ڕێبوار سیوەیلى
بۆ گەلى کورد و نەتەوەکەمان، پێشمەرگە واتاى مێژوویی و مرۆیی و نیشتمانیی زۆر قووڵی هەیە: لە پشت ئەم ناوەوە چیرۆکی نەهامەتی و ئاوارەیی و شەڕ و خۆڕاگری و لەدەستدانی ژیان و قڕکردن و پاراستنی خاک و هیوای بەدەستهێنانی ئازادی هەیە. هەزاران کەس لەو ڕێگەیەدا گیانیان بەخت کردووە و هەزاران خێزان بە یاد و ئازاری ئەو ڕۆژانەوە لە چاوەڕوانیدا بەردەوامییان بە ژیانى خۆیان داوە. بۆیە قسەکردن لەبارەى پێشمەرگەوە، تەنیا قسەکردن لە ڕێکخستنێکی سەربازی نییە؛ قسەکردنە لە بەشێک لە یادەوەریی هاوبەشی کۆمەڵگەی کوردستان.
بەڵام مێژوو هەرچەندە بنەمای ڕێز و شانازییە، بە تەنیا ناتوانێت دامەزراوە دروست بکات، ئەو هێزەی کە لە دۆخێکی شۆڕشگێڕانە و پێشمەرگایەتییدا سەری هەڵداوە، لە کاتی گۆڕانی دۆخی سیاسی و دامەزراوەیی کۆمەڵگەدا دەبێت خۆی لەگەڵ پێویستییە نوێیەکان بگونجێنێت. ئەگەر پێشمەرگە لە مێژووی خۆیەوە بۆ داهاتووی خۆی بڕوات، دەبێت لە هەمان کاتدا دوو شت بپارێزێت: ڕێزی مێژوو و پێویستیی بە دامەزراوە. ئەمەیە خاڵی دەستپێکی گفتوگۆ لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
ئەم بابەتە لە ئێستادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەشێوەی فەرمی ڕاگەیەندرا، کە پڕۆسەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر سەروەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە تەواو بووە و هێزەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی یەکگرتووی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، لە دەستە و فەرماندەییە ناوچەییەکاندا ڕێکخراونەتەوە. وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، کە دوو فەرماندەیی ناوچەی سەربازی دەستیان بەکارکردووە و هێزی پێشمەرگە ئێستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەژێر فەرماندەیی وەزارەتدایە.(1)
ئەم ڕووداوە، لە ڕووی مێژووییەوە، خاڵێکی گرنگە، بەڵام لە ڕووی ستراتیجییەوە نابێت بە کۆتایی پڕۆسەکە بزانرێت. بە پێچەوانەوە، دەکرێت بڵێین کۆتایی قۆناغی یەکەمە و دەستپێکی قۆناغێکی زۆر قورسترە، چونکە یەکخستنەوەی هێزەکان لەسەر کاغەز شتێکە و دروستکردنی هەستی یەک دامەزراوەیی و یەک فەرماندەیی و یەک ڕێبازی سەربازی و یەک متمانە شتێکی دیکەیە. تەنانەت سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندنی فەرمیی ٢١ی ئەیلوولدا، بە ڕاشکاوی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە یەکخستنەوە کۆتایی پڕۆسەکە نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە، کە دەبێت لە فەرماندەیی و بڕیار و فەرمانەوە بگرە تاوەکوو ڕاهێنان و ڕێکخستن و ماف و ئەرک و بەرزکردنەوەی پلە و دیسپلین و ڕێبازی سەربازییەوە خۆی دەربخات.(٢)
لەبەرئەوە، پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە ئەوە نییە «ئایا پێشمەرگە دەبێت یەک بخرێت؟» چونکە ئەم قۆناغەی پڕۆسەکە بە شێوەی فەرمی ڕاگەیەنراوە. پرسیاری گرنگتر ئەوەیە: یەکخستنەوە چۆن دەتوانێت لە یەکخستنەوەی بیچمەوە بگۆڕێت بۆ یەکخستنەوەی دامەزراوە و هێزی چەکدار بکات بە دامەزراوەیەکی پیشەیی و نیشتمانی و یاسایی، کە هاووڵاتیانى کوردستان متمانەی بکەن؟
ئەم جیاوازییە زۆر گرنگە، چونکە هێزێک دەکرێت لەژێر ناوی یەک وەزارەتدا کۆبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر سیستەمی فەرماندەیی و ڕێوشوێنی بەرزکردنەوەی پلە و بودجە و ڕاهێنان و زانیاری و لۆجستیک و دابینکردن و دادگای سەربازی و سیستەمی ناسنامەکوی هەر بە شێوەی جیاواز و ناهەماهەنگ بمێنێتەوە، یەکخستنەوەکە هێشتا لە قۆناغی دامەزراندنی دامەزراوەکەدایە.
لە ڕوانگەى زانستییەوە، ئەمە تەنیا کێشەیەکی سەربازی نییە، بەشێکە لە پڕۆسەی گۆڕینی سیستەمی ئاساییش و بەرگری: لە ئەدەبیاتی زانستیی «چاکسازیی سیستەمی ئاساییش»دا، یەکخستنی هێزە چەکدارەکان بە تەنیا وەکوو کۆى پڕۆسەی چاکسازی ناژمێررێت. ڕێنمایییەکانی OECD جەخت دەکەنەوە، کە چاکسازیی بەرگری پێویستی بە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری و چاودێری مەدەنی و بەرپرسیاری و بەڕێوەبردنی دارایی و سەرچاوە مرۆییەکان و ڕاهێنان و پلانی پیشەیی و هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و هەلی یەکسان هەیە. هەمان سەرچاوەش دەڵێت، چاکسازیی سیستەمی ئاساییش دەبێت مرۆڤ ناوەند و خۆجێیی و پشتبەستوو بە یاسا و مافی مرۆڤ و لەژێر چاودێریی دیموکراتیک بێت.(٣)
ئەم بنەمایە بۆ دۆخی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە کێشەی پێشمەرگە تەنها ئەوە نییە، کە «چەند هێز هەیە و چۆن دەخرێنە ژێر یەک فەرماندەیی». پرسیارەکە ئەوەشە، کە ئەو فەرماندەییە چۆن کار دەکات، کێ چاودێری دەکات، بڕیارەکان چۆن دەدرێن، بودجە چۆن دابەش دەکرێت؟ سەرباز چۆن پلە وەردەگرێت، چۆن دادگایی دەکرێت، چۆن خانەنشین دەکرێت و لە کۆتاییدا، بۆ کێ و بۆچی خزمەت دەکات.
لە ڕاستیدا، یەکخستنەوەی پێشمەرگە کێشەیەکی نوێ نییە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام وەکوو ئامانجێکی سەرەکیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە باس کراوە. لە یاداشتە تێگەیشتنەکەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە ٢٠٢٢دا، ئامانجەکە بە دروستکردنی هێزێکی پیشەیی و یەکگرتوو و دوور لە پەیوەندیی حیزبی و لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەست کراوە. لە کۆبوونەوەی دەستپێکی لیژنەی هاوبەشی ئەم پڕۆسەیە لە ٢٠٢٤دا، یەکخستنی هێزەکان لەژێر وەزارەت و دروستکردنی هێزێکی پیشەیی بە ئامانجی درێژخایەن وەسفکراوە.(٤)
بەڵام ئەوەی پڕۆسەکەی قورس کردووە، تەنیا کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی نەبووە. ڕاپۆرتی فەرمیی Lead Inspector General بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، بۆ ماوەی کانوونی دووەم تاوەکوو ئازاری ٢٠٢٥، ئاماژە بەوە دەکات، کە چاکسازیی پێشمەرگە لەژێر کاریگەریی هەڕەشە ئەمنییەکان، نائارامیی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە، بەردەوامی هەڕەشەی داعش و کێشەی پەیوەندییەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لە بابەتی مووچە و داهات و هەروەها بەردەوامبوونی پەیوەندییە سیاسییە کۆنەکان بووە، هەمان ڕاپۆرت باس لەوە دەکات، کە ئەم پەیوەندییە کۆنە سیاسییەکان دەتوانن لە ڕێککەوتن و متمانەدا خاوەنکاری دروست بکەن.(٥)
ئەم خاڵە دەمانگەیەنێتە ناوەندیی کێشە ڕاستەقینەکە: یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە بنەڕەتدا کێشەی متمانەیە. هەر لایەنێک، کە ساڵانێکی زۆر هێزی خۆی هەبووە، تەنیا بە هەژماری ژمارەی سەرباز و بریگاد و چەکەکانى ناوەستێت، بەڵکوو ئەو هێزە مێژوو و خەبات و کەسایەتی و پەیوەندی و یادەوەری و هەستی مافەکى تایبەت بەخۆى هەیە. بۆیە ئەگەر لایەنێک گومان بکات، کە یەکخستنەوە دەکرێت بە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی نفووزی ئەو، یان بەهێزکردنی لایەنی بەرانبەر بەکاربهێنرێت، پڕۆسەکە لە ئاستی دەروونی و سیاسییدا دەگاتە کوێرەڕێ.
لەبەر ئەوە چارەسەری سەرەکیی ئەم کێشەیە نابێت تەنیا فەرمانێکی هەرێمى بێت، پێویستە متمانە بە دامەزراوەکان دروست بکرێت. واتە ئەوەی پێشمەرگە/سەرباز دڵنیا بێت، کە لە دامەزراوەی نوێدا بەپێی توانای سەربازی و شایستەیی پلە وەردەگرێت، نەوەکوو بەپێی پەیوەندیی سیاسی. بۆ ئەوەی فەرماندە دڵنیابێت، کە یاسا بۆ هەمووان یەکسانە و پارتەکانیش دڵنیابن، کە دامەزراوەکە بۆ لابردن و سڕینەوەى مێژووی هیچ لایەنێک دروست نەکراوە، بەڵکوو بۆ جیاکردنەوەی کاری سیاسی لە کاری سەربازی دروستکراوە.
ئەم جیاکردنەوەیە گرنگترین بنەمای یەکخستنەوەکەیە: پارتى سیاسی دەتوانێت پارت بێت، دەتوانێت بیر و بۆچوونی جیاوازی هەبێت، دەتوانێت لە هەڵبژاردندا کێبڕکێ بکات و بەرنامەی جیاواز پێشکەش بکات، ئەمە سروشتی ژیانی سیاسییە. بەڵام هێزی چەکدار نابێت بە درێژکراوەی کێبڕکێی سیاسی بزانرێت. ئەگەر سەرباز لە جێگەی گوێڕایەڵی بە یاسا و زنجیرەی فەرماندەیی، خۆی بەرانبەر بە کەسایەتی، یان پارتێک بەرپرسیار بزانێت، ئەوا کێشەکە تەنا کێشەی ناوخۆی پێشمەرگە نییە، کێشەی دامەزراوەی دەوڵەتە.
لە دیدگای دامەزراوەییەوە، پێویستە پێشمەرگە بە تەواوی ببێتە دامەزراوەیەکی یاسایی و پیشەیی و بەرپرسیار. واتە هیچ فەرماندە و سەرباز و کەسایەتییەکی سیاسی نابێت لە سەرووی یاساوە بێت. لە هەمان کاتدا، دەبێت چاودێریی مەدەنی و پەرلەمانی بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە دروست بکرێت، چونکە کۆنتڕۆڵی مەدەنی بەسەر هێزی چەکداردا نیشانەی لاوازیی هێز نییە، بەڵکوو نیشانەی پوختەبوونی دامەزراوەکەیە.
لە چوارچێوەی یاساییی عێراقدا، دەستوور لە مادەی ١٢١، بڕگەی پێنجەم، بەرپرسیاریی هەرێم لە دروستکردن و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆی هەرێم وەکوو پۆلیس و هێزی ئاساییش و پاسەوانی هەرێم دیاری دەکات. لە هەمان کات سەرۆکایەتى هەرێم بەشێوەی فەرمی پێشمەرگە بە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق و پێویستی بە هاوکاری لەگەڵ هێزە عێراقییەکان دەزانێت. بۆیە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا لە بابەتی پێشمەرگە پێویستی بە چوارچێوەیەکی ڕوونی یاسایی و دارایی هەیە، نەوەکوو تەنیا گفتوگۆی سیاسی.(٦)
ئەم خاڵە بەتایبەتی لە بابەتی مووچە و مافە داراییەکاندا گرنگە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کە یەکخستنی یەکەکانی ژمێریارى هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە لە یەکەیەکی یەکگرتوودا لەژێر وەزارەتی پێشمەرگە و بە چاودێری وەزارەتی دارایی دەخرێت، هەروەها جەختی لە پاراستنی مافەکانی خانەنشینان کردەوە. ئەمە نیشان دەدات، کە یەکخستنەوە تەنیا کۆکردنەوەی یەکە سەربازییەکان نییە، بەڵکوو یەکخستنی تۆمار و بودجە و مووچە و سیستەمی بەڕێوەبردنیشە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت لە بیرمان نەچێت، کە لەپشت هەر فایلێکی کەسییەوە، مرۆڤێک هەیە، لەپشت هەر ژمارەیەکی سەربازییەوە، خێزانێک هەیە، لەپشت هەر مووچەیەکەوە، ژیانی خێزانێک هەیە. بۆیە نابێت پڕۆسەی یەکخستنەوە تەنیا بە زمانی ژمارە و یەکە و بریگاد، هتد، بخوێندرێتەوە.
سەربازێک کە بیست، یان سیی ساڵى تەمەنى خۆى لە پێشمەرگایەتی بەسەربردووە، تەنیا «کادیرێک» نییە، کە دەبێت لە خانەیەکەوە بگوازرێتە خانەیەکی دیکە، ئەو کەسە مێژوویەکی هەیە. ئەگەر پڕۆسەی یەکخستنەوە مافەکان و پلەی خزمەت و خانەنشینی و چارەسەری برینداری و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی خزمەت و یارمەتیی خێزان و داهاتووی پیشەییی ئەو کەسانە پشتگوێ بخات، دامەزراوەیەکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای ناڕەزایی مرۆیی دروست دەکات. یەکخستنەوەی سەربازی دەبێت لە هەمان کاتدا، پڕۆژەی ڕێزلێنان لە مرۆڤ بێت.
بۆیە پڕۆسەی نوێی پێشمەرگە پێویستی بە سیستەمێکی ڕوونی بەرزکردنەوەی پلە هەیە، پلە دەبێت بە شایستەیی و ئەزموون و خوێندن و ڕاهێنان و توانای فەرماندەییەوە پەیوەست بێت. ئەگەر سەرباز هەست بکات، کە داهاتووی پیشەییی بە پەیوەندیی سیاسییەوە دیاری دەکرێت، هەستی دامەزراوەیی بەهێز نابێت. بەڵام ئەگەر بزانێت، کە ڕێگەی بەرزبوونەوەیەکەی ڕوونە و هەموو کەسێک بە یەک پێوەر هەڵدەسەنگێندرێت، بەهێواشی هەستی وابەستەبوون بە دامەزراوە جێگەی وابەستەبوون بە کەس و پارت دەگرێتەوە.
ئەمەش دەمانگەیەنێتە بابەتی ڕاهێنان. هێزی نیشتمانی تەنیا بە یەک یەکپۆشی دروست نابێت. دەبێت ئەو سەربازەی لە باشووری هەرێمەوەیە و ئەوەی لە ڕۆژاڤا، یان ڕۆژهەڵاتی هەرێمەوە هاتووە، هەردووکیان هەمان ئەخلاقی سەربازی و هەمان دیسپلین و یاسا و ڕێبازی فەرماندەیی فێر ببن. دەبێت سەرباز لە ڕاهێناندا فێری ئەوە بکرێت، کە هاوسەنگی نێوان فەرمان و ویژدان چۆن دەبێت، مافی هاووڵاتی چییە و پاراستنی ژیانی مەدەنی چییە و بەرپرسیاریی سەربازی لە بەرانبەر یاسادا چییە.
لە ڕووی ستراتیجییەوە ئەمە گرنگە، چونکە هەڕەشەکانی داهاتوو تەنیا شەڕی کلاسیکی نین: هێزی پێشمەرگە لە داهاتوودا، دەبێت توانای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆر و شەڕی نائاسایی و هەڕەشەی سایبەری و درۆن و زانیاریی هەڵە و هەڕەشەی سنووری و قەیرانی مرۆیی هەبێت. ئەمە پێویستی بە زانست و تەکنەلۆجیا و زانیاری و ڕاهێنانی بەردەوام هەیە، نەوەکوو تەنیا ژمارەیەکی زۆر سەرباز.
بۆیە قۆناغی داهاتوو دەبێت لە «یەکخستنی هێز»ەوە بگوازرێتەوە بۆ دروستکردنی توانای هاوبەش. هەموو یەکەکان وا چاکە بە یەک سیستەمی پەیوەندی و زانیاری کار بکەن. ڕاهێنانەکان دەبێت لەسەر بنەمای پێوەرێکی هاوبەش بێت. دابینکردنی چەک و کەرەستە گەرەکە بەپێی پێداویستییە ستراتیجییەکان بێت، نەوەکوو بەپێی هاوسەنگیی نفووزی سیاسی. هەمان شت لە بوارەکانی هەواڵگری و پزیشکی سەربازی و لۆجستیک و پشتیوانیی تەکنیکی پێویستە جێبەجێ بکرێن.
بەڵام ئەمە هەمووی پەیوەستە بە بودجەیەکی ڕوون و بەرپرسیارانەوە: دامەزراوەی سەربازیی نوێ نابێت ببێتە شوێنی دابەشکردنی سامانی گشتیی بەبێ چاودێری. OECD لە چاکسازیی بەرگریدا جەخت لە یەکخستنی سیاسەت و خەرجیی سەربازی و پلاندانانی سەرچاوە مرۆییەکان و بەڕێوەبردنی موڵکی سەربازی دەکات.(٧)
لە کوردستاندا، ئەمە مانایەکی تایبەتی هەیە، چونکە یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەبێت لەگەڵ چاکسازیی گشتیی دامەزراوەکان هاوتەریب بێت. ئەگەر لە هەموو بوارەکانی حکوومەتدا بەرپرسیاری و شەفافیەت لاواز بێت، یەکخستنی پێشمەرگە بەتەنیا ناتوانێت کێشەی سیاسی و دامەزراوەیی چارەسەر بکات. بە پێچەوانەوە، پێشمەرگە دەبێت ببێتە یەکێک لە نموونەکانی ئەوەی دامەزراوەسازی چۆن دەکرێت لە مێژووی پڕ لە جیاوازییەوە دامەزراوەیەکی هاوبەش دروست بکات.
لەم ڕووەوە، بەشداریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیش گرنگە، بەڵام نابێت شوێنی ئیرادەی ناوخۆیی بگرێتەوە. هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە چاکسازی و ڕاهێنان و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەدا بە بەڵگەی فەرمی پشتڕاست کراوەتەوە. یادداشتەکەی ٢٠٢٢ و لیژنەی هاوبەشی ٢٠٢٤ ئەم هاوکارییەیان بە پڕۆسەی چاکسازیی دامەزراوەیی و یەکخستنی هێزەکانەوە بەستووەتەوە.
بەڵام لە کۆتاییدا، ئەوەی دامەزراوەکە دەکاتە دامەزراوەیەکی بەهێز، نە هەبوونی هاوپەیمانە دەرەکییەکان و نە چەکی پێشکەوتووە، بەڵکوو خاوەندارێتیی ناوخۆیی و متمانەی کۆمەڵگەیە. هاوپەیمان دەتوانێت ڕاهێنان بکات و تەکنەلۆجیا بدات و ئەزموون بگوازێتەوە، بەڵام ناتوانێت لە جێگەی کۆمەڵگەی کوردستان بڕیار بدات، کە پێشمەرگە بۆ کێیە و بۆ چییە.
لە ئاستی سیاسییشەوە، یەکخستنەوە پێویستی بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی هەیە، پێشمەرگە نابێت ببێتە بەشێک لە کێبڕکێی پارتەکان. ئەمە بە مانای ئەوە نییە، کە ئەندامی پارت ناتوانێت ببێتە پێشمەرگە. مرۆڤ دەتوانێت بیر و بۆچوونی سیاسیی خۆی هەبێت، بەڵام لە کاتی لەبەرکردنی جلی پێشمەرگە، دەبێت زنجیرەی فەرماندەیی و یاسا سەرەکی بێت. ئەمەش جیاوازیی نێوان مافی سیاسیی تاک و بەرپرسیاریی دامەزراوەی سەربازییە.
لە ڕوانگەیەکی مرۆییەوە، ئەمە بە مانای سڕینەوەی جیاوازییەکان نییە، بەڵکوو بە مانای دروستکردنی شوێنێکە، کە جیاوازییەکان لە دەرەوەی فەرماندەیی سەربازی بەشێوەی دیموکراتیک دەرببڕدرێن. پارتەکان دەتوانن جیاواز بن، بەڵام سەرباز نابێت جیاواز بێت لە پاراستنی هاووڵاتی. ناوچەکان دەتوانن مێژووی جیاوازیان هەبێت، بەڵام یاسای سەربازی دەبێت بۆ هەمووان یەکسان بێت.
ئەگەر ئەم بنەمایە جێگیر بکرێت، پێشمەرگە دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین هێماکانی دامەزراوەسازیی نوێی کوردستان، چونکە پێشمەرگە لە مێژووی خۆیدا توانای یەکگرتنى لە کاتی مەترسییە گەورەکاندا نیشانداوە. ئەوەی ئێستا پێویستە ئەوەیە، ئەو هەستی هاوبەشە لە کاتی مەترسییەوە بگوازینەوە بۆ ناو دامەزراوە. زۆرجار لە شەڕدا، پێشمەرگەی جیاواز لە یەک سەنگەر بوون. ئێستا پێویستە لە دامەزراوەشدا لە یەک سەنگەر بن.
لەم ڕووەوە، یەکخستنەوەی ڕاستەقینە دەبێت چەند ئەنجامێکی دیاریکراوی هەبێت: یەک فەرماندەیی و یەک سیستەمی فەرمان و یەک سیستەمی ڕاهێنان و یەک سیستەمی کەسایەتى و یەک سیستەمی بودجە و ژمێریارى و یەک پێوەری بەرزکردنەوەی پلە و یەک سیستەمی دادگای سەربازی و یەک ڕێبازی هەواڵگری و پەیوەندی و لە سەرووی هەموویانەوە، یەک چوارچێوەی یاسایی و بەرپرسیاری.
لە هەمان کاتدا، دەبێت میکانیزمی هەڵسەنگاندنی بەردەوام دروست بکرێت. پڕۆسەیەکی گەورەی دامەزراوەیی نابێت تەنیا بە ڕاگەیاندنی تەواوبوونی قۆناغێک کۆتایی پێ بێت. دەبێت ساڵانە بپرسین: چەندە هێزەکە بەتەواوی لەژێر فەرماندەیی یەکگرتوودایە؟ سیستەمی پلەدان چەندە شەفافە؟ ڕاهێنانەکان چەندە یەکسانن؟ بودجە چەندە بەرپرسیارانە بەڕێوە دەبرێت؟ مافی سەرباز چەندە پارێزراوە؟ متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوەکەوە چۆنە؟
ئەم پرسیارانە گرنگترن لە ژمارەی پلەکان و فەرماندەییەکان، چونکە ژمارە دەکرێت بەخێرایی زیاد بکرێت، بەڵام دامەزراوە بە ساڵان دروست دەبێت.
لە ئێستادا، کە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و ڕێکخستنەوەی هێزەکان تەواو بووە، پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆک بن، کە ئەم دەستکەوتە نابێت ببێتە کۆتایی گفتوگۆ، دەبێت ببێتە دەستپێکی گفتوگۆیەکی قووڵتر لەسەر داهاتووی دامەزراوەی پێشمەرگە.
قۆناغی داهاتوو پێویستی بە سێ شتی سەرەکی هەیە: یاسا و پیشەییبوون و متمانە.
یاسا دەبێت سنووری دەسەڵات و بەرپرسیارییەکان دیاری بکات. پیشەییبوون دەبێت سەرباز لە پەیوەندیی کەسی و سیاسی جیا بکاتەوە. متمانەش دەبێت وا بکات، کە سەرباز و فەرماندە و پارت و هاووڵاتی هەموویان بزانن دامەزراوەکە بۆ کێیە، بۆ هیچ کەسایەتییەک و پارتێک نییە، بەڵکوو بۆ ئاساییش و پاراستنی کۆمەڵگەی کوردستانە.
بەڵام لێرەدا دەبێت وشەی «نیشتمانی» بە وردی تێبگەین. هێزی نیشتمانی ئەوە نییە، کە تەنیا یەک ناو و یەک ئاڵا و یەک جلی هەبێت. هێزی نیشتمانی ئەوەیە، کە جیاوازیی هاووڵاتییەکانی بە یەک پێوەر ببینێت. لە هەمان ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پێشمەرگە دەبێت هێزی هەموو کۆمەڵگەکانی کوردستان بێت و پاراستنی کورد و تورکمان و مەسیحی و ئێزیدی و عەرەب و هەموو پێکهاتەکان لە ئەرکەکانی بێت. ئەمە گرنگترین مانای «نیشتمانیبوون»ە. ئەوەی مرۆڤ لە جلەکەی خۆی نەبینێت تەنیا بە ناوی پارت و ناوچە و گرووپ، بەڵکوو بە ناوی هاووڵاتییەکی پارێزراو.
لە کۆتاییدا، نابێت یەکخستنەوەی پێشمەرگە بەتەنیا بە سەرکەوتنێکی سیاسی بزانین و نابێت بەتەنیا بە سەرکەوتنێکی سەربازیشى بزانین. ئەمە پڕۆژەیەکی دامەزراوەییە. ئەگەر سەرکەوتوو بێت، کاریگەرییەکەی تەنیا لەسەر پێشمەرگە نابێت، دەکرێت لەسەر شێوازی بیرکردنەوەمان لە دەوڵەت و یاسا و دەسەڵات و بەرپرسیارییەوە کاریگەری دابنێت.
پێشمەرگە لە مێژووی کوردستاندا، لە کاتی نەهامەتییەکاندا هەبووە، ئێستا پرسیاری داهاتوو ئەوەیە، کە ئایا دەتوانێت لە کاتی ئارامی و دامەزراوەسازییشدا هەمان ئەو ڕۆڵەی مێژوویی بگێڕێت؟ ئایا دەتوانێت لە هێزێکی خەباتکار بگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی پیشەیی، بەبێ ئەوەی مێژووی خۆی لەدەست بدات؟ ئایا دەتوانێت لە وابەستەبوون بە کەس و پارت بگوازێتەوە بۆ وابەستەبوون بە یاسا و دامەزراوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنیا لە ناو وەزارەت و فەرماندەییە سەربازییەکاندا نییە، بەشێکی لە دەستی پارتە سیاسییەکانە، بەشێکی لە دەستی حکوومەتە، بەشێکی لە دەستی پەرلەمانە، بەشێکی لە دەستی فەرماندە و سەربازەکانە و بەشێکی گەورەش لە دەستی کۆمەڵگەیە چونکە دامەزراوەی نیشتمانی بە فەرمان دروست نابێت، بەڵکوو بە ڕەفتاری نیشتمانی دروست دەبێت.
ئەگەر پارتەکان بتوانن دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان لە دامەزراوەی سەربازی جیا بکەنەوە و حکوومەت بتوانێت یاسا بە یەکسانی جێبەجێ بکات و پەرلەمان بتوانێت چاودێرییەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە بکات، و فەرماندەکان شایستەیی لە پەیوەندیی سیاسی پێشتر دابنێن و سەرباز بزانێت، کە مافی لەسەر بنەمای خزمەت و یاسا پارێزراوە، ئەوا یەکخستنەوە لە هەیکەلێکی نوێ زیاتر دەبێت، دەبێتە گۆڕانێکی کولتووری. ئەوکاتە پێشمەرگە تەنیا هێزی یەکخراو نابێت، بەڵکوو دەبێتە دامەزراوەیەکی یەکگرتوو.
ئەمەش لەوانەیە گەورەترین یادکردنەوەیەک بێت لەو هەزاران پێشمەرگەیە، کە لە سەنگەری پاراستنی کوردستاندا گیانیان بەخت کردووە: نەوەکوو تەنیا ناویان لە یاد بکەین، بەڵکوو ئەو دامەزراوەیە دروست بکەین، کە خەون و خەبات و خوێنیان لە پێناویدا بووە.
لە ڕاستیدا، باشترین ڕێزگرتن لە مێژووی پێشمەرگە ئەوە نییە، کە هەمیشە لە مێژوو قسە بکەین، بەڵکوو باشترین ڕێزگرتن ئەوەیە، کە لەسەر ئەو مێژووە داهاتوویەکی باشتر دروست بکەین.
ئێستا پێشمەرگە لە دەروازەی قۆناغێکی نوێدایە، یەکخستنەوەی هێزەکان ئەنجامێکی گرنگە، بەڵام تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە لەوێوە دەست پێ دەکات، کە ئەم یەکخستنەوەیە چۆن دەبێتە یەکڕیزی و پیشەییبوون، چۆن دەبێتە متمانە و دامەزراوەیەک، کە سەربازەکەی بە خۆشییەوە بڵێت: من پێشمەرگەی هیچ پارتێک نیم، بەڵکوو من پێشمەرگەی کوردستانم.
ژێدەرەکان:
1. MoPA Announces Completion of Peshmerga Unification and Reorganisation
٢. نێچیرڤان بارزانی: یەکخستنی پێشمەرگە، دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە – سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
٣. The OECD DAC Handbook on Security System Reform (EN)
٤.//presidency.gov.krd/joint-statement-on-the-renewal-of-the-memorandum-of-understanding-between-the-us-department-of-defense-and-the-ministry-of-peshmerga-affairs-of-the-kurdistan-regional-government
٦. الدستور العراقي
٧. Prime Minister Barzani chairs meeting to accelerate Peshmerga reforms
٨. The OECD DAC Handbook on Security System Reform (EN)
١٠. MoPA Announces Completion of Peshmerga Unification and Reorganisation
١١. نێچیرڤان بارزانی: یەکخستنی پێشمەرگە، دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە – سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.



