سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەنفال؛ لە دەقێکی ئایینییەوە بۆ برینێکی مێژوویی،”بۆچی ناوەکان ناگۆڕێن”

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، لە دادگای فیدڕاڵیی عێراقدا سکاڵایەک لە لایەن کەسێکەوە بەناوی “خالید مستەفا حوسەین” تۆمار کراوە و داوای لادانی وشەی “ئەنفالکراوان”ی لەسەر ناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان کردووە، لەپاڵ ئەوەش داوای کردووە دامەزراوەی وەزارەتەکە بگۆڕدرێت بۆ دەستە.

داواکاری بۆ گۆڕینی وشەی “ئەنفال” وەکوو گۆڕینی تارماییەکانی شەو وایە، بۆ شتێکی دیکە، لەوانەیە بۆخۆشییان نەزانن چییە. ئەو داواکارییە هێندە بێشەرمانە و ئاڵۆزە، مەگەر تەنیا لەناو نەتەوە دواکەوتووەکاندا سەدای هەبێت. لەڕوانگەی فەلسەفییەوە، وەکوو هێنریش ڤینگشتاین باسی دەکات، ناوەکان تەنیا بڕگە، یان دەنگێک نین، لەپڕ سەرهەڵبدەن و بسڕێنەوە. ناوەکان “کرداری قسەکردن” و هەڵگری مانا و مەغزای قوڵ و ڕەهەندی مێژووییان هەن و لە کۆنتڕۆڵی مرۆڤەکان دەردەچن. ئەنفالیش لە مانا و مەغزا سەرەتاییەکانی خۆی دابڕاوە و بووەتە سیمبوڵێکی تراجیدی ناو مێژووی کورد و ناوچەکە. ئەوە بەرهەمی گێلێتیی و هەڵپە ناشرینەکانی داگیرکەرن بۆ هەڵبژاردنی ناوەکان بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانییان. لەبەر ئەم هۆکارەش هەر دەسکاریکردن و هەوڵدانێک بۆ لادانی وشەی ئەنفال، وەکوو جۆرێک لە سڕینەوەی مێژوو، یان شێواندنی ئەو پەیوەندییە جەدەلییەی نێوان تاوان و ئازارەکانە. ئیدی یادەوەریی کۆمەڵگەی کوردی لەو زاراوەیەدا نقووم بووە، نەوەکوو هەر بۆ هەشت شاڵاوە نەگبەتییەکەی ئەنفال، بەڵکوو بووە بە چەمکێکی ڕۆژانەی هەر تاوانێک بەرانبەر کورد، وەکوو ئەنفالی کوردە فەیلییەکان و ئەنفالی بارزانییەکان و شاڵاوەکانی ئەنفال و ئەنفالی ئێزدییەکان. ئەنفال چیرۆکێکی تاڵ و ناشیرینی ناو مێژووی ئەنجامدەرەکانە. بۆیە دەگوترێت ئەدۆنیسی بیرمەندی عەرەب گوتوویەتی “خودایە لە کوردەکان  خۆشبە، کە ناتوانن قورئان خەتم بکەن، چونکە کە دەگەنە سورەتی ئەنفال هەموویان دەمرن”. لێرەدا، چۆن یادەوەری و دادپەروەریی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و ئاڵۆزییان هەیە، بە هەمان ئاست هێشتا تاوانەکانی دەوڵەتی عێراق لەبەردەم ئاتەشگای دادپەروەریدا چاوەڕوانی جووڵەیەکن. تاوانەکان هێشتا خوێنییان لێ دەچۆڕێت.

زۆرینەی دەستەبژێری سیاسیی عەرەبی عێراق، نەوەکوو هەر ئامادە نیین داوای لێبووردن بکەن و قەرەبووی قوربانییانی کوردستان بخەنە ناو بودجە و پڕۆسە ئیدارییەکانی دارایی عێراق، بەڵکوو هێشتا بەزۆر شێواز نکوڵی لە تاوانەکان دەکەن. بۆیە یادەوریی خەڵکی کوردستان لە بونیاد و لە فۆڕمگرتنەوە دەرچووە، ئەنفال چۆن قوڵاییەکی دزیکردن و ڕێگری و تاڵانیی قووڵی ڕووداوەکانە لە مێژووی دوور و نزیک و هەنووکەیی عەرەبدا، شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەو مێژووەیان بە دەیان قات زیندووکردەوە و پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی مێژووی دەوڵەتی عێراقەوە. بۆیە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناوی ئەنفال، بۆ سوککردنی قوڕسایی و سڕینەوەی ناسنامەی تاوانەکەیە. لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵگەی کوردی مافی خۆیەتی خاوەندارێتی لەو جۆرە زمانە بکات، کە دەتوانێت تەعبیری پێ بکات و ئازارەکانی پێ بگێڕێتەوە. قوربانییەکان لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی خۆیاندا، کە دەڵێن “لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا”، ڕاستەوخۆ گوێگر بەناو شەپۆڵێک لە یادەوەریدا تێپەر دەبێت و نیوەی چیرۆکەکە تێ دەگات، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا کۆمەڵێک وردەکاری دەبن و جەختییان لەسەر دەکرێتەوە. بۆیە ئەوانەی ناوهێنانی وشەی “ئەنفال” بە بێڕێزی بۆ ئاینیەکەیان تێدەگەن، با بچن بەرەیەک دروست بکەن دژ بە دەوڵەتی عێراق و داوای ساڕێژکردنی برینەکان بکەن و داوا لە عێراق بکەن دەست لە کوردستان هەڵبگرێت بەرانبەر لادانی وشەی ئەنفال.

پرسیارە گەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا گۆڕینی وشەی ئەنفال، خزمەت بە پڕۆسەی دادپەروەریی و گەڕاندنەوەی کەڕامەتی نەتەوەیەک دەکات؟ ئەوەی لە مێژوودا باوە، ناوەکان بە مێژووەکەیانەوە زیندوون. کە مێژووێک بەناوێکی تایبەتی وەکوو ئەنفال لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، لەناوەندە ئەکادیمی و یاساییەکاندا تۆمار دەکرێت و دەناسێندرێت، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک دەبێتە هۆی دابڕان، دابڕانی مێژوو، دابڕانی ئازارەکان و دابڕانی یادەوەرییەکان.

لەسەر بنەمای پڕۆسەی ئەنجامدانی تاوانەکان، بەڕێوەچوونی دادگاییکردن و نووسینەوەی مێژووی تاوانەکان بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵ، جڵەوەکە لەدەست دادگای دەوڵەتی ئەنجامدەری خودی تاوانەکان دەردێنێت و هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی هەر پارچەیەک لە یادەورییەکان. لە ڕوانگەیەکی لۆجیکی و فەلسەفی و سۆزدارییەوە، ئەگەر هەر ڕەوتێک، یان هەر دادگا و دامەزراوەیەکی عێراقی ئەنجامدەری تاوانەکان، بیەوێت شوێنەوارەکانی ئەو ناوە بسڕێتەوە، دەبێت هەڵمەتێک لەو عێراقە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیی خەڵكی کوردستان بەڕێوە بچێت. ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، لەبەرانبەر سڕینەوەی ناوی ئەنفال. بێ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، مەحاڵە ئەو ناوە بسڕێتەوە. با عێراقی عەرەب دەست لە کوردستان هەڵبگرێت، ئەو کاتە ئێمەش هەموو توانای خۆمان بەکار دێنین و ئەو ناماقوڵییە دەکەین لەپێناو لادان و داپۆشینی وشەی ئەنفال، لەپێناو دەستپێکی مێژووێکی تازە و گێڕانەوەیەکی تازە و پەیوەندیدار بە سەروەری و ئازادیی نەتەوەی کورد و سەربەخۆیی کوردستان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO