ئەوەی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پلانفۆڕمەکانی سۆشیال میدیاوە بڵاو دەکرێنەوە لەسەر کاروانی بارهەڵگرەکانی تورکیا، کە پڕن لە دار، ئەگەری هەیە بۆمبێکی چێنراوبن، لەم کات و ساتە هەستیارەدا، کە قەوارەی هەرێم و نیمچە سەربەخۆییەکەی باشووری پێدا تێدپەڕێت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هەوڵەکانی بەهێزکردنەوەی ناوەند و پیلانی هەرێمی بۆ داڕشتنەوەی ناوچەکە و…هتد پێویستە لە ڕەهەندە نەرێنییەکانی ورژاندنی ئەم بابەتە تێبگەین، هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، بە شێوەیەکی زانستی و یاسایی هەوڵی چارەسەری بدەین، کە گوزارشت لە ئاستێکی باڵای پێگەیشتنی نەتەوەیی کورد و ئەقڵی مەدەنییانە و شارستانییانەی کورد بکات.
وروژاندنی ئەم بابەتە ناڕاستەوخۆ داواکارییە بۆ گەڕانەوەی سوپای عێراق و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و بچوککردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم، کە نزیکەی سەدەیەکە کورد لە باشووری کوردستاندا خەباتی بۆ دەکات و قوربانی لە پێناودا داوە، بەداخەوە لە ماوەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەو دەرفەتە زێڕینە، بەهۆی پیشخستنی بەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەیی و حیزبیەوە بەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، فۆڕمێکی دەسەڵاتی میرنیشینی لە باشووری کوردستان دروستبووە، بڕوای بە دامەزراوە و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و شەفافیەت و لێپرسینەوە و بەشداری خەڵک نییە لە بەڕێوەبردندا، ڕێگە نادات دامودەزگاکانی دەوڵەتداری دروست ببن و یاسا سەروەر بێت و دامەزراوەکانیش جێگەی متمانەی خەڵک بن، تاوەکوو لە کاتی گرفتێکی لەم جۆرەدا، هەر ڕوونکردنەوەیەکیان دا ئیدیکە شایانی قسەلەسەرکردن نەبێت و کۆمەڵانی خەڵک باوەڕی پێ بکەن و متمانەیان بە حوکمڕانی هەبێت .
ناڕۆشنی ئەم بابەتە و ڕوون نەکردنەوەی هۆکارێکە بۆ وروژاندن و بەردەوامی قسەلەسەرکردنی، وەکوو ئاماژەم پێکرد، ئەمەش بە زیانی پرسی نەتەوەی کوردە و هەڕەشەیەکی کوشندەیە لەسەر ئایندە و چارەنوسی ئەم نیمچە ئازادییەی بە خەبات و خوێن و قوربانیدان بە دەست هاتووە.
