سولەیمان چوکەڵی
باکووری بچووک، کە بەرەبەرە بە ڕۆژئای کوردستانمان ناوبرد و ناسرا، هەر درێژەی خاکی باکووری کورستانە، بەڵام لەگەڵ پارچەکردنی خاکی کوردستان لە لایەن هێز و دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، ئەو پارچە بچووکە دابڕێندرا و بە هەر هۆکارێک بێت خرایە سەر سووریا.
ڕۆژاڤا پازدە ساڵێک دەبێت بە ئازار و مەینەتییەکانییەوە ڕۆژەڤی سەرەکی کوردە. بەهۆی ڕیزی ڕووداوەکانی ئەو پارچەیە و کاریگەرییەکانی لە سەر پارچەکانی دیکە، ئەگەر زیاتر لە پرسی کەرکووک و پرسی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان، بابەتی زیاتر نەخولقێنرابێت، ئەوا کەمتریش نەبووە. بۆیە نووسەر و شرۆڤەکارێکی زۆر بە بەردەوامی لە سەری دەدوێن و دەنووسن. ئینجا بە هەستکردن بەوەی کە لەو نێوەدا، گرفتێک خۆی نیشان دەدات، کە ئەو بابەتە بنووسم.
لە پەیوەندی بە بابەتگەلێکی لەو چەشنەدا، گرفتێکی بنەڕەتی لە نووسین و دەربڕینی نووسەر و شرۆڤەکاری ئێمەدا بەدی دەکرێت. ئەوەش نەشارەزاییان سەبارەت بە جوگڕافیای ئەو شوێنەیە، کە ڕاڤەی لەسەر دەکەن و لێکی دەدەنەوە. هۆکاری ئەو گرفتە زۆرن. ئەوان بەشێکی بەرچاویان بەهۆی ئەوەی لە ڕێگەی وێژە و هونەر و بەگشتیی کۆڕ و کۆمەڵە ئەدەبییەکانەوە تێکەڵاوی کاری نووسین و سیاسی بوون و کەمتر پڕژاونەتە سەر جوگرافیا و ژێئۆپۆلتیکی نیشتمانیان بەو چەشنەی کە هەیە، یان ئەوەی کە گۆشکراوی حیزب و باوەڕێکی سیاسین، کە لەوێدا بەپێی پێویست خاک و جوگرافیای کوردستانیان پێ نەناسێنراوە. لەوانەیە هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە حیزبەکان جوگڕافیا و نیشتمان وخاکیان وەکوو کۆنتێکستێک لە چاو وێژە و مێژوو و سیاسەت و پرس و بابەتی کۆمەلایەتی بە بابەتێکی لاوەکیی ئەژمار کردووە و وەکوو نەبوو بینراوە، ئەگەر جاروبارە پرژابنە سەری، کەرەستەی پێویستی فێرکاری و پێناساندنیان لەبەردەست دا نەبووە. لێرەدا، کە ئەو چوارچێوە ڕاستەقینە جوگرافیاییەی کە ڕووداوەکانی لە سەر دەقەومێن، نەشارەزایی جێگەی دەگرێتەوە. لە ئاکامدا توانای بەرهەمهێنانی ڕاوێژ و گفتوگۆ لە بابەتەکەدا، لاواز دەبێت و لێکدانەوەی هەستەکیانە جێگیر دەبێت.
ئەم نووسینە نە لایەنگری ئەو دۆخەی ئێستای ڕۆژاڤایە و نە دژیشی دەوەستێتەوە، بەڵکوو ناساندنی پانتایی جوگرافیایەکی بچووک و پڕ ناوەڕۆکە، تەنانەت لەوانەیە خەڵکی ئاسایی و شەڕڤانانی شەهیدیش قەبارە و ڕووبەڕی خاکەکەی خۆییان نەزانیبێت و لە داهاتووشدا نەیزانن. بۆیە ئاساییە، کە کۆمەڵێک پرسیاری ئاراسەتە نەکراوی بێتە گۆڕێ.
ڕۆژاڤا چ لە ڕووی دێمۆگرافی و چ لە ڕووی پانتایی خاک و هەڵکەوتی جوگرافییەکەیەوە، تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ناچێت. بۆ نموونە، لە سەرانسەری کوردستان جگە لە ڕۆژاڤاکەی دەیان و سەدان شار و شارۆچکەی ١٠٠% کوردزمانمان هەیە. ئەگەر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و لەنێوان گوند و ئاوایی و شار و شارستان و پاڕێزگاکاندا پێکەوەلکانێکی ڕێکوپێکی جوگڕافی بەبێ لێکدابڕان و لەت و کووتکراومان هەبێت، ئەوەیان لە ڕۆژاڤادا گەلێک جیاوازە. خانەکانی شەتڕەنج وێنا بکە، کە دوابەدوای یەک، خانەیەکی سپی و خانەیەکی ڕەش ڕیز بوون. ئەگەر لە زەینی خۆماندا سەرانسەری باکووری سووریا بە خاکی ڕۆژاڤا دابنێین، دەیمەنی شەتڕەنجەکە بە چەشنێکە، کە ئەگەر خانەیەکی سپی کورد بێت، خانە ڕەشەکەی دوای ئەو عەڕەب و پێکهاتەکانی دیکەن. ئینجا لەو نێوەندەدا تەنانەت بەشێک لە خانەسپییەکانیش تێکەڵێکن لە کورد و پێکهاتەکانی دیکە.( بڕواننه نەخشەکە)
لە ڕۆژاڤادا، مەودای نێوان دوو شاری تێکەڵی کورد و عەڕەبی، وەکوو قامیشلۆ و حەسەکە (بەهێڵێکی ڕاست)حەفتا و دوو کیلۆمەترە. ئەو دیمەنە کاتێک سەرنجڕاکێشتر دەبێت، کە بەراوردی بکەین لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان، کە زۆرجار بە مەودای سەدان کیلومەتر شار و ئاوایی لێکدانەبڕای کوردزمانمان هەیە، بەبێ بوونی پێکهاتەیەکی دیکە. بۆ نموونە، بە هێڵێکی ڕاست، مەودای نێوان بلە و بارزان(لە سەر سنوورەوە) هەتاوەکوو کەرکووک دووسەد و شەش کیلومەترە. لە قەسری شیرنەوە بۆ ناو دڵێ ئاواییە کوردزمانەکانی ئەسەداوای هەمەدانەوە نزیکی دووسەد و بیست و دوو کیلۆمەترە. بەچەشنێک کە بە مەوادی چەندین کیلومیتریش لە لای ڕاست و چەپی ئەو هیڵانە ئاواییەکی غەیری کوردزمان بوونی نییە. ئەو مەودایانە لە باکووری کوردستان گەلێک زیاترە.
یەک دوو نموونەی دیکە. مەودای نیوان ناوەندی شاری کۆبانی، تاوەکوو دەگاتە خوارووترین ئاوایی کوردزمانی قەزا و ناوچەکانی دەورووبەری پەنجا کیلۆمەترە. کەچی مەودای نێوان شاری ساحیبی سەقز و شاری بانەش هەر ئەوندەیە. پان وبەرینی و ڕووبەڕی عەفرینیش کەمتر لە شارستانی “خانێ”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قەزای ڕانییە”ی باشووری کوردستانە.
بە دیوێکی دیکەدا، ڕووبەڕی گشتیی هەموو ناوچه کوردزمانەکانی ڕۆژاڤا (نزیک بە زۆرینەی ڕەهای کوردزمان) دەگاتە ٨ هەزار کیلومەتری چوارگۆشە. بە تێکەڵی کورد و عەڕەب و ئەوانی دیکەش نزیکە١٠ هەزارە. کە بە بەراورد لەگەڵ پارچەکانی دیکە زۆر کەمە.
کەواتە ڕۆژاڤا بەو دیمەنەیەوە نابێت بە نیوەی ڕووبەڕی ناوچەی موکریان، یان نزیک بە ڕووبەڕی هەر سێ شارستانی سنە و مەریوان و سەقز، یاخود نیو هێندی پارێزگای سلێمانی. تەنانەت کەمتر لە پارێزگای دهۆکە، کە نزیکەی ١١ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. (بڕوانه دیاگڕامەکەی خوار نەخشەکە)
بەو پێیە ڕۆژاڤا پاڕچەیەکی لێکهەڵوەشاوە و لێکدابڕاوە، کە ئەندازەکەی ناگاتە ٨٪ ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ٢٠٪ی هەر چوار پارێزگاکەی هەولێر و دەهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە. بەچەشنێک تەنیا ٤.٥٪ هەر هەموو ناوچە کوردزمانەکانی باکووری کورستان و ٢.٥٪ گشت کوردستانە. واتە جوگرافیاییەکە، کە لە مەودای سەد و پەنجا کیلومەتر لەنێوان باژێری حەسەکە و سنووری کوبانی جگە لە عەڕەب و و تورکمان بە زەحمەت ئاواییەکی کوردیی تێدا بەدی دەکرێت. پارچەیەک، کە لەودا بە مەوای هەشتا کیلومەتر، لە ڕۆژئاوای کۆبانی و جەرابلوسەوە هەتاوەکوو دەگاتە سنووری عەفرین، مەگەر تاک و تەرا، ئەگەرنا ئاوایی بە کۆمەڵی تەواو کوردزمان نابیندرێ. ئەگەر هەشبێت ژمارەیەک گوندی تێکەڵن.
ژمارەیەکی باوەڕپێکراوی دانیشتوانی ئەو ناوچانەمان لەبەردەست دا نییە، بەڵام بە پێێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ٢٠١٢دا، لە ٠٩%ی دانیشتوانی سووریا کوردن. ئەوە بە بەراورد بە ژمارەی خەمڵێندراوی ٢٦ میلیۆن کەسی سووریا لە ٢٠٢٥، دەبێتە نزیکەی دوو میلیۆن و چوارسەد هەزار. ئەوە پێچەوانەی ئەو ڕاپۆرتەیە، کە ڕێکخراوی سویسری بۆ یارمەتیدانی پەنابەران لە ٢٠١٩دا ڕای گەیاندبوو. ئەوان مەزندە دەکەن ژمارەی کورد یەک میلیۆن و سێسەد و پەنجا هەزار کەسە. بەهەرحاڵ، ئەگەر مامناوەندێک لەو ژمارانە وەبەرچاو بگرین، ئەوە بە بەراورد لەگەڵ حەشیمەتی گشت کوردستان (ئەگەر هەر چل میلوینە باوەکە بێت)، تەنیا دەبێتە نیزیکەی ٦٪ی کوردستانییەکان.
تان و پۆیەکانی مافورێکی ئاوریشمی دەتوانێت دیمەنی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان پێشان بدات و لەو نێوەدا بابەتی کورد و جوگڕافییەکەی دەبنە بەشێک لە تان و پۆیەکانی ئەو مافوورە. وردبوونەوە لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی سیاسەتی ناوخۆی و پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکان، جێگە و پێگەی ئاکادیمیسیەن و کەسانی لێهاتوو جێگەی متمانه و بەرەوڕووبوونەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ هاوکێشەکانی ناوچەکە، بێگومان هەڵگری ڕەخنەیە و بە واتای دژایەتیکردن نییە، بەڵام دەکرێت ئەو پرسیارەش بێتە گۆڕێ و بپرسین لەسەر خاکێک (مەبەست سێ کوتەکەی جزیرە/ قامیشلێ و کۆبانی و عەفرین)، کە لە تێکڕای کۆی دانیشتوانەکەی، کورد زۆرینەیەکی لاوازە. کام سیاسەت، یان سیاسەتێک جگە لە سیاسەتی بەشداری پێکردنی پێکهاتەکانی دیکە، دەتوانێت سەرکەوتووتر بێت؟
ئامرازەکانی ئەو سەرکەوتنە و پاراستنی ئەو جوگرافیا پەرشوبڵاو و پێکهاتە ئاڵۆزە کامانەیە و چۆن دەکرێت بەکار بهێندرێن؟ ئەگەر بەشداری پێکردنی کۆمەڵایەتیی بنەمای سەرەکیی سیاسەتی ئەو چەندین ساڵەی دەستەی ڕێڤەبەری ڕۆژاوا نەبووایە و سیاسەتێکی لە دەرەوەی گرینگیدان و ڕێزگرتن بە پێکهاتەکانی دیکەیان گرتبایەبەر، ئەوا دۆخی شارێکی تێکەڵی وەکوو قامیشلو و حەسەکە و ئەوانی دیکە چۆن دەبوون؟ ئایا نکۆڵیکردن لەوانی دیکە دواجار شەڕی پێکهاتەکانی لێ نەدەکەوتەوە؟ یان بە کام هێز و توانا دەیتوانی لە شەڕی ناو خوێندنگە تێکەڵەکان و جیران بە جیران، کۆڵان بە کۆڵان و ئاوایی بە ئاوایی بۆی دەرچێت؟ یان ئەوەی کە بەو دیمەنەی لە جوگرافیای ڕۆژاڤا پێشان درا، دەوری جەبری جوگرافی لە ناکامیی پڕۆژەکەی ڕۆژاڤادا چی بووە؟ یان کام هێزی نێودەوڵەتی، جگە لە بەرژەوەندییەکی کاتیی و مەیلی پاراستنی زیاتری ئەو جوگرافیا پەرش و بڵاوەی دەبوو و گرنگی و هۆکارەکانی کامانە بوون؟
خەسارناسی و هۆکارەکانی شکەستی ستراتیجی ڕۆژاڤا و وەڵامی ئەو پرسیارانە و کۆمەڵێک بابەتێکی دیکە ئامانجی ئەم کورتە نووسینە نییە، بەڵام بە پێوستی دەزانم ئاماژە بە دوو جوگرافیا بکەم. جوگرافیاییەکی مەیدانی و جوگرافیاییەکی زەینی.
سەڕەڕای جیاوازیی نێوان “جوگرافیای هەسەدە(جاران) و جوگرافیای ڕۆژاڤای ناو زەینی” ئێمە، وەهمێکی لێکچوو و لێکدانەبڕاو لەنێوان ئەو دوو جوگرافیایەدا هەبووە هەیە. جوگرافیای هەسەدە، یان ئەوەی دیکە لە مەیداندا بوون هەبوو، نزیکەی لە ٧٠%ی دانیشتوانەکەی عەڕەبە (ڕەقە و شەدادی و تەل حەمیس و تەل کۆچەر و …)، بەو حاڵەش وشەی ڕۆژاڤا وێردی سەرزمانی هەسەدە کوردەکان بووە ڕوو بە کورد، تەنانەت ئێستاش. ڕوو بە ئەوانی دیکەشە لە باکوور و ڕۆژئاوای سووریا. ئەو چەشنە ئاڵۆزییە، لە تێگەیشتن و دەربڕینە جوگرافیاییە، کێشەی سەرلەبەری بزاڤی کوردییە.
لە جوگرافیای ناو زەینی ئێمەشدا، زۆرینەی ڕەهای ڕۆژاڤا کوردە و ئەوانەی دیکەش، کە لەسەر جوگرافیای هەسەدەدا دەژین هاوردەن، یان کەمینەن. واتا تۆ بە نزیکەی ٣٠٪ی جوگرافیای حەشیمەتی هەسەدە دەبیت حوکمی هەموو شتێک بکەیت و بدەیت.
لێرەدا، جوگرافیای زەینی ئێمە دەقاودەقی جوگرافیای زەینی تورکی ئازەریی ئێرانە بۆ کورد لە پاڕێزگای ئورمییەدا. لەو پارێزگایەدا کورد لە چاو تورکی ئازەری کەمینە و هاوردەیە.
بۆ ئەوەیکە دیمەنی ڕۆژاڤا روونتر ببینن، تەنیا پارێزگای ورمێ بێننەبەر چاوی خۆتان. جا وای دانێن دوو شاری تێکەڵی حەسەکە و قامیشلێ هەرهەمان شاری ورمێن. تەنانەت جوگرافیای کوردزمانی ئەو پارێزگایە رێک و پێکتر و پێکەوە لکاوترن تا جوگرافیای کورد زمانی ڕۆژاڤا.
“فەڕانسەوییەکان هاتن بەردێکیان لە نێوان ئێمەدا داناو کوتیان ئەوە سنوورە”. هاوڕێیەکی خەڵکی قامیشلێم لە زاری باپێرانییەوە وای گێڕاوە.



