لە دووتوێی سەرقاڵبوون بە خوێندنەوەی ئاگامبین، بەسەر کۆمەڵێک چەمک و بەراوردکاریدا کەوتم، کە پەیوەندی بە واقیعی ئەمڕۆی کورد و دنیاوە هەیە. لەو چەمکانەش ژیان و مرۆڤ و سەروەری و مرۆڤی ڕووت. لەو کورتە بابەتەدا، بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەو چەمکانە بوەستم و بیان بەستمەوە بە واقیعی ئەمڕۆی مرۆڤی کورد وەکوو مرۆڤێکی بێسەروەری، بەدەر لە توانای سیاسەتکردن و مرۆڤێکی بێدەوڵەت.
ئاگامبین لە پێشەکی کتێبەکەیدا، لە پەیوەندی بە مرۆڤی هاوچەرخەوە ئاماژە بە ڕستەیەکی فۆکۆ دەکات و دەڵێت “مرۆڤی هاوچەرخ ئاژەڵێکە، سیاسەتەکەی و تەواوی بوونی، وەکوو بوونەوەرێکی زیندوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە” (Agamben, 1998:3). لەو هاوکێشەیەی فۆکۆدا، ڕوانگەی گشتیی بەشێوەیەکی ڕەها مرۆڤی هاوچەرخە، بەڵام لێرەدا، لە چوارچێوەی تێگەیشتنی ئاگامبیندا، ئێمە دەیبەستینەوە بە مرۆڤی کورد، وەکوو مرۆڤێکی ڕووتەو بێسیاسەت. لە خوارەوە بە وردەکارییەوە دەچینە ناو مەبەستە سەرەکییەکەی کوردی بێدەوڵەت و لە دەرەوەی سیاسەت.
ئاگامبین لە کتێبەکەیدا، دەچێتە ناو شڕۆڤەکردنی ژیان و گەڕانەوە بۆ سەردەمی گریکەکان و تێگەیشتن لە چەمکی “ژیانی ڕووت” (Homo Sacer). بە گشتیش قەیرانی مرۆڤی هاوچەرخ تەنیا دیاردەیەکی ئابووری یان سیاسیی نییە، ئەگەر لە ڕواڵەت دووربکەوینەوە، دەبینین دابەزینێکی بونیادی و ئەخلاقییە. بەجۆرێک ئاڵۆزبووە، تاک لەنێوان دەسەڵات و هێز و کۆمەڵگەدا، تەنیا فۆڕمە بایۆلۆجییەکەی ماوە. من دژە دەسەڵات نیم “دەسەڵات بەمانا دابڕاو یان ئەبستراکتەکەی”، بەتایبەتیش لە ڕوانگە لیبڕاڵەکەی، کە جۆن لۆک وێنای کردووە و پێی وایە مرۆڤەکان بەر لە پێکهێنانی دەوڵەت خاوەنی مافی سروشتی خۆیان بوون، کە بریتییە لە “ژیان، ئازادیی و خاوەندارێتی” (Locke, 2026:106). لێرەدا، دەسەڵات تەنیا ئەرکی سەرپەرشتیاریی هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی کەسێکی دیکە، بە پێچەوانەی ئەو فۆڕمە دەسەڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە زیاتر لە سەد ساڵە لە ڕێگەی داگیرکارییەوە وەگیرییان هێناوین. بە جۆرێک دەسەڵاتە داگیرکەرەکان ژیانی مرۆڤی کوردییان کردووەتە ئامراز و ئەقڵی مرۆڤی کوردییان لە وەزیفەی ئاسایی خۆی بەتاڵ کردۆتەوە، بچووکییان کردووەتەوە بۆ ئاستی مانەوەی ڕووت و ژیانێکی ڕووت و دوور لە هەموو جۆرە بەها و سەروەرییەک، لەسەر هەردوو ئاستەکانی تاک و کۆمەڵگە.
لە سەردەمی داڕمانی بەها سۆزداریی و ئەخلاقییەکانیدا، مرۆڤ نەوەکوو هەر بەرەو ئاستی ئاژەڵبوون دابەزیوە، بەڵکوو لە ئاژەڵیش دابڕاوتر بووە یان کراوە، بەو مانایەی پێگەی ئاژەڵیش دووچاری فشاری مرۆڤ بووەتەوە و ئاژەڵ تاوەکوو ئاستێکی زۆر لە پێگەی ئاژەڵبوونەوە پاشەکشەی پێ کراوە لە لایەن خودی مرۆڤ. ئاژەڵ لە پانتاییە بەرفراوانەکانی هاوسەنگیی ژینگەدا دەژیت، بەڵام مرۆڤ دێت و ئەو هاوسەنگییە گەردوونییە بەرفراوانەی لێ تێک دەدات و داگیری دەکات، لەم شوێنەدا “هەژاریی ئەقڵ”ی مرۆڤ دەبێتە بەرزترین جۆری مەترسیی بۆ پێگەی ئاژەڵ، چونکە تەنیا بە زیندوویی مانەوە دەبێتە ئامانج، نەوەکوو بەهاداربوونی ژیان، وەکوو بەهاداربوونێکی دابڕاو (موجەررەد یان ئەبستراکت)، بەهاداربوونێک لەدەرەوەی هەموو ئایین و ئایدیۆلۆجیاکانەوە. هەموو ئایین و ئایدیۆلۆجیاکان، ئەگەر کۆمەڵێک بەها و نۆرمیشییان بۆ ژیان هەبن، لەهەمان کاتدا، کۆمەڵێک کۆت و سنووردارکردنیشییان هەن، مرۆڤ لەو مافانە دووردەخاتەوە و نزیکییان دەکاتەوە لەو پانتاییانەی کە ململانێیەتی لەگەڵ کێڵگە بەرفراوانەکانی ئاژەڵاندا.
چەمکی “ژیانی ڕووت”ی ئاگامبین، یەکێکە لە ناوەندیترین و قوڵترین چەمکەکان، لە فەلسەفەی سیاسیی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئیتاڵی جۆرجیۆ ئاگامبین. ئەم چەمکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو قەیرانەوە هەیە، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا. واتە دابەزینی مرۆڤ بۆ ئاستی مەخلوقاتێکی زیندووی ڕووت، کە هیچ ماف و بەهایەکی ئەخلاقی و یاسایی نەمابێت. لێرەدا، بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندی و تێکهەڵكێشی دەسەڵات، کۆمەڵگە و تاک و ئەرکەکانییان، لە گرنگی ڕۆڵی دەسەڵات تێ ناگەین، کە نۆربێرت ئەلیاس بە فراوانی لە تیۆرییەکەیدا “پڕۆسەی بە شارستانیکردن” باسی کردووە (van Krieken, 2017).
پڕۆسەی پێکهێنانی دەوڵەت، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەیەکەوەبەستنەوەی مرۆڤەکان، کە لەکۆتاییشدا، “دەبێتە هۆی تێکەڵبوونێکی گەورەتر و پێکەوەپەیوەستبوونێکی قووڵتر لەنێوان مرۆڤەکاندا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوانییاندا دروست دەکات” (Rohloff, 2012:3). ئەمەش وادەکات، کە پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی نەرمونییان و بەیەکەوەپەیوەستبوون (Interdependence) لە کۆمەڵگەدا، بە زیندوویی بهێڵێتەوە. کێشە بنەڕەتییەکە لە دۆخی کورددا لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا ئەوەیە، کە هەرگیز ئەو دۆخە ڕووی نەداوە و ڕووش نادات، چونکە کورد نامۆیە بە بونیادی ئەو دەوڵەتانە.
لە دەوڵەتێکی نیشتمانیدا، چۆن مرۆڤەکان سەربەخۆ نین، ئاواش وەکوو دوورگەیەکی دابڕاو لە یەکتر ناژین، هەمیشە بە زنجیرەیەک پەیوەندی دەسەڵات و سۆز و ئابووری و کولتووری بەیەکترەوە بەستراونەتەوە. لە ئەنجامیشدا، ئەلیاس پێی وایە کۆمەڵگە بینایەک، یان بوونەوەرێکی ڕەق نییە، بەو مانایەی لە سەرووی مرۆڤەکانەوە وەستابێت، بەڵکوو بریتییە لەو شێوازە لە پەیوەندی و کارلێکانەی، کە مرۆڤەکان لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، لەگەڵ یەکتردا دروستی دەکەن (Elias, 1978). ئەمەش لە دۆخی دەوڵەتی داگیرکەردا، لەگەڵ هاوڵاتییانی داگیرکراودا ئارەزوومەندانە دروست نابێت. دەوڵەتی داگیرکەر بە ئاراستەی مرۆڤی ڕووت لەگەڵ هاووڵاتییانی داگیرکراودا کار دەکات، وادەکات داگیرکەر سوود لەهەموو بازنەیەکی پەیوەندی وەربگرێت بۆ بەدیلهێشتنەوەی مرۆڤی خاک داگیرکراو لەناو هاوکێشەی ئێمە و ئەوان، یان دامەزراوەکان و بەئەویدیکەکراوەکاندا. هەروەها یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (فیگورێیشن) هاوسەنگی دەسەڵاتە. لە دۆخی داگیرکاریدا، هەرگیز داگیرکەر نایەوێت ئەو هاوسەنگییە دروست بکات لەنێوان خەڵکی خۆی، کە دەکرێت بە ڕەسەن، یان بە دامەزراو ناوزەدییان بکات، لەگەڵ خەڵکی داگیرکراودا، کە دەکرێت بە بێگانە، بە هاتوو یان بەهەر جۆرێکی دیکەی “بەئەویدیکردن” ناوزەدییان بکات. هەر بۆیەشە داگیرکەر هەمیشە گرووپی داگیرکراو بە مەترسی لەسەر خۆی و چارەنووسی خۆیان دەزانێت (Elias and Scotson, 1994) و تۆمەتی هەمەجۆری بۆ هەڵدەبەستێت. ئەمە تەنیا لە حاڵەتی داگیرکردنی نەتەوەیەکدا زۆر نابێت، چونکە تەواوی جەستەی نەتەوە بەدابڕاوی دەمێنێتەوە و لە هەموو کاریگەرییەک دادەبڕێنرێت، بەتایبەتیش کە نەتەوە وەکوو یەک جەستە خۆی ڕادەست دەکات و چیدیکە باوەڕی بە ئازادی نامێنێت.
لەناو ئەو ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەی پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراودا، ئاگامبین لە کتێبەکەیدا بەناوی “هۆمۆساکەر و دەسەڵاتی سەروەر و ژیانی ڕووت” دا، دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. هۆمۆساکەر، چەمکێکی لاتینی کۆنە و بە مانای مرۆڤی پیرۆز، یان نەفرەتلێکراو. لەو بارەیەوە ئاگامبین دەڵێت: “مرۆڤی پیرۆز ئەو کەسەیە، کە خەڵک “نەتەوە” بەهۆی تاوانێکەوە بڕیارییان لەسەر داوە. ڕێگە پێدراو نییە ئەم مرۆڤە بکرێتە قوربانی (لە نەریتە ئایینییەکاندا)، لەگەڵ ئەوەشدا، هەر کەسێک بیکوژێت، بکوژەکە بە تاوانی مرۆڤکوژی سزا نادرێت. لە ڕاستیدا، لە یەکەم یاسای تریبۆنیدا ئاماژەی پێدراوە، کە ئەگەر کەسێک ئەو کەسە بکوژێت، کە بە گوێرەی گشتپرسی (بڕیاری نەتەوە) بە پیرۆز دیاریکراوە، ئەوا وەکوو تاوانی کوشتن ئەژمار ناکرێت. هەر لەبەر ئەمەشە، لە دابونەریتدا بە کەسێکی خراپکار، یان ناپاک (پیسکەوتوو) بگوترێت پیرۆز (Agamben, 1998:71).
لێرەدا جەوهەری پارادۆکسەکە پیسبوونە لە جەستەیەکدا بە پیرۆز هەژمار دەکرێت، ژیانی ئەو کەسە بەجۆرێک لە یاسای مرۆیی و لە پانتاییە گشتییەکاندا دەردەهێندرێت، کە کوشتنی وەکوو تاوان دانانرێت، هاوکات ئەوەندەش بە ناپاک دادەندرێت، کە خوداوەندەکانیش وەکوو قوربانییەکی ئایینی قبوڵی ناکەن. دەقەکە گێڕانەوەیەکی مێژوویی و یاسایی بەناوبانگی فەرهەنگنووسی یاسایی و کولتوورری ڕۆما پۆمپیۆس فێستۆتە (Pompeius Festus)، سەبارەت بە چەمکی “مرۆڤی پیرۆز”.
لە یاسای ڕۆمانەکاندا، بە کەسێک دەگوترا “مرۆڤی ڕوو” کە مافە سیاسییەکانی لێ دەسەندرایەوە. لەسایەی ئەو سزایەشدا، کوشتنی مرۆڤەکە وەکوو تاوان هەژمار نەدەکرا. بەڵام پارادۆکسەکە لەوەدا سەرچاوە دەگرێت، کە لە ڕووی ئایینییەوە “چونکە دەست بەسەر جەستە و ڕوحیدا دەگیرا، دەدرایە دەست خواوەندەکان و دەبووە موڵکی ئەوان”، قەدەغە بوو بکرێت بە قوربانی و وەکوو قوربانی بکوژرێت. لێرەدا، مافە سیاسییەکان گرنگن بۆ ئەوەی جۆرێک لە مانا بە کەسایەتی مرۆڤ ببەخشێت، نەوەکوو هەر پیرۆزییەکانی بەڵکوو بەو هۆیەوە دیوە بایۆلۆجییەکەشی پارێزراو دەبێت.
یۆنانییەکان بۆ دەستەواژەی ژیان دوو چەمکی جیاوازییان بەکارهێناوە. یەکەمییان، زۆیێ (Zoē)، بە مانای ژیانی سروشتی، یان زیندەیی (بایۆلۆجی) دێت، ئەو ژیانەی کە مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵ و ڕووەکدا هاوبەشە. ئەوەی جیای دەکاتەوە جیاوازیی هەناسەدان و خواردن و زاوزێ و مانەوەیە. دووەمییان، بایۆس (Bios)ـــە، بەمانای ژیانی سیاسی و شارستانی و ئەخلاقی دێت، ئەو ژیانەی کە خاوەن ماف و بەها و شەرەف و پێگەی سیاسییە لە ناو کۆمەڵگەدا. لە ڕوانگەی ئاگامبیندا ژیانی ڕووت ئەوەیە، کە بایۆس “مافی سیاسی و ئەخلاقی” لە مرۆڤ وەردەگیرێتەوە و تەنیا زۆیێ واتە پێگە “زیندووەکەی” بۆ دەهێڵێتەوە و دەبێتە مرۆڤێکی ڕووت (بایۆلۆجی). لێرەدا، مرۆڤ دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئاژەڵ، مەیدانی سروشتی بە ئاژەڵ چۆڵ دەکات و لەگەڵ زیندوێتی ئاژەڵدا کێبڕکێ دەکات و لەوێدا سیماکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ تێکەڵ دەبن.
مەبەستی فۆکۆش لە جۆری سیاسەتی هاوچەرخی مرۆڤ، دابەزینە بۆ پێگەی ئاژەڵ. لەو حاڵەتەشدا ئەو جۆرە سیاسەتە تەواوی بوون وەکوو مرۆڤێکی ئاقڵ دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خۆ ئەگەر هەمان ئەو مرۆڤە ڕێگە بە ئەندامانی نەتەوەیەک نەدات سیاسەت بکەن، یاخود سیاسیی بن بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە سەروەریی خود، لەهەر ئاستێکدا بێت، پێگەی ئەو ئەندامانە لە پێگەی ئاژەڵیش خوارتر دەڕوات، چونکە زۆر بە سادەیی مرۆڤێکە بەبێ سیاسەت. لە کۆتاییشدا، مرۆڤێکی دیلە وەکوو بوونەوەرێکی زیندووش مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.
ئێستا لە چوارچێوەی ئەو وێناکردنەدا، ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکی بایۆلۆجی داین، کە ڕووتکراوەتەوە لەهەموو بەها مرۆییەکان و مافە سیاسییەکان، ڕێک ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لەگەڵ چەمکێکی دیکە ئەویش مرۆڤی سەروەرە. “سەروەریی” ئەو دەسەڵاتە باڵایەیە، کە مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی خۆی بدات و دیاری بکات کێ ژیانی بەهادار و پارێزراوی هەیە بە هەموو مافە بنەڕەتییەکانییەوە، کێش دەکرێت بکوژرێت بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت. بۆیە لە ڕوانگەی ئاگامبین “خاوەن سەروەریی، بەهۆی خاوەندارێتیی دەسەڵاتی یاسایی بۆ ڕاگرتنی بەڕێوەچوونی یاسا، بە شێوەیەکی یاسایی خۆی دەخاتە دەرەوەی یاسا، ئەمەش مانای وایە دەکرێت ئەم پارادۆکسە بەم شێوەیەش دابڕێژرێت: یاسا لە دەرەوەی خۆیدا دەژی، یان من کە سەروەرم لە دەرەوەی یاسام، ڕای دەگەیەنم کە هیچ شتێک لە دەرەوەی یاسادا نییە” (Agamben, 1998:15).
ئەم لۆجیکە بەقەد دژبەیەکبوونەکەی قوڵاییی هەیە. کەسێک، کە خاوەنی سەروەریی خۆی بێت، دەشتوانێت خۆی بخاتە دەرەوەی یاسا. هەر ئەم لۆجیکەشە وا لە داگیرکەر دەکات، لەڕێگەی سەروەریی خۆیەوە لە دەرەوەی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و بەها و نۆرمەکانەوە مرۆڤی کورد بخاتە چوارچێوەی مرۆڤی ڕووت، بەو ئاراستەیەیدا ببات، کە بۆ خۆی دەیەوێت، لە نابووتکردنەوە تاوەکوو کوشتن. لێرەدا، ڕێک دەچیینە پانتایی ژیانێکی سروشتیی، وەکوو ژیانی هەر ئاژەڵێک، کە هیچ سنووردانانێک نییە بۆ لەناوبردنی، مەگەر خوودی سنووردانانەکە بۆ قەڵەوکردن و باشکردنی بێت بۆ ئەوەی دواتر بەکاری بهێنن، بەبێ ئەوەی دەسەڵات، یان کۆمەڵگە بە تاوانی بزانن.
لەسەر بنەمای تێزەکەی ئاگامبین، کە لەسەر بیرۆکەی هۆمۆساکەر دامەزراوە، لە فۆڕمە گشتییەکەیدا مرۆڤی هاوچەرخ ڕووت کراوەتەوە، بەو مانایەی تەواوی خەمی مرۆڤ کورتکراوەتەوە لە “مانەوە لە ژیاندا”، کە بریتییە لە خواردن و پاراستنی جەستە لە نەخۆشی و ئاساییش. لەو جۆرە حالەتەدا، کە تەنیا بیرمان لەسەر مانەوە و خۆپاراستن بێت ئەقڵ و ڕەخنە و بەها ئەخلاقییە بەرزەکان هەپڕوون بە هەپروون دەبن. نزیک دەبینەوە لە کێڵگەی ئاژەڵان و جیاوازییەکان لەگەڵ بوونەوەرەکانی دیکە نامێنن. لە هەموو ئەو بەهایانەی وەکوو دڵسۆزی و هاوسۆزی و ڕاستگۆیی دادەبڕێت و دەبێتە بوونەوەرێک، کە ئامادەیە هەموو شتێک بکات تەنیا جەستە ڕووتەکەی بمێنێتەوە. ئەوە فۆڕمە مرۆییە گشتییەکەیە. ئەی کە دادەبەزینە فۆڕمە تایبەتییەکەی ناو کێڵگەی بیرکردنەوەی داگیرکەر، کە لە بنەڕەتدا، بۆخۆی لە فۆڕمی ئاژەڵێکدا خەریکی بەرهەمهێنانی سیاسەتە، تەواوی خەمی ئەو مانەوەیە لە زیندانی ئەو خودگەراییەی کە پێی وایە تەنیا ئەو مافی سەروەری و بەرهەمهێنانی سیاسەتی هەیە، گرنگ نییە چ جۆرە سیاسەتێک بێت، با لە دەرەوەی هەموو بەها و نۆرمە مرۆییەکانیش بێت، گرنگ ئەوەیە مرۆڤی کورد لە دەرەوەی فۆرمی سیاسەتدا دەبینێت.
حکوومەتی عێراق لە نیوەی دووەمی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بێجگە لە شارە گەورەکان، تەواوی باشووری کوردستانی ئاخنییە ناو ئۆردوگا زۆرەملێکان. کۆمەڵگەی کوردی لەهەموو بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان دابڕی، دوای ئەوەی لە یادەوەری و خاک و کولتوور و بەها و نۆرمەکانی دابڕی. لەوێوە توانی بەسەریاندا زاڵ بێت و زیاتر لە نیو میلیۆن مرۆڤ بخزێنێتە ناو گرووپە چەکدارەکان و چەکداری و میلیتاریزم بکات بە سەرچاوەی ژیان. ئەوەی بۆ مرۆڤی کوردی ناو ئۆردوگا زۆرەملێکانی هێشتەوە ژیانێکی ڕووت بوو، جۆرێک بوو لە حەشامات و کەڵەکەکردنی مرۆڤەکان بەسەر یەکەوە. شەپۆڵەکانی ئەو ڕووتکردنەوە و نابووتکردنەش تا ئەمڕۆ لە فۆڕمی جیاوازدا بەردەوامن، لە پێشەوەی هەموو بەهاکانیش دەستهەڵگرتن لە سەروەریی، بەمانای نەبوونی هۆشیاری و وازهێنان و دابەزین لە ئازادی سیاسی و سەربەخۆیی وەکو تاک یان وەکو کۆ، لە کۆتاییشدا ژیانێکی ڕووت لە دەرەوەی یاساکان. وێنە گشتییەکەش؛ داگیرکەر لەناو پاناتیی بەرهەمهێنانی یاسا و کوردیش لە دەرەوەی یاسا و هەژمارکردنی بە تێکدەر (مخرب).
لێرەدا ڕاستەوخۆ دەکەوینە بەرانبەر چەمکی ئۆردوگا (کامپ) و دۆخی گۆشەگیریی و زیندان. ئەمڕۆ نموونەی هەرە زیندووی کورد لە وەها دۆخێکدا گۆشەگیری و دابڕینی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردن لە جەستەی سەرکردەیەکی کوردی وەکوو عەبدوڵا ئۆجەلان. کاتێک ئۆجەلان بە دیل دەگیرێت، تەواوی پرسی کورد و بزووتنەوەی کوردیی باکوریش دەکرێتە دیل و دەستی بەسەردا دەگیرێت و کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، بەجۆرێک تاوەکوو چرکەساتی ئەو نووسینەش لەناو کاردانەوەکانی ئەو دیلبوونەدا دەژین. ئەو دیلبوونە، پرسی کورد لەناو زینداندا قایم دەکات و بەلاڕێیدا دەبات، دووری دەخاتەوە لە مەبەستە سەرەکییەکەی و لەو گەرموگوڕییەی، کە بەر لەو پڕۆسەیە، پرسەکە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەخۆیەوە دەیدیت. دەکرێت کاریگەری و نابووتکردنەکانی ئەو دوورخستنەوەیە درێژ ببنەوە بۆ دەیان ساڵ و چەندین وەچە، نەوەکوو هەر دوای دەخات و دووری دەخاتەوە لە ئامانجە سەرەکییەکەی، بەڵکوو ڕێک پێچەوانەی دەکاتەوە بۆ هۆمۆساکەر و مرۆڤی ڕووت، لەپێناو داماڵینی لە هەموو جۆرە مافێکی تایبەت وەکوو کورد.
لەناو تۆڕی پلانەکانی لە کاریگەریخستن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو جومگە بەهێزەکانی داگیرکراو، ئاگامبین دێت و پێما دەڵێت، ئۆردوگا “سەربازگە و کەمپی پەنابەران و نەخۆشخانە تووندەکان، یان تەنانەت کۆمەڵگە دەستبەسەرکراوەکانی وەکوو گێتۆکان، یان ئەو کامپانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی میدیاکاندا دەمێننەوە و بە ترسێکی بەردەوام گەمارۆ دەدرێن. بۆیە دەڵێت، “کەمپەکانی کۆکردنەوە (کە کۆکراوەکان تیایدا لە دۆخی تیرۆر و زۆرەملێدا دەژین) تاقیگەن بۆ تاقیکردنەوەی کۆنتڕۆڵی ڕەها و گشتگیر، چونکە سروشتی مرۆڤ چۆن بێت، ئەم ئامانجە تەنیا لەژێر بارودۆخە پەڕگیر و توندەکانی دۆزەخێکی دەستکردی مرۆڤدا دەکرێت” (Agamben, 1998:120).
لە چوارچێوەی ئەو تێگەیشتنەشدا، ئۆردوگا زۆرەملێکانی باشووری کوردستانیش، وەکوو ئۆردوگای کۆکردنەوە، شوێنێک بوون، لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی داگیرکەردا، ژیانی مرۆڤەکان تیایدا ببووە ژیانێکی ڕووت. لەو ئۆردوگایانەدا مرۆڤەکان تەنیا ژمارە و جەستەیەکی داپۆشراو بوون و هەناسەیان دەدا. مرۆڤەکان لەپڕ خۆیان لە دەرەوەی مرۆڤبووندا دۆزییەوە، بەجۆرێک لە هەموو دەسەڵاتێک داماڵران و چارەنووسی خۆیان لە دەست خۆیاندا نەما. ئەو هاوکێشەیە بۆ مرۆڤی دنیای ئێمە بە گشتیی تاوەکوو ئەمڕۆش بە ڕێژەی جیاواز هەر ڕاستە، بەتایبەتیش بۆ زۆرینەی مرۆڤی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەوەکوو هەر لە دۆخی بێدەوڵەتیدا، بەڵکوو دەیخاتە دۆخی دژە دەوڵەتیش، وەکوو ئەوەی لە باکوور ڕوودەدات.
کەواتە گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئەوە نییە، کە مرۆڤ لەڕووی جەستەییەوە لەناوببرێت و کۆتایی بە ژیانی بهێندرێت، بەڵکوو ئەوەیە، کە لە سەروەری خۆیان دابماڵرێن و بخرێنە دەرەوەی قانون و دۆخی پیرۆزگەرایی ئاگامبین وەربگرن، دابماڵرێن لە هەموو مافەکانیان، ئەقڵ و بەها ئەخلاقییەکانیش، بۆ هەموو کەسێکیش هەبێت کە بیکوژێت. تەنانەت بەکەڵکی قوربانیش نەمێنێت. ئەوەتا وا لە کورد دەکرێت تەنیا جەستەیەک بێت و خەمی گەورەی ئەوە بێت تەنیا و تەنیا پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات. لە وەها دۆخێکدا، ژیانی ڕووت زاڵ دەبێت و ئازادییەکان وەکوو ماکیاج و شتی زیادە تەماشا دەکرێن، کتومت نزیک دەبینەوە لە کێڵگەی ئاژەڵان، ئەگەر پانتایی ژیانیش نەکرێت بە پانتاییەکی کێڵگە ئاسای وەکوو ئۆردوگا زۆرەملێکان و گێتۆکان و گەڕەکە پەراوێزخراوەکان.
سەرچاوەکان
Agamben, G. and Sacer, H., 1998. Sovereign power and bare life.
Elias, N., 1978. What is sociology? Columbia University Press.
Elias, N. and Scotson, J.L., 1994. The established and the outsiders.
Locke, J., 2026. Second treatise of Government. Primento Digital sprl.
Rohloff, A., 2012. Shifting the focus? Moral panics as civilizing and decivilizing processes. In Moral panic and the politics of anxiety (pp. 71-85). Routledge.
van Krieken, R., 2017. Norbert Elias and figurational sociology. The Wiley‐Blackwell Encyclopedia of Social Theory, pp.1-3.


