بە شێوازی دابەشکردنی کورسی و سیستەمی هەڵبژاردنەوە هەیە. لە لایەکی دیکەوە، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا، بەربژێری سەربەخۆ بە مافی خۆپاڵاوتن بۆ هەموو کەسێک لە دەستوور پێناسە و دەقنووس کراوە، واتە هەر کەسێک بەتەنیا بەشداریی پێشبڕکێی هەڵبژاردن بکات و ئەگەر مەرجە یاساییەکانی بەدەستهێنانی کاندیدبوونی تێدا بێت و ژمارەی دەنگی نرخی کورسی بهێنێت کورسیی پەرلەمان پڕ دەکاتەوە، وەکوو بەربژێری سەربەخۆ دەبێتە پەرلەمانتار.

لێرەدا، دەبێت بە وردی جیاوازی بکەین لەنێوان بەربژێری سەربەخۆ لە کاتی هەڵبژاردن و پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەناو پەرلەماندا. بۆیە دەنگدەران و هاووڵاتییانی کوردستان نیگەرانن لەوەی پەرلەمانتارێک لە بەرانبەر دیاری و پارە، یان پۆست، ئاراستەی سیاسیی و سەنگەری خۆی بگۆڕێت. هەروەها ئەوەی پارتەکان بە دیاری و پارە و پۆست، پەرلەمانتار و کادیرەکانی یەکتر بکڕن، بابەتەکە جێگەی نیگەرانییە.

بەداخەوە، وشەکەش بۆ وتار جوان نییە، بەڵام دەبێت بە ڕوونی دژی ئەم ڕەفتارە بوەستینەوە، چونکە کڕین و فرۆشتنی متمانەی دەنگدەران، زیان بە شکۆی پەرلەمان و بنەماکانی نوێنەرایەتی دەگەیەنێت. ئێمە پێویستمان بەوەیە ڕێز و شکۆ بۆ مرۆڤ و متمانەی دەنگدەر و ڕەوشتی بەرزی کوردانە بگەڕێنینەوە.

سەربەخۆیی پەرلەمانتار مافێکی یاساییە، بەڵام نابێت ببێتە پاساو بۆ پشتکردنە متمانەی ئەوانەی دەنگیان پێ داوە. بۆیە دەبێت ئەم سیاسەتە لە هەرێمی کوردستان شەرمەزار بکرێت و بە یاسا قەدەغە بکرێت، لەناو یاسای حیزبەکان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شوێنی بۆ بکرێتەوە، ئەرکی هەموو لایەنەکانە و تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردەوارییە دژی ئەو دیاردانە بوەستنەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO