سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

میدیای کۆیلە و کایەی سیاسی؛ بۆچی لە کوردستان‌دا ئازادی بوونی نییە؟

کاتێک چاوێک بە مێژووی هزری و دۆخی گشتگیر و ئاڵۆزی کۆمەڵگەکانی ژێر دەسەڵاتی ناتەواو و ستەمکاردا دەخشێنین، خۆمان لەبەردەم پرسیارێکی قووڵ و فەلسەفیدا دەبینینەوە، کە ئایا بەڕاستی ئازادی دیاردەیەکی سروشتییە، کە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا هاتووە و لەگەڵیدا گەشە دەکات، یان تەنیا مۆڵەت و ڕێگەپێدانێکی کاتیی و ڕووکەشە، کە دەسەڵاتداران بە گوێرەی قەبارەی بەرژەوەندی و کاتی خۆیان دەیبەخشن و هەر کاتێکیش پێویست بکات و هەست بە مەترسی بکەن لێمان دەسەننەوە، چونکە ئازادیی ڕادەربڕین لە بنەڕەتدا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ خۆدەرخستن و دروشمدانی هەڵواسراو، بەڵکوو پێوەرێکی ڕه‌هایە بۆ تێگەیشتن، تێگەیشتن لە ئازادیی ئەوی دیکەوە، کە مرۆڤ لەو تەوق و زنجیرە مێژووییانەی کە خۆی دەیانکاتە ملی کەسانی دیکەش، بە تەواوی ئازاد دەکات، بەڵام کێشەی سەرەکی و وێرانکەری ئێمە لێرەدا لە ناوەڕۆکی ڕووپۆشکراوی تێکستەکاندا نییە، بەڵکوو لەو بناغە کۆمەڵایەتی و فیکرییە نەخۆشەدایە، کە تێکستەکەی لەسەر هەڵچنراوە، چونکە هەتاوەکوو بینای کۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای ستەم و قۆرخکاری و ململانێی حیزبی بونیاد بنرێت، هەموو دەربڕین و نووسینێک تەنیا ڕەنگدانەوەیەک دەبێت لەو فەزایەی کە دەسەڵات بۆی کێشاویەتی و تێیدا دەسووڕێتەوە.

لە بەرانبەردا، شتەکان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان لە کاتی گەرمەی قەیرانە گەورەکاندا دەردەخەن، لە ژینگەی ئێمەدا، کە بەبێ سیستەمێکی دیموکراسیی ڕاستەقینەیە، ئازادیی ڕادەربڕین هیچ بوونی ماددی نییە و تەنیا دەبێتە ڕای ڕێگەپێدراو، واتە ئەو ڕادەیەی کە دەسەڵات خۆی پێی خۆشە و ڕێگەی پێ دەدات و قەت ئازادییەکی خاوەن بڕیار نییە. لە کاتێکدا دەسەڵاتە ستەمکارەکان هەمیشە پێویستیان بە جۆرێک لە دەنگی ناڕەزایی هەیە، وەکوو بەلوعەیەکی ئاسایش (سەیفتی ڤالڤ). ئەمەش لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکی فێڵبازانەوە دەکرێت، وەکوو زووخاودانەوە و خۆبەتاڵکردنەوەی جەماوەر لەسەر جنێو و هێرشی سەرپێیی، کە هیچ زیانێک بە پایەکانی دەسەڵات ناگەیەنێت، لەگەڵ دامەزراندنی میدیایەک، کە بەحیساب ئازادە، بەڵام لەژێر باڵی دەسەڵاتدایە بۆ بەخشینی سیمایەکی فێڵبازانەی دیموکراتی و دابینکردنی هێڵە سوورەکان، کە ڕێگە بە ڕەخنە دەدات تاوەکوو ئەو شوێنەی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەسەڵات نەتەقێنێتەوە. ئەگەر لەو سنوورە تێپەڕی، ئەوا بە توندوتیژی، یان کڕین و بەلاڕێدابردنەوە لەناو دەبرێت، چونکە کاتێک ڕووداوی دڵتەزێنی وەکوو لەناوبردنی ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان ڕوو دەدەن، کێشەکە تەنیا تاوانی چەند کەسێکی جێبەجێکار نییە، بەڵکوو تاوانی سیستەمێکی زۆردارییە، کە کۆمەڵگە لە ڕێگەی بێدەنگی و ملکەچییەوە بەخێوی کردووە و لە سێبەری ئەو یاسا قورسانەدا، کە دەڵێت ئەوەی من نەتدەمێ نابێت بیخۆیت، مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی خۆی. بە شێوازێک کە پارتە سیاسییەکان وەکوو دوو بەرداشی دەستاڕ نەوەکوو تەنیا مرۆڤ، بەڵکوو مۆراڵی سیاسیشیان لەناوبردووە و لایەنگری حیزبی تەنیا یەک پرسیار لە هەر ڕووداوێک دەکات، کە ئایا ئەمە لە بەرژەوەندیی حیزبی مندایە یان دژە.

ئەمەش واتای تەواوی نەبوونی کایەی زانیاریی سەربەخۆیە. لەم پانتاییە چەقبەستووەدا، کە مێژوویەکی تاڵ لە ملکەچی و بێدەنگی بەرهەمی هێناوە، تاکەکەس دەبێتە کەرەستەیەکی بێگیان لە دەستی ئارەزووە حیزبییەکاندا و متمانە بە هەموو بنەمایەکی مەدەنی دەفەوتێت، چونکە کاتێک بنەمای بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای ترس و سەپاندنی ئیرادەی هێز دەبێت، مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە دەست دەدات و فێر دەبێت، کە چۆن لە سایەی ستەمدا بژێت بەبێ ئەوەی هەوڵی گۆڕانکاری بدات، ئەمەش قووڵترین قەیرانی دەروونی و فیکری دروست دەکات، کە تێیدا کۆمەڵگە خۆی دەبێتە پاسەوانی ئەو سیستەمەی کە ستەمی لێ دەکات و دژایەتی هەر دەنگێکی ئازاد دەکات کە هەوڵی بێدارکردنەوەی بدات.

بۆ دەربازبوون لەم کابووسە مێژووییە و تێکشکاندنی ئەم بازنە داخراوە، دەبێت پێش هەموو شتێک بزانین یەکەم شەهید لەم پڕۆسەیەدا زانیارییە، چونکە تاوەکوو پانتاییەک نەبێت بۆ زانیاریی بێگەرد و ڕاستەقینە، هیچ کات ئازادیی هەڵبژاردن دروست نابێت و زانیاری دەبێت لە سەرووی ململانێ حیزبییەکانەوە بێت، هەروەها شکاندنی تەوقی بێدەنگی کاتێک بەدەست دێت، کە مرۆڤی کورد لەبری چاوەڕێکردنی ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵات، بگەڕێتەوە سەر مافە سروشتییەکانی خۆی و بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات، چونکە لە کۆتاییدا، خەباتی ڕاستەقینە لە کوردستان‌دا پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە چەمکی دیموکراسی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی، کە تێیدا یاسا و زانیاری سەروەر بن، نەوەکوو ئارەزووی حیزبی و ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵاتداران، تاوەکوو زانیاری نەبێتە سەروەر، هەمیشە لە سایەی ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵاتدا دەژین بەبێ ئەوەی ئازادییەکی ڕاستەقینە بونیاد بنرێت، ئەمەش ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی لە سەرشانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەبێت، کە لەپێناو بەدیهێنانی کایەیەکی سیاسی و مەدەنیی ئازاددا، کۆششی بێوچان بکەن بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆڤ و سەروەری بۆ زانیاریی بێگەرد.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO