سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

قەڵای هەولێر لە ژێر عەبای جەلادەکەیدا

دەستبردن بۆ کێشان و وێناکردنی هێمایەکی نیشتمانیی وەک قەڵای هەولێر، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نەتەوەیی قورس بە ئەندازەی قەڵاکە دروست دەکات. لێرەوە، دەمەوێ هەڵوەستە لەسەر پۆستەری فەرمیی خولی هەژدەمینی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بکەم، کە دروشمی “من کوردستانیم”ی بەرز کردووەتەوە، بەڵام لە خۆیدا نموونەیەکی ترسناکە، لە شاردنەوەی پەیامێکی وێنەیی، لە ڕێگەی وشە و دروشمەوە!

لەسەر پۆستەرەکە، “من کوردستانیم” بە پیتە زەردە زێڕینەکەیەوە، سەرنجی بینەر کێش دەکات. بەڵام وێنەی سەر پۆستەرەکە شۆکێک دروست دەکات. ئەو قەڵایەی لە خوارەوە دانراوە، تەنیا لە ڕووی شێوەی گشتیی گردەکەوە لە قەڵای هەولێر دەچێت، تاوەرە دداندارەکان، شوورە نزمەکانی پێشەوە و دەروازە گەورەکەی، ڕەنگدانەوەی کولتووری تەلارسازیی قەڵا سەربازییەکانی شام و عێراق‌ـن، وەک قەڵاکانی حەلەب و بەغدای کۆن. نەک شێوازی شارستانی و خانووە خشتییە ڕەسەنەکانی قەڵای هەولێر. ئەوە دژییەکییەکی گەورەیە، ناکرێ دروشمی سەر پۆستەرەکە کوردستانی و سیما کولتوورییەکەی عەرەبی بێت!

بۆ تێگەیشتن لە کارەساتی ئەم پۆستەرە، دەبێت بۆ پیلانە مەترسیدارەکەی بەعس لە حەفتا و هەشتاکان بگەڕێینەوە. گەڕانەوە بۆ ئەو پڕۆسە بەرفرەوانەی ڕژێمی بەعس لەژێر ناوی “نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر” دەستی پێ کرد، کە ئامانجە ڕاستەقینەکەی “بەعەرەبکردنی تەلارسازی” بوو. عارەباندنی تەلاسازیی نیشتمانی کوردستانیی! هەوڵێک بۆ ڕیشەکێشکردنی نەتەوە و زەوتکردنی ناسنامە، تواندنەوە و لەناوبردنی ڕۆحی و فیزیکی کوردە. هەروەها، بەرنامەیەکی تەواوی جینۆسایدی کولتووری، لە چوارچێوەی جینۆساید و قڕکردنی تەواوەتی.

بە کورتی، بەعسییەکان ویستیان شێوازە مێژوویی و ڕەسەنەکەی قەڵای هەولێر کە لەسەر بنەمای خانووی نیشتەجێبوون و کەرەستەی خشتی خۆماڵی بونیاد نرا بوو، بگۆڕن بۆ شێوازی قەڵا سەربازییەکانی عارەبی، بۆ ئەوەی لەلایەک لەگەڵ گوتاری نەتەوەیی عەرەبی بیگونجێن و لەلایەکی دیکە هیچ جیاوازییەک، ماک و مۆرکێکی ڕەسەن لە نیشتمانی کورد نەهێڵن. لە کۆتاییدا، گرووپێک کە نیشتمانی خۆی نییە، مێژوو و کولتوور و ڕەسەنایەتی خۆی نییە و ئەوەش زەمینەخۆشکردنە بۆ تواندنەوە و ئەگەر بەو جۆرەیش نەتوایەوە، کۆمەڵ کۆمەڵ لەناو قافڵەی زیلی سەربازی، بەرەو نوگرە سەلمان و لەوێشەوە بۆ ژێر خاک و لمی بیابانی سەماوە.

ئێستا، هەمان ئەو شێواندنە مێژووییە، لە ڕێگەی پۆستەرێکەوە و لەژێر دروشمی “من کوردستانیم” بەردەوامی بەخۆی دەدات. دیزاینەرەکە بە ئاگا و نائاگا پشتی بە تەسەورە سەپێنراوەکەی بەعس بەستووەتەوە و هەمان ئەو ڕووکارە دەستکردەی دووبارە بەرهەمهێناوەتەوە کە هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە، کوردانی دڵسۆز و لە ساڵانی دوای ٢٠٠٣یشەوە، یونسکۆ و لێژنەی نۆژەنکردنەوەی قەڵا تا ئەمڕۆ کار بۆ سڕینەوەی دەکەن.

ناکرێت پۆستەری پێشانگەیەکی گەورە بە نابەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ قەڵایەک بکات کە ناسنامەی کولتووری و مێژوویی کوردستان‌ـە. لە باشترین وەڵامی پڕ لە پاکانەشدا، دەتوانین بڵێین هۆکاری ئەو جۆرە پۆستەرە شێوێنەرە بۆ زاڵبوونی عەقڵیەتی بازرگانی دەگەڕێتەوە. ئەو عەقڵیەتە بازرگانییەی کە جوانکاری و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، زۆر لە پێش پاراستنی هەر ڕاستییەکی مێژوویی دادەنێت.

لە کن ئەو عەقڵە بازاڕیی و بازرگانییەدا، قەڵایەک بە دەروازەیەکی زەبەلاح و تاوەری جەنگییەوە، گەلەک شکۆدارترە، لە قەڵایەکی نیشتەجێبوون، پڕ لە خانووی خشت و قوڕین. ئەو عەقڵیەتە لەوە تێناگات قەڵایەکی نیشتەجێبوون کە هێمای ژیانە، لە قەڵایەکی سەربازیی شکۆمەندترە.

نەک هەر ئەوە، بەڵکوو پۆستەرەکە لە ڕێگەی پەیامی بینراو و وێنەییەوە پێمان دەڵێ هیچ شکۆمەندییەک لە قەڵا دێرینەکەتاندا نییە، بەڵام ئەو تۆپەڵە قوڕە، ئەو گردە زلە، کە هیچ شکۆیەکی تێدا نییە، دەکرێ بە عەبای قەڵایەکی سەربازیی عەرەبی شکۆمەند بکرێ! کەواتە تەنیا ڕێگەیەک بۆ شکۆمەندی و مەزنێتیی قەڵا دێرینەکەمان، عارەباندن و لەناوبردنی ڕەسەنایەتییەکی شەش هەزار ساڵەیە.

ئەم پۆستەرە بۆ ئەو کوردستانییانەی لەناو یادەوەری ئەنفال و جینۆساییدا دەژین، ترسناکە! ئاخر هەمان تاوەرە بازنەییەکانی نوگرە سەلمان، هەمان شورە سەربازییە کۆنکرێتییەکەی نوگرە سەلمان، بە هەمان ددانە ژەهراوییەکانییەوە، وەک ئەژدیهایەکی زەبەلاح دەوری قەڵا شێوێنراوەکەی هەولێری داوە. پۆستەرەکە هێمایەکی زەقمان لە دۆزەخی ئەنفال و جینۆساید بەسەردا دەسەپێنێت.

قەڵای هەولێر، بەدرێژایی هەزاران ساڵ ناوەندێکی نیشتەجێبوون و شارستانی بوو، نەک قەڵای نوگرەسەلمان و مۆڵگەیەکی سەربازیی لە بیابان! قەڵاکەی ئێمە هێمای ژیانە و ئەوەی سەر پۆستەرەکە هێمای مردن.

ئێستا، پەنجەرەی دارین و بالکۆنەکانی ڕوو لە ژیان لەو قەڵایە لابردراون، چیتر وێنەیەک لە قەڵا ڕەسەنەکەی خۆمان نییە کە ڕیزی خانوو بە تەنیشت یەکەوە و لەگەڵ ئەو گردە دەسوڕێنەوە، ئەوەی دەبینرێت دیواری بەرز و یەکپارچە، قولە و تاوەر و شورایەکی درێژ و داخراو لە بیابانی عەرەبی. بەو جۆرەیش لە جیاتی هەستکردن بە ژیان، هەستکردن بە شارستانیەتێکی هەزاران ساڵە، بە دەرگای زەبەلاحی داخراو، بە دیواری بەرز و نیشانەکانی مۆڵگەیەکی داخراوی سەربازیی دەمانتۆقێنێت.

ناڕەسەنایەتی ئەو پۆستەرە، بە جۆرێکە کە تەنانەت لە مۆرکە سەربازییەکەیشی، پشتی بە تەلارسازی سەربازی کوردی نەبەستووە. گریمانەی ئەوە بکە ئامانجی پۆستەرەکە بەخشینی سیمایەکی جەنگی و بەرگری بووە بە قەڵاکە، ئەگەر لە ڕوانگەی ڕەسەنایەتی و کوردستانییەوە بووایە، دەبوو ئیلهام لە تەلارسازییە بەردینەکەی قەڵای ئاکرێ، یان قەڵای میرنشینەکانی سۆران و بادینان وەربگرێت، ئەوکات شورە و تاوەر و قولەکانیش جۆرێکی دی دەبوون، قولە و تاوەری قەڵاکانی میرنشینەکانی خۆمان بە هەمان شێوەی بەردین و لوولەیی خۆیانەوە. بەڵام هەموو ئەوانە، لەم پۆستەرەدا، لەسەر مۆدێلی تاوەرە دداندارە عەرەبییەکان کێشراون. ئەوەش دیسان دووپاتکردنەوەی ئەو گوتار و عەقڵیەتە داگیرکارەیە کە بە دەنگی بەرزەوە پێمان دەڵێ لە دەرەوەی پێوەرە عەرەبییەکان، لە دەرەوەی ستانداردە داگیرکەرەکان، هیچ شکۆ و مەزنێتییەک لە ئێوەدا نییە، ئەو گوتارەی پێمان دەڵێ قەڵا مێژووییەکانتان، شارستانیەتە هەزاران ساڵەکەتان بۆ ئەوەی شکۆی هەبێ، نابێت ئەوەندە قووڵ و ئەوەندە دوور بکەوێتەوە و دەبێ لە مێژووی کورتەبنەی ئێمەوە دەست پێ بکات!

بەڕاست ئەو بوێرییە لە کوێوە دێت قەڵایەکی شارستانیی نیشتەجێبوون بگۆڕیت بە مۆڵگەیەکی سەربازیی بیابانی؟! ئەوە لە ئاگاییەوە دێت یان نائاگایی؟ با پاکانەیەک بکەین و بڵێین نائاگایی! بەڵام ئەگەر نائاگاییە، کۆڵەوارییەک نەتوانێت قەڵایەکی شارستانیی نیشتەجێبوون و مۆڵگەیەکی سەربازیی بیابانی لە یەکتر جیا بکاتەوە، هیی ئەوەیە پێشانگەی کتێب لە هەولێری پایتەختی کوردستان بەڕێوەببات؟ کۆڵەوارییەک بە یادەوەریی شورا و ددان و زیندان و سەگەڕەشەکانی نوگرە سەلمان، لە شکۆمەندی شارە دێرین و پڕ لە ژیانەکەمان کەم بکاتەوە؟

ئەگەر پێشانگەیەک بەڕاستی “کوردستانی” بێت، دەبێت پۆستەرەکەیشی دەربڕی ڕەسەنایەتی و ناسنامەمان بێت، نەک وەک پاسەوانی هەمان ئەو شێوازە تەلارسازییە ڕۆڵ بگێڕێت کە بەعسییەکان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان بەکاریان هێنا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO