بەپێی هەموو خوێندنەوە و پێوانەکردنێك، هیچ دەقێکی ئەدەبی بەبێ هزر و فەلسەفە تەواو نابێت، بەڵام ڕۆمان وەکوو بوارێکی فراوانتر، لە توخمە جیاوازەکانی دیکەی ئەدەب وەردەگرێت. هەروەها هیچ ڕۆمانێکی سەرکەوتوو، بەبێ ژینگەیەکی هزریی سەرکەوتوو نابێت. دیسان ڕۆماننووسێکی سەرکەوتوو، بەبێ پاشخانێکی دەوڵەمەندی هزری و فەلسەفی ناتوانێت بەرهەمێکی سەرکەوتوو بخوڵقێنێت. واتە هەر بەرهەمێک، کە تێرایی هزر و فەلسەفەی تێدا نەبێت، وەکوو بەرهەمەکانی جوتیارێکە، کە تینی گەرمای ڕۆژی نەیگاتێ.
مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی دیکەش بڵێت، هیچ بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەریی گەورەی جیهان، بەبێ تینوێتی و گەرمایی هزر و فەلسەفە دروست نەبووە. ئەدەب و هونەر بە گشتیی، ناتوانن لە دەرەوەی پشتگیریی هزرمەندان و فەیلەسوفان، ناوەڕۆکەکانی خۆیان بەباشی پڕ بکەنەوە. لەبەر ئەوە، ڕۆمان وەکوو فەلسەفە دێتە پێناسەکردن. ڕاستە «والتەر سکۆت ڕۆمانی ڕۆژئاوای گەیاندە بەهای فەلسەفیی مێژوو»[1]، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ناوی وەک «نیتشە و کیرکگارد و سارتر و کامۆ و…» بهێنێت، دەبینێت لەنێوان مێژووی ئەدەب و فەلسەفەدا دوو تێکەڵبوونی زۆر نزیک هەیە.
هەندێکجار دەقە فەلسەفییەکانیش لە ڕێگەی پرسیارە فەلسەفییەکانی خۆیانەوە، هەڵگری مانا ئەدەبی و ڕۆمانن. ئەمەش وای کردووە، وەرگر جێگایەکی ناوەندی لە ڕۆماندا وەربگرێت و ناوەڕۆکی ڕۆمان بە هزر و فەلسەفە داگیر بکرێت. لەبەر ئەوە، کاتێک ڕۆماننووس دەرمانەکانی تاڵ لە ئامێزی چیرۆکێکی شیرین و خۆشدا پێشکەشی وەرگرەکەی دەکات. ئەوا ناوەڕۆکە فەلسەفییەکانیش لە خۆیدا هەڵدەگرێت. بەو شێوەیە، فەلسەفەش دەتوانێت زیاتر لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە، خۆی بگەیەنێتە کۆمەڵێکی فراوانتر لە خەڵک. ڕاستە فەیلەسوف زیاتر خۆی لە بواری ڕۆماندا دەبینێتەوە، بەڵام هایدیگەر زیاتر گرنگی بە “هەڵبەستی هۆڵدەرلین و شێوەکاری ڤانگۆخ” داوە، تاوەکوو ڕۆمان.
بەم شێوەیە، بەپێی پێوەندیی ڕۆمان لەگەڵ خۆیدا، ڕۆماننووس وەکوو هزرمەند و فەیلەسوف، «گابریێل گارسیا مارکێس و ئۆمبێرتۆ ئێکۆ و بالزاک»، مامەڵە لەگەڵ ڕۆماندا دەکەن، کە کارەکتەرەکانی ڕۆمان پڕن لە ناوەڕۆکی فەلسەفی و بابەتە هزرییەکان، چونکە «ڕۆماننووسە گەورەکان، فەیلەسوفی گەورەن».[2]
لەبەرئەوە، فرۆید دەڵێت: «من لە ڕێگەی ڕۆمانەکانی دۆستۆیێفسکییەوە ــ Dostoevsky ــ زانیاری زۆرم لەسەر شێوازی دەروونیی مرۆڤەکان پەیداکردووە.» ڕاستە ڕۆماننووس لەوانەیە بەرهەمەکانی فەلسەفی نەبن، بەڵام خۆیان وەکوو فەیلەسوفەکان بیر دەکەنەوە. لەبەر ئەوە، ڕۆمان لە هەموو فۆرمە جیاوازەکانی دیکەی ئەدەب، بۆ وێناکردنی ژیانی مرۆڤ گونجاوترە، چونکە باشترین ئامرازە بۆ دەربڕینی پرسیار و گرفتەکان. لەبەر ئەوە، ڕۆمان بەرهەمێکی هزریی کراوە و بەرفراوانە.
ئەگەر مرۆڤ دیسان بیەوێت نموونە بۆ ئەم پەیوەندییەی نێوان ڕۆمان و فەلسەفە بەرچاو بخات، «گفتوگۆکانی پلاتۆن/٣٤٧ پ.ز» خۆی وەکوو دەقێکی درامی لەنێوان کەسانی جیاوازدا، دیالۆگ و تێفکرین/ تێهزرکردنەوە لەسەر ڕاستییەکان دەخاتەڕوو. ئەمە خۆی وەکوو دەقێکی شانۆگەریی هزری نیشان دراوە. لە پەرتووکەکەی فەیلەسوفی ڕۆمانی، بۆئیسیۆس، «زێمارەی/ تەعزیە فەلسەفە/٥٢٤»، تێکەڵکردنی هەڵبەست و پەخشان، بۆ نیشاندانی تێهزرکردنەوە لەسەر خۆشی و مانای مرۆڤایەتی بەکارهاتووە.
هەروەها لە پەرتووکەکەی نیتشە، «زارادەشت وا دەڵێت/١٨٨٣ ــ ١٨٨٥»، ڕاستە دەقێکی فەلسەفییە، بەڵام بە بەرگێکی ڕۆمانی نووسراوە. واتە بە شێوەیەکی ئەدەبی نووسراوە، چونکە فەلسەفە لەم پەرتووکەدا دەگۆڕدرێت بۆ دەقێک، کە وەکوو هەلبەستێک پڕە لە وێنە و چەڤەنگ و ئەفسانە. هەر ڕۆمانی کازانتزاکیس، «زۆربا/١٩٤٦»، خۆی دەقێکی ڕۆمانییە، بەڵام لە بەرگێکی فەلسەفی داڕێژراوە.
دیارە ئۆمبێرتۆ ئێکۆش یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی، کە زیاترین تێکەڵکردن لەنێوان ڕۆمان و فەلسەفەدا کردووە. بە تایبەتی لە ڕۆمانی «ناوی گوڵەکە/١٩٨٠»دا، کە بە یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت. بەم شێوەیە، ڕۆمان لە لای ئێکۆ تەنیا گێڕانەوەی حەکایەت نییە، بەڵکوو جیهانێکی چەڤەنگی “رەمزی”یە، کە بەرەو ناوەڕاستی تێهزرکردنەوەکانی فەلسەفەیەکی قووڵ دەچێت. لەبەر ئەوە، ئێکۆ لە بواری فەلسەفەوە نەچووەتە بوارى ڕۆمان، بەڵکوو پڕۆسەیەکی ڕێکخراوی گواستنەوەی بیرۆکە فەلسەفییەکانە بۆ دوورەدەستەکان، بە یارمەتیی ڕۆمان.
ئایا ڕۆمان دەتوانێت ببێتە بوارێکی تێهزرکردنەوەی فەلسەفی، بەبێ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی خۆی، وەکوو گێڕانەوە و خەیاڵ و ئێستاتیکا لەدەست بدات؟ ڕاستە لە سەدەی هەژدەدا گرنگییەکی زۆر بە تێکەڵبوونی نێوان ڕۆمان و فەلسەفە دراوە، بەڵام ئەگەر لە سەدەی هەژدەدا «ڕۆسۆو دیدرۆ و ڤۆلتێر و بریڤۆ» زیاتر ڕۆمانیان وەکوو تاقیگەیەکی بیرکردنەوە دەبینی، لە سەدەی بیستەمدا گرنگییەکی زۆر بە دیالێکتیکی نێوان ڕۆمان و گێڕانەوە دراوە.
بەم شێوەیە، ڕۆمانی نوێ بە تەنیا بە گێڕانەوەی حەکایەت ناپێورێت، بەڵکوو تاوەکوو ئەو ڕادەیەی دەتوانێت برینەکانی مرۆڤایەتی بگوازێتەوە بۆ زمانی ڕۆمان، بیرەوەرییەکان بگۆڕێت بۆ ئێستاتیکایەکی ڕۆمانی و ئازارەکان بباتە ناو پرسیارە فەلسەفییەکان، کە دەتوانن لە سنووری کات و شوێن تێپەڕن. لەبەر ئەوە، ڕۆمانی ئەمڕۆ تەنیا ئامرازێک بۆ چیرۆک، یان گێڕانەوەیەکی لەبیرکردن نییە، بەڵکوو بوارێکی مەعریفی و ئێستاتیکیی ئاڵۆزە، کە پرسیارە فەلسەفییەکان لەگەڵ ئەزموونەکانی مرۆڤایەتی دەبەستێتەوە.
بەم تێگەیشتنە، کاتێک ڕۆمان دەگاتە ئاستی بەرزی هزری، ئەوا فەلسەفە نابێتە میوانێکی بارگرانی ڕۆمان، بەڵکو وەکوو دیالێکتیکی «هزر و ژیان» و «عەقڵ و خەیاڵ»، گێڕانەوە دەکاتە ڕێگەی تێهزرکردنەوە لە ژیان. ڕاستە کاتێک ڕۆمان لە ئاستی گێڕانەوە تێدەپەڕێت و دەگاتە پلەی پرسیارە هۆکارییەکانی ژیان، ئەوا فەلسەفە خۆی بەخاوەن دەزانێت لەناو ماڵی ڕۆماندا. ئێدی «هەروەکوو لە مێژووی فەلسەفەدا جۆرەها شێوازی گێڕانەوە هەیە. هەروەها جۆرەها شێوازی گێڕانەوە، لە فەلسەفەدا هەیە».[3]
لەو بوارەدا، دێلۆز دەڵێت: «فەلسەفە وەکوو ڕۆمان وایە، بەڵام ئەگەر ڕۆمان بە ڕێگەی کارەکتەرەکانی خۆی تەڤگەرێ بکرێت، ئەوا کەس بە سایەی فەلسەفە تەڤگەرێ دەکات؛ وەکوو زارادەشت/ نیتشە، گەمژە/ دێکارت و سۆکرات/ پلاتۆن.»[4]
زیاتر لەوەش، «هەموو ڕۆماننووسێک وەکوو پێویست فەیلەسوفە، چونکە مەحاڵە مرۆڤ بتوانێت وێنەیەک لەسەر بوونی مرۆڤایەتی پێشکەش بکات، بەبێ ئەوەی چوارچێوەیەکی فەلسەفی بۆ دابین بکات.»[5]
ڕاستە، دەبێت ئەوەش بگوترێت، کە ڕۆمانە گەورەکان ئەوانە نین، کە هزرێکی زۆر بار دەکەن، بەڵکوو ئەوانەن، کە دەتوانن پڕۆسەی گێڕانەوە بکەنە وێنەیەک لە وێنەکانی تێهزرکردنەوە. زیاتر لەوەش، ڕۆمانە باش و نەمرەکان ئەوانە نین، کە وەڵامی ئامادە بۆ پرسیارەکان دەدەن، بەڵکوو ئەوانەن، کە دەتوانن پرسیارە قووڵەکانی خۆیان لەبەر فرەخوێندن و ڕەخنە وەرگرن.
هەروەها ڕاستە ڕۆمان بە لۆجیکی فەلسەفە بیر ناکاتەوە، بەڵکوو هزرەکانی کارەکتەرەکانی خۆی لە تۆڕێکی چڕ و پڕ لە پرسیارەکاندا دەخاتەڕوو، لە بەرانبەر هەموو وەڵامێکدا پرسیارێکی دیکە دروست دەکات. بەم تێگەیشتنە، هەرچەندە بوارى پرسیارەکانی دەقی ڕۆمان فراوانتر بێت، ئەوەندەش ڕۆمان دەتوانێت بژیێت و کاریگەری دروست بکات، چونکە پرسیارە گەورەکان بە ئاسانی پیر نابن، بەڵکوو لە هەموو سەردەمێکدا خۆیان نوێ دەکەنەوە.
لەبەرئەوە، زۆرجار ڕۆمان دەبێتە شێوازێک لە شێوازەکانی تێهزرکردنەوە لە جیهان، کە خۆی لە قووڵایی فەلسەفەدا کەمتر نییە. لێرەدا، دەردەکەوێت کە هێزی هزر لە هێزی دەربڕین جیا ناکرێتەوە.
ڕاستە فەلسەفە تەنیا نیشاندانی لۆجیکی هزر نییە، بەڵکوو خۆی هونەری بەکارهێنانی زمانە بۆ گەیاندنی نێرینە و بیرۆکەکان. واتە ڕاستە ڕۆمان، یان فەلسەفە لەسەر ئەو بنەمایە دروست دەبن، کە تاوەکوو چەند دەتوانن بوارێکی تێهزرکردنەوە و دووبارە پرسیارکردنەوە لە مانا دروست بکەن.
سەرباری ئەوە، فەلسەفە هەوڵ دەدات دەربڕینی پرسیارە گەورەکانی مرۆڤایەتی وەکوو «ژیان و مانا و ئازادی و بوونگەرایی»، بکات. بێگومان ئەم جۆرە پرسیارانە خۆیان ژیان و گیانیان بە «ئەدەب/ هەلبەست و ڕۆمان» دەبەخشن. لێرەدا، دەقە وشکەکانیش دەگۆڕرێن بۆ پرسیارە زیندووەکانی ژیان و دەدرێنە «دوورهێل/ واقیع ، مرۆڤ و مێژوو».
هەر ئەرکەکانی ڕۆمان و فەلسەفە خۆیان پڕۆسەیەکی ڕەخنەیی بۆ ڕزگارکردنی هۆشمەندی لە دێماگۆجی دروست دەکەن و ڕێگەی خوێنەر بۆ تواناکانی تێهزرکردنەوە، لە دەرەوەی قالبە وشک و جەختکراوەکان ئامادە دەکەن.
گەلۆ بۆچی هەمیشە گفتوگۆ لەسەر مردنی «فەلسەفە و ئایدیۆلۆجی و سیاسەت و…» دەکرێت، بەڵام گفتوگۆ لەسەر مردنی بوارەکانی داهێنان، وەکوو «شعر و چیرۆک و ڕۆمان و…» ناکرێت؟
ڕاستە فەلسەفە و ڕۆمان لە دوو ئاراستەوە دەست پێ دەکەن، فەلسەفە تێگەیشتنەکان بنیاد دەنێت و ئارگۆمێنتەکان هەڵدەسەنگێنێت و هەروەها هەوڵ دەدات بە یارمەتیی لۆجیک و عەقڵ بگاتە ڕاستی، بەڵام ڕۆمان بە ڕێگەی جیهانی سەرپێهاتی، کات و حەکایەت و چارەنووسی کەسەکان تەڤگەرێ دەکات.
هەروەها، هەروەکوو بوارەکانی دەقە ئەدەبییەکان زیاتر فۆڕمێکی گەلێری وەرگرتووە، هەمان شێوە بوارەکەی فەلسەفەش زیاتر تایبەتمەندییەکانی وەرگرتووە. لەبەرئەوە، ئەگەر ڕۆمان بەرهەمی باژار/ بۆرژوازی بێت، فەلسەفەش کچەی باژارە. دیسان هەروەکوو باژار، واتە دیالۆگ، هەمان شێوە ڕۆمانیش دیالۆگ و هزر و فەلسەفەیە.
هەمیشە فەلسەفە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی بوون دەدات و بەهایەکی گشتیی وەکوو سیمبۆل ــ Symbol، بە مرۆڤ/ تاک دەبەخشێت، بەڵام ڕۆمان مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی زیندوو دەکاتە گەوهەری خۆی. واتە فەلسەفە لە سەرەتای پەیدابوونی خۆیەوە مژوولی مرۆڤ و پرسیارەکانی بوون بووە، بەڵام ڕۆمان هات و ئەم تاکەی کردە سەرکێشی دەقی خۆی.
لەبەر ئەوە، ئەو پرسیارانەی بوارەکانی ڕۆمان داگیر دەکەن، زۆرتر پرسیارە ئۆنتۆلۆجییەکانن. بەم شێوەیە، ڕۆمان لە ئەورووپا پاش پەیدابوونی تاکەکەسی دەستی پێ کردووە. لێرەدا، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت: ڕاستە ڕۆمان بەرهەمی کۆمەڵگەی خۆیی هۆشیاریی تاکەکەسییە، بەڵام ئەمەش پرسیارێک دروست دەکات: نووسەر چۆن دەتوانێت بە پاشخانە هزری و فەلسەفییەکانی خۆی و بەرهەمەکانی دەوڵەمەند بکات؟
دیارە نووسەری دەق دەتوانێت لە سایەی تێکەڵکردن لەنێوان کەسایەتی و پرسیارە فەلسەفییەکاندا، دەقەکەی بە مانا پڕ بکاتەوە. بەم شێوەیە، ڕاستە ڕۆمان توخمێکی ئەدەبییە، بەڵام چونکە ڕۆمان پشت بە زمان و دیالۆگ و لۆجیک و سەرپێهاتیی نووسەر-سەردەم و کەش و جوگرافیایەکی فراوان دەبەستێت، لەبەر ئەوە ڕۆمان دەکەوێتە ناو بوارە هزری و فەلسەفییەکان.
بە ڕاستی، ئەوەی لە کاری ڕۆماندا گرنگە ئەوەیە، کە هەرچەندە لە فەلسەفە نزیک بێت، بەڵام نەبێتە فەلسەفە خۆی و هەرچەندە لە فەلسەفە دوور بێت، نابێت ببێتە دەقێکی سادە و بێ قووڵایی. تێکەڵبوونی فەلسەفە لەگەڵ ڕۆمان بە ڕەنگ و شێوەی جۆراوجۆر ڕوویداوە. هەر ڕۆمانێکی فەلسەفی، تاوەکوو ئەو ڕادەیەی دەگاتە فەلسەفە لە ناو ڕۆماندا، فۆڕم و شێوازی جیاوازی وەرگرتووە.
لەبەرئەوە، ئەلبێر کامۆ دەڵێت: «ڕۆمان بە ڕەنگێکی خەیاڵی، لە فەلسەفەوە تەنیا شتێکی دیکە نییە و لە ڕۆمانێکی باشدا فەلسەفە لەناو چینەکانی خەیاڵدا دەشاردرێتەوە.»[6] هەروەها میلان کۆندێرا لە پەرتووکەکەی «هونەری ڕۆمان»دا دەڵێت: «بەڕاستی، هەموو بابەتە گەورەکانی بوونگەرایی، ئەوانەی هایدیگەر لە پەرتووکەکەی “بوون و کات/ ١٩٢٧”دا ڕوونی کردوونەتەوە و وەکوو بابەتەکانی فەلسەفەی ئەورووپی هاتوونەتە یادکردنەوە، لە چوار سەدەی بەرجەستەبوونی ئەورووپادا خۆیان لە ڕۆماندا نیشانداوە.»[7]
مرۆڤ دەتوانێت بۆچوونەکەی هایدیگەر بە شێوەیەکی دیکەش بڵێت: هایدیگەر زیاتر گرنگیی خۆی داوەتە سەر ئۆنتۆلۆجیی خۆبوونی مرۆڤ، لەبەر ئەوە هایدیگەر وەکوو فەیلەسوفێکی بوونگەرایی ناسراوە. واتە مێژووی فەلسەفە تاوەکوو سەردەمی هایدیگەر گرنگیی زۆری بە گەردوون لەسەر کێستی بوونی مرۆڤ داوە.
لەم قۆناغانەدا، دەست لە مەسەلە گەورەکان و کۆنتێکستە فەلسەفییەکان هەڵگیرا و گرنگی بە مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی دوورهێل/ واقیع درا. ئەمەش ناسنامەی خۆبوونی مرۆڤی کردە قوربانیی ناسنامەی «ئۆلی و نەتەوەیی و چینایەتی»/ گەردوونی.
پاشان لە چەرخەکانی دواوە/ سەردەمی مۆدێرنیزم، و بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی تەڤگەری نەتەوەییبوون، تێگەیشتنی خۆبوون دەربازی هەموو گەلان بوو. لەبەر ئەوەش «ئەگەر سەدەی نۆزدە، وەکوو سەدەی ڕۆشنگەری، تێکەڵبوونێک لەنێوان فەلسەفە و ڕۆماندا دروست بکات، ئەوا سەدەی بیست و یەکەم سەدەی گومانە.»[8]
سەرچاوەکان
[1] د. نادیە هەناوی ــ ئینعکاسات النقد الفلسفي البعدي في السرد الروائي العربي ــ کۆمەڵێک نووسەر ــ الروایة والفلسفة ــ دار الخلیج للنشر والتوزیع، چاپی یەکەم، عەمان ــ ئوردن، ٢٠٢٠، ل. ١١٥.
[2] مجموعة مؤلفین ــ الروایة والفلسفة ــ أوراق المؤتمر الثامن (الروایة والفلسفة) ــ کۆنگرەی هەشتەمی کۆمەڵەی ڕەخنەگرانی ئوردن، عەمان ــ ئوردن، ٢٠٢٠، ل. ١٦.
[3] د. سەعد البازغی ــ الروایة والفلسفة/ ازدواجیة الحضور ــ دار الخلیج للنشر والتوزیع، چاپی یەکەم، ئوردن ــ عەمان، ٢٠٢٠، ل. ١٥.
[4] بەدرەدین مستەفا ــ دروب ما بعد الحداثة ــ مؤسسة هنداوي للثقافة والنشر، شانشینی یەکگرتووی ئەمریکا، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل. ٢٠٤.
[5] ئاین ڕاند ــ من أجل مفکر جدید ــ وەرگێڕانی: سومیە حەبتور، متجر صفحة سبعة للنشر والتوزیع، چاپی یەکەم، شانشینی عەرەبیی سعودی، ٢٠٢١، ل. ١٠.
[6] مجموعة مؤلفین ــ الروایة والفلسفة ــ أوراق المؤتمر الثامن (الروایة والفلسفة) ــ کۆنگرەی هەشتەمی کۆمەڵەی ڕەخنەگرانی ئوردن، ئوردن ــ عەمان، ٢٠٢٠، ل. ١٦.
[7] مجموعة مؤلفین ــ الروایة والفلسفة ــ أوراق المؤتمر الثامن (الروایة والفلسفة) ــ کۆنگرەی هەشتەمی کۆمەڵەی ڕەخنەگرانی ئوردن، ئوردن ــ عەمان، ٢٠٢٠، ل. ١٩.
[8] د. نادیە هەناوی ــ ئینعکاسات النقد الفلسفي البعدي في السرد الروائي العربي ــ کۆمەڵێک نووسەر ــ الروایة والفلسفة ــ دار الخلیج للنشر والتوزیع، چاپی یەکەم، عەمان ــ ئوردن، ٢٠٢٠، ل. ١١٢.


