ئاریان ڕەئوف
زانا کەریم
پوختە
پێنوێنەکانی لاوازبوون و سەرەولێژبوونەوە، هەروەها داکشانی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بەدیاردەکەون. لەسای ئەم ڕاستییەدا، پرسیارکردن لە هۆکاری ئەم سەرەولێژبوونەوەیە و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکان ڕەوایەتی وەردەگرێت و بەگیروگرفتکردن، یاخود گیروگازاندنی داکشانی پێگەی هەرێمی کوردستان و ئایندە و پرسی پووکانەوەی هەرێم، دەبێتە پرسیاری سەرەکیی ئەم پەڕەباسە.
لە کورتیدانی پێگە و ڕۆڵی هەرێم، هەم هۆکاری خودیی هەیە و هەم هۆکاری بابەتی، واتە بەدیوێکیدا دەرەنجامە و لێکەوتەی ئەو هەڵە ستراتیجییانەن، کە لە ڕابردوودا کردوومانە و دەیانکەین. بە دیوێکی دیکەشدا هۆکارەکان بنیادین، هەروەها بەرەنجامی گۆڕانکاری و پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانن. لەم پەڕەباسەدا، بزوێنەرەکانی پشت ئەم داکشانە دەپشکنرێت و هەوڵدەدرێت ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانانەی لە سەرەولێژبوونەوەی پێگەی هەرێمی کوردستاندا بەشدارن، دەستنیشان دەکرێت. لەم پێناوەدا، و بۆ نزیکبوونەوە لە بابەتەکە، سەرەڕای شرۆڤە و تاوتوێکردنی پێدراوەکان، لە زۆر شوێندا پەنابراوەتە بەر خوازە و نموونەهێنانەوە و لە ڕێگەی چەندین چەمک و نموونەی خواستراوەوە، بابەتەکان شیکراونەتەوە.
ئەگەری پێشگرتن بە زیاتر سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان و سەرەوژوور هەڵکشانەوەی، غەمی پشت ئەم پەڕەباسەیە. ئامانج لە دەستنیشانکردنی سەرچاوەی لاوازییەکان، لە لایەکەوە پێدانی بەرچاوڕوونییە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێماسییەکان؛ لە لایەکی دیکەوە خستنەگەڕی تواناکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستنگییەکانە.
کلیلەوشەکان: سەرەولێژبوونەوە، شەترەنجی سێ ڕەهەندیی، ناکامڵی عەقڵی سیاسی، ئالوودەبوون لەسەرخۆ-وێرانکردن، گردبوونەوە لە دەوری ئاڵا.
پێشەکی
پێنوێنەکانی لاوازبوون و سەرەولێژبوونەوە، هەروەها داکشانی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بەدیاردەکەون. هەرێم بەدەست چەندین گرفتی بنیادییەوە، کە هێز و وزەیان داچۆڕاندووە، دەناڵێنێت و بە لاوازی کەوتووەتە ناو گێژاوی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکان. لەسای ئەم ڕاستییەدا، پرسیارکردن لە هۆکاری ئەم سەرەولێژبوونەوەیە و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکان، ڕەوایەتی وەردەگرێت و بەگیروگرفتکردن، یاخود گیروگازاندنی داکشانی پێگەی هەرێمی کوردستان و ئایندە و پرسی پووکانەوەی هەرێم، دەبێتە پرسیاری سەرەکیی ئەم پەڕەباسەی ئێمە.
سەرەولێژبوونەی هەرێمی کوردستان و لەکورتیدانی پێگە و ڕۆڵی هەرێم، هەم هۆکاری خودیی هەیە و هەم هۆکاری بابەتی، واتە بەدیوێکیدا، دەرەنجامە و لێکەوتەی ئەو هەڵە ستراتیجییانەن، کە لە ڕابردوودا کردوومانە و دەیانکەین. بەدیوێکی دیکەشدا، هۆکارەکان بنیادین، هەروەها بەرەنجامی گۆڕانکاری و پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانن. ئێمە، لەم پەڕەباسەدا، سەرەڕای بڕوابوونمان بەوەی، کە سەرچاوەی لاوازییەکە خودین و بە پلەی یەک لە خودی کوردەوەیە و لێی بەرپرسە، لەپێناو کێشانی وێنەیەکی تەواوی گرفتەکە و ڕووماڵکردنێکی سەراپاگیرانەدا، تاوەکوو ئەو شوێنەی پەڕەباسێک بوار دەدات و مەودای تێگەیشتنی ئێمە بڕ دەکات، بەدوای هۆکارە بابەتییەکانی ئەم لاوازی و پاشەکشەیەشدا دەچین، بزوێنەرەکانی پشت ئەم داکشانە دەپشکنین و ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانانەی، کە بەشدارن لە سەرەولێژبوونەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکەین.
لە لایەکی دیکەوە، کاتێک باس لە پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی و کارلێکی لەگەڵ بکەرەکانی دیکەدا دەکەین، پێویستە زیادەڕەوی نەکەین و ئەوەمان لەپێش چاو بێت، ئەم پێگەیە پێگەی بکەرێکی نا-دەوڵەتییە. لەم سۆنگەیەوە، ئێمە لەسەر بناغەی ئەو گریمانەی، هەرێمی کوردستان لە بەستێنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، بکەرێکی نا-دەوڵەتییە و پێگە و بواری جموجۆڵی بکەرە نا-دەوڵەتییەکانیش زۆر سنووردارە، بنیادی پەڕەباسەکەمان دادەڕێژین. ئەم بنەما گریمانەییە دەخوازێت هەر لە سەرەتاوە بزانین ڕۆڵ و پێگەی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان پەیوەست بە بکەرەکانی دیکە و لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتاندا چۆنە. لەم پێناوەدا، بە مەبەستی زیاتر تێگەیشتن لە ڕۆڵ و پێگەی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان بەگشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، خوازە یاخود میتافۆری شەترەنجی سێ ڕەهەندیی بە کەمێک دەستکارییەوە، لە جۆزێف نای وەردەگرین و وەکوو چوارچێوەیەکی ڕامانەیی بۆ تێگەیشتن لە پێگە و ڕۆڵی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان لە پەڕەباسەکەماندا بەکاری دەهێنین. دواتر دەچینە پای باسکردن لەو هۆکارە خودی و بابەتییانەی لەپشت سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە وەستاون.
خاڵێکی دی، لەم دەستپێکەدا پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە، پێناسەی چەمکی سەرەولێژبوونەوەیە. لە سۆنگەی ئەوەی ئێمە لەبارەی سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامگیری دەکەین، کەواتە دەبێت چەمکی سەرەولێژبونەوە بناسێنین، تاکوو خوێنەر بزانێت بە دیاریکراوی مەبەستمان لە چەمکی سەرەولێژبوونەوە چییە، هەروەها سەری لێ نەشێوێت و هزری پەرتەوازە نەبێت.
سەرەولێژبوونەوە لە زمانی کوردیدا بۆ وەسفکردنی دۆخێک، تێیدا کەسێک یان زیندەوەرێک، یاخود تەنێک وردەوردە بەرەو لاوازی زیاتر، یان بەرەو خراپتر، یانیش بەرەو بچووکبوونەوەی زیاتر دەڕوات، بەکاردەهێنرێت. لە دۆخی سەرەولێژبوونەوەدا، پێچەوانەی سەربڵندی، کە (سەر) ڕووی (سەرەوژوورە) و لە بڵندی دەنواڕێت، (سەر) ڕووی (سەرەوژێرە) و بەرەو پێگەیەکی خراپتر و نەویتر شۆڕدەبێتەوە و لە نزمی دەنواڕێت. واتە سەرەولێژبوونەوە، پێچەوانەی سەرەوژوورچوونە، دۆخێکی نەرێییە و وەرچەرخانە لە باشەوە بۆ خراپ، یان لە هێزەوە بۆ بێهێزی.
لەلایەکی دیکەوە، سەرەولێژبوونەوە دۆخێکە بەردەوامی تێدایە، واتە دەکرێت هەرێمی کوردستان سەرەولێژتر ببێتەوە و تاوەکوو بنی هەڵدێرگەکە، تاوەکوو ئاستی پووکانەوە بڕوات، دەکرێت ڕێگەشی لێ بگیرێت و جارێکی دیکە سەرەوژوور هەڵکشێت و پێگەی هەرێم جارێکی دی هەڵبسێتەوە. ئەم ئەگەرەی دوایی، غەمی پشت ئەم پەڕەباسەیە و ئامانجمان لە دەستنیشانکردنی سەرچاوەی لاوازییەکانی هەرێمی کوردستان، پێدانی بەرچاوڕوونییە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێماسییەکان و ڕێگەگرتن لەم سەرەولێژبوونەوەیە و کۆتاییهێنان بە دۆخی نەرێی و وەستاندنی ڕەوتی سەربەرەوژێری پێگەی هەرێم، هەروەها پێشگرتن لە زیاتر لاوازبوونی هەرێمی کوردستان و خستنەگەڕی تواناکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستنگییەکانە.
چوارچێوەی ڕامانەیی
لەم پەڕەباسەدا، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر و نزیککردنەوەی وێنەکان لە زەینی خوێنەر، سەرەڕای شرۆڤە و تاوتوێکردنی پێدراوەکان، لە زۆر شوێندا پەنا دەبەینە بەر خوازە و نموونەهێنانەوە و لە ڕێگەی چەندین چەمک و نموونەی خواستراوەوە، بابەتەکان شی دەکەینەوە. چەمکی ئالوودەبوون لەسەرخۆ-وێرانکردن، هەروەها چەمکی گردبوونەوە لە دەوری ئاڵا و خوازەی شەترەنجی سێ ڕەهەندی، ئەو چەمک و خوازانەن، هەوڵ دەەدەین بەهۆیانەوە لە هۆکارەکانی سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان بکۆڵینەوە. لە شوێنی خۆیدا، لەسەر چەمکی ئالوودەبوون لەسەرخۆ-وێرانکردن و گردبوونەوە لە دەوری ئاڵا دەوەستین و دەیانناسێنین. ماوەتەوە لێرەدا، کەمێک لەبارەی خوازەی شەترەنجی سێ ڕەهەندیەوە بدوێین.
پێگەی هەرێمی کوردستان، لە هاوکێشەی ململانێ و کارلێک لەگەڵ ئەویدیکەدا، ستاتۆی بکەرێکی نا-دەوڵەتییە. بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵ و پێگەی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان بەگشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەسەر نەخشەی دابەشبوونی هێز و پەیوەندی لەگەڵ بکەرەکانی دیکەدا، میتافۆری شەترەنجی سێ ڕەهەندیی نموونەیەکی گونجاوە و بە کەمێک دەستکارییەوە، وەریدەگرین و بەکاری دەهێنین. ئامانج لە خواستنی ئەم نموونەیە، تێگەیشتنە لە بەرتەسکی و سنوورداربوونی بواری ڕەفتار و هەڵسوکەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو لە لایەکەوە شرۆڤەکانمان زیادەڕەویی تێدا نەبێت و سەرچیخ نەچین، لە لایەکی دیکەشەوە کورتبین نەبین و لێکدانەوەکانمان کورت نەهێنێت.
خوازە (میتافۆر)ی شەترەنجی سێ ڕەهەندیی، لە لایەن بیریاری ئەمریکایی جۆزێف نای(1) پەرەی پێدراوە و بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی دابەشبوونی هێز لە سەدەی بیست و یەکدا، کە بە چاخی زانیاریی ناوی دەبات، هەروەها بۆ دەستنیشانکردنێکی وردی بواری جموجوڵ و هەڵسوکەوتی بکەرە نێودەوڵەتییەکان بەکارخراوە. نای پێی وایە، لە دوای هەرەسی سیستەمی دووجەمسەری سەردەمی جەنگی سارد، لە چاخی زانیاریدا هێز بە جۆرێک دابەشبووە، لە ئاڵۆزییەکانی یاری شەترەنجی سێ ڕەهەندی دەچێت. لە گەمەی شەترەنجی سێ ڕەهەندیدا، داشماڵی شەترەنجەکە سێ چینە، واتە لە سێ ئاستی یەک لەسەر یەک پێک دێت و داشەکان بەسەر ئەم سێ ئاستەدا دابەش دەکرێن. هێزی بکەرەکانیش لە سیاسەتی جیهانیدا بەسەر سێ ئاستدا دابەش دەبێت: لە ترۆپکی داشماڵەکە و لە ئاستی یەکەمدا، هێزی سەربازی وەستاوە و تاک جەمسەری لەم ئاستەدا تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر بەرقەرارە و هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکوو ئاستێکی فراوان بەبێ ڕکابەرە و بە بۆچوونی نای، بۆ ساڵانێکی داهاتووش ئەم باڵادەستی و تاک جەمسەرییە، ئەگەری مانەوەی هەیە. ئاستی دووهەمی دابەشبوونی هێز، ئاستی ناوەڕاستی داشماڵی شەترەنجەکەیە، ئاستی هێزی ئابووریە و لەم ئاستەدا هێز لەنێوان چەندین دەوڵەتدا دابەشبووە و نای نموونەی وڵاتانی وەکوو ئەمریکا و چین و یەکێتیی و و ژاپۆن، کە جەمسەری خاوەن سەنگ و پێگەن لەم ئاستەدا، دەهێنێتەوە، واتە لەم ئاستەدا فرەجەمسەری هەیە. ئاستی سێیەم، یاخود ئاستی بنەوەی داشماڵی شەترەنجەکە، ئاستی پەیوەندییە سنووربڕەکانە، لەم ئاستەدا پەیوەندییەکان لە سنووری دەوڵەتان ئاوادەبن و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکوومەتەکانیشن، ئەم ئاستەی داشماڵەکە هەم دەوڵەتان و هەم نا-دەوڵەتان لەخۆ دەگرێت. بکەرە نا-دەوڵەتییەکان لەم ئاستەدا زۆر و جۆراوجۆرن، هەر لە ئەو بانکدارانەی کە پارە بەشێوازی ئەلیکترۆنی دەگوازنەوە، تاوەکوو دەگاتە ئەو تیرۆریستانەی چەک دەگوازنەوە و ئەو هاککەرانەی هەڕەشە لە ئاساییشی سایبەری دەکەن، نموونەی بکەری نا-دەوڵەتن و لەم ئاستەدا دەلەیزن. هەروەها ئەم ئاستەی داشماڵی شەترەنجە سێ ڕەهەندییەکە، ئاڵنگارییە سنووربڕە نوێیەکانی وەکوو هەڕەشەی پەتا کوشندەکان و گۆڕانی کەشوهەوا لەخۆ دەگرێت. لەم ئاستەی بنەوەی داشماڵی شەترەنجەکەدا، هێز بەجۆرێک پژاوە، هیچ واتایەکی بۆ ئەوە نەهێشتووەتەوە قسە لەسەر تاک جەمسەری، فرەجەمسەری، یاخود هەژموونداری بکرێت، زۆرێک لەم پرسانە ناتوانرێت بە شێوازی سەربازی چارەسەربکرێن و ڕۆڵی تۆڕی دامەزراوە گەورەکان لەم ئاستەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتییە (2).
لەو نموونەیەی جۆزێف نایـەوە، دەتوانین چەند ڕاستییەک لەبارەی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان و بواری لڤین و جموجوڵیانەوە هەڵێنجین و پێگە و کاریگەرییان دەستنیشان بکەین:
یەکەم: ئەو بوار و مەودایەی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان دەتوانن کاریگەریی خۆیانی تێدا بەرجەستە بکەن، بوارێکی بەرتەسک و سنووردارە. هەر بکەرێکی نا-دەوڵەت لە یەک بوار، یان چەند بوارێکی کەمدا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت و لە یەک پرس، یان لە چەند پرسێکی دیاریکراویشدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەوانی دیکە دابنێت و لەگەڵ یەک دانە، یان چەند دانە بکەرێکی دیاریکراویشدا دەتوانێت لە پەیوەندی و کارلێکدا بێت(3).
دووەم: لەسەر نەخشەی دابەشبوونی هێز و کاریگەری جیهانیی، بکەرە نا-دەوڵەتییەکان لە ئاستی سێیەمی ئەم نەخشەیە، واتا لە چینی خوارەوەی نەخشەکەدا ڕۆڵیان هەیە و ناتوانن بەئاسانی دیواری چینەکان ببڕن و لە چینێک بۆ چینێکی دیکە و لەنێوان چینەکاندا بێن و بچن. بە دەربڕینێکی دیکە، ئاڕاستەی جموجوڵەکانیان بەپێچەوانەی ئاڕاستەی جموجوڵی دەوڵەتانە، کە سێ ڕەهەندییە، ئاراستەی جموجوڵی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان یەک ڕەهەندییە.
سێیەم: لە چینی خوارەوە و لە ئاستی سێەمی نەخشەی دابەشبوونی هێزدا، ژمارەی بکەرەکان زۆر و جۆراوجۆرن، ئەم هۆکارەش کارێک دەکات هێز لەنێوان ژمارەیەکی زۆری بکەرەکاندا دابەشبێت، بەجۆرێک هێز نەوەکوو هەر دابەشبووە، بەڵکوو پژاوە و هەر بکەرێک خاوەنی بڕێک هێزە. کەواتە بکەرە نا-دەوڵەتییەکان ناتوانن ببنە خاوەنی هێزی زۆر و هێزیان سنووردارە.
سەرەڕای ئەم ڕاستییانەی، لەبارەی مەودا و بواری جموجوڵی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان لەسەرەوە خستمانەڕوو، بکەرە نا-دەوڵەتییەکان گرفتێکی بنیادی دیکەشیان هەیە، ئەویش گرفتی کەسایەتی قانوونییە. بکەرە نا-دەوڵەتییەکان خاوەن کەسایەتی قانوونی تەواوەتی نین و سەروەرییان نییە، بۆیە پێگەی سیاسی و کەسایەتی قانوونیان، وەکوو پێگە و کەسایەتی قانوونی دەوڵەتان چەسپاو نییە و پێگەیەکی دەڵەمەییە و جێبەخۆگرتوو نیە(4).
لەسای ئەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوەدا، بەو ئاکامە دەگەین، بکەرە نا-دەوڵەتییەکان، نەوەکوو تەنیا ئەگەری داکشان و سەرەولێژبوونەوەیان، بەڵکوو ئەگەری نەمان و کۆتایی پێهێنانیشیان چاوەڕوانکراوە. لێرەوەیە مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بوون و قەوارەی هەریمی کوردستان سەرچاوە دەگرن و هەر ئەم ڕاستییەشە ڕەوایەتی بە باسکردن لەو پێشهاتانە دەدات، کە وەکوو هۆکاری سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان لێیان دەنواڕین.
هۆکارەکانی سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان
سەرەولێژبوونەی هەرێمی کوردستان و لەکورتیدانی پێگە و ڕۆڵی هەرێم، هەم هۆکاری خودیی هەیە و هەم هۆکاری بابەتی. مەبەستمان لە هۆکارە خودییەکان، ئەو هۆکارانەن پەیوەندی بە “کورد”ەوە هەیە، وەکوو ناکامڵی سیاسی، کە پێشتر و لە ڕابردوودا چەندین هەڵەی ستراتیجی لێکەوتووەتەوە و لە ئێستاشدا بەردەوام هەڵەی لێ دەکەوێتەوە. هۆکارە بابەتییەکانیش بریتین لە هۆکارە بنیادییەکان، هەروەها ئەو هۆکارانەی، بەرەنجامی گۆڕانکاری و پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانن و لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیهانیش ڕوویانداوە و ڕوودەدەن.
یەکەم: هۆکارە خودییەکان
سەرەڕای ئەو هەڕەشە وجودییانەی یەخەگیری قەوارەی هەرێمی کوردستانن، بڕیاربەدەستانی هەرێم بەجۆرێک ڕەفتار دەکەن و مامەڵە لەگەڵ پێدراوەکاندا دەکەن، پێچەوانەى بیرکردنەوەى عەقڵانییە. لەگەڵ توندبوونەوەی ڕەوتی تەنگژەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسییەکاندا، ئەمان بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە هەنگاو دەنێن، واتا لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسییەکاندا، ئاستی بێباکی و خەمساردی ئەمان زیاتر دادەبەزێت. ئێمە ئەم دیاردەیە بە ناکامڵی سیاسی ناودێر دەکەین و وەکوو چەمکێک بۆ خوێندنەوەی و تێگەیشتن لە شێوازی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی بڕیاربەدەستان لەگەڵ ئاڵنگارییەکان و لێکەوتەکانی سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان بەکاری دەبەین، پێم وایە لەناو هۆکارە خودییەکاندا، هۆکارێکی تەوەرەییە(5).
ناکامڵی سیاسی
مەبەستمان لە ناکامڵی سیاسی، پێنەگەیشتنی عەقڵی سیاسییە. لە دۆخی ناکامڵی سیاسیدا، عەقڵ ناتوانێت سنوورێک لەنێوان خۆی و ئەویدیکەدا دروست بکات و چاو لە سەروەری ببڕێت. ئەم عەقڵە لە باشترین باری لە ڕابردوودا، میرنشینی دروستکردووە، لە سەردەمی نوێشدا تاوەکوو ئاستی دروستکردنی حیزبی سیاسی هاتووە، نەیتوانیوە ئەم ئاستە بەرەو بنیادنانی کۆمەڵگایەکی سیاسی مەدەنی و دروستکردنی دامەزراوە وحکوومەت و دواجاریش قەوارەیەکی کوردی خاوەن سەروەریی تێپەڕێنێت. ناکامڵی سیاسی، واتە پێنەگەیشتن و بێتوانایی عەقڵی سیاسی، پیواری بیرکردنەوەی عەقڵانیانە و مامەڵەکردن بەدەر لە لۆجیکی قازانج و زیان؛ بڕیاردان بەرەنجامی هەست و هەڵچوونە دەروونییەکان نەوەکوو هەڵسەنگاندنی بژاردەکان و هەژمارکردنی دەستکەوت و تێچووی هەڵبژاردەیەک. ناکامڵی سیاسی، واتە کورتبینی و نەبوونی پلان و ستراتیج و بەرچاوڕوونی درێژخایەن و نەبوونی توانای دروستکردنی دامەزراوەی لەخۆگر و بێتوانایی لە دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و نەبوونی توانای داڕشتنی قانوون و بیرکردنەوە لە دادپەروەریی.
بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری ناکامڵی سیاسی، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، ئەم دیاردەیە بەڕێکەوت دروست نەبووە، بەڵکوو بەرهەمی پاشخانێکی مێژوویی و سۆسیۆلۆجیی ئاڵۆزە. ڕەگی ئەم ناکامڵییە لە دوو جومگەی سەرەکیدا چەقیوە:
یەک: مۆدێلی شۆڕش و خێڵ-حیزب: عەقڵی سیاسیی کوردی بە شێوەیەکی بنیادی لە ژینگەی شاخ و ململانێی چەکداریدا فۆڕمەڵە بووە. ئەم ژینگەیە جەخت لەسەر وەلائی کەسیی و مانەوەی بەهێزی حیزب و خێل و بنەماڵە دەکاتەوە، نەوەکوو لەسەر دامەزراوەی قانوونی و ڕەوایەتی دەوڵەتی. کاتێک ئەم عەقڵە هاتە ناو شار و پێواژۆی حوکمڕانی سەر ڕێگەخست، نەیتوانی وەرچەرخانێکی فیکری دروست بکات، حیزب لە سەنتەردا مایەوە و دامەزراوە مەدەنییەکان بەدەوری تەوەرەی حیزبدا لە سووڕانەوەدان و حیزبیش بەدەوری سەرۆک و بنەماڵە سیاسییەکان و کەسەکاندا. لێرەدا، ناکامڵییەکە لەوەدا دەردەکەوێت، حیزبەکان نەوەکوو هەر نەیانتوانی ڕەوایەتی بە دامەزراوەی دەوڵەتی بدەن، بەڵکوو دامەزراوەکان بوون بە ئامرازی دەستی حیزب و کەناڵێک بۆ دابەشکردنی ئیمتیازەکان، دەرئەنجام هەر لەسەرەتای دروستکردنیانەوە، دامەزراوەکان بوون بە دامەزراوەی ناچالاک و بێ کاریگەریی. ڕەنگە ناکارایی پەرلەمان و حکوومەت لە دنیای ئێمەدا، پێچەوانەی نەتەوەکانی دیکە، کە ئەم دوو دامەزراوەیە دوو دامەزراوەی کاریگەر و بان حیزبین لە ژیانی سیاسیاندا، ڕاستی ئەم گریمانەیەمان بسەلمێنێت.
دوو: نەبوونی تەقالیدی دەوڵەتداری و ژێرخانی دامەزراوەیی: کورد بەهۆی ئەوەی لە مێژووی نزیک و تاڕادەیەک دووریشیدا خاوەنی قەوارەیەکی سەروەر نەبووە، بێبەش بووە لە دروستبوون و کەڵەکەبوونی تەقالیدی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی. ئەمەش وای کردووە بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا لەجیاتی ئەوەی دامەزراوەیی و دوورمەودا بێت، هەمیشە تاکەکەسی و کاردانەوەیی بووە. ئەم بۆشاییە مێژووییە وای کردووە، چینی سیاسی پەنا بەرێتە بەر مۆدێلی تێکەڵکردنی حیزب و حکوومەت و دواجاریش کردنی حکوومەت بە ئامرازی دەستی حیزب، ئەمەش گەورەترین نیشانەی پێنەگەیشتنی سیاسییە لە جیهانی مۆدێرندا.
ئەم پاشخانە مێژووییە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، عەقڵیەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ناکامڵە و نەیتوانیوە دامەزراوە بنیاد بنێت، بۆیە لێکەوتەکانی ئەو میراتە ناکامڵە گواستراوەتەوە بۆ ناو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. لە ئێستادا، سەرەڕای بوونی هەڕەشەی جددی لەسەر قەوارەى هەرێمی کوردستان، کەچی سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان تووشی جۆرێک لە ڕەفتار بوون، نزیکە لە تێنەگەیشتن و بیرکردنەوەى ناعەقلانی، لەبری گەڕان بەدوای چارەسەر و خۆدەربازکردن لە ئاڵەنگارییەکان و بەلاخستنی جیاوازیەکان، ئەمان خەریکی ململانێ و قۆڵبادانی یەکدی و پەکخستنی دامەزراوەکانن (پەرلەمان و حکوومەت و دادوەرى).
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ناکامڵی سیاسی و تێگەیشتن لە دۆخی ناتەندروستی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، لێرە بەدوا، پەنا دەبەینە بەر چەمکی ئالوودەبوون لەسەر خۆوێرانکردن. هەروەها چەمکی گردبوونەوە لە دەوری ئاڵا. ئالوودەبوون لەسەر خۆوێرانکردن، لە لایەن گیڵبێرت براندزەوە گەڵاڵەکراوە،(6) گردبوونەوە لە دەوری ئاڵاش چەمکێکە لە لایەن جۆن میولەرەوە بەکارهێنراوە(7). لە ڕوانگەی ئەم دوو چەمکەوە هەوڵ ئەدەین لێکەوتە کارەساتبارەکانی ناکامڵی سیاسی ڕوونتر بکەینەوە و لە هۆکارە خودییەکانی سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان بکۆڵینەوە.
ناکامڵی سیاسی و دیدی خۆوێرانکردن
بەلای گیڵبێرت براندزەوە، ئالوودەبوون لەسەر خۆوێرانکردن بارودۆخێکە، تێیدا بیرکردنەوەی عەقڵانی ڕۆڵێکی زۆر کەم دەگێڕێت و نزیکە لە تێنەگەیشتن. دەرەنجامەکانی ئەم بارودۆخەش بۆ وڵات یان قەوارەکە، دەکرێت زۆر وێرانکەر بێت.
گرنگیی تێزەکەى گیڵبێرت براندز لەبارەى ئالوودەبوون لەسەرخۆ-وێرانکردن لەوەدایە، بۆ تێگەیشتن لە بڕیارە سیاسییەکان، کاری لەسەر تێپەڕاندنی شیکردنەوە کلاسیکییەکان کردووە و پەنای بۆ زانستی دەمار و دەروونناسی بردووە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی پاڕادایمییە لە شیکردنەوەی ڕەفتاری سیاسی. لەم سۆنگەیەوە مەبەستمان لە بەکارهێنانی تێزەکەی گیڵبێرت براندز لەم توێژینەوەیەدا، تێپەڕاندنی شیکردنەوەی ناکامڵی سیاسیە لە ئاستێکی گشتیی بۆ ئاستێکی قووڵی زانستی لە چوارچێوەی زانستی دەمار و دەروونناسیدا.
گیڵبێرت لە تێزەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مێشکی ئێمە لە هەر چرکەیەکدا میلیۆنان زانیاری لە ڕێگەی چاو و گوێ و هەستەکانی دیکەیەوە پێ دەگات. مێشک ناتوانێت هەموو ئەو وردەکارییە خاوانە پڕۆسێس بکات، بۆیە زانیارییەکان دەگۆڕێت بۆ وێنەیەکی چڕکراوە لە شوێنێکدا، پێی دەگوترێت “شوێنی نادیار” (Latency Space). لەم بۆشاییەدا، مێشک پلە و نرخ دەدات بە هەر بارودۆخێک، بارودۆخی نالەبار (ئازار و فشار) پلەی نەرێیی وەردەگرێت و بارودۆخی لەبار (چێژ و بەختەوەری) پلەی ئەرێیی وەردەگرێت. لە خولی ئازار و فشار، مێشک بۆ گەیشتن بە بارودۆخێکی باشتر، هۆڕمۆنی فشار (ئەدریناڵین) دەردەدات، تاوەکوو جەستە چالاک بکات. لەم خولەدا کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئامانجەکەی، مێشک هۆڕمۆنی بەختەوەری (دۆپامین) دەردەدات. دۆپامین نەوەکوو هەر فشاری پێشوو لادەبات، بەڵکوو چێژێکی گەورە بە مرۆڤ دەبەخشێت. بەڵام کێشەکە لەوەدایە: مرۆڤ دەکرێت بەم دۆپامینە تووشی ئالوودەبوونی سروشتی ببێت.
گیڵبێرت بۆ ڕوونکردنەوەى ئالوودەبوون، جیاکاری لەنێوان دوو جۆر خولی دۆپامین، دەکات: خولی یەکەم، خولی ناوەکییە، تێیدا کەسایەتییە بەهێزەکان و مرۆڤە داهێنەرەکان، لە ڕێگەی ئەرکە قورسە خودییەکانیانەوە فشار دروست دەکەن و بە دەستکەوتە فیکری و داهێنەرانەکانیان دۆپامین بەدەست دەهێنن، ئەمانە کەسایەتیی سەقامگیر و ئەخلاقین. خولی دووەم، خولی دەرەکییە زۆربەی مرۆڤەکان توانای داهێنانی ناوەکییان نییە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر سەپاندنی فشار بەسەر کەسانی دیکەدا، بۆ ئەوەی دۆپامین بەدەست بهێنن. کاتێک کەسێک هێز و فشار بەکاردەهێنێت و بەرانبەرەکەی دەخاتە دۆخێکی ناخۆشەوە، مێشکی ئەو کەسە دەسەڵاتدارە دۆپامین دەردەدات. گیڵبێرت جەخت دەکاتەوە، ئەو کەسانەی دەگەنە لوتکەی چینی سیاسی، زۆرتر سەر بە گرووپی ئالوودەبوونی دەرەکین. لەم سونگەیەوە گیڵبێرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کاتێک سیاسییەکان دەبنە ئالوودەبووی دۆپامین لە ئەنجامدانی بڕیارێکی سیاسی، یان سەپاندنی دەسەڵات بەدوای تەکانی دۆپامین(8) یاخود بەدوای ئەو چێژە دەمارییەدا دەگەڕێن، لە ئەنجامی سەپاندنی دەسەڵات و فشار بەسەر ئەوانی دیکەدا دروست دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیاری سیاسی و دروستکردنی قەیرانەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی ستراتیجی نییە، بەڵکوو وەکوو ژەمە چێژێکە بۆ تێرکردنی ئالوودەبوونی سەرکردە بە هەستی باڵادەستی بەکاردێن، چونکە وەکوو چۆن ئالوودەبوویەکی هێرۆین پێویستی بە ژەمێکی نوێ هەیە، سیاسییەکەش پێویستی بە تەکانێکی نوێ هەیە، ئەم تەکانە لە ڕێگەی دروستکردنی قەیرانێکی نوێ، سەرکوتکردنی نەیارێکی نوێ، یان دەرکردنی بڕیارێکی توند هەمووان تووشی شۆک بکات، بەدەست دێت. مەترسیی ئەم تەکانە لەوەدایە، ئەگەر سیستەمی کۆنتڕۆڵ و سزا (وەکوو قانوون و چاودێریی کۆمەڵایەتی و میدیا) نەمێنێت، دەسەڵاتدار دەچێتە ناو بازنەیەکی ئالوودەبوون لەسەرخۆ-وێرانکردن. لەم قۆناغەدا، بۆ سیاسییە ئالوودەبووەکان گرنگ نییە، وڵات وێران دەبێت، یان سیستەمەکە دەڕووخێت، تەنیا ئەوەیان بۆ گرنگە، کە تەکانی داهاتوو بەدەست بهێنن، چونکە لۆجیکی باڵادەستی و مانەوەی بایۆلۆجیی “خود” دەبێتە جێگرەوەی لۆجیکی مانەوەی “دەوڵەت”.
ناکامڵی سیاسی و دیدی گردبوونەوە لە دەوری ئاڵا
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ناکامڵی سیاسی ئەوەیە، ناتوانێت سیمبول و دامەزراوەی کۆکەرەوە دروست بکات و لەسایەیدا گردببێتەوە. تێزەکەی جۆن میولەر، کۆبونەوە یان کۆدەنگی لە دەوری ئاڵا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، لە کاتی تەنگژە نێودەوڵەتییەکان، یان هەڕەشە سەربازییە دەرەکییەکاندا، جەماوەر و هێزە سیاسییە ناکۆکەکان کێشە ناوخۆییەکانیان وەلا دەنێن و لە دەوری سەرۆک، وەکوو رەمزی وڵات، یان ئاڵا وەکوو هێمایەک بۆ یەکگرتوویی و پاراستنی نیشتمان و مانەوەی کۆدەبنەوە. بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت، پوچەڵبوونەوەی تەواوی ئەم تێزەیە. لێرەدا، هەڕەشە دەرەکییەکان نەوەکوو هەر یەکڕیزی دروست ناکەن، بەڵکوو دەبنە هۆکارێک بۆ قووڵکردنەوەی درزەکان و تۆمەتبارکردنی یەکدی. وەکوو ئاشکرایە وا نزیکەى دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، کەچی پەرلەمان پەکخراوە و حکوومەت پێکنەهێنراوە و سەرەرای ئەوەى تاوەکوو دێت ململانێی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان فراوانتر و قوڵتر دەبێتەوە. لێرەدا، دەبێت بپرسین بۆچی ئەم تێزەی جۆن میولەر لە هەرێمی کوردستاندا کار ناکات؟ وەڵامەکە لە چوار ڕەهەندی خودیدا کورت دەبێتەوە:
١. گەڕان بەدوای دۆپامین لە ناوخۆدا
بەپێی تێزەکەی براندز، سیاسییە ئالوودەبووەکان تەنیا لە ڕێگەی سەپاندنی هێز بەسەر کەسانی دیکەدا دۆپامین بەدەست دەهێنن. لە هەرێمی کوردستاندا، ئەویدیکە بۆ حیزبی سیاسی، نەیارە دەرەکییەکە (ئێران و عێراق و سووریا و تورکیا) نییە، بەڵکوو حیزبە ڕکابەرە ناوخۆییەکانە، ئەمەیە لووتکەی ناکامڵی سیاسیی. بۆ سیاسییە ئالوودەبووەکانی هەرێمی کوردستان، بردنەوە لە ڕکابەرە ناوخۆییەکە، ئینجا پارتەکانی دەسەڵات بێت، یان دەرەوەى دەسەڵات، چێژێکی زۆر گەورەتری هەیە، وەکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی دەرەکی. لەم دۆخەدا، هەڕەشەی دەرەکی (لەبابەت هێرشەکانی ئێران و بڕیارەکانی بەغدا و فاکتەرە بابەتیەکان) وەکوو دەرفەت، یان هەلێکی سیاسی بۆ لاوازکردنی ڕکابەرە ناوخۆییەکە، سەیر دەکرێت. بۆیە لەجیاتی گردبوونەوە لە دەوری ئاڵا، دەبینین لایەنەکان هەوڵ دەدەن هەڕەشە دەرەکییەکە وەکوو سزایەک بۆ هەڵەی لایەنەکەی دیکە وێنا بکەن. ئەمە ڕێک ئەو خۆکوژییە سیاسیەیە، کە براندز باسی دەکات، سیاسییەکە ئامادەیە نیوەی قەوارەکەی بڕوات، تەنیا بۆ ئەوەی ڕکابەرە ناوخۆییەکەی تووشی ئیحراجی و شکان ببێت.
٢. دیدگای جیاواز بۆ پێناسەکردنی هەڕەشە
تێزی گردبوونەوە لە دەوری ئاڵا پێویستی بەوەیە، هەمووان کۆک بن لەسەر ئەوەی دوژمن کێیە؟ بەڵام یەکێک لە فاکتەرە خودییە هەرە مەترسیدارەکانی هەرێم ئەوەیە دوژمنی لایەنێک، هاوپەیمانی لایەنەکەی دیکەیە. لەم ژینگەیەدا، چەمکی نیشتمان و ئاڵا ئەرک و ڕۆڵە یەکخەرەکەی خۆی لەدەست داوە. ئەمە دەیسەلمێنێت، کە عەقڵی چینی سیاسیی کوردی نەوەکوو هەر نەگەیشتووەتە ئاستی کەماڵ، بەڵکوو تاوەکوو ئێستاش بەدەوری حیزب (بنەماڵە)، شار، یان کەس دا دەخولێتەوە.
٣. داڕمانی متمانەی گشتیی
ئەم جۆرە لە مامەڵەی چینی سیاسی وای کردووە هاووڵاتییان متمانەیان بە بوونی هەڕەشە لە سەر قەوارەى هەرێم نەمێنێت، چونکە خەڵک کاتێک لە دەوری ئاڵا کۆدەبنەوە، متمانەیان بە دەسەڵات و حکوومەت هەبێت و ئاڵاکە وەکوو هێمای پاراستنی مافەکانیان ببینن. لە هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی سەروەرنەبوونی قانوون و گەندەڵی بنیادی ونادادیی کۆمەڵایەتی وخراپی فۆرمی حوکمرانی، متمانەی هاوڵاتیان وێران بووە. هاوڵاتی کوردستان چیدیکە کۆبونەوە لە دەورى ئاڵا، وەکوو هێمای مانەوە و یەکرێزی نابینن، بەڵکوو وەکوو پاساوێک دەیبینن کە چینی سیاسی بەکاری دەهێنێت بۆ ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتیان وداپۆشینی شکستەکانیان. کاتێک چینی سیاسی بانگەشەی یەکڕیزی دەکات لە کاتی هەڕەشەدا، هاووڵاتی بە بێباکی وەڵام دەداتەوە، چونکە پێی وایە ئەم بانگەشەیە تەنیا بۆ پاراستنی کورسیی سیاسییە ئالوودەبووەکانە، نەوەکوو بۆ پاراستنی قەوارەکە. ئەمە ئەو خاڵەیە، براندز جەختی لێ دەکاتەوە (ئالوودەبووانی دەسەڵات تەنیا مەترسی بۆ ئەوانی دیکە دروست دەکەن، بەڵام تێچووەکەی ناخەنە ئەستۆی خۆیان).
٤. سیناریۆی ئەسپی تەڕوادەی ناوخۆیی
پوچەڵبوونەوەی تێزەکەى جۆن میولەر وای کردووە، هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی ئەسپی تەڕوادە. هەر جەمسەرێکی سیاسی بۆ مانەوە لە خولی دۆپامینی دەسەڵات لە ناوچەی حوکمڕانی خۆیدا، ئامادەیە دەرگا بۆ هێزێکی دەرەکی بکاتەوە، تاوەکوو لە ڕکابەرە ناوخۆییەکەی بباتەوە. ئەمە فاکتەرێکی خودیی بنیادییە، وای کردووە هەرێم لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە تەواو دزەی تێکرابێت. بۆیە هەڕەشەی دەرەکی لێرەدا نابێتە هۆی یەکگرتن، بەڵکوو دەبێتە هۆی زیادکردنی کڕنووشبردن بۆ هێزە هەرێمییەکان و بەغدا، تاوەکوو لە دژی یەکتر بەکاری بهێنن.
کەواتە، شکستی کاراکردنی ڕامانەی کۆدەنگی لە دەوری ئاڵا لە هەرێمی کوردستان، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر قووڵیی ناکامڵی سیاسی و ئەو دیاردەی خۆوێرانکردنەی گیڵبێرت براندز وەکوو دەرەنجامی ئالوودەبوونی دەسەڵات ئاماژەی پێ دەکات. بۆیە دەبینین لەو وێستگانەی، قەوارەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی وجودی بووەتەوە، لەجیاتی سەرهەڵدانی یەکگرتوویی نیشتمانی، سیمبولە نەتەوەییەکان دەبنە ئامرازی ململانێی ناوخۆیی. ئەمەش لێکەوتەی دوو پڕۆسەی هاوتەریبە:
أ. بەکاڵاکردنی سیمبولە نیشتمانییەکان: عەقڵی سیاسیی کوردی نەیتوانیوە بیرکردنەوەى لە چوارچێوەى حیزب و کەس و بنەماڵەکان تێپەرێنێت و ئاڵا و دامەزراوەکان، وەکوو چەترێکی سەروو حیزبی بپارێزێت، بەڵکوو سیمبولەکانیش پەلکێشی ناو کێبڕکێی هەلپەرستانەى هێزە سیاسییەکان کراون. ئەمەش وای کردووە، لە کاتی تەنگژە دەرەکییەکاندا، هاووڵاتیان و نەیارە سیاسییەکان وەکوو پاساوێک بۆ داپۆشینی شکستە خودییەکان سەیری گوتاری نیشتمانی بکەن، نەوەک وەکوو پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە بۆ بەرگری، ئەگەرچی هەرەشەکانیانش جددی بن.
ب. لاوازی بنیادی دامەزراوەیى بەرانبەر شۆکە دەرەکییەکان: وەکوو پیشتر ئاماژەمان پێکرد، سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵیان لە دامەزراوەکان وەرگرتووەتەوە، بۆیە ئەم داڕمانە دامەزراوەییە وای کردووە هەرێمی کوردستان ببێتە یەکەیەکی سیاسیی لاواز و بێبەرگری لەبەردەم فشارە دەرەکییەکاندا. کاتێک سیستەمی بەرگریی ناوخۆیی، کە یەکگرتوویی سیاسی و متمانەی گشتییە، بەهۆی بەرژەوەندی چینی سیاسی و حیزبییەکانەوە پەکی دەکەوێت، قەوارەکە توانای خۆگونجاندن، یان ڕووبەڕووبوونەوەی فاکتەرە بابەتییەکانی، وەکوو فشارە هەرێمییەکان و وەرچەرخانە نێودەوڵەتییەکان لەدەست دەدات. لە ئەنجامدا، ئەم پاشەکشە ناوخۆییە دەبێتە پاڵنەر بۆ خێراکردنی پڕۆسەی سەرەو لێژبوونەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان وەکوو بکەرێکی نا-دەوڵەتی. بەم شێوەیە، خۆوێرانکردنی سیاسی لێرەدا، وەکوو جۆرێک لە ناکاریگەریی بنیادی دەردەکەوێت، چونکە کاتێک عەقڵی بڕیاربەدەست بەرژەوەندییە کاتییەکان و هەژموونی خودی خۆی دەخاتە سەروو ستراتیجی مانەوەی قەوارەکە، فاکتەرە بابەتییەکان دەبێتە خاڵی کۆتایی و لاواز بۆ هەر جۆرە مانۆڕێکی بکەری نا-دەوڵەت لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیی پڕ لە مەترسیدا.
ناکامڵی سیاسی و داڕمانی میکانیزمەکانی ڕێگری و کۆنترۆڵکردن
یەکێک لە مەترسیدارترین ڕەهەندەکانی ناکامڵی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، کە تەواو تەریبە لەگەڵ تێزەکەی براندزدا، بریتییە لە نەهێشتنی ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵکردن. لەم سونگەیەوە براندز ئاماژە بەوە دەکات، سڕکردنی میکانیزمەکانی چاودێری و کۆنتڕۆڵکردن، بەزۆری لە ڕێگەی گەندەڵکردنی ئەو چین و ئاستە بیرۆکراسییانەی خوارەوە، ئەرکیان ئەنجامدانی کۆنتڕۆڵ و چاودێرییەکەیە، بەدەست دێت.
لەم دۆخەدا، کۆنتڕۆڵکەران لە بەرانبەر وەرگرتنی ئیمتیاز و چاکە و خزمەتی تایبەتدا، چاوپۆشی لە لادان و سەرپێچییەکانی چینی سیاسی دەکەن. ئەم پێواژۆیە چاودێرانیش پەلکێشی ناو یارییەکە دەکات و ئەوانیش تووشی هەمان ئالوودەبوونی دۆپامینی دەسەڵات دەکات. لێرەدا، براندز جەخت دەکاتەوە، ڕەفتاری سیاسیی ئالوودەبوو کاتێک دەگاتە ئاستی “خۆوێرانکردنی حەتمی”، هیچ سزا و ڕێگرییەک، یان کۆنتڕۆڵێکی قانوونی لەبەردەم بڕیارەکانیدا نامێنێت. لە هەرێمی کوردستان، ئەم داڕمانە سیستەمییەی میکانیزمەکانی ڕێگری و کۆنتڕۆڵکردن لە سێ ئاستی سەرەکیدا ڕوویداوە:
١. براندز ئاماژە بەوە دەکات، لە دۆخی ئالوودەبونی سیاسیدا، دامەزراوە قانوونییەکان و بیرۆکراسیی دەوڵەت لە چاودێرەوە دەبنە هاودەست لەگەڵ چینی سیاسی. لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی دادوەری و دامەزراوە چاودێرییەکان، نەوەکوو هەر نەتوانراوە وەکوو ڕێگر لەبەردەم ئالوودەبوونی دەسەڵات کار بکەن، بەڵکوو زۆرجار وەکوو ئامرازێک بۆ بەقانوونیکردنی بڕیارە نالۆجیکییەکان بەکار هاتوون. کاتێک سیاسییەک هیچ ترسێکی لە سزا نەبێت، ئاستی سەرکێشییە سیاسییەکانی (وەکوو ململانێی ناوخۆیی توند و بڕیاری ئابووریی نادروست) هیچ سنوورێکی نامێنێت، ئەمەش ئەو بازنەی ئالوودەبوونەیە، براندز باسی دەکات.
٢. بەپێی تێزەکە، میدیا دەبێت یەکێک بێت لە ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵ. لە هەرێمی کوردستان، دابەشبوونی میدیا بەسەر جەمسەرە سیاسییە ئالوودەبووەکاندا، وای کردووە میدیا وەکوو ئامرازێکی فشار پەکی بکەوێت، نەوەکوو هەر ئەمە، بەڵکوو بووە بە ئامرازی پشتیوانی بۆ سیاسییە ئالوودەبووەکان. کاتێک سیاسییەک دەزانێت، هەر جۆرە سەرکێشییەک بکات و تووشی هەر شکستێک ببێت، میدیایەک هەیە وەکوو سەرکەوتن وێنای دەکات، چیدیکە پاڵنەرێکی نامێنێت بۆ گەڕانەوە بۆ بڕیاری لۆجیکی. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تێچووی بڕیارە هەڵەکان تەنیا بکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵگا، نەوەکوو سیاسیەکان.
٣. یەکێکی دیکە لە ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵکردن، ئۆپۆزسیۆنە. لە هەرێمی کوردستان، ئۆپۆزسیۆن تووشی تەنگەژە و کێشەی بنیادی بووەتەوە، ئەم تەنگژە و کێشە بنیادیانە وای کردووە ئۆپۆزسیۆن نەتوانێت وەکوو ڕێگر کار بکات. نەوەکوو هەر ئەمە، بەڵکوو ئۆپۆزسیۆن بۆ خۆیشی بە هەمان مۆدێل ئالوودەبووە، زۆرجار هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەجیاتی ئەوەی خاوەن پرەنسیپی ناوەکی بن (وەکوو ئەوەی براندز باسی دەکات)، تەنیا بەدوای دۆپامینی دژایەتیکردندا دەگەڕێن و ناتوانن پڕۆژەیەکی دەوڵەتداریی جیاواز پێشکەش بکەن. لەلایەکی دیکەوە دۆخی پۆپۆلیستی و پاراستنی پێگە، وای کردووە ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە ململانێیەک بۆ باشترکردنی سیستەم، بۆ ململانێیەک بۆ شەرعیەتدان بە یەکتر لەناو هەمان بازنەی ئالوودەبووندا، بگۆڕێت.
خاڵێکی دیکەی تێزەکەی براندز لە هەرێمی کوردستان زۆر ڕوونە، ئەویش کاردانەوەی هاوشێوە و فشاری گرووپامێزە لە ناو چینی سیاسیدا. سیاسییەکان لە ترسی ئەوەی وەکوو لاواز یان تەسلیمبوو بەرانبەر بە لایەنەکەی دیکە وێنا نەکرێن، بەردەوام دەبن لەسەر بڕیارە توند و نالۆجیکییەکان. ئەم پێشبڕکێی ئالوودەبوونە وای کردووە، هیچ دەنگێکی عەقڵانی لەناو هیچ کام لە لایەنەکاندا نەتوانێت سەربکەوێت، چونکە هەر سیاسییەک بیەوێت عەقلانی بێت، لە لایەن هاودەستەکانی خۆیەوە پەراوێز دەخرێت.
کەواتە دەتوانین بڵێین، کاتێک میکانیزمەکانی ڕێگری و کۆنتڕۆڵکردن، واتا دادگا و میدیا و ئۆپۆزسیۆن پەک دەخرێن، چینی سیاسی دەچێتە قۆناغێکەوە، براندز بە خۆوێرانکردن یاخود خۆلەناوبردن ناوی دەبات. لەم دۆخەدا، سیاسییەکان چیدیکە مەترسیی سزا، یان لەدەستدانی دەسەڵات نابینن، چونکە هەموو ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵیان وێران کردووە. ئەمەش ئەو کاتەیە، خۆوێرانکردن دەبێتە دەرەنجامێکی حەتمی، چونکە چینی سیاسی بەرژەوەندییەکانی مانەوەی خود دەخاتە پێش مانەوەی قەوارەکە. دەرەنجامی ئەم هاوکێشەیەش، گۆڕانی هەرێمە لە بکەرێکی نا-دەوڵەتی کاریگەرەوە بۆ قەوارەیەکی کارتۆنی، تەنیا لە چاوەڕوانی بڕیار و ئیرادەی بکەرەکانی دیکەدا دەمێنێتەوە.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا، کە تەرخانکرابوو بۆ باسکردن لە هۆکارە خودییەکانی سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان، دەتوانین بڵیین، سەرەرای هەڕەشە جددییەکان لەسەر قەوارەى هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم هەڕەشانە نەیتوانیوە کۆدەنگی دروست بکات و کۆبونەوە لەدەورى بەرژوەندییە نیشتمانییەکان نەهاتووەتە بوون. بە پێچەوانەوە، درزی هۆکارە خودییەکان فراوانتر بووە، ئەمەش تەنیا هەڵەی سیاسی نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ئالوودەبوونێکی بایۆلۆجی و دەماریی چینی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بە دەسەڵات و ململانێ. بەپێی ئەو بیردۆزانەی خستمانە ڕوو، چینی سیاسی لەجیاتی گەڕان بەدوای بەرژەوەندیی نیشتمانی (مانەوەی قەوارەکە)، ئالوودەی ئەو پاداشتە دەمارییە (دۆپامین) بووە، لە شکاندنی ڕکابەری ناوخۆیی دەستی دەکەوێت. بەمەش، سەرەولێژبوونەوەی هەرێم تەنیا وەکوو دەرەنجامی فشارە دەرەکییەکان نابینین، بەڵکوو وەکوو شکست، یان دارمانی سیستەمی بڕیاردان وێنای دەکەین، کاتێک چینی سیاسی لەژێر کاریگەریی چێژی ململانێی ناوخۆیدا، توانای ناسینەوەی مەترسییە وجودییەکانی لەدەست داوە، پڕۆسەی خۆوێرانکردنی سیاسی خێراتر بووە.
دووەم: هۆکارە بابەتییەکان
ئێمە لێرەدا، لەباسی هۆکارە بابەتییەکاندا، خۆمان لە باسکردنی چەندین گرفتی بنیادی لە بابەت هەڵکەوتەی جیۆگرافی و جیۆپۆڵەتییکیانەی هەرێمی کوردستان دەبوێرین و باس لە سێ ڕەهەندی هۆکارە بابەتییەکان (نێودەوڵەتی و هەرێمیی و ناوخۆیی) دەکەین و تاوتوێی گۆڕاوەکان دەکەین. گۆڕانی هاوسەنگی هێز و وەرچەرخانی شیرازەی نێودەوڵەتی و بەدوایشیدا لاوازبوونی بەهاکانی نەزمی نێودەوڵەتی. هەروەها بەهێزبوونەوەی دەوڵەتە ناوەندییەکان (سووریا و عێراق) و پاشەکشەی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان و کۆدەنگی و یەکتربڕینی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، لە خاڵی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستاندا. سەرباری هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان، ئەو هۆکارە بنەڕەتییە بابەتییانەن، لەم پەڕەباسەکەدا هەڵی دەگرینەوە و گەنگەشەی دەکەین و وەکوو هۆکاری بنەڕەتی بۆ لاوازبوون و سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەتەکدا دەکەین.
١. ڕەهەندی نێودەوڵەتی
بەڕوانینێکی خێرا لە ڕەوت و ئاڕاستەی ڕووداو و پێشهاتەکان بۆمان ڕوون دەبێتەوە، جیهان لە ئاستانەی وەرچەرخاندایە. چین، وەکوو دەوڵەتێکی هەڵکشاو، دەخوازێت دەستکاری بەها و نۆرمەکانی نەزمی نێودەوڵەتی بکات و بەجۆرێک گۆڕانکارییان تێدابکرێت، کە ببنە باڵانمای سەنگ و پێگەی جیهانییانەی ئەو. لە بەرانبەردا، زلهێزەکانی باری ئارا، واتە ئەو هێز و دەوڵەتانەی بەرگری لە بارودۆخی باو دەکەن و نایانەوێت گۆڕانکاری ڕووبدات، بە ئاسانی مل بۆ ئەم گۆڕانکارییانە نادەن و ناچنە ژێرباری قبوڵکردنی. ئەوەی دیارە ئەوەیە بەشێکی ئەم گۆڕانکارییە جیهانییانە، ڕەنگدانەوەی ئەم هەڵکشان و داکشانەن.
کاتێک لە زەمەنی دروستبوون و چێبوونی هەرێمی کوردستان دەنواڕین، هاوکاتە لەگەڵ وەرچەرخانێکی جیهانیدا، وەرچەرخانی شیرازەی نێودەوڵەتی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا. ئەمە بەو باوەڕەمان دەگەیەنێت کەوا هەر وەرچەرخانێکی جیهانی کاریگەریشی لەسەر پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت. لێرەدا، باس لە دوو لێکەوتەی ئەم وەرچەرخانە جیهانییە دەکەین، کە کاریگەریی نەرێییان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوانیش: پاشەکشەی بەها لیبراڵەکان و گەڕانەوەی دیدی دەوڵەت-تەوەرەیی تەواوەتییە لە کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
١-١. پاشەکشەی بەها لیبراڵەکان
ساڵی ١٩٩١، کاتێک شیرازەیەکی نوێی جیهانی بە ڕابەرایەتی ئەمریکا و لیبرالیزمی ڕۆژئاوایی دروست بوو، قۆناغێکی نوێ سەری هەڵدا. لەو قۆناغەدا، ساموێل هێنتینگتۆن باسی شەپۆلی سێیەمی دیموکراسی(9) و فۆکۆ یاما باسی لە کۆتایی مێژوو دەکرد(10)، واتە ئەم قۆناغە قۆناغی سەرکەوتنی یەکجاری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بازاڕی ئازاد بوو. لە کۆتاییشدا، ئەم تێزانە لەبیرۆکەیەکی هزرییەوە، بوون بە نەخشە ڕێگەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا. لەم سۆنگەیەوە، ڕۆژئاواییەکان پڕۆژەیەکی سیاسییان بنیادنا، پڕۆژەکە لەسەر سێ بەهای سەرەکی، هەرسێکیان خزمەتیان بە مانەوە و گەشەی هەرێمی کوردستان دەکرد، وەستابووئەو سێ بەهایە بریتی بوون لە:
١. دژایەتی ناسیۆنالیزمی توندڕەو و پاڵپشتی دیموکراسی. ڕۆژئاوا دەیویست مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی کلاسیک تێپەڕێنێت و پاڵپشتی پەرەسەندنی دیموکراسی لە وڵاتانی جیهان بکات. ئەمە وای کرد ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی وەکوو کورد هاوسۆز بن، چونکە کوردیان وەکوو قوربانیی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی عەرەبی و تورکی و فارسی دەبینی.
٢. ئاوابوونی سەردەمی جەنگە گەورەکان. وڵاتانی ڕۆژئاوا باوەڕیان وابوو سەردەمی جەنگی گەورە بەسەر چووە، بۆیە بودجەى سەربازییان بۆ کەمترین ئاست دابەزاند و پێیان وابوو، نەرمەهێز و بازرگانی و دیپلۆماسی دەتوانێت جیهان بەڕێوە ببات.
٣. پاراستنی مافی مرۆڤ و کەمینەکان. ئەمە بووە پاساو بۆ دەستوەردانی مرۆیی ( بڕیاری ژمارە ٦٨٨ ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی کورد)(11). ئەگەرچی دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین، تەنیا بۆ پاراستنی کورد نەبوو، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئەو جیهانە نوێیەی، تێیدا ڕۆژئاوا دەیویست بڵێت، چیدیکە دیکتاتۆرەکان ئازاد نین لەوەی لەناو سنوورەکانی خۆیاندا چی دەکەن.
لێرەدا، لەسای ئەم بەهایانەدا، هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ لەدایکبوو، واتە هەرێمی کوردستان بەرهەمی سەردەمێکی زێڕینی لیبرالیزمی نێودەوڵەتی بوو(12)، بەڵام ئێستا ئەو سەردەمە نەوەکوو هەر بەرەو ئاوابوون دەچێت، بەڵکوو بنەماکانیشی لە دوای جەنگی ئۆکراین و وەرچەرخانە جیهانییەکان، وەلەرزە کەوتوون و کەلێن و کەلەبەری گەورەیان تێکەوتووە. ئەمەش کاریگەریی نەرێیی لەسەر هەرێمی کوردستان دادەنێت و هۆکارە بۆ سەرەولێژبونەوەی زیاتری پێگەى هەرێمی کوردستان. کەواتە وەرچەرخانی ئەم جارە، پێچەوانەی وەرچەرخانی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، کاریگەری نەرێی لەسەر هەرێم دەبێت، لەخوارەوە هەوڵدەدەین لە چەند خاڵێکدا چۆنیەتی ئەو کاریگەریە نەرێییە ڕوون بکەینەوە:
یەکەم: لە ئێستادا، ڕۆژئاوا لەبەردەم واقیعێکی نوێدایە، وای کردووە پاشەکشە لەو تەرزە فیکریانە بکات، لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلینەوە بانگەشەى بۆ دەکرد، بۆیە خەریکی زیادکردنی بودجەی سەربازی و کڕین و بەرهەم هێنانی چەک و گەڕانە بەدوای وزەدا.
دووەم: ئەو هێز و دەوڵەتە ڕۆژئاواییانەی پشتیوانی هەرێم بوون و دەستباریان دەدا، ئەمڕۆ تووشی قەیران هاتوون و لە پاشەکشەدان، بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو پشتیوانی و هاریکارییەی بۆ هەرێمیان دابین دەکرد، دەبێت.
سێیەم هاوکات لەگەڵ پاشەکشە و لاوازبوونی ئەمریکا و وەرچەرخانی نەزمی نێودەوڵەتیدا، ئەو بەهایانەش ئەم وڵاتە و نەزمەکە هەڵیگرتوونەتەوە و پەرەیان پێ دەدات، پاشەکشە دەکەن. ئەو بەهایانەی لەگەڵ تاک جەمسەری و هەژموونی ئەمریکادا، وەکوو دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و مافی مرۆڤ و پاراستنی کەمینەکان…هتد هاتن، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوون. بۆیە کاڵبوونەوەی ئەم بەهایانە زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و لە لایەکی دیکەوە ئەو هێز و دەوڵەتانەی پاڵێوراون بۆ ئەوەی ببن بە هێز و جەمسەری جیهانی هێزگەلێکن دژی ئەو بەهایانەن، کە لەسەرەوە باسمان کردن.
چوارەم: لەسای ئەم وەرچەرخانە ئاڵۆزەدا و لەکاتێکدا پێشوتر پاراستنی کورد ئەرکێکی ئەخلاقی بوو، لە ئێستادا پرسی کورد بەگشتیی لە دۆزێکی ئەخلاقییەوە بووەتە بارگرانی سیاسی بۆ ڕۆژئاوا. هەرێمی کوردستان چیدیکە وەکوو پڕۆژەیەکی دیموکراسی نایەتە بەرچاو، بەڵکوو وەکوو هۆکارێکی ناسەقامگیری لەناو دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا دەبینرێت.
١-٢. بەهێزبوونەوەی ڕەوتی دەوڵەت-تەوەرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا
یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی وەرچەرخانی جیهانی، گەڕانەوەی دەوڵەت و بەهێزبوونەوەی ڕەوتی دەوڵەت-تەوەرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا(13). لە دەیەکانی ڕابردوودا، ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان (وەکوو هەرێمی کوردستان، یان گروپە چەکدارەکان) پانتاییەکی زۆریان بۆ مانۆڕ هەبوو. بەڵام جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین و ململانێی زلهێزەکان، هەروەها جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژ بە ئێران، کارێکی کردووە جارێکی دیکە دەوڵەت ببێتەوە بە یەکەی سەرەکیی مامەڵەکردن. ئەم وەرچەرخانە بۆ کورد بەگشتیی و قەوارەی هەرێمی کوردستان مەترسیدارە، چونکە:
یەکەم: ئەمریکا و ئەورووپا ئێستا بەرژەوەندییان لەوەدایە عێراقێکی یەکگرتوو و بەهێز هەبێت، بتوانێت لە ڕووی ئابووری و ئاساییشەوە سەقامگیر بێت و ئەمەش بەسەر حیسابی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم دەبێت. لە ئێستادا، جیهان گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی باڵادەستیی دیدی ڕیالیزمی پەتی. واتە مامەڵەکردن تەنیا لەگەڵ ئەو بکەرانەی خاوەن دەوڵەت و سوپای فەرمی و سەروەریی قانوونین. لێرەدا، پێگەی ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی پاشەکشە دەکات، چونکە لە کاتی جەنگدا، زلهێزەکان پێویستیان بە دەوڵەتە ناوەندییەکانە. بۆ ئەمریکا و ئەورووپا، لەم ساتەدا عێراقێکی یەکگرتوو، بتوانێت بەرگەی هەژموونی ئێران بگرێت و نەوت هەناردە بکات، زۆر گرنگترە لە هەرێمی کوردستان. بەپێچەوانەشەوە، رەنگە هەرێم وەکوو سەرچاوەى سەرئێشە ببینن، کاتێک کێشەى سیاسی بۆ عێراق دروست بکات و پەیوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ئاڵۆز بکات.
دووەم: پێش جەنگی ئۆکراین، ڕۆژئاوا بۆچەسپاندنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، فشاری لە دەوڵەتانی ناوچەکە دەکرد. بەڵام ئێستا پێویستی بە دەوڵەتە بەهێز و ناوەندییەکانی وەکوو عێراق و تورکیا و سووریا هەیە، لە لایەکەوە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی بەرانبەر ڕووسیا و ئێران، لە لایەکی دیکەشەوە ئەورووپا پێویستی بە نەوت و غازی جێگرەوەی ڕووسیایە، ئامادەیە تەنیا بۆ ئەوەی وزەی دەست بکەوێت، چاو لە هەموو دیکتاتۆریەت و پێشێلکارییەکی بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بپۆشێت. لەم هاوکێشەیەدا، ڕۆژئاوا مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکان و بەغدا و ئەنقەرە و تەنانەت ڕیاز دەکات، بۆیە ئەگەری ئەوەی دۆزی کوردی بەگشتیی ببێتە قوربانیی ئاساییشی وزە، ئەگەرێکی کراوەیە.
٢. ڕەهەندی هەرێمیی
پەیوەست بە ڕەهەندی هەرێمیانە، واتە هۆکارە هەرێمییەکانی سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان، ئێمە لێرەدا، باس لە سێ گۆڕانکاری دەکەین و پێم انوایە بزوێنەری سەرەکین و لەپشت سەرەولێژبوونەوەی پێگەی هەرێمی کوردستانەوە وەستاون. ئەوانیش: گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و سەرهەڵدانی کۆدەنگیی هەرێمیی دژ بە هەرێمی کوردستان و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانن.
٢-١. گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا
خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە ئاراستەی کارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنایە کایەوە(14). ئەم قۆناغە بە کۆتاییهاتنی سەردەمی لیبرالیزمی نێودەوڵەتی و باڵادەستبوونی پراگماتیزمی بازرگانی و ڕیالیزمی نوێ دەناسرێتەوە. لەم پارادایمەدا، تێچوو و دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکان، پێش بەها ئەخلاقییەکان و پڕۆژەکانی بنیادنانی دیموکراسی کەوتن. ئەگەر پێشتر دیموکراتەکان، یان کۆمارییە کلاسیکەکان بە دیدێکی بنیادنانی دیموکراسی سەیری ناوچەکەیان بکردایە، ئێستا ئیدارەی ترەمپ بە دیدێکی پراگماتیزمی بازرگانی سەیری دەکات. ئەم گۆڕانکارییە لێکەوتەی قووڵ و مەترسیداری بۆ بکەرە نا-دەوڵەتییەکان بەگشتیی و کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەبووە و دەبێت. ڕۆڵی تۆم باراک، لە پراکتیزەکردنی ئەم تەرزە نوێیەی ستراتیجی ئەمریکا لە ناوچەکەکەدا لەسەرەتای کەوتنی بەشار ئەسەد بەروونی دەرکەوت، چونکە تۆم باراک لەم هاوکێشەیەدا، سەرلەنوێ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای لە سووریا و عێراق دیزاین کردەوە، بەشێوەیەک بواری بۆ مانۆڕی هەرێمی کوردستان و کورد زۆر لاوازکرد. دیدگای باراک، کە لە قوتابخانەی کیسنجەرەوە سەرچاوەی گرتووە و لەسەر ئەم سێ بنەمایە وەستاوە:
یەکەم: دەوڵەتی بەهێز و ناوەندیی: تۆم باراک پێی وایە، سەقامگیریی ناوچەکە تەنیا لە ڕێگەی دەوڵەتە بەهێز و خاوەن سەروەرییەکانی وەکوو تورکیا و عێراق و سووریا دەستەبەر دەکرێت(15). لەم دیدگایەدا، بکەرە نا-دەوڵەتییەکان، وەکوو هەرێمی کوردستان، یان بەرێوەبەرێتی خۆسەری لە ڕۆژاڤا-سووریا، چیدیکە وەکوو هاوبەشێکی کاریگەر و کارا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی بەرانبەر ئێران و شەڕى داعش گۆڕانکارییە نوێیەکانی ناوچەکە نابینرێن. بەڵکوو وەکوو لەمپەر لەبەردەم ڕێککەوتنی گەورەی دەوڵەتەکان وێنا دەکرێن، ئەمەش جوڵەى هەرێمی کوردستانی لاوازکردووە و خستویەتییە پەراوێزی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە.
لەم سۆنگەیەوە، ستراتیجی دەوڵەت-تەوەرەیی ئەمریکا لە عێراق لەسەر ئەو لۆجیکەی، کە عێراقێکی لاواز و پارچەپارچە، هەمیشە فەزایەکی کراوەیە بۆ دەستوەردانی میلیشیاکان و هەژموونی ئێران وەستاوە. بۆیە بۆ ئەوەی عێراق لە زۆنی هەژموونی تاران دوور بخرێتەوە، واشنتن پێویستی بە عێراقێکی ناوەندگەرای بەهێز هەیە. لێرەدا، بەهێزکردنی بەغدا ئامرازێکە بۆ ژیاندنەوەی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتیی عێراق، کە لە مێژوودا هەمیشە لەگەڵ هەژموونی ئێراندا لە ململانێدا بووە. لەم هاوکێشەیەدا، هەرێمی کوردستان وەکوو هۆکارێکی لاوازکردنی دەوڵەتی ناوەندی دەبینرێت، بۆیە ئەمریکا تاوەکوو دەوڵەتی عێراق بەرانبەر ئێران بەهێزتر دەربکەوێت، مەیلی بۆ ئەوەیە مەلەفەکانی ئاساییش و ئابوورییەکانی هەرێم بەتەواوەتی ڕادەستی بەغدا بکاتەوە.
دووەم: کەمکردنەوەى تێچووی سیاسی و سەربازیی: لە ڕابردوودا پشتیوانیکردنی بکەرە نا-دەوڵەتییەکانی وەکوو هەرێمی کوردستان و ئیدارەى خۆسەرى ڕۆژاڤا لە سووریا، تێچوویەکی سیاسی و سەربازیی زۆری بۆ ئەمریکا هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا، تەنگەژە و لەمپەری بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە دەوڵەتییەکان، بەتایبەتی تورکیا، بۆ دروستکردووە. بۆیە ئەرکی باراک ئەوەبوو، کە ئەمریکا لە بارگرانیی ئەم بکەرە نا-دەوڵەتانە ڕزگار بکات و بەرەو بەرژەوەندیی گەورەتر لەگەڵ دەوڵەتەکان، بۆ دەستخستنی ئامانج و بەرژەوەنی فراوانتر هەنگاو بنێت.
سێیەم: ڕەهەندی ئابووری: تۆم باراک تەنیا وەکوو ڕامانەسازێکی سیاسی مامەڵە ناکات، بەڵکوو ئەو وەکوو بزنسمانێک دەردەکەوێت. لە دیدی ئەودا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەجیاتی ئەوەی گۆڕەپانی جەنگ و ململانێ بێت، دەبێت ببێتە بازاڕی وەبەرهێنان. ئەمەش گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێگەی هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات، چونکە ئەوە دەوڵەتەکانن دەتوانن گرێبەستی گەورە واژۆ بکەن و قازانجیان بۆ ئەمریکا هەبێت. لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، سووریا گەورەترین مەیدانی پڕۆژەکانی بنیادنانەوەیە، تۆم باراک دەیەوێت کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا پشکی شێریان لەم پڕۆژانەدا هەبێت. بۆ ئەمەش پێویستی بە سەقامگیریەکی دەوڵەتی هەیە، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی تورکیا و حکوومەتێکی ناوەندیی نوێ، لە دیمەشق دەستەبەر دەکرێت. لەم هاوکێشەیەدا، ناوچە کوردییەکان ئەگەر وەکوو ناوچەی ململانێ بمانایەتەوە، دەبوونە لەمپەر لەبەردەم پڕۆژە ئابوورییەکان، بۆیە باراک ئەو قەوارە دیفاکتۆیەی هەڵوەشاندەوە و خستییەوە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی سووریا، تاوەکوو ژینگەی وەبەرهێنان پارێزراو بێت. بۆیە دوور نییە ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان بێتەدی، چونکە ئەمریکا لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا، دەیەوێت عێراق وەکوو سەرچاوەیەکی جێگیری وزە و ڕێڕەوێکی بازرگانیی نێودەوڵەتی (بەستنەوەی کەنداو بە ئەورووپا) ببینێت. تۆم باراک دەزانێت، کە گرێبەستە گەورەکانی نەوت و غاز و ژێرخان لەگەڵ دەوڵەتەکان ئاسانتر و قانوونیتر، وەکوو لە بکەرە نا-دەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێن. بۆ نموونە: ئەمریکا دەیەوێت کۆمپانیاکانی، بەتایبەتی ئێکسۆن مۆبیل و شێڤرۆن لە عێراقدا باڵادەست بن، کاتێک هەرێمی کوردستان کێشەی قانوونی لەگەڵ بەغدا دەبێت لەسەر دۆسیەی نەوت، ئەمە مەترسی بۆ سەر قازانجی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دروست دەکات. بۆیە باراک فشار دەکات بۆ یەکخستنی مەلەفی ئابووری لە بەغدا، تاوەکوو بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەناو کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا تیا نەچن.
لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لە ئامانجە ئابوورییە هەرە گەورەکانی ئەمریکا، ڕێگریکردنە لە هەژموونی ئابووریی چین (پڕۆژەی پشتوێن و ڕێگە). بۆیە ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی تورکیا و سووریا و عێراقەوە بلۆکێکی ئابووری دروست بکات، وابەستەی واشنتن ببن. هەرێمی کوردستان، کە قەوارەیەکی پارچەپارچە و لاوازە، ناتوانێت ببێتە بەشێک لەم پڕۆژە ئابوورییە گەورەیە. لێرەدا، باراک پێی وایە، بەهێزکردنی ئەنقەرە و بەغدا و دیمەشق، وەکوو سێ جەمسەری ئابووری، دەستکەوتی دارایی و بازرگانیی زیاتر بۆ ئەمریکا دەستەبەر دەکات، وەکوو لە پشتگیریکردنی قەوارەیەکی بچووکی وەکوو هەرێم، کە هەمیشە پێویستی بە هاوکاریی دارایی ئەمریکا هەیە (بۆ نموونە هاوکارییەکانی پێشمەرگە).
٢-١. بەرتەسکبوونەوەی بواری مانۆڕ بۆ کورد لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل -ئێراندا
هۆکارێکی دیکەی بنەڕەتی لە هۆکارە بابەتییەکانی سەرەولێژبوونەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە گۆڕانی سروشتی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دوای ڕووداوەکانی تۆفانی ئەقسا و گۆڕانی ململانێی ئەمریکایی-ئیسڕائیلی دژ بە ئێران، لە جەنگی پرۆکسی و لە ڕێگەى بریکارەکانەوە بۆ ڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، فەزای مانۆڕی کورد وەکوو بکەرێکی نا-دەوڵەت بە شێوەیەکی کوشندە بەرتەسک بووەتەوە. چونکە لە سایەی ململانێی ئێستادا، واشنتن گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی، تەنیا کلیل بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران، گەڕانەوەی بەغدا بۆ ناو بازنەی هاوپەیمانێتییە هەرێمییەکانی ئەمریکا. لەم هاوکێشەیەدا، هەرێمی کوردستان لە هاوبەشێکی سەرەکییەوە گۆڕاوە بۆ کارتێکی سازش. ئەمریکا ئامادەیە جیاوکی گەورەی سیاسی و دارایی، وەکوو بێدەنگبوون لە بەرانبەر لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هێشتنەوەى وەکوو فیدراڵیزمێکی کارتۆنی، بداتە حکوومەتی ناوەندیی بەغدا، تەنیا بۆ ئەوەی بەغدا بە تەواوی واز لە بەرەی تاران بهێنێت. ئەمە وای کردووە، بەهای ستراتیجیی هەرێم بۆ واشنتن پاشەکشە بکات.
خالێکی دیکەی جێگەى سەرنج ئەوەیە، لە قۆناغی دووەمی جەنگی چل ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژ بە ئێران، وەرچەرخانێکی مەترسیدار لە گوتاری دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر کورد، وەکوو بکەرێکی نا-دەوڵەت بەدی دەکرێت. وەکوو چۆن لە زمانی ترەمپ خۆیەوە ئاشکرا کرا، ئەو داوای لە کورد کردووە، بەشدارییەکی ڕاستەوخۆ و کاریگەر لە جەنگ دژ بە بەرەی ئێران بکەن، بەڵام کوردەکان مەیلی بەشدارییەکەیان نەبووە. لەم سونگەوە چەندین جار ترەمپ گوتارێکی لۆمەکارانەی بەکارهێنا و لە ڕاگەیاندەکانی باسی لەوە دەکرد کوردەکان ئەو چەکانەی، ئەمریکا پێی داون بردووە(16) و لە کاتی پێویستدا، هاوکاریی هاوپەیمانەکانیان نەکردووە و ئامادەی جەنگ نەبوون. ئەمە لە کاتێکدایە، سەرچاوە ئیسرائیلەکان بەئاشکرا ئاماژەیان بەوە کرد، هۆکاری سەرەکیی سڵەمینەوەی کورد لە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە جەنگی دژ بە ئێران، گوشارەکانی تورکیا و ئەردۆغان بووە بۆ سەر ترەمپ، چونکە ئەنقەرە لەوە دەترسێت، هەر جۆرە ڕووخانێکی ڕژێمی ئێران، یان لاوازبوونی تاران، ببێتە هۆی دروستبوونی فەزایەک بۆ سەرهەڵدانی قەوارەیەکی دیکەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یان بەهێزبوونی پێگەی هەرێم بەرەو سەربەخۆیی. بۆیە تورکیا ڕێگری لە هەر جوڵە وبەشداریەکی کوردی، کە هاوکێشەکان بگۆڕێت، کردووە. بۆیە ئەم گوتارەی ترەمپ مەغزایەکی قووڵتری لە پشتە، ئەو دەیەوێت لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە شەرعیەت لە پشتیوانیکردنی هەرێم وەربگرێتەوە. بە وێناکردنی کورد وەکوو هاوبەشێکی نادڵسۆز، یان وەرگرێکی بێ بەخشین، ترەمپ زەمینەسازی دەکات بۆ ئەوەی لە ئایندەدا هیچ پابەندییەکی ئەخلاقی لەسەر ئەمریکا نەمێنێت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم. ئەمە ڕێک ئەو مۆدێلەیە لە ڕۆژاڤا (سووریا) جێبەجێی کرد، کاتێک گوتی کوردەکان لە جەنگی جیهانیی دووەم و نۆرماندی هاوکاری ئێمەیان نەکردووە، دواتریش لێدوانەکانی تۆم باراک، کە گوتی ستراتیجی شەڕی داعش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و پێویستیان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات نەماوە. وەکوو بینیمان ئەم لێدوانانە هێرشەکانی سوپای سووریا و میلیشیاکانی بۆ سەر ناوچەى قەڵەمڕەوی بەرێوەبەرێتی خوسەرى ڕۆژاڤا لە سووریا، بەدوادا هات.
لێرەدا، بەو بڕوایە دەگەین، بەرتەسکبوونەوەی بواری مانۆڕ بۆ کورد بەگشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەم ململانێ نوێیانەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەوەکوو تەنیا هەرێمی کوردستان پێگە جیۆپۆڵەتیکییەکەی لاواز بووە، بەڵکوو بەها ئەخلاقییەکەشی لای ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەرزۆک بووە. گوتاری ترەمپ سەبارەت بە بردنی چەکەکان و بەشداری نەکردن لە جەنگ، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی، واشنتن ئامادەیە لە هەر ساتێکی گونجاودا لەپێناو ڕێککەوتنە گەورەکانی لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە و دیمەشق، هاوکارییەکانی بۆ هەرێم ڕابگرێت، چونکە چیدیکە کورد وەکوو هاوپەیمانێکی ستراتیجی نابینێت، بەڵکوو وەکوو هاوبەشێکی تێچووی زۆر و بێ دەستکەوت وێنای کردووە. ئەمەش وا دەکات، هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی دوبارەبوونەوەی سیناریۆی بەرێوەبەرێتی خۆسەرى ڕۆژاڤا -سووریادا بێت، تەنیا وەکوو قەوارەیەکی کارتۆنی لاواز بیهێلێتەوە بۆ ئەوەى کێشەى نوێ بۆ دەوڵەتی عێراق دروست نەبێت.
لێکەوتەی کۆتایی و مەترسیداری ئەم دۆخە ئەوەیە، ئەمڕۆ دەبینین تەنانەت کاتێک ئێران و میلیشیاکانی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە فەرمییەکانی ئەمریکا ڕادەگرن، هێشتا هەرێمی کوردستان ناوبەناو دەکرێتە ئامانجی هێرشی موشەکی و درۆن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە، پارێزبەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم چیدیکە کارا نین و ئەمریکاش ئەو ئامادەیەی نییە وەکوو پیشوتر بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکات.
٢-٣. سەرهەڵدانی کۆدەنگیی هەرێمیی دژ بە هەرێمی کوردستان
یەکێک لە هۆکارە بابەتییە هەرە کاریگەرەکان لەسەر پاشەکشەی پێگەی هەرێمی کوردستان، گۆڕانی داینامیکی پەیوەندییە هەرێمییەکانە. لە ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم بوو لەو بۆشاییە جیۆپۆڵەتیکیەی لەنێوان سێ جەمسەری سەرەکی ناوچەکە، ئەنقەرە و تاران و بەغدا دا هەبوو. وەکوو ئاشکرایە پێشتر بەتایبەتی پێش ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، ململانێی توندی نێوان ئەم دەوڵەتانە فەزایەکی فراوانی بۆ مانۆڕکردنی کورد دەڕەخساند، کورد دەیتوانی لە یەک کاتدا هاوبەشی ئابووریی تورکیا بێت، هاوسێی پڕ لە لێکتێگەیشتنی ئێران بێت، لە ناوخۆی عێراقیشدا وەکوو هێزی یەکلاکەرەوە ڕۆڵ بگێڕێت. ئەم دۆخە وای کردبوو هەرێمی کوردستان، وەکوو بکەرێکی نا-دەوڵەتی کارا و کاریگەر، جێگەی بایەخی هەمووان بێت. بەڵام لە ئێستادا، نەخشەی بەرژەوەندییەکان گۆڕاوە، ئەم دەوڵەتانە لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە ستراتیجییەی، بەهێزبوونی قەوارە هەرێمی کوردستان هەڕەشەیەکی هاوبەشە بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی هەموو لایەکیان. بۆیە لەئێستادا، هەرێمی کوردستان لەنێوان دوو بەرداشی گەورەدایە، لە لایەکەوە بەغدا بە پاڵپشتییەکی هەرێمیی و نێودەوڵەتی خەریکی ناوەندگەرایی دارایی و سیاسی و سەربازییە، لە لایەکی دیکەشەوە، تورکیا و ئێران لە ڕێگەی گوشاری ئەمنی و سەربازی و ئابوورییەوە، خەریکی بچووککردنەوەی سنوورەکانی مانۆڕی هەرێمی کوردستانن. ئەم کۆدەنگییە نوێیە لەسەر بنەمای پاشەکشەپێکردن بە قەوارەی هەرێمی کوردستان داڕێژراوە، تێیدا هەر سێ دەوڵەتەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی دەبێت نەوت و سنوورەکان و بڕیاری سیاسی تەنیا لە دەستی دەوڵەتە ناوەندییەکاندا بن. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە ئاستی سیاسیدا نەوەستاوە، بەڵکوو ڕەهەندێکی قووڵی بنیادی وەرگرتووە، پانتایی جموجوڵ و گەمەی بۆ هەرێمی کوردستان بەرتەسکتر کردووەتەوە، چۆن؟
یەکەم: گۆڕانی پارادایمی ئاساییشی نیشتمانی لای دەوڵەتانی ناوچەکە وای کردووە، چیدیکە پەیوەندییە کاتیی و تاکتیکییەکانیان لەگەڵ هێزە کوردییەکان نەکەنە قوربانیی ستراتیجە درێژخایەنەکانیان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی دەوڵەت. بۆ نموونە، لە ئێستادا بەهۆی چەکدانانی پەکەکە، لە لایەکی دیکەشەوە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم، هەرێمی کوردستان ئەو پێگە ستراتیجییە پڕبایەخەی لەدەستداوە، کە پێشتر وەکوو بکەرێکی کاریگەری بواری وزە و هاوسەنگیی ئەمنی لە ناوچەکەدا بۆ تورکیا هەیبوو، ئەمەش وای کردووە قەوارەی هەرێم ئەو پێگەی لەدەست بدات پێشتر لای تورکیا هەیبوو.
دووە: پڕۆژەی ئابووری گواستنەوەی ڕێگەی گەشەپێدان، کە بەندەری فاو بە تورکیا و ئەورووپاوە دەبەستێتەوە، ناکرێت تەنیا وەکوو پڕۆژەیەکی ئابووری لێی بنواڕین، بەڵکوو ئامرازێکی سیاسییە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی هێز. داڕشتنی ئەم ڕێگەیە بە جۆرێکە، بە ناوچە کێشە لەسەرەکانی هەرێمی کوردستاندا تێنەپەڕێت یان بە لێواری هەرێمدا بڕوات، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ئەنقەرە و بەغدا گەیشتوونەتە جۆرێک لە کۆدەنگیی بۆ لاوازکردنی کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان بەسەر بازرگانیی گواستنەوەدا، تاوەکوو دەستەبەری بەردەوامیی پڕۆژەکانی گواستنەوە بکرێت. لێرەدا، هەرێم لە پردێکی گواستنەوەوە گوڕدراوە بۆ ناوچەیەکی پەراوێزخراو، چیدیکە ناتوانێت سوود لە پێگەی جوگرافییەکەی وەکوو کارتێکی فشار وەربگرێت.
سێیەم: ئەم کۆدەنگییە هەرێمییە، کارێکی کردووە هەرێمی کوردستان لە بکەرێکی مانۆڕکار لە ناوچەکەدا، بگۆڕێت بۆ بکەرێکی لاواز، بەجۆرێک هەر جوڵەیەکی دیپلۆماسی بەرەو لایەک، دەبێتە هۆی توڕەکردنی لایەکەی دیکە، ئەمەش توانای مانۆڕی سەربەخۆی لە هەرێم زەوتکردووە و خستوویەتییە ناو بازنەیەکی داخراوەوە، کە دەرچوون لێی مەحاڵە. بەم شێوەیە، هەرێم لە دۆخێکدایە وەستان، یان بێدەنگبوون تێیدا پاشەکشەیە و جوڵانیش بەلای هەر لایەکدا مەترسییەکی گەورەیە.
چوارەم:پێشتر ململانێی نێوان تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا و لاوازیی دەوڵەتە ناوەندییەکان، فەزایەکی دەدا بە کورد بۆ یاریکردن و مانۆرکردن لە نێوانیان. بەڵام لە ئێستادا، ئەم دەوڵەتانە لەسەر خاڵێکی هاوبەش کۆکن و کۆدەنگن ئەویش پاشەکشەپێکردن بەهەرێمی کوردستان وەکوو بکەرێکی نا-دەوڵەت. ئەمە وەکوو بەرداشێک وایە، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بەینی و دەیهاڕێت.
٢. ئاستی ناوخۆیی عێراق
دەوڵەتی تازەی عێراق، هەر لە سەرەتاوە بەدەست چەندین گرفتی بنیادییەوە گیرۆدەبوو. عێراق وەکوو ناوێکی بێ ناوەڕۆک دەردەکەوت و لەدەرەوەی هاوکێشە و ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا بوو. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بتەبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و هەڵکشانی، ئەم لاوازی و پاشەکشەیەی دەوڵەتی عێراق بوو، بۆیە هەر هەڵکشان و بەهێزبونەوەیەکی عێراق، بە دیوی ئەودیویدا داکشان و لاوازبوونی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. بە حوکمی ئەوەی عێراق دەوڵەتی خاوەن سەروەرییە و ئەندامی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، دەرفەتەکان لە بەردەمیدا واڵان و ئەگەرەکانی بەهێزبوونەوەی کراوەن و چەندین میکانیزمی بەدەستەوەیە بۆ ئەم مەبەستە بیگرێتەبەر، بۆیە لەم ڕووەوە هیچ دەرفەتێک زایە ناکات و بەردەوام لە هەوڵی بتەوکردنی ناوەند و لاوازکردنی هەرێمی کوردستاندایە.
نەبوونی زەمینەیەکی لەبار و پشتیوانییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ گشتپرسی هەرێمی کوردستان لە سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا، ئیشتیهای بەغدای بۆ لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دەرگای بەڕووی گەلەکۆمەکی و دژاتەتیکردنێکی ڕوون و ڕاشکاوانەی هەرێمدا ئاوەڵا کرد. ئەم دژایەتییە لەگەڵ هەڵکشانی دژایەتییەکی هەرێمیدا یەکی بڕی و کەوتنە سەر یەک هێڵی نەیارێتیی. وەکوو ئاشکرایە، لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧وە، فشارەکانی بەغدا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێم بەردەوام لە هەڵکشانە، لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە تاوەکوو ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکان، ڕەنگە پرسی پێشمەرگەشی بێتەسەر. ئەوەی ئەم هەنگاوانەی حکوومەتی عێراقیشی بتەوتر کردووە، لاوازی و پەرتەوازەیی هەرێم و کۆدەنگییەکی هەرێمیی بەرانبەر لە قاڵبدانی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییە جیهانییەکانە.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا، کە تایبەت بوو بە باسکردن لە هۆکارە بابەتییەکانی سەرەولێژبوونەوەی هەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەنجامگیری بکەین و بڵێین، بە نواڕین لە گۆشە جیاوازەکانی فاکتەر بابەتییەکان ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت وەکوو بکەرێکی نا-دەوڵەتی کارا، وەکوو ئەوەى لە پێشووتردا ڕۆڵی گێراوە، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و وازی بکات. بەپێچەوانەوە وەرچەرخان و گۆڕانکاری و پێشهاتە جیهانییەکان، هەروەها سیاسەت و جموجوڵی دەوڵەتە هەرێمیەکان و بارودۆخی ناوخۆیی عێراقیش بە ئاراستەیەکە، نەوەکوو هەر پێگە و کاریگەری هەرێمیان لە قاڵبداوە، تەنانەت بنیاد و مانەوەی قەوارەکەشیان خستووەتە بەردەم مەترسی وجودی و سەرەولێژبوونەوەی یەکجارەکی.
دەرەنجام
لە کۆتایی ئەم پەڕە باسەدا بەو دەرەنجامە دەگەین، پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان، وەکوو بکەرێکی نا-دەوڵەت، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەڵەمەیی و ناسەقامگیرە و ئاوابوون و کۆتاییپێهێنانی ئەگەرێکی کراوەیە، بۆیە زەنگی مەترسی بۆ هێز و لایەنە بڕیاربەدەستەکانی هەرێم لێدەدەین و داوا لە هەموو لایەک دەکەین بەرپرسیارانە لەهەمبەر گۆڕانکاری و پێشهاتەکاندا مامەڵە بکەن.
هەروەها ژینگەی نێودەوڵەتی و هەرێمیی چیدی ڕێگە بە هەرێمی کوردستان نادەن وەکوو بکەرێکی نا-دەوڵەتی کاریگەر دەربکەوێت، فاکتەرە خودییەکان دەبنە هێزی یەکلاکەرەوە لە دیاریکردنی ئاراستەی ئەم پڕۆسەیە. بە مانایەکی دیکە، فاکتەرە خودییەکان دەتوانن پڕۆسەی سەرەولێژبوونەوەکە خێراتر بکەن، یان ببنە هۆکارێک بۆ ڕاگرتنی. کەواتە گۆڕانی ئەم واقیعە بابەتییانە، یان خۆگونجاندن لەگەڵیدا، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەو پێکهاتە سیاسی و عەقڵە حوکمڕانییەی کە لە ناوخۆدا هەیە.
پەراوێزەکان
(1). جۆزێف نای (Joseph S. Nye, Jr.) بە یەکێک لە بیریارە سەرەکییە هاوچەرخەکانی تەوژمی لیبراڵی نوێ لە کێڵگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دێتەهەژمار. ساڵی ٢٠٠٨، لە ڕاپرسییەکدا، کە لە ناو 2700 توێژەری کێڵگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجامدرا، وەکوو توێژەرێکی خاوەن گەورەترین کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پۆلێنکرا. ساڵی ٢٠١١ گۆڤاری Foreign Affairs ناوی جۆزێف نایی لە لیستی ١٠٠ کاریگەرترین بیرمەندی جیهانیدا پۆلێنکرد. نای یەکێک لەو بیرمەندە ستراتیجییانەیە، پاشخانێکی ئەکادیمی لەگەڵ ئەزموون و پراکتیکی دیپلۆماسیدا تێکەڵ کردووە: وەکوو ڕاگری سکوڵی کێنەدی بۆ حەوکەمە لە زانکۆی هارڤارد کاری کردووە و لە چەندین زانکۆی ئەمریکی و ئەورووپیدا وانەی وتووەتەوە. لە چەندین ئیدارەی جیاوازی ئەمریکاشدا کاری کردووە و چەندین پۆستی فەرمانی لە ئیدارەکانی جیمی کارتەر (١٩٧٧–١٩٨١)، بیڵ کلینتن (١٩٩٣–٢٠٠١) و باراک ئۆبامادا (٢٠٠٩–٢٠١٧) وەرگرتووە. لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە، سەرقاڵی مێژوو و ڕەهەند و پێکهاتەکانی هێز بووە و وەکوو خاوەنی بیردۆزی نەرمەهێز دەناسرێت.
(2). نموونەی شەترەنجی سێ ڕەهەندی جۆزێف نای، لەم دوو سەرچاوەیەوە وەرگیراوە:
Joseph S. Nye, Jr., The Future of Power (New York: Public Affairs, 2011), xv.
Joseph S. Nye, Jr. Is the American Century Over (Cambridge: polity press, 2017), 95-96.
(3). ئەنوەر محەمەد فەرەج و زانا کەریم نەجم، “ئامادەیی هەرێمی کوردستان-عێراق وەکوو بکەرێکی نادەوڵەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی”، مجلة جامعة التنمية البشرية، المجلد (8) العدد(4)، 2022.
(4). Worster, William Thomas. “Relative international legal personality of non-state actors” Brook. J. Int’l L. 42 (2016): 207.
(5). ناکامڵی سیاسی، چەمکێکی ئاڵۆز و نوێیە و پێویستی بە کارلەسەرکردن و پەرەپێانی زیاتر هەیە. لەلایەکی دیکەوە تەنها پەیوەندی بە بڕیاربەدەستانی سیاسییەوە نیە؛ دەرەنجامێکە زۆرینەی ڕەهای دەستە و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان و ڕۆشنبیران و قەڵەمبەدەستانی جڤاتی کوردی بەرپرسن لەم ناکامڵییە، بەڵام سێرەی سەرنجی ئێمە لەم پەڕەباسەدا، تەنها لەسەر بکەرە سیاسییەکانە.
(6). Gilbert Brands, “political madness: rational or addictive self-destruction? An analysis of irrational behavior”, available at: https://www.researchgate.net/profile/Gilbert-Brands (accessible at 15/7/2026).
(7). Mueller, John E. ,”Presidential popularity from Truman to Johnson1″: American political science review 64.1 (1970): 18-34.
(8). تەکان (Kick) ئەو هەژانە دەروونییە لوتکەییەیە، لە ئەنجامی هەستکردن بە هێز و باڵادەستییەوە بۆ کەسی دەسەڵاتدار دروست دەبێت.
(9). Huntington, Samuel P. “Democracy’s third wave”, Journal of democracy 2.2 (1991): 12-34.
(10). Fukuyama, Francis. “The end of history?”, The National Interest 16 (1989): 3-18.
(11). دەقی بریاری (٦٨٨) لە ماڵپەڕی فەڕمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، بەردەستە لە:
(12). بورهان.یاسین، کورد و دوانەى میژوو و سیاسەت (سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،٢٠٢٤).
(13). Lacher, Hannes. “Putting the state in its place: The critique of state-centrism and its limits” Review of International Studies 29.4 (2003): 521-541.
(14). Mohammed A. Salih , An Emergent US-Favored Regional Order in the Middle East and its Challenges, Foreign Policy Research Institute: https://www.fpri.org/article/2025/07/an-emergent-us-favored-regional-order-in-the-middle-east-and-its-challenges/
(15). دەقی چاوپێکەوتنی تۆم باراک لەگەڵ کەناڵی The National News، بەدەستە لە:
(16). CNN، ترامب: أمريكا أرسلت أسلحة للمتظاهرين الإيرانيين عبر الأكراد، متاح على:
لیستی سەرچاوەکان
یاسین، بورهان (2024). کورد و دوانەى میژوو و سیاسەت. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
فەرەج، د. ئەنوەر محەمەد و زانا کەریم نەجم (2022). “ئامادەیی هەرێمی کوردستان-عێراق وەکوو بکەرێکی نادەوڵەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی”. مجلة جامعة التنمية البشرية. المجلد 8. العدد 4.
Nye, Joseph S. Jr. (2011). The Future of Power. New York: Public Affairs.
Nye, Joseph S. Jr. (2017). Is the American Century Over. Cambridge: polity press.
Thomas, Worster, William (2016). “Relative international legal personality of non-state actors” Brooklyn Journal of International Law, Vol. 42, Issue 1, pp. 207-273.
Brands, Gilbert. “political madness: rational or addictive self-destruction? An analysis of irrational behavior”, available at: https://www.researchgate.net/profile/Gilbert-Brands (accessible at 12/9/2026).
John, Mueller, E. (1970),”Presidential popularity from Truman to Johnson1″: American political science review 64.1.
Huntington, Samuel, P. (Spring 1991). “Democracy’s third wave”, Journal of democracy, Vol. 2, No.2, pp. 12-24.
Fukuyama, Francis (Summer 1989). “The end of history?” The national interest, No.16, pp. 3-18.
Hannes, Lacher (October 2003). “Putting the state in its place: The critique of state-centrism and its limits” Review of International Studies, Vol. 29, Issue 4, pp. 521-541.
Salih, Mohammed A. (2005). An Emergent US-Favored Regional Order in the Middle East and its Challenges”. Foreign Policy Research Institute,available at: https://www.fpri.org/article/2025/07/an-emergent-us-favored-regional-order-in-the-middle-east-and-its-challenges/ (accessible at 16/9/2026).
فەرهەنگۆک
سەرەولێژبوونەوە: Decline
ئەنجامگیری: Reasoning
بەگیروگرفتکردن یان گیروگازاندن: Problematizing
پەڕەباس: Paper
ئەنجامگیری: Reasoning
ڕامانە، بیردۆز: Theory
هەڵمسانەوە: Rising
ئالوودەبوون لەسەر خۆ-وێرانکردن: Addictive Self-destruction
گردبوونەوە لە دەوری ئاڵا: Rally ’round the flag
شەترەنجی سێ ڕەهەندی: Three-dimensional Chess
ئەویدیکە: Others
پەیوەندییە سنووربڕەکان: Transnational Relations
بکەرە نا-دەوڵەتییەکان: NSAs
لەیزنین: Playing
پەتا کوشندەکان: Pandemics
تۆڕی دامەزراوە گەورەکان: Networks of Corporation
کەسایەتی قانوونی: Legal Personality
خولی ناوەکی: Intrinsic Cycles
خولی دەرەکی: Extrinsic Cycles
ئالوودەبووی دۆپامین: Dopamine Junkies
ئەسپی تەڕوادە: Trojan Horse
ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵکردن: Elimination of Controls
گۆڕاو: Variables
دەوڵەتی باری ئارا: De Facto States
شیرازەی نوێی جیهان: New World Order
نەرمەهێز: Soft Power
ڕەوتی دەوڵەت-تەوەرە: State Centrism
دیدی ڕیالیزمی پەتی: Pure Realism