یەکێک لە مەترسیە گەورەکانی ناڕۆشنی هەر کێشە و گرفت و پرسێک لە کۆمەڵگەدا ، کوشتنی متمانەیە بە دەسەڵات و دروستکردنی خەرەند و کەلێنی گەورەیە لەنێوان خەڵک و حکوومەتدا، بەتایبەتی لە پرسی بازرگانیدا، وێناکردنی فەرمانڕەواییە بە دز و بە چەتەوە، ئەمە هۆکاری سەرەکیی داڕووخانی دەسەڵاتەکانە لە مێژوودا، چونکە متمانە یەکێکە لە پایە و کۆڵەگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی دروست (Good governance) ، متمانەش ئەو کاتە دروست دەبێت هاووڵاتی هەست بکات، حکوومەت بەپێی یاسا و دەستور کار بکات و ڕێز لە ماف و ئازادییەکان بگرێت، پەرلەمانێکی بەهێز هەیە چاودێری دەکات و ئاگاداری مامەڵە و پەیوەندی و گرێبەستی بازرگانی و داهات و خەرجییەکانیەتی، لە کاتی پێویستدا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات و ئەگەر (خوانەخواستە) گەندەڵیەک هەبێت، بەپێی دەستوور و یاسا گەندەڵکار سزای خۆی وەردەگرێت، کەس لە سەرووی یاساوە بوونی نییە.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان، لە غیابی هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، بەپێچەوانەوە، کاتێک خەڵک دڵنیا ببن بەرژەوەندی شەخسی دەخرێتە پێش بەرژەوەندی حیزب و بەرژەوەندی حیزبیش دەخرێتە پیش بەرژەوەندی نەتەوە و کەناڵە شەخسییەکان ئامرازی سەرەکیی هەواڵ و لێدوان و ڕوونکردنەوەن، نەوەکوو کەناڵی حکوومەت و بێلایەن، متمانە چۆن دروست دەبێت. ئیدیکە لێکترازانی کۆمەڵگە لە جیاتی یەکگرتوویی و بێهزی لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا دێتە ئاراوە ، ئەمە بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی پارچە پارچەکراوی وەکوو کورد مەترسی زۆر زیاترە لە هەر نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەتی دیکە، چونکە لە کاتی نەمانی متمانە و ڕووخانی هەر حکوومەتێکی خاوەن دەوڵەتدا دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەر لەنێوان خۆیاندا دەبێت، بەڵام بۆ کورد هاتنەوەی داگیرکەرە ، ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەموو کارەسات و مەینەتییەکانە، بۆیە دروستکردنی متمانە بۆ کورد سەرەتا و بەردی بناغەی دەوڵەتدارییە.
فرانسیس فۆکۆیاما لە باسی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا، پێی وایە متمانە بزوێنەری بنەڕەتی و سەرەکیی گەشەکردنی ئابووری و سیاسییە، کاتێک خەڵک متمانەی بە دەستپاکی و لێهاتوویی دامودەزگا و دامەزراوەکانی حکوومەتەکەی بێت، یەکگرتووی کۆمەڵگە بەهێزتر دەبێت و توانای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان زیاتر دەبێت.
بەبۆچوونی فەیلەسوفانی گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە (جۆن لۆک و ڕۆسۆ و هۆبز) متمانە بنچینە و بناغەی شەرعییەتە، بۆیە دەتوانین بڵێین نەمانی متمانە، واتە لە دەستدانی شەرعییەت.
ئیبن خەلدون (١٣٣٢-١٤٠٦) پێش شەش سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر لە پیشەکی کتـێبەکەیدا دەڵێت، “دەوڵەتان نە بەتەنیا بە شمشێر و هێزی سەربازی دروست دەکرێن، و نە بە سەروەت و سامانی زۆر، بەڵکوو بە یەکبوونی ئامانج و بە هەستکردنی کۆمەڵگە بە چارەنووسی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش دروست دەبێت، کاتێک هەوڵەکان یەکدەخرێن و بەرژەوەندی نیشتمان دەخرێتە پێش بەرژەوەندی تەسکی بنەمالەیی و کەسییەوە، دەوڵەت بەهێز دەبێت و گەشە دەکات و پێش دەکەوێت”.
بەپێچەوانەوە، لە هەرێمی کوردستان کار بۆ هەڵوەشاندنەوە و پێشخستنی بەرژەوەندی کەسی و هەستنەکردن بە چارەنووسی هاوبەش دەکرێت، دابەشبوونی قووڵی چینایەتی دروستبووە، داهات و سەروەت و سامان و موڵک و ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون و کوالێتی ژیان و شێوازی پەروەردە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و سەفەر و گەشتوگوزار و هەموو ئەوانەی دەسەڵاتدارن لە چینەکانی دیکە جیاکراوەتەوە، کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت بە ئامرازی یاسایی و شێوازی مەدەنی و شارستانی چارەسەر ناکرێت، بۆ لێدان و ململانێی سیاسی و دژایەتی یەکتر بەکار دێت. بۆ نموونە، لەم ڕۆژگارە هەستیارەدا، بابەتی داربڕین و پرسی ژینگەی کوردستان و مامەڵەی بازرگانیی نێوان هەرێم و تورکیا چۆن وروژێنراوە؟
دوو کەناڵی فەرمی، کە لە داهاتی گشتیی بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، ئەرکیان گەیاندنی ڕاستییەکان و ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکان و دروستکردنی پردی متمانەیە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، کەچی کەناڵێکیان دەڵێت، تورکیا ژینگەی باشووری کوردستان وێران دەکات. بە پێچەوانەوە، ئەویدیکەیان دەڵێت، تورکیا بەشدارە لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێم، سەرمایەگورزای لە باشوور کردووە و کۆمپانیای هەیە لە ناوخۆی تورکیاوە کەرەستەی خاو دێنێت.
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، هەردوو کەناڵەکە جەخت لەسەر چەند ڕاستییەک دەکەنەوە، دەتوانین بە کورتی لێردا، ئاماژەیان پێ بکەین:
١. هەڵمەتێکی داربڕین لە لایەن تورکیاوە هەیە.
٢. لەم دیو بێت، یان لەو دیو ڕێژەی سەوزاییی لە ژینگەی کوردستان کەم دەکرێتەوە.
٣. ڕێکەوتنێکی بازرگانی لەنێوان هەرێم و تورکیا واژۆ کراوە.
٤. کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی کاڵا و شمەک لە دار هەیە، پێویستی بە کەرەستەی خاوە.
٥. یان دارستان فرۆشراوە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی کۆمپانیایەک لە دەرەوەی هەرێم، یان مۆڵەت بە کۆمپانیایەکی تورکی دراوە لە هەرێمی کوردستان کار بکات.
٦. پڕۆسەیەکی چڕی دارگواستنەوە لەنێوان باشوور و باکوور ئەنجام دەدرێت.
٧. بارهەڵگرەکان تورکین، یان بۆ کۆمپانیایەکی تورکی کار دەکەن.
٨ .بارەهەڵگەرکان پڕن لە دار، لە باکوورەوە بۆ باشوور، یان بەپیچەوانەوە، لە باشوورەوە بۆ باکوور بڕۆن، دەبێت بازگەی سنووری نێوان هەرێم و تورکیا ببڕن، خۆ بە قاچاغ تێناپەڕن.
٩. ئەگەر لە باکوورەوە بۆ باشوور بێن، ئەوا هاوردەکردەنە. بەپێچەوانە، ئەگەر لە باشوورەوە بۆ باکوور بڕۆن ناردنە دەرەوەیە. لە هەردوو بارەکەدا، داهاتی نەتەوەیی و نیشتمانی تایبەت بە خۆی هەیە.
١٠. ناردنە دەرەوە، یان هاوردەکردن دەبێتە مایەی جوڵەی بازرگانی و گەشەکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.
بەڵام بە داخەوە، بەهۆی ئەوەی ئەم پڕۆسەیە هەر لە بنەڕەتدا شەفاف و ڕوون بەڕێوە ناچێت، هیچ پسوڵەیەکی پارەوەرگرتن نە لە ناردنە دەرەوە، نە لە هاوردەکردن لە پەرلەمان تاوتوێ ناکرێت، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا یەکلایی ناکرێتەوە و دووبارە و چەند بارە دەکرێتەوە و زیاتر متمانە بە دەسەڵات دەکوژێت، ئەگەر لە هەر کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی و مەدەنی و دەستووری بێت نە مایەی نیگەرانی و دووبارەکردنەوە و وروژاندنە و نەمایەی دووبەرەکی و کوشتنی متمانەیە، چونکە بە ڕاپۆرتێکی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە ئابووری و بازرگانی کۆتایی دێت و خەڵک باوەڕی پێ دەکات.


