زمان، ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە کە پێی دەدوێ و پێی دەناسرێتەوە. زمانی کوردییش لەنێو زمانە جیهانی و ناوچەییەکاندا کە ناسنامەی نەتەوەكەمانی پاراستووە، سەرەڕای گوشاری زۆری دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان، پیادەكردنی پڕۆسەی تەعریب و تەفریس و تەتریک، هێشتا زمانی کوردی بە شێوەزارەكانیشیەوە، توانیویەتی ڕەسەنایەتیی خۆی بپارێزێ و بەرەنگاریی هەموو هەوڵ و پیلانەكانی سڕینەوە لەلایەن داگیركارانی كوردستان ببێتەوە.
هەرچەندە دوژمنان لە هەر چوار لاوە لە هەوڵی ئەوەدا بوونە ناسنامەی كورد و خاکی کوردستان لەسەر جوگرافیای ناوچەکە نەهێڵن و لە نەخشەدا بیسڕنەوە، بەڵام کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن بڕوا و ئازا و خۆڕاگر، داکۆکی لە زمان و کولتوور و کوردبوونی خۆی کردووە و لەسەر خاکەکەیشی بستێک زەوی نەماوە قوربانیی بۆ نەدابێ و بە خوێنی لاوەکانی سوور نەکرابێت.
بۆیە دەکرێ بگوترێ ئەگەر کورد خاوەنی زمانێکی ڕەسەن و قووڵی ڕەگداكوتراو نەبوایە، وەک زۆر زمانی دیكە لە جیهاندا، كە ئەمڕۆ شوێنەوارێكیان نەماوە، لەنێو دەچوو. بەڵام یەكێك لەو كۆڵەگانەی وای کردووە کورد بە زیندوویی بمێنێتەوە، زمانە ڕەسەنەکەیەتی بە هەموو شێوەزار و بنزارە دەوڵەمەندەکانی.
سەرەڕای ئەوەش، داگیرکارانی كوردستان و نەتەوە سەردەستەكانیان (عەرەب و فارس و تورک) هەوڵیان داوە وشە و ئیدیۆمەكانی زمانی کوردی بدزن و بیخەنە ناو زمانەكانی خۆیان و پێی دەوڵەمەند بکەن، بەڵام پێداگریی كورد و دەستگرتن بە زمانەكەی، بووەتە هۆی ئەوەی ئەو هەوڵە چەپەڵانەیان پووچەڵ بكاتەوە و زمانەکەی خۆیشی بپارێزێ و دەوڵەمەندیشی بکات.
ئەمە بەو مانای ئەوە نییە كە زمانەكەمان تەواو ڕسكاوە و لە بواری تەكنۆلۆجیای نوێدا باڵادەستە و بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ كە جیهان لەناو سیستەمی سەرمایەداری و تەكنەلۆجیا و جیهانگیرییدا بەخێرایی دەچێتە پێش، لە هیچی كەم نییە و بۆ هەموو ئامێر و ئامراز، دەستەواژە زانستی و پیشەسازییەكان حازربەدەستە. نەخێر. لەم بوارەدا کەموکوڕی هەیە، چونكە زمانەكان لە گەشەكردن و نوێبوونەوەدان، هەروەها گرفتێكی دیكەی سەر ڕێی گەشەی زمانی كوردی، نەبوونی زمانێکی ستاندارد و یەکگرتووە لە بواری نووسین و پەروەردە و فێرکردندا، كە هەموو كوردستانی گەورە پێی بنووسن، بەتایبەت كە زمانی كوردی شێوەزار و بنزاری جیاجیای هەیە، ئەگەر ئەمانە بەتەواوی ئاوێتەی یەكتر ببن، زمانێكی زۆر دەوڵەمەندی لێ دروست دەبێ و زووتریش گەشە دەكات و پێ بە پێی پێشكەوتنەكانی سەردەمیش دەچێتە پێش.



