مەلا هندرێن
گەلۆ ئەگەر بە وردی سەرنج بدەیتە ئەو ژمارەیەی سەرەوە، نەوەکوو ئەقل و هەست و لۆجیکت لەدەست دەدەیت، بگرە زۆر ئاساییە لە ئازاری خەم و دڵ تەنگی، تووشی نەخۆشی زەخت و شەکرە ببیت و بەرگەی ئەو دۆخە سەختە نەگریت، کە ئێستا کوردستان و خەڵکی خێر لەخۆ نەدیوی کورد، دووچاری بوونەتەوە.
باشە ئەگەر تەنیا لە پارێزگای هەوڵێر ٦٥٠هەزار پارچە موڵک بەناوی عەرەبەوە کرابێت، خۆ هیچ نەبێت لە هەردوو پارێزگاکەی دیکەش، سلێمانی و دهۆک، بە هەردووکیان بەقەد هەولێر عەرەب موڵکی لە کورد کڕیوە. کەوایە لە تەواوی کوردستانی ژێر دەسڵاتی پارتی و یەکێتیی، کۆی گشتیی یەک میلیۆن و سێ سەد هەزار موڵک بەناوی عەرەبەوە کراوە. باشە ئەگەر ئەو داتایە ڕاست نییە، با وەزارەتی شارەوانی داتای ڕاستەقینەی ئەو موڵکانەی بەناوی عەرەب کراون، بۆ خەڵکی کوردستان بڵاو بکاتەوە، خۆ ئەگەر دیسان حکوومەتی هەرێم خۆی کەڕ و نەبان کرد وەکوو ئەوەی نە بای بێت و نە باران، ئەوە ئەگەر ئەو داتایە تەواویش نەبێت، هەر واتای ئەوەیە، کە ئەو داتایە ڕاستە، دەبێت حکوومەت بەرگەی بەرپرسیارییەتییەکەی بگرێت.
سەیر بکەن مەترسیەکە لەکوێ دایە، ئەگەر ئەو ژمارە موڵکە بەسەر ژمارەی عەرەبی تەعریبچی نیشتەجێ لە کوردستان دابەش بکەین، دەبینین هەر خێزانێکی عەرەب، زیاتر لە دە موڵکی لە کوردستان کڕیوە. باشە گریمان تەنیا سەدا دەی ئەو داتایە ڕاستە، هێشتا سەد و سی هەزار موڵک بەناوی عەرەب کراوە، ئەگەر ئێستا ئەو زانیارییە بۆ کتێبی گینس بنێرم، دڵنیابن ناوی کورد تۆمار دەکرێت بەوەی ڕیکۆردی نێودەوڵەتی شکاندووە، لەوەی کە تاکە نەتەوەیە زۆرترین خاک و موڵکی نیشتیمانەکەی خۆی بە دوژمنەکانی فرۆشتووە.
گەلۆ ئەگەر پلان و پیلانێکی گەوەرە و پول و پارەیەکی بێ شومار و ( چاو نوقانێکی خیانەتکارانە ) لەپشت پڕۆسەی تەعریب نەبێت، بە چ ئەقل و لۆجیک و یاسایەک، بەرپرسانی هەرێم خۆیان لەو بابەتە گێل کردووە و ئاوا جلەویان بۆ فرۆشتنی موڵک و ماڵ بە عەرەب شل کردووە. ئێستا هیچ گومانی تێدا نەماوە، کە دۆخەکە ئاوا بڕوات، ناگاتە ساڵێکی دیکە کۆتایی بە تەواوی ئەو ئەزموونە دێت و هیچ شتێک نامێنێت بەناوی هەرێم و حکوومەتی کوردستان.
بەداخەوە، نازانم ئەگەر مرۆڤ نەتوانیت بە لایک و کۆمێنت و شێرێک بەشداری خۆی لە خەباتی دژە تەعریب و پارێزگاریکردن لە نامووس و کەرامەتی خۆی بکات، دەبێت چاوەڕێی چی لێ بکرێت ئەوکاتەی بەدەست عەرەبی تەعریب چییەوە کارەساتی خوێناوی دەگاتە شار و لادێ و کۆڵان و تەنانەت ناو ماڵەکانیشمانەوە. تکایە بێدەنگی و دەست بەخۆدا شۆڕکردنەوەتان بەرانبەر مەترسی تەعریب، هیچ پەیوەندی نییە بە ڕق و کینە و ناڕەزایەتیتان بەرانبەر دەسەڵاتی کوردییەوە. بەرپرسان بە چەقەنەیەک خۆیان و منداڵەکانیان لەدەست هەر مەترسییەک قوتار دەکەن و ئەوەی جارێکی دیکە وەبەر نەفرەت و دڕندەیی داگیرکاری عەرەب دەکەوێتەوە ئێمەین، بۆیە ئەرکێکی ئەخلاقیمانە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی هاواری نەتەوە و لە قۆناغی یەکەمدا بە لایک و کۆمێنت و شێرەکانمان، تەواوی بابەتە گرنگەکانی دژە تەعریب پاڵپشتی بکەین، تاوەکوو دەنگی بەهێزی ناڕەزایی نەتەوە و دار و بەردی کوردستان لەژێر پێی عەرەبی داگیرکەر بهەژێنێت.
دەبێت هاواری خەلک حکوومەتی نووستوو لەخەوی بێباکیدا وەخەبەر بهێنێت و ناچاری بکات، دژی تەعریب دەست بەکاربێت . ئەگەرنا خۆیان لە ئاکامە خراپەکانی و کاردانەوەکانی بەرپرس دەبن .


