سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دابەزین لە نەتەوە و سەربەخۆییەوە؛ بۆ ئیتنیک‌ و ڕازیبوون بە پاشکۆیەتی دەوڵەت – نەتەوەی سەردەست

لە مێژووی خەباتی سیاسی و ڕزگاریخوازی نەتەوەکاندا، مەترسیدارترین شکست ئەوە نییە لە بەرەی شەر و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا پاشەکشە بکەیت، بەڵکوو ئەوەیە لە پەڕاوەکانی دانوستان و لەسەر مێزی گفتوگۆدا، پێناسەی بوونی خۆت و مافی ڕەوای سەربەخۆیی بدۆڕێنیت. ئەو لێنەهاتووییە سیاسییەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەی «ئازادیی» و ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی «ئۆسلۆ»دا دەبینرێت، تەنیا هەڵەیەکی دارشتن و تەکنیکیی بەڵگەنامەییی نییە، بەڵکوو نیشانەی داڕمانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاشەکشە لە ئاسۆی سەربەخۆیی و سەرەتای خۆڕادەستکردنێکی پێشوەختەیە.

واژۆکردن لەسەر دەقگەلێک، کە «نەتەوە»ی کورد تاوەکوو ئاستی «ئیتنیک»، یان کەمینەیەکی قەومی دادەبەزێنێت، هیچ نییە جگە لە شەرعیەتپێدانی ناڕاستەوخۆ بە هەمان ڕوانگە و سیاسەتی ناوەندگەرایانەی حاشاکردن و ئاسمیلاسیۆن و بچووککردنەوەی دۆزی کورد. ئەمەی لە ئۆسلۆ ڕوویدا، بەرهەمهێنانەوەی سەرلەنوێی هەمان لۆجیکی ژێردەستەیییە بە زمانێکی مۆدێرنتر. لۆجیکێک، کە هەوڵ دەدات کێشەیەکی ڕیشەییی سیاسی و مێژوویی و خاکی لە مافی سەروەریی نەتەوەیی و ئاسۆی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆوە بگۆڕێت بۆ داواکارییەکی کولتووریی ڕوواڵەت و کۆمەڵێک مافی کەسی.

با لەوە تێپەڕین، کە نەتەوەکردن بە «ئیتنیک» و «قەوم»، دانپێدانانە بە سەردەستەییی ناسنامەیەکی دیکە و خێرخوازیی کۆمەڵێک مافی ڕەمزی لە لایەن ناوەندەوە بە کەمینەکان. پرسە ڕاستەقینەکە و تاقیکردنەوە سەختەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، ئەگەر سەرکردایەتی و لایەنەکان لە ئاست چەند کەس و گرووپێک، یان ڕێکخراوێکی بچووک و بێدەسەڵاتی تاراوگەنیشیندا، کە تەنانەت هیچ ئامرازێکی گوشار و دەسەڵاتێکی کردەیییان لەبەردەستدا نییە، ئاوا بەبێ پەروا ملکەچی ئیرادەی ئەوان ببن و ئامادە بن ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانی لەپێناودا هەراج بکەن، کەواتە بەیانی لە بەرانبەر دەوڵەتانی خاوەن دەسەڵات و سوپا و ئابووری و دیپلۆماسیی بەهێز چی دەکەن؟

کەسێک، کە ئەمڕۆ لە بەردەم لایەنێکی لاوازی ئۆپۆزسیۆندا نەتوانێت پارێزگاری لە سادەترین پێناسەی نەتەوەیی خۆی بکات و داواکاریی ڕەوای سەربەخۆیی کورت بکاتەوە بۆ کێشەیەکی کولتووری، چۆن دەتوانێت بەیانی لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی داهاتوودا داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس و خودموختاری، یان فێدراڵیزمێکی ڕاستەقینە بکات؟ ئەوەی لە ئۆسلۆ دۆڕێنرا، تەنیا وشەی «نەتەوە» نەبوو، بەڵکوو کارتە بەهێزەکانی ئایندەی گفتوگۆ و مافی سەروەریی خاکی کورد بوو.

ئەم مامەڵە خاوە لەسەر چەمکە ستراتیجییەکان، پەیامێکی ڕوون دەداتە هێزە ناوەندگەراکان، «کورد بەئاسانی سازش لەسەر بنەماکانی خۆی و بیرۆکەی سەربەخۆیی دەکات». ئەم جۆرە سیاسەتکردنە نەوەکوو هەر ناکەوێتە خانەی دیپلۆماسیی ژیرانەوە، بەڵکوو کورتبینییەکی کوشندەیە، کە دۆزی ڕەوای گەلێک لە ئاستی دۆزێکی کولتووری-قەومیدا ڕادەگرێت. مێژوو سەلماندوویەتی، کاتێک بوونی سیاسی و ئاسۆی سەربەخۆیی خۆت کردە قوربانی ڕەزامەندیی لایەنەکانی دیکە، لە ئایندەدا تەنانەت ئەو مافە کولتوورییانەش، کە بەڵێنیان پێداویت، زەوت دەکرێنەوە.

ئەم پاشەکشە بەردەوامە لە پێناسەی ناسنامەی نەتەوەیی، دەرئەنجامی نەبوونی ستراتیجێکی ڕوون و بێباوەڕییە بە ئاسۆی سەربەخۆیی و توانای خۆیی. کاتێک بەڵگەنامەیەکی سیاسی، یان مافی مرۆڤی بەبێ وردبوونەوە لە چەمکە سەرەکییەکان واژۆ دەکرێت، ڕێگە خۆش دەکرێت بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی داهاتوودا هەموو داواکارییەکی نەتەوەیی، یان سەربەخۆییخوازی وەکوو توندڕەوی و جوداخوازی تەماشا بکرێت. ئیتنیکسازیی کورد، کەرەستەیەکی زێڕین دەداتە دەست نەیاران بۆ ئەوەی بڵێن کیانی کورد تەنیا پاشکۆیەکی کولتوورییە لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەستدا، نەوەکوو نەتەوەیەک، کە شایستەی سەروەری و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت. بەم جۆرە، خەباتی چەندین دەیەی گەلێک بە دەستی بەشێک لە نخبەی سیاسیی خۆی، لە گۆڕەپانی سیاسیی نێودەوڵەتیدا دەخرێتە پەراوێزەوە و توانای بەگژداچوونەوەی بڕیارە چارەنووسسازەکانی لێ زەوت دەکرێت.

ڕاستییەکە ئەوەیە، کە هیچ هێزێکی سیاسی نەیتوانیوە لە ڕێگەی دەستبەرداربوون لە ڕوئیای سەربەخۆیی و بچووککردنەوەی خواستی جەماوەرەکەیەوە، ڕێز یان هاوپەیمانیی ڕاستەقینە بەدەست بهێنێت. ڕێککەوتننامەیەک، کە بنەما سەرەکییەکانی ناسنامە و مافی سەروەری بباتە ژێر پرسیارەوە و بیانکاتە قوربانی دەستکەوتی کاتیی، یان ڕەزامەندیی پێکهاتەکانی دیکە، لۆجیکی شکست لە خۆیدا هەڵدەگرێت. کاتێک ئۆپۆزسیۆنێک لە قۆناغی بێدەسەڵاتیدا ئامادە بێت هەموو پرەنسیپە مێژوویییەکان بخاتە پەراوێزەوە، چۆن دەکرێت چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێت، کە لە داهاتوودا پارێزگاری لە کەرامەت و خاک و مافی سەربەخۆیی ئەو خەڵکە بکات؟

ئەم هەڵوێستانە دەرئەنجامی جۆرێک لە ئاڵۆزیی فکری و وڕێنەی سیاسیین، کە تێیدا جیاوازی لەنێوان دیپلۆماسیی نەرم و پاشەکشە لە بنەما نەگۆڕەکانی سەربەخۆیی نەتەوەییدا ناکرێت. بەهێزکردنی پیگەی کورد لە هەر بەڵگەنامەیەکدا، پێویستی بەوەیە، کە بە زمانێکی ڕوون و زانستی و بەبێ دوودڵی پێناسەی دۆزەکە وەکوو دۆزێکی سیاسیی سەربەخۆییخوازانە بکرێت. هیچ گەلێک بە پاشەکشەکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و وازهێنان لە مافی سەروەری نەبووەتە خاوەنی ماف، بەڵکوو بە پێداگری لەسەر حەقیقتە مێژوویییەکان و ئاسۆی سەربەخۆیی توانیویەتی شوێنی خۆی لە هاوکێشەکاندا بچەسپێنێت.

کاتی ئەوە هاتووە ڕاشکاوانە بەوانە بگوترێت، کە ئاسۆی ڕزگاری و سەربەخۆیی نەتەوەییەکەیان لە چەند ئیمزایەکی بەبێ ‌بڕشتدا کورت کردووەتەوە: مافی نەتەوەیی و سەربەخۆیی بە پاڕانەوە و دابەزاندنی پێناسەکان بەدەست ناهێنرێت. نەتەوەیەک، کە خۆی مافی خۆی تاوەکوو ئاستی قەوم داببەزێنێت، شایستەی هیچ ئاسۆیەکی سیاسیی ڕزگارکەر و دەوڵەتداریی سەربەخۆ نابێت. بێدەنگبوون لەم داڕمانە مانادارییە، هاوبەشیکردنە لە سڕینەوەی مێژوو و ئەنفالکردنی سیاسیی ئایندەی گەلێک، کە شایستەی سەربەخۆیی و سەروەرییە، زۆر زیاتر لەوەی لە سەوداگەرییە سیاسییەکاندا پێی دەگوترێت ئیتنیک.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO