کۆتایی هاتنی ئهركی سەربازی هاوپەیمانی نێودهوڵهتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و كشانهوهی هێزهكانيان لە عێراق لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ گۆڕانکارییەکی گرنگە، بەڵام کۆتایییەکی ئاسان و ساده نییە بۆ بەشداریکردنی نێودەوڵەتی و هاوبهشی نێودهوڵهتی له عێراق. سهربازهكانی ئهمريكا و هاوپەیمانان بنکە و بارەگاکانیان بەجێهێشت، لە کاتێکدا ڕەنگە مەشق و ڕاهێنانی ئامانجدار و هاوکاری هەواڵگری و دیپلۆماسی و پەیوەندییە ئابوورییەکان لە ڕێگەی ڕێکخستن و پهيوهندييه دوولایەنەكانهوه بەردەوام بێت. بۆیە کشانەوەکە دەتوانێت دەرفەت بۆ ئاشتی و سەروەری دروست بکات له ڕووی سيمبوليكهوه، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیارێتی زیاتر و مەترسی زیاتر بۆ دامەزراوە عێراقییەکان دروست دهكات. لێككهوتهكانی كشانهوهی هێزهكانی هاوپهيمانی نێودهوڵهتی و ئهمريكا ئهوهنده پهيوهست نين بە بهجێهێشتنی فيزيكی و جهستهیی سەربازەکانیانەوە، ئهوهندهی کە پهيوهستن بهوهی ئایا عێراق به فعلی دەتوانێت کۆنتڕۆڵی هێزە چهكدارهكان بکات و حکوومەتێکی کارا و کاریگەری ههبێت و دووربکەوێتەوە لهوهی ببێت به گۆڕەپانێک بۆ ململانێی ئیقلیمی، ئايا توانای كۆنتڕۆڵكردنی بۆشاييه ئهمنييهكانی ههيه؟
بەهێزترین ئارگیومێنت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەوەیە، کە سەرچاوەیەکی گرنگی گرژیە سیاسی و سەربازییەکان لادەبات. بوونی سەربازی بیانی بەتایبەتی هێزەکانی ئەمریکا لە مێژە ڕێگەی بە کوتلە چەکدارەکان داوە، خۆیان وەکوو بەرگریکاری سەروەری عێراق وەسف بکەن و شەرعییەتی خۆیان لە ڕێگەی ئەو بانگەشەیەوە دابین بکەن. ئەم چۆڵکردن و جێهێشتنەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕەنگە کۆتایی هاتنی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕۆحییەتی تۆڵەسەندنەوەی هێزە وەلائییەکان کەم بکاتەوە، کە چەندین جار هەڕەشەی پەرەسەندنی فراوانترکردنی گرژییەکانیان کردبوو. جگە لەوەش ئەمە دەکرێت دەرفەتێک بدات بە بەغدا، تاوەکوو پەیوەندییەکی ئاساییتر لەگەڵ واشنتن و هاوبەشەکانی دیکە دروست بکات، لەسەر بنەمای بازرگانی و تەکنەلۆجیا و پەروەردە و دیپلۆماسی بێت نەوەکوو جەنگ. لە لایەکی دیکەوە بە شێوەیەکی سیمبولیکی، ڕەنگە گواستنەوەی هێزەکان و چۆڵکردنی بنکەکانیان متمانەی نیشتمانی بەهێز بکات و نیشانی بدات، کە هێزە عێراقییەکان دوای چەندین ساڵ لە ئەزموون و مەشق و ڕاهێنان و شەڕکردن توانای پاراستنی وڵاتیان هەیە.
بەغدا، وەکوو دەستکەوتێک، ٣٠ی ئەیلوول تاوەکوو ٤ی تشرینی یەکەمی وەک پشووی فەرمی ڕاگەیاند و ئەم ڕووداوەی ناونا “ڕۆژی سەروەریی”، بەڵام سەروەریی وڵات بە ناتەواوی دەمێنێتەوە، ئەگەر میلیشیاکان چەک و زنجیرە و فەرماندەیی سەربەخۆی خۆیان بپارێزن و چەک ڕادەستی دەوڵەت نەکەن. هەندێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو دەوڵەت و دامەزراوەکان کار دەکەن، کوتلە بەهێزەکانی نێو پەرلەمانیش خاوەنی کاریگەریی سیاسی و وەلائی و پەیوەندی توندوتۆڵن لەگەڵ ئێران. کشانەوەی هێزەکانیی ئەمریکا پاساوی گرووپە چەکدارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەربازە بیانییەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی توانای سەربازی، یان وەلائی ناوچەیی و ئیقلیمیان لاواز ناکات. ئەگەر حکوومەت هەوڵی داماڵینی چەک بەخێرایی بدات بەبێ ڕێکەوتنێکی سیاسی لەنێوان لایەنەکان، ئەوا دەکرێت شەڕی ناوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت. ئەگەر حکوومەتی عێراقـیش خۆی لە مەسەلەکە بەدوور بگرێت و چاوپۆشیان لێ بکات، ڕەنگە گرووپە چەکدارەکان کاریگەرتر و بەهێزتر ببن و دامەزراوە فەرمییەکان لاواز بکەن و ئەوان بڕیار بدەن، کە عێراق کەی دەکێشرێتە ناو ململانێی و جەنگی ناوچەیی و ئیقلیمییەوە، جگە لەوەش ئەمە سەردەکێشێت بۆ نیگەرانی واشنتن و سەپاندنی سزای قورس بەسەر عێراقدا، سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی ناوخۆیی لە لایەن سوننە و کوردـیشەوە زیاتر دەکات.
مەترسییەکی دیکە، کە دەکرێت سەقامگیری ناوچەیی تێک بدات، بەردەوامبوونی هەڕەشەی پاشماوەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشـە. ئەو گرووپە چیدیکە کۆنتڕۆڵی شارە گەورەکان ناکات و شاری گەورەی لە دەست نەماوە، هەروەها هێزە ئەمنییەکانی عێراق زۆر بەهێزترن لەوەی لە ٢٠١٤ هەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا، چەکدارەکان دەتوانن لە ناوچە دوورەدەستەکان و ناوچە دابڕاوەکان و سنوورە بێ پاسەوانەکان و کەلێنە هەواڵگرییە ئەمنییەکان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان کەڵک وەربگرن. کەمبوونەوەی دەستگەیشتن بە چاودێریی ئاسمانی و زانیارییەکانی هاوپەیمانان و لۆجستیک و پشتیوانییە ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دەتوانێت بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زەحمەتتر بکات. مەترسییەکە بریتی نییە لەوەی خەلافەتێکی دیکەی ناوچەیی وەکوو ئەوەی لە ٢٠١٤ ڕوویدا، لە ماوەیەکی نزیکدا دروست ببێتەوە، بەڵکوو دەکرێت بە شێوەی یاخیبوون و تێکدانی بەردەوام خۆی نمایش بکات، کە لە کوشتنی ئامانجدار و بۆمبدانان و هاندانی ناکۆکییە مەزهەبییەکان کەڵک وەربگرن و متمانەی گشتیی بە حکوومەت و هێزەکان لاواز بکەن. بە شێوەیەکی گشتیی لێرەدا، هەوڵدەدرێت چوار سیناریۆی سەرەکی، کە دەکرێت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕووبدەن دەستنیشان بکرێن.
یەکەم: ئومێدبەخشترین و دڵخوازترین سیناریۆ بۆ عێراقییەکان بریتییە لە سەروەریی کۆنتڕۆڵکراو و سەقامگیری تەواو، بەغدا هەوڵدەدات بەهێواشی گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات و بیانخاتە ژێر فەرماندەیی قانوونی، هەوڵدەدات هاوکاریی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان باشتر بکات و هاوکاریی نهێنیی نێودەوڵەتی لە بواری زانیاریی ئەمنی و هەواڵگری بەردەوام بکات. هاوکات، دەخوازێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا و تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکان بە هاوسەنگی بەڕێوە ببات. چاکسازیی ئابووری بکات و خزمەتگوزارییەکان باشتر بکات، هۆکارەکانی پەیوەستبوون و پابەندبوون بە گرووپە چەکدارەکان کەم بکاتەوە و ڕۆڵێان نەهێڵێت. ئەم سیناریۆیە ئەگەرچی زەحمەت و قورسە بۆ عێراق، چونکە ئێران و هێزە وەلائییەکانی بەم شێوە زەحمەتە قایل ببن، بەڵام ئەگەر ئەم سیناریۆیە وەکوو خۆی ڕووبدات و عێراق بەسەر ئەو ئاڵەنگارییەدا سەربکەوێت، ئەوا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتە قازانج و بەدەستهێنانی ئاشتی و دەوڵەتێکی بەهێزتر.
سیناریۆی دووەم: ئەم سیناریۆیە ئەگەری ڕوودانی لە سیناریۆیی یەکەم زیاترە، بریتییە لە دووبارە دەستپێکردنەوەی یاخیبوونە چەکدارییەکان. ناکۆکییە سیاسییەکان و پشتگوێخستنی ناوچە گوندنیشینەکان و کەمبوونەوەی توانای هەواڵگری ئەمنی. ئەمەش دەتوانێت ڕێگە بە خانەکانی ڕێکخراوی داعش بدەن هێرشەکانیان فراوانتر بکەن. مەرج نییە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بتوانێت دەست بەسەر ناوچەی گەورە و شاری گەورەدا بگرێت، بەڵام دەتوانن نائارامییەکی بەردەوام دروست بکەن، کە دەبێتە کێشەیەکی بەردەوام و ئاوارەبوون و دڵەڕاوکێ و ململانێ مەزهەبییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
سیناریۆی سێیەم: توندبوونەوەی ململانێی میلیشیاکان و هێزە پرۆکسییەکان. گرووپە چەکدارە-لە-یاسا-دەرچووەکان بە پاڵپشتی هێزی ئیقلیمی لە بەرانبەر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت خۆڕاگر دەبن و چەک ڕادەست ناکەن. هاوکات، هێزە ئیقلیمییەکان عێراق بەکاردەهێنن بۆ فشار خستنە سەر ئەوانی دیکە. هێرشە درۆنییەکان و سزا ئابوورییەکان، یان هێرشە دەرەکییەکان دەتوانن عێراق بکێشنە ناو ململانێیەکی فراوانتر، کە ئەم مەترسییە زیاتر ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەم سیناریۆیە دەکرێت عێراق و خەڵکەکەی بخاتە ژێر نەفرەتی فشار و گەمارۆی قورسی ئابووری ئەمریکا و نرخی دۆلار بەشێوەیەک بەرز ببێتەوە، کە قەیرانی قووڵ بۆ حکوومەت و خەڵکی عێراق دروست بکات، کەواتە ئەو سەروەرییەی کە ناوییان لێناوە زۆر لەرزۆک و لاواز دەبێت، نەوەکوو سەروەریی ڕاستەقینە .
سیناریۆی چوارەم: لە نزیک مەودادا ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجامی ڕووداوەکان ڕێگەیەکی مامناوەندی ناسەقامگیر، بەڵام کۆنتڕۆڵکراو بدەن بەدەستەوە. دەوڵەت بەردەوام دەبێت و هەڵبژاردنەکان و هەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبن و هێزە ئەمنییەکان هەڕەشە گەورەکانی تیرۆر کۆنتڕۆڵ دەکەن، بەڵام کێشەی میلیشیاکان، گەندەڵی و دەستێوەردانی هێزە ئیقلیمییەکان هەر بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە. قەیرانە دووبارەکان ڕوودەدەنەوە، بەبێ ئەوەی نە سەقامگیرییەکی تەواو دروست بکەن و نە دەوڵەتیش بڕوخێت.
لە کۆتاییدا، داهاتووی عێراق بەوە دیاری ناکرێت، کە کێ ڕۆیشتووە و کێ دەمێنێتەوە، بەڵکوو بەوە دیاری دەکرێت، کە کێ حوکم دەکات و کێ کۆنتڕۆڵی چەکەکان دەکات، ئایا هاووڵاتیان باوەڕیان وایە دەوڵەت خزمەتیان دەکات یان نا، دەستوور و سەروەری یاسا چەند ڕێزلێگیراو دەبن.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانـیش، سیناریۆ و ڕووداەکانی داهاتوو هەر چییەک بن، یەکڕیزی دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی ڕاستەقینەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاڵەنگارییەکان، لەبەرئەوە شەرعییەتی ناوخۆیی و یەکڕێزی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پەلەکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، دەکرێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەشێک لە مەترسییەکان بڕەوێنێتەوە، پاش ئەمانە گرنگە وەفدی حکوومەت بەهاوبەشی هەردوولا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەردانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەن، بۆ ئەوەی ئاگادار بکرێنەوە لە سیناریۆیەکان و هەڵوێستی کوردستانییانیان پێڕابگەیەنرێ و لۆبی و پشتگیری زیاتر بۆ قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان بە دەست بهێنرێت.



