سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەرهەمهێنانەوەی گوتاری بندەستیی هەرێم لە ڕووماڵی میدیای کوردی لە ڕووداوەکەی جورف سەخردا

هەورامان فەریق كەریم

بە پشتبەستن بە میتۆدی شیكردنەوەی گوتار، پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان گوتار، دەسەڵات و زانین (مەعریفە)دا. بە گەڕانەوە بۆ فۆكۆ، گوتار كۆمەڵێك گوزارەیە كە ئەو دەرفەتە بۆ زمان دەڕەخسێنێت كە لە قۆناغێكی دیاریكراودا سەبارەت بە بابەتێكی دیاریكراو قسە دەكات، یان بەجۆرێك نوێنەرایەتی زانینی پەیوەست بەو بابەتە دەكات. گوتار سەبارەت بە بەرهەمهێنانی زانینە لە ڕێگەی زمانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی كە هەموو كردارە كۆمەڵایەتییەكان لەخۆگری كۆمەڵێك واتان، واتاكانیش هەموو ئەوانە پێكدەهێنن كە ئێمە ئەنجامی دەدەین ‌و دەیانخەینە ژێر كاریگەرییەوە، هەموو كردارەكان لایەنێكی گوتاریان هەیە. زمان كەرەستەیەكی سەرەكییە بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوەكان و دیاردەكان. لە هەمانكاتدا ئەوە گوتارە كە واتا و تێگەیشتن و بەها و نۆرم بەرهەم دەهێنێت.

لەم ڕوانگەیەوە دەمەوێت تیشكێكی خێرا بخەمە سەر ڕووماڵی 48 كاتژمێری ڕابردووی كەناڵە كوردییەكان سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی جورف سەخر. بزانین ئەم كەناڵە پڕ بەرگوێیانە، تاچەند لە ئاست هەستیاریی و گەورەیی ڕووداوەكان و چاوەڕوانیدا بوون و توانییان لە پرسە چارەنووسسازەكاندا نیشتیمانییانە ڕووماڵی ڕووداوەكان بكەن؟ داخۆ كەسانی شارەزا لە شیكردنەوەی گوتار و نێوەڕۆك لە نێو ئەو دامەزراوانەدا هەن؟ ئەگەر هەن، ئایا جیاوازی دەكەن لە نێوان گوتاری زاڵ و سەردەست و بندەستدا؟ ئەو بابەت و گوتارانەی كە ڕاستەوخۆ كاریگەرییان هەیە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی بە چ وێچنێكدا (فلتەرێکدا) تێپەڕ دەبن تا بە شێوەیەكی واقعی و دروست بگەنە بەرگوێكان و بەرچاوەکان؟

لە ڕوانگەی شیکردنەوەی گوتاری ڕەخنەیی (Critical Discourse Analysis) ـەوە ڕووماڵی ئەم هەشت کەناڵە کوردییە (ڕووداو، کوردستان٢٤، ئاڤا، کوردسات نیوز، کەناڵ ٨، ئێن ئاڕ تی، سپێدە و پەیام) دیاردەیەکی گوتاریی سەرنجڕاکێش و دژییەكیمان نیشان دەدەن و بۆ ڕوون دەكەنەوە. هەر لە سەرەتای ڕووماڵی ئەو ڕووداوەوە، سەرەڕای جیاوازیی قووڵی حیزبی و ئایدیۆلۆجیی نێوانیان (حزبەكانی دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن و ئیسلامییەكان)، هەموویان (بەئاگاییەوە یان بێئاگاییەوە)، لە کاتی ڕووماڵی جورف سەخردا یەك گوتاری هاوبەشیان بەرهەم هێنایەوە كە بریتی بوو لە بەرهەمهێنانەوە و ئاساییکردنەوەی گوتاری باڵادەستیی ناوەند (بەغدا) لەناو هزری بینەر و بیسەری (مخاطب)ی كوردیدا، بەکەڵکوەرگرتن لەم میکانیزم و ستراتیجانەوە.

ستراتیجی زمانەوانی: “سەپاندن” و سڕینەوەی جیاوازیی فیدراڵی

لە ئاستی زمانەوانیدا (بەتایبەت لە ڕوانگەی فێرکڵاف و ڤان دایک‌ـە‌وە)، هەڵبژاردنی وشەکان بێلایەنانە نییە و پەیوەندییەکانی هێز دیاری دەکات. لەم ڕووماڵانەدا چەند کۆدێکی زمانەوانیی هاوبەش، گوتاری باڵادەستی و بندەستی بەرهەم دەهێنن:

یەکەم، كولتووری هێز و یەکدەستی: زۆرینەی کەناڵەکان بێ هیچ فلتەرێکی ڕەخنەیی، دەستەواژە توندەکانی دەسەڵاتی ناوەندیان گواستەوە؛ وەک «سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت» (کەناڵ ٨، ئێن ئاڕ تی، سپێدە، پەیام، ڕووداو)، «هەیمەنە و شکۆی دەوڵەت» (کوردسات نیوز)، «هەژموونی دەوڵەت» (سپێدە)، «هیچ ئاڵایەک لە سەرووی ئاڵای عێراقەوە نییە» (کوردسات نیوز) و «هیچ بڕیارێک نییە جگە لە بڕیاری عێراق» (پەیام). ئەم دەستەواژانە لە ڕووی گوتارییەوە نەک تەنیا میلیشیاکان، بەڵکوو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شەرعییەتی بڕیار، ئاڵا و هێزی هەرێمی کوردستانیش دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

دووەم، گشتاندنی جوگرافی و هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ: دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی «تەواوی خاکی عێراق» و گواستنەوەی لێدوانی وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لایەن ئێن ئاڕ تی‌ـیەوە کە دەڵێت پاراستنی بۆڕییە نەوتییەکان “تەنها لە ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراودا قەتیس نابێت، بەڵکوو هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە”، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بڵاوکردنەوەی هەژموونی ناوەند بەسەر هەرێمی کوردستاندا.

سێیە، ڕازیبوون بە ناونانی ئایدیۆلۆجی: لەڕووی ناوهێنانەوە، جێگەی سەرنجە کە کەناڵەکانی ڕووداو، ئێن ئاڕ تی و پەیام ناوی فەرمی و ئایدیۆلۆجیی «جورف نەسر»یان لەبری ناوە ڕەسەنەکەی “جورف سەخر” بەکارهێناوە. لە شیکردنەوەی گوتاردا، وەرگرتنی ناولێنانە سەربازی و سیاسییەکانی دەوڵەتی باڵادەست، نیشانەی ملکەچیی زمانەوانییە بۆ گێڕانەوەی فەرمیی ناوەند.

سیمۆلۆجیای وێنە و پاڵەوانسازی بۆ عەلی زەیدی

میدیای کوردی لەم ڕووداوەدا تەنیا هەواڵەکەی نەگواستووەتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی کردووە لە دروستکردنی وێنای «سەرکردەی بەهێز و کاریزمایی» بۆ عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق.

یەکەم، مۆنتاجی سەربازی و هێمای هێز: کەناڵەکانی ڕووداو، ئاڤا، کوردستان٢٤، کەناڵ ٨ و ئێن ئاڕ تی هەمان وێنەی پڕۆپاگەندەیی زەیدییان بەکارهێناوە، وەک: “ئامێری بێتەل بە دەستەوە و مشتەکۆڵەی بەرز کراوە”. ڕووداو لە هەمووان زیاتر ڕەهەندی سەربازیی پێ بەخشیوە بە تێکەڵکردنی وێنەی زرێپۆش، ئاڵای عێراق و نەخشەی عێراق “بە هەرێمی کوردستانیشەوە” لە یەک گرافیکدا.

دووەم، بەخشینی شکۆی سەرۆکایەتی: کوردستان٢٤ واژووی ئینگلیزی و ژیاننامەی زەیدی لەسەر گرافیکەکە داناوە؛ سپێدە بازنەیەکی سووری وەک هالەی هێز خستووەتە پشت سەری زەیدی؛ کوردسات نیوز کۆلاجێکی چوار وێنەیی لێ دروست کردووە؛ بەهەمان شێوە، پەیام لە نێوان ئاڵاکانی عێراقدا وەک تاکە سەرچاوەی بڕیار نیشانی داوە. ئەم دیزاینانە لە هزری وەرگری کورد دا پێگەی زەیدی لە بەرپرسێکی ئاساییەوە بەرز کردۆتەوە بۆ “پاڵەوانی دەوڵەتسازی”.

