فەلسەفە کچی سەردەمی خۆیەتی، ناتوانێت لە دەرەوەی پرسیارەکانی سەردەمی خۆی، ڕوحی بەرخۆدان وەربگرێت. لەبەرئەوە، فەلسەفە مۆزەخانەیەک نییە بۆ کۆکردنەوەی بیرۆکە کۆن و بەسەرچووەکان، بەڵکوو ئەمڕۆ فەلسەفە لەبەردەم مەرجەکانی ژیانێکی نوێدایە، ژیانێک، کە لە سایەی تەکنۆلۆجیا و کەنالە نوێیەکانی پەیوەندی و زانیاریدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە.
واتە، فەلسەفەی ئەمڕۆ لەبەردەم جیهانێکدایە، کە بەردەوام لە گۆڕان و دۆخگۆڕین دایە. لەبەر ئەمە، ئەم ڕەوشە نوێیە داوای ئەوە دەکات، کە ڕێباز و مێتۆدەکانیش لەگەڵ مەرجەکانی گۆڕان و دۆخە نوێیەکانی ئەمڕۆ بگونجێن.
ڕاستە ئەرکی یەکەمی فەلسەفە دروستکردنی جیهان نییە، بەڵکوو یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ئەوەیە، کە لە مەرجەکانی ژیانی ئەمڕۆ تێ بگات. لەبەر ئەمە، پێویستە فەلسەفە لە پرسیاری کۆنی «چی ڕوویداوە؟»، بگوڕێت بۆ پرسیاری زیندووی «ئێستا چی ڕوودەدات؟ » چونکە ئیدیکە پرسیاری کۆنی «چۆن زانیاری بەدەست بهێنین؟» بەتەنیا بەس نییە، بەڵکوو دەبێت بپرسین: «ئێمە لەگەڵ ئەم هەموو زانیارییانەدا چی بکەین؟». کەواتە چۆن ئەم زانیارییە زۆر و بێکۆتاییانە بگۆڕین بۆ تێگەیشتن و چۆن لە تێگەیشتنەوە، بگەینە کردارێکی بەرپرسیارانە؟
لەبەرئەمە، گرنگ ئەوە نییە مرۆڤ تەنیا زانیاریی زۆری هەبێت، گرنگ ئەوەیە، بزانێت چۆن بە بەرپرسیارییەوە ئەو زانیارییە بەکاربهێنێت. کەواتە فەلسەفەش تەنیا کۆکردنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی بەردەوامی عەقڵییە، کە مرۆڤ لە خۆبەزلزانین و ساوێر و باوەڕە بەسەرچووەکان ڕزگار دەکات.
ڕاستە فەلسەفە لە سەرسامبوون و شۆکبوون لەبەردەم بوون و جیهاندا لەدایکبووە، بەڵام لەوەدا وەکوو بەندی شۆکبوون نەماوەتەوە. شۆک بووە بە پرسیار، پرسیار بووە بە گومان، گومان بووە بە دەستپێکی گەڕان و لێکۆڵینەوە و گەڕان گەیشتە مەعریفە، پاشان خودی مەعریفە بووە بە سەرچاوەی پرسیارێکی نوێ.
بەم شێوەیە، فەلسەفە بە درێژایی مێژووی خۆیدا، لەنێوان دیالێکتیکی پرسیار و وەڵام و دووبارە پرسیارێکی نوێدا، بەردەوامبووە. لەبەر ئەمە، پرسیاری ڕەسەنی فەلسەفە، وەکوو کێشەیەکی کراوە و گەڕان بەدوای ڕاستیدا، هەمیشە لە پەیوەندییەکی ئاڵۆزدا لەگەڵ «مەعریفە و زمان و عەقڵ و هەست و ئەزموون و بیرکردنەوە و مێژوو و کۆمەڵگە و دەسەڵات»دا بووە.
بەم مانایە، گومان دوژمنی ڕاستی نییە، بەڵکوو ڕێگەیەکی گەڕان بەدوای ڕاستییە. هەروەها دیالۆگ تەنیا گۆڕینەوەی وشە نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە ئەزموونکردن، جوڵاندنی بیر و بەرهەمهێنانی پرسیار.
ڕێکخستنی عەقڵانی لە مێژووی فەلسەفەدا بە ڕێبازە جۆراوجۆرەکاندا تێپەڕیوە. لە سەردەمی سۆکراتدا، بیرۆکە مسۆگەرەکان بە پرسیارەکانی خۆی دەخستە ژێر ڕەخنە، دێکارت گومانکردنەکەی کردە بنەمای مێتۆدی خۆی و کانت عەقڵی لە دوو بواردا، تیۆری و پراکتیکی لێک جیا کردەوە.
بەم شێوەیە، ئەم ڕێبازە فەلسەفییانە زنجیرەیەکی بێکۆتایی لە پرسیار و وەڵام و پرسیاری نوێیان بەرهەمهێناوە. لەگەڵ ئەمەدا، فەلسەفە هەروەکوو لە سەرسامبوونەوە دەستی پێکرد، بە پرسیارکردن گەشەی کرد و بە ڕەخنە پێشکەوت. فەلسەفە بوارێکی فراوانی «پرسیارکردن و ڕەخنەکردن و تێگەیشتن» بە مرۆڤ دەبەخشێت.
ئەم تێگەیشتنە دەبێتە بنەمای عەقڵە ئازادەکان، عەقڵەکانێک، کە بەهاکانی خۆیان لە هۆشیاری و هۆشمەندییە کۆنەکان، بەڵام بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە وەردەگرن. بیرۆکە کۆنەکانیش، لە چوارچێوەی عەقڵێکی کراوە و ئازاد دا، دووبارە دەخوێندرێنەوە و دەخرێنە ژێر پرسیارەوە.
ئەگەر بیکۆن لە دوێنێدا گوتبێتی «مەعریفە خۆی هێزە»، ئەوا ئەگەر ئەمڕۆ عەقڵە هزری و فەلسەفییە کراوەکان لەبەردەم ئەم ڕەوشە ئاڵۆزەدا بەرخۆدان نەکەن، لەوانەیە جۆرێک «شێزۆفرینیای مەعریفە» دروست ببێت، واتە جیاوازییەکی قووڵ لەنێوان زانیاری و تێگەیشتن و نێوان تێگەیشتن و کردار.
لەبەر ئەمە، پێویستە کار لەسەر کەمکردنەوەی «ناوەندبوونی لۆگۆسی ڕەها» و هەڵوەشاندنەوەی «پەرژانی دۆگماتیکی»، لە عەقڵی مرۆڤی کورد دا بکرێت.
بەپێی ئەزموونەکانی مێژوو، هەروەکوو فەلسەفە لە ڕابردوودا هەوڵی داوە، مرۆڤ لە ترس و ساوێرە سروشتییەکان ڕزگار بکات، ئەمڕۆش دەبێت بتوانێت مرۆڤ لە ترسی شۆڕشی هەژماری و دیجیتاڵی ئارام بکات.
لەبەر ئەمە، پێویستە فەلسەفە لە ناو چوار دیواری زانکۆکاندا نەمێنێتەوە، بەڵکوو دەربچێت و بڕواتە ناو ژیانی خەڵک، تاوەکوو ببێتە فەلسەفەی ژیانی ئازادی و خۆشی و ناخۆشییەکانی کۆمەڵگە و گەلەکان.
لەو ڕووەوە، گرنگی و خەباتی سۆکرات تەنیا بابەتێکی مێژوویی نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە ئەرکی ژیانی ئەو. سۆکرات خەڵکی ئەسینای هاندەدا بۆ بیرکردنەوە و پرسیارکردن، نەوەکوو تەنیا بۆ وەرگرتنی وەڵامە ئامادەکان.
لەبەر ئەمەش، سۆکرات نەوەکوو تەنیا بە «باوکی ئەسینا» ــ Father of Athens ــ ناسراوە، بەڵکوو بە گشتیی بە «باوکی فەلسەفەی ڕۆژئاوا» ــ Father of Western Philosophy ــ ناوبراوە.
بەگشتیی فەلسەفە ئەوە نییە، کە مرۆڤ زانیاری لەسەر فەلسەفە و فەیلەسوفان هەبێت، بەڵکوو فەلسەفە لە پرسیاری «چۆن؟» و «بۆچی؟» دەست پێ دەکات. لەبەر ئەمە، فەیلەسوفان لە کۆنەوە ئەوەیان وتووە، کە پرسیارکردن لەسەر مرۆڤ، لە بنەڕەتدا، پرسیارکردنە لەسەر مەعریفە. ئەمڕۆ تەکنۆلۆجیا دەتوانێت هێزمان پێ ببەخشێت، زانست دەتوانێت مەعریفەمان پێ بدات و زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت تواناکانی مرۆڤ فراوانتر بکات، بەڵام هێشتا ئەوە فەلسەفەیە، کە توانای پرسیارکردن لەسەر «واتا و مەبەست و سنوورەکان» هەیە.
بەم مانایە، تێگەیشتن لە سەردەمی گۆڕانی زیرەکی دەستکرد، بە مانای سەرکەوتنی تەکنۆلۆجیا بەسەر فەلسەفەدا نییە، بەڵکوو ئەمە چاخێکی مێژووییە، کە داوا دەکات فەلسەفە دووبارە لە ڕۆڵ و ئەرکە بنەڕەتییەکانی خۆی بیر بکاتەوە.
سەرباری ئەمە، مەبەست لە «عەقڵی نوێ» ئەوەیە، کە عەقڵێکی بوێری پرسیارکردن هەبێت، بەڵام مەبەست لە عەقڵی نوێ ڕەتکردنەوەی دوێنێ نییە، بەڵکوو دروستکردنی دیالۆگێکە لەنێوان ئەمڕۆ و دوێنێ. عەقڵی کراوەی فەلسەفی ئەو عەقڵەیە، کە خۆی بۆ وەرگرتنی پرسیارە ئاڵۆز و دوودڵەکان ئامادە دەکات، چونکە هەر ئەم جۆرە پرسیارانەن، کە دینامۆی بەردەوامیی عەقڵانیەتن.
بە کورتی، هەروەکوو وشەی «واتا» لە زمانی عەرەبیدا بە «معنی» دەگوترێت و لە هەمان بنەمای زمانیدا پەیوەندییەکی نزیکی بە «معاناة»، واتە “ژان” و “ئازار”ەوە هەیە، هەمان شت لە ژیانی مرۆڤیشدا ڕوودەدات، دروستکردنی واتا بێ ژان و ئازار بە ئاسانی پەیدا نابێت.
لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەش ئەوەیە، کە مرۆڤ وەکوو پڕۆژەیەکی بەردەوامی «واتابوون» ببینێت، چونکە فەلسەفە مرۆڤ فێر دەکات، چۆن بە واتا و مانا بژی. هەروەکوو فەلسەفە هونەری بینینی ڕێگەکانی ژیانە، هەمان کات دەنگی عەقڵە لە گەڕان بەدوای واتای ژیان و بووندا. لە سەردەمی ئێستادا، ئەرکی فەلسەفە ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان «عەقڵ و نرخ و واتا»یە.
بەڕاستی، ئەلبێر کامۆ بەجوانی ئەمەی دەربڕیوە: بێهودەیی لە سەردەمی هاوڕکێدا، لەنێوان بانگەوازی مرۆڤ بۆ واتا و بێدەنگی و بێهەستیی جیهاندا دەردەکەوێت. لەبەر ئەمە، هەر پرسیارێکی «من کێم؟» خۆی گەڕانێکە بەدوای واتای بوون و ڕێگاکانی ژیان.


