لە 2020، گارێس ئێڤانز و چەند دەرهێنەرێکی دیکە بەشداربوون لە دەرهێنانی درامایەک بەناوی باندەکانی لەندەن (Gangs of London)، کە زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنیی بەریتانییە لە شێوەی تاوانکاری و ئەکشن و دراما. یەکێکە لە بەهێزترین و لە هەمان کاتدا توندوتیژترین زنجیرە دراما سەردەمییەکان. دراماکە باس لە باندی زۆربەی نەتەوەکانی دنیا دەکات.
یەکەم: گرنگی دراماکە لە کۆمەڵێک ڕەهەنددا دەردەکەوێت، یەکەمینییان شکاندنی بێدەنگیی میدیایی و ناساندنی کوردە. بۆ یەکەم جارە لە دڕامای بەریتانی و جیهانییەکاندا، کورد بەم قەبارەیە و بە شێوازێکی سەرەکی و دیار لە شاشەکاندا دەردەکەوێت، کە میلیۆنان بینەری لە هەموو دونیادا هەن و پێشتر هیچ زانیارییەکییان لەسەر کورد نەبووە. ئێستا لە ڕێی ئەو دڕامایەوە ناوی کورد و پاشخانە سیاسییەکەی دەبیستن و دەزانن. هەروەها جیاکردنەوەی ئامانجەکانی ئەو باندە کوردییە، بەستنەوەی چالاکییەکانییەتی بە پرسی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستییەوە، نەک قازانجی تایبەت. لە پاڵ هەموو ئەو خاڵانەشدا، پیشاندانی ژنی کورد لە کەسایەتی لالەدا وەکو خاوەن بڕیار، ئازا، ستراتیژ و سەرکردە، کە لەناو ئەو هەموو پیاوەدا ژنی کورد دەیەوێت پێگەی خۆی بسەلمێنێت.
دیوە نێگەتیڤەکەشی تێکەڵکردنی خەباتی ڕەوای کوردە بە بزووتنەوەیەکی مافییایی و ماددە هۆشبەرەکان، لە بەرامبەریشدا دەکرێت ناوبانگی کورد بشێوێنێت، تەنانەت گومان بخاتە سەر هەموو داوا ڕەواکانی کورد و دیوە مرۆڤدۆستییەکەیشییەوە. هەر لەو پێودانگەشەوە، دوای تەماشاکردنی زنجیرە دراماکە، بەباشم زانی ڕوانگەی خۆم لەسەر ڕۆڵی باندە کوردییەکە لە دراماکەدا بخەمە ڕوو.
دووەم: بە پێچەوانەی هەموو باندەکانی ناو دراماکە، تەنیا سەرکردەی باندە کوردییەکە ژنێکە بەناوی “لالە” (Lale). ڕۆڵەکە ئەکتەرێکی ئێرانی/بەریتانی دەیبینێت بەناوی نێرگز ڕەشیدی. نێرگز کورد نییە و خەڵكی خوڕەمئابادی ئێرانـە، بەڵام بەکوردییەکی ڕەوان لە دراماکەدا قسە دەکات، بە زاری کرمانجی.
سێیەم: هەموو باندەکان لە ناو دراماکەدا بۆ پارە و دەستەڵات کار دەکەن، بە پێچەوانەی هەمووان باندە کوردییەکە گرێدراوی خەباتێکی نەتەوەیی و گەریلایین. لالە لە ڕابردوودا لە کوردستان گەریلا بووە و ئەزموونی سەربازی و توندوتیژی هەبووە، ئەوە بەر لەوەی ڕوو لە بەریتانیا بکات. ئەم ڕەهەندە ئاماژەیەکی ترسناکە، بەوەی کە بزووتنەوەی تەڤگەری باکوور بەشدارن لە کاری مافیایی و توندوتیژی و ماددە هۆشبەرەکان. دیارە، کە دەرهێنەرەکەش ئاگادارییەکی وردی لە دۆخەکە هەیە.
چوارەم: لە دراماکەدا دەردەکەوێت، باندە کوردییەکە وێڕای ئەوەی لە کاری قاچاغچێتی و ماددەی هۆشبەر و پارە شوشتنەوەدا گلاون، بەڵام خاوەنی پرەنسیپ و شەرەفێکی تاوانکاریی تایبەتن، کە جیایان دەکاتەوە لە باندە مافیاییەکانی دیکەی وەکوو پاکستانی و ئەلبانی و ڕووسی و ئینگلیزی.
پێنجەم: بەشێک لەو پارە و سامانەی کە لالە لە ڕێگەی باندەکەی لەندەن بەدەستی دەهێنێت، بە شێوازێکی ژێرزەمینی دەینێرێتەوە بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی هێزە سیاسییە چەکدارییەکەی، یان بۆ خێزانە لێقەوماوەکانی کوردستان. لە یەکێک لە زنجیرەکان، کە بەسەریان دادەدەن و ژمارەیەکییان لێ دەکوژن و بارودۆخیان زۆر تێک دەچێت، دەڵێت؛ لەمەودوا چۆن بتوانم پشتیوانی لە بزاڤی ئازادیی نەتەوەکەم بکەم.
شەشەم: باندە کوردییەکە لە دراماکەدا، وەکوو هێزێکی ڕێکخراو و توندوتۆڵ و دڵسۆز بۆ یەکدی دەردەکەون. لالە خان لەگەڵ کارەکتەرە سەرەکییەکەی زنجیرە دراماکە، شۆن والێس، پەیوەندییەکی ئاڵۆزی هەیە، بەڵام بۆ دواجار ناپاکی لێ دەکات و لە لایەن سەرۆکی یەکێک لە باندەکان دەڕفێندرێت. لالە بەپێی بانگەشەی خۆی هەمیشە لە ململانێیەکی خوێناوی دایە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە لەندەن.
حەفتەم: هەموو باندەکان ناپاکی لە یەکدی دەکەن، لالە و باندە کوردییەکە ناپاکییان لێ دەکرێت بەتایبەتی لە لایەن شۆن والێس، تەنیا لالە لە دراماکەدا ناپاکیی لە کەس ناکات. لالە دەڕفێندرێت، بەڵام شۆن والێس چاوپۆشی لێ دەکات و دەیفرۆشێت، هەرچەندە پەیوەندییەکی نەوەکوو هەر بەرژەوەندی و مافیاییشی هەیە، بەڵکوو پەیوەندییەکی سۆزداریشی لەگەڵ لالە دروست کردووە.
هەشتەم: کوردی باکوور، لە دەرەوەش زۆربەی جار هەر بە تورکی قسە دەکەن، بەڵام لە دراماکەدا باندە کوردییەکە لەنێوان خۆیاندا تەنیا بە کوردی دەئاخڤن، بۆ ئەوەی سروشتە کوردییەکەی زەق ببێتەوە.
دیارە، کە سروشتە کوردییەکە و خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان لە دراماکەدا زۆر ڕۆشنە. هەر ئەوەشە وا دەکات زوو زوو فێڵیان لێ بکرێت. لەگەڵ ئەوەش ئازایەتیی لالە لە بەرگری لەخۆکردندا لەهەندێک شوێن ڕەنگدانەوەی خەسڵەتە کوردییە گەریلاییەکەیەتی.


