سلێمان مستەفا حەسەن
دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئێران، تەنیا یادەوەرییەکی مێژوویی نییە، بەڵکوو پرسێکی زیندووی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە، کە لە ماوەی چەند سەدەیەکدا بە شێوەی جۆراوجۆر خۆی نیشان داوە. ئەگەر ئێستا باس لە داهاتووی ئێران و سەقامگیریی ئەو وڵاتە بکرێت، پێویستە پرسی کورد لە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی نوێدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، نەوەکوو تەنیا وەکوو بابەتێکی ئاسایشی نیشتمانیی مەترسیدار لێی بڕوانرێت، بەڵکوو دەبێت وەکوو پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی تەماشای بکرێت، کە پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی و یاسایی و دەستووری هەیە، چونکە دۆزی نەتەوەکان بە تێپەڕبوونی کات، نە کۆن دەبن و نە دەپووکێنەوە و نە لەناو دەچن، ئەوەشە وای کردووە، دوای چەندین سەدە دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زیندووی بمێنێتەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین لە چاڵدێرانەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان بڕیاریان لە چارەنووسی گەلان داوە، نیشتمان و نەتەوەی کورد یەکێک بووە لەو نەتەوانەی کە لە چاڵدێران بە فەرمی بەسەر دوو قەڵەمڕەودا دابەشکراوە، بۆیە هەمیشە بەدەر لە ئیرادە و ڕەزامەندیی کورد دابەشکراوە و چارەنووسی وابەستەی نەخشەی دروستکراو و پەسەندنامەی کۆمەڵەی گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، کە لە بنەمادا لە لایەن نەتەوەی کورد بە بڕیارێکی پووچەڵ لە قەڵەم دراوە. بەڵام مێژوو نیشانی داوە، کە دابەشکردنی خاک و نەتەوە دەتوانێت سنوور دروست بکات، بەڵام ناتوانێت ناسنامەی نەتەوەیی و بەرخودانی نەتەوەیی بسڕێتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، چەندین بزووتنەوە و جووڵانەوەی سیاسی سەریان هەڵداوە. لە سمکۆی شکاکەوە تاوەکوو کۆمەڵەی ژێکاف و پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆماری کوردستان لە ١٩٤٦ و جووڵانەوەی ساڵی ١٩٦٧ و ١٩٦٨، بەرخودانەکانی ساڵی ١٩٧٩ و دوای ساڵی ١٩٧٩ تاوەکوو شۆڕشی ژینای (ژن ژیان ئازادی)، ناوی کورد و خەبات و بەرخودانی کورد بە شێوەی جیاواز لە مێژووی سیاسیی ئێراندا بەردەوام بووە، بە ئێستاشەوە، کە ئێران لە جەنگدایە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەم مێژووە، بەپێی میتۆدی هەڵسەنگاندنی نوێش بێت ناکرێت ئەم شۆڕش و بەرخودانانە بە یەک پێوەر و پێوانە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە دۆزی نەتەوەی کورد نەبووەتە بابەتێکی کاتیی و لەبیرکراو و لەناچووە، بەڵکوو بەهۆی نەبوونی چارەسەرێکی سیاسیی بەردەوام، بە شێوەی جیاواز خۆی دووبارە نیشان داوەتەوە.
بۆیە پرسیارە سەرنجڕاکێشەکە لێرەدایە، ئێستا پرسیارەکە ئەوە نییە، باس لەوە بکرێت، کە ئایا دۆزی کورد هەیە، یان نا. بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە، ئێران چۆن دەتوانێت لەگەڵ ئەم بارودۆخە مێژوویی و سیاسییە مامەڵە بکات؟
لە ئێستادا، ئەم پرسیارە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە ناوچەکە گۆڕاوە. لە عێراقدا، کورد لە چوارچێوەی حکوومەتی فیدراڵیدا ماف و پێگەی دەستووریی هەیە. تورکیاش پاش سەدەیەک لە نکۆڵی، ئێستا لەگەڵ کورد لە گفتوگۆدایە و پرسی کورد جارێکی دیکە بووەتە بابەتی ڕۆژ لە ڕووی یاسایی و سیاسی، لە قۆناغی دەست پێکی دانوستاندن و دانپێداناندایە. لە سووریاش کورد بووەتە پێکهاتەیەکی گرنگ لە گفتوگۆکانی داهاتووی وڵات و لە ئێستادا، هەنگاو بەرەو ئاراستەی گفتوگۆی جددیە لە ڕووی یاسایی و دەستوورییە. بە شێوەیەک، کە بەبێ داننان بە ماف و بوونی نەتەوەی کورددا دۆزی کورد کۆتایی نایەت و دەست پێکی خەباتێکی نوێیە بە ئامرازی هێزی نەرم، ئەم گۆڕانکارییانە بەو مانایە نییە، کە هەمان مۆدێل دەبێت لە ئێران دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەر وڵاتێک مێژوو و دەستوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام ئەزموونی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەتوانێت وانەیەکی گرنگ بێت بۆ ناوەندە سیاسییەکانی ئێران، چونکە کار و بڕیاری لۆجیکییانە پێمان دەڵێت، کە دۆزی نەتەوەکان بە کلیلی ئاشتی لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانپێدانان و ڕێککەوتن و دەستوور و دامەزراوە سیاسییەکانەوە چارەسەر دەبێت.
ئەم گۆڕانکارییانەی ئاماژەمان پێدان لە سێ بەشەکەی دیکەی کوردستاندا (باشوور و باکوور و ڕۆژاڤا) بۆ ئێران پەیامێکی ڕوونیان هەیە، کە پرسی کورد لە ناوچەکەدا لە قۆناغێکی نوێی یاسایی و سیاسیدایە، بەمەش ئێران دەتوانێت دەستپێشخەر بێت، کە کاریگەری و لێکەوتەکانی کاریگەریان بەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان بەجێ بهێڵێت.
لەبەر ئەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی نەتەوەیەکی خاوەن خاک و نیشتمان بە هەمان شێوازی کۆن، بەبێ هەڵسەنگاندنەوەی بارودۆخی نوێ، دۆزەکە چارەسەر ناکات و کێشەکە کۆتایی پێ ناهێنێت، بەڵکوو تەنیا دوای دەخات، دەکرێت لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، بارودۆخی ئێران بەرەو ئاڵۆزی بڕوات، هەروەکوو لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی بۆ درا، ناکرێت کاربەدەستانی ئێرانیش لە ئاست پەیام و هەڵوێستی گەلی کورددا خۆیان بێدەنگ بکەن.
بۆیە ئەگەر بپرسین، دەکرێت بۆ ناوەندە سیاسییەکانی ئێران، ئەمە بە دەرفەت لە قەڵەم بدرێت، دەرفەتێک بۆ گۆڕینی پرسی کورد لە پرسێکی ئەمنییەوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی، پڕۆژەیەک کە دان بە مافی خودموختاری (مافی چارەی خۆنووسین) و چارەسەری دۆزی کورددا بنێت، نەوەک وەکوو مەترسی و دژە شۆڕش سەیری بکات.
ئێران دەتوانێت مۆدێلێکی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. مۆدێلێک، کە لە لایەکەوە ماف و تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورد بناسێت و لە لایەکی دییکەشەو تایبەتمەندیی ئێران و بەرژەوەندییە گشتییەکانی بپارێزێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، یەکپارچەیی دەوڵەت و داننان بە جیاوازییە نەتەوەییەکان پێچەوانەی یەکتر نین، بەڵکوو لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسیندا کۆک و هاوتەریبن، چونکە ئەوەی دەتوانێت یەکپارچەیی لاواز بکات، نکۆڵیکردن و نەسەلماندنی ماف و ناسنامە و کەرامەت و زمان و فەرهەنگ و کولتوورە، نەوەکوو دانپێدانانیان.
بۆیە وای دەبینم، ئەگەر ناوەندە سیاسی و ستراتیجییەکانی ئێران بە ڕوانگەیەکی درێژخایەنەوە سەیری دۆزی کورد بکەن، دەبێت ڕوانگە و ڕوانینی کاربەدەستانی ئێران لە شێواز و بڕیاری “چۆن کورد کۆنترۆڵ بکەین”ەوە بگۆڕدرێت بۆ شێوازێک، کە وەڵامدەرەوەی بارودۆخی نەگۆڕی دۆزی کورد و مافەکانی بێت. واتە “چۆن کورد ببێتە هاوبەشی ئێران؟”
گۆڕینی وەڵامی ئەو پرسیار وڕوانینە، خۆی لە خۆیدا گۆڕانێکی ستراتیجییە، چونکە کورد، ئەگەر هەست بکات ناسنامە و مافەکانی لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسیی دادپەروەردا پارێزراون، دەتوانێت هێزی خۆی لە پەرەپێدان و ئابووری و کولتوور و ژیانی سیاسیی ناوخۆدا بەکار بهێنێت. بەڵام ئەگەر هەست بکات بەردەوام لە دەرەوەی سیستەمەکەیە، ئەوا ئەو وزەیە دەکرێت بۆ ناڕەزایەتی و ململانێ بەکار بهێنرێت و دەوڵەتە زلهێزەکانیش سوودی لێ وەرگرن، حکوو مەتەکانی پێشوو وئێستای ئێرانیش ئەزموونیان زۆرە لەگەڵ دۆزی کورددا.
هەروەها دەبێت ڕوون بێت، کە چارەسەری دۆزی کورد دژی دەوڵەتی ئێران نییە، هەروەکوو داننان بە ناسنامەی پێکهاتەکانی دیکە هاوشانی نەتەوەی فارس لە “ئازەری و عەرەب و تورکمان و لووڕ و بەلووچ و قەشقاییەکان” کە ٤٠٪ی دانیشتووانی ئێران پێک دەهێنن، دژی دەوڵەت و نیزامەکەی نییە. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەکولتوورە و کۆمەڵگەکەی لە نەتەوەی جیاواز پێکهاتووە. لەو ڕوانگەیەوە، بوونی کورد و مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی نابێت وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی ئێران لێک بدرێتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر جیاوازییە نەتەوەیی و کولتوورییەکان بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسی بناسرێن، دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان پێکهاتەکانی وڵاتدا. ئەزموونی بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئەزموونی جەنگی ئێران و ئەمریکا وا دەخوازێت بە بیرکردنەوەیەکی نوێ لە مانای دۆزی نەتەوەکان بڕوانرێت، دەوڵەت دەتوانێت لەناو خۆیدا یەکگرتوو بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت ئازایانە و واقیعیانە جیاوازییە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی ببینێت و بناسێت و ڕێزیان لێ بگرێت.
ئەمەش بۆ هەر دەوڵەتێک، کە پێکهاتەی فرەنەتەوە بێت پەیامێکی گرنگە. دۆزی نەتەوەیی، ئەگەر بە شێوەیەکی سیاسی و دەستووری چارەسەر نەکرێت، زۆرجار بە شێوەیەکی دیکە خۆی دووبارە دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا، دەبێتە خاڵی لاوازی وڵاتەکە.
ئەگەر ئێران بتوانێت ئەم هاوسەنگییە دروست بکات، ئەوا دەتوانێت دۆزی کورد لە دۆزێکی مێژوویی چارەسەرنەکراو بگۆڕێت بۆ دەرفەتێکی نوێی سیاسی، لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت، کە ناوەندە سیاسییەکان و ناوەندە ستراتیجییەکانی ئێران مانیفێستۆی چارەسەری دۆزی کورد بخەنە سەر مێزی ڕابەر و پەرلەمان و حکوومەت، نەوەکوو لەسەر ئاستی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستانیش، کە ئیدیکە کورد وەکوو خاڵی لاوازی ئێران نەبینن و لێی نەڕوانن، بەڵکوو وەکوو خاڵی بەهێزی ئێران لێی بڕوانن، چونکە کێشەی سەرەکی لە بوونی کورددا نییە، بەڵکوو لە شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ نەتەوەی کورد لە نیشتمانەکەی لەسەر خاکەکەیدا.
لەو چوارچێوەیەدا، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت بیرکردنەوەی بژاردەی خۆی لەناو ئێراندا بگۆڕێت و بگاتە بیرکردنەوەیەکی سیاسیی نوێ، بەڵام ئەمە بە مانای دەستبەرداربوون لە خەون و هیوای نەتەوەییی کورد نییە. خەونی دەوڵەتی کوردستان هەروا بەشێکە لە مێژوو و هەستی نەتەوەییی کورد، بەڵام پرسیاری لۆجیکی سەردەم ئەوەیە، کە چۆن دەتوانرێت ماف و ناسنامە و خۆبەڕێوەبردنی کورد لە چوارچێوەی “دەوڵەتی فرەنەتەوە لەناو یەک دەوڵەتدا” گفتوگۆی لەسەر بکرێت لەگەڵ باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران.
لەو ڕووەوە، ئەگەر ئاماژە بە ئەزموونی کیوبێک بدەین لە کەنەدا وەکوو نموونەیەکی گرنگ، کیوبێک دووجار ڕێگەی ڕاپرسیی بۆ جیابوونەوە هەڵبژاردووە، و لە ڕاپرسیی ١٩٩٥دا، تەنیا بە جیاوازییەکی زۆر کەم، ٥٠.٥٨٪ بەرانبەر ٤٩.٤٢٪، بڕیار لەسەر مانەوە، یان جیاکردنەوەی درا، بەڵام لە کۆتاییدا، کیوبێک لە کەنەدا مایەوە.
ئەم ئەزموونە دەتوانێت بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پرسیارێکی نوێ دروست بکات، کە ئایا دەتوانرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نوێدا، بە داننان بە بوونی چەند نەتەوە و چەند ناسنامەیەک، مافی خۆبەڕێوەبردن و پاراستنی زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری مسۆگەر بکرێت؟
ئەگەر ئێران بتوانێت بگاتە ئەو ئاستەی کە بڵێت: “چەند نەتەوە و یەک دەوڵەت”، ئەوا کورد نابێت ناچار بکرێت لەنێوان ناسنامەی کوردی و هاووڵاتیبوونی ئێران یەکێکیان هەڵبژێرێت. لەو کاتەدا، جیاوازیی نەتەوەیی نەوەک هۆکاری دابڕان، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە بنەمای پەیوەندییەکی نوێی نێوان نەتەوەکان و دەوڵەت.
ئەمەیە ئەو گۆڕانەی کە دەتوانێت کورد لە “خاڵی لاوازیی ئێران” بگۆڕێت بۆ “خاڵی بەهێزی ئێران”، بێگومان ئەوە بۆ نەتەوەکانی دیکەش ڕاستە.
بۆیە دەبێت بە دیدێکی دیکە وەڵامی “ترس و نکۆڵیکردن و فشار و جەنگ” بدرێتەوە، ترس بگۆڕدرێت بۆ متمانە و نکۆڵیکردن بگۆڕدرێت بۆ دانپێدانان و فشار و جەنگ و تیرۆر بگۆڕرێت بۆ دانوستاندن و ڕێککەوتن.