بەراوردی گوتاریی هەشت کەناڵەکە

کەناڵ گوتاری زاڵ و چەمکە سەرەکییەکان ستراتیجی وێنەیی (سیمۆلۆجیا) دژەگوتار، یان گۆشەنیگای تایبەت
ڕووداو سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراق؛ بەکارهێنانی ناوی «جورف نەسر». بەهێزترین مۆنتاجی سەربازی (زەیدی + زرێپۆش + ئاڵا + نەخشەی عێراق). لەم نموونانەدا هیچ دژەگوتارێک نابینرێت.
کوردستان٢٤ عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو، هێزەکان لەژێر یەک ئاڵا، باڵادەستیی حکوومەت. گرافیکی کاریزمایی بە واژۆی ئینگلیزیی زەیدی. دژەگوتاری بەهێز: بەدرۆخستنەوەی کشانەوەی حزبوڵڵا و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی مرۆڤدۆستیی پێشمەرگە.
ئاڤا سەرەتای عێراقێکی یەکگرتوو کە دەستوور و یاسا بەڕێوەی دەبات. وێنەی زەیدی بە بێتەل و مشتەکۆڵەوە لەبەردەم ئاڵای عێراق. وروژاندنی ترسی هەرێم لە ڕێگەی پرسیاری پێشکەشکارەوە لە وتەبێژی زەیدی و داخستنەوەی تەلەفۆنەکە.
کوردسات نیوز هەیمەنە و شکۆی دەوڵەت، سەروەری عێراق، هیچ ئاڵایەک لە سەرووی ئاڵای عێراقەوە نییە. کۆلاجی چوار وێنەیی سەربازی و وێنەی فەرمیی سەر مینبەر. گواستنەوەی لێدوانی عیماد ئەحمەد لەسەر یەکگرتوویی کورد.
کەناڵ ٨ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەم پەیامەم بۆ گەلی عێراقە.  گرتەی نزیك (Close-up) بێتەل بەدەست و نەخشەی درەوشاوەی عێراق. پەیامەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بێ فلتەر بۆ گەلی عێراق دەگوازێتەوە.
ئێن ئاڕ تی سەپاندنی دەسەڵات لە جورف نەسرەوە»، پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان هەموو عێراق دەگرێتەوە». وێنەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان فەرماندە سەربازییەکاندا. بەحیزبیکردنی پرسەکە و هێرشکردنە سەر میدیای پارتی (لە ڕێگەی لێدوانی محەمەد ئیسماعیل).
سپێدە سوپا هەژموونی دەوڵەت بەسەر هەموو خاکی عێراقدا دەسەپێنێت». باکگراوندی تاریک و بازنەیەکی سوور لە پشت سەری زەیدی. جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی «سوپا» وەک ئامرازی سەپاندنی هەژموون.
پەیام هیچ بڕیارێک نییە جگە لە بڕیاری عێراق؛ بەکارهێنانی ناوی «جورف نەسر». وێنەی فەرمیی سەرۆکوەزیران لە نێوان ئاڵاکانی عێراقدا. جەختکردنەوە لەسەر تاکەبڕیاریی ناوەند.

بندەستیی ناوەکیبوو و ململانێی نێوخۆیی

بەرهەمهێنانەوەی بندەستی تەنیا لە گواستنەوەی قسەکانی زەیدی دا نییە، بەڵکوو لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بکەری کوردیشدا دەردەکەوێت:

یەکەم، بچووککردنەوەی ئاسۆی کوردی: هەردوو كەناڵی كوردستان 24 و كوردسات نیوز لە دوو هەواڵی جیاوازدا بە بڵاوکردنەوەی لێدوانی سیاسەتمەدارانی کورد وەک سالار عەزیز («جیاکردنەوەی کوردستان خەیاڵە») و عیماد ئەحمەد («ئەگەر ئێمە یەک بین، لە بەغدا بەهێزترین») لە هەمان کاتی ڕووماڵی هەژموونخوازیی زەیدی دا، هەوڵیانداوە هەندێك لە مەترسییەكان بڕەوێننەوە و دۆخی جورف سەخر بقۆزنەوە بۆ ئاوكردن بەسەر ئاگری ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتیدا كە دۆخەكەیان گەیاندووەتەوە مریشكە ڕەشە، بەڵام هاوكات پەیامەكانیان، ئەو گوتارە بەرهەم دەهێنێتەوە و دەچەسپێنێت کە بەغدا سەنتەری ڕەهای هێزە و کورد تەنیا لەناو ئەو چوارچێوەیەدا دەتوانێت بوونی هەبێت.

دووەم، پەرتەوازەیی حیزبی بەرامبەر یەکگوتاریی ناوەند: لە کاتێکدا میدیای سەر بە پارتی (کوردستان٢٤ و ئاڤا) لە پاڵ پاڵەوانسازییەکەدا هەوڵی دروستکردنی دژەگوتار دەدەن (بەدرۆخستنەوەی کشانەوەی حزبوڵڵا و پرسیارکردن لە هەڕەشە بۆ سەر هەرێم)، کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئەو پرسیارەی پێشكەشكارەكەی ئاڤا (كە خۆی بەرهەمهێنەری گوتاری ترسی بندەستە لە سەردەست)، دەکاتە کەرەستەی ململانێی ناوخۆیی و هێرشکردنە سەر پارتی. ئەمەش نیشانی دەدات کە ململانێی حیزبیی نێوخۆیی ڕێگرە لە دروستبوونی گوتارێکی میدیاییی کوردیی هۆشیار بەرامبەر هەژموونی ناوەند.

بەم شێوەیە، کۆی ئەم ڕووماڵە دەری دەخات کە میدیای کوردی —بەهۆی پێشبڕکێی خێرایی لە گواستنەوە و (بەحسێب شەڕی یەكەمبوون)، بەکارهێنانی کەرەستەی ئامادەکراوی میدیای عەرەبی و نەبوونی فلتەری گوتاری— بە شێوەیەکی سیستماتیک، بەگشتی، میدیای کوردی وێنای دەوڵەتێکی ناوەندیی باڵادەست و سەرکردەیەکی پاڵەوان لە هزری تاکی کورددا دەچێنێت و بەبێ ئاگایی یان لەژێر كاریگەری ململانێی حیزبیدا، پێگەی بندەستیی هەرێم بەرامبەر بەغدا ئاسایی دەکاتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO