سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یەڵماز گیونەی؛ ئیمپراتۆری سینەمای ڕاستی و ڕابەری ژیانەوەی ئەبەدی

لە مێژوودا، هەندێک کەس مەرگیان دەبێتە کۆتایی فیزیکی جەستەیی، بەڵام ئیدی بۆهەتا هەتایە دەژین، یاخود مەرگیان دەبێتە دەستپێکی ژیانێکی ئەبەدی و مێژوویی. لەو بڕوایەدام، کە ئێستا نالی باشتر دەژی و باشتر دەخوێندرێتەوە لەو سەردەمەی کە خۆی تێیدا ژیاوە. سبەی یادی کۆچی دوایی یەڵمازگیونەیە، دەکرێت بڵێین لە ئاسمان ڕۆژی هەڵاتنی ئەستێرەیەکی سینەمای کوردییە، چونکە هەتاوەکوو لە ژیاندابوو چیرۆکەکانی هەر لە زەوی دەبینران نەوەک وەکوو ئەستێرەیەک.

مەرگی یەڵماز گیونەی و ئەحمەد کایا لە تاراوگەدا، هەزاران پرسیاری وەڵام نەدراوەیە، نموونەی ئەو مەرگە مەزنانەن، کە مرۆڤ لە قۆناغی بوونە کاتییەکەیەوە دەگوازنەوە بۆ ناو ویژدانی زیندووی مرۆڤایەتی، بە تایبەتی لە ویژدانی نەتەوەکەیدا. لە بەرانبەردا، هەندێک مرۆڤ هەن، کە تەنانەت لە کاتی زیندووبوونیشیاندا، بەهۆی بێدەنگبوونیان لە ئاست ستەم، لەناو مێژوودا مردوون. گیونەی بە مەرگی خۆی لە شاری پاریس، سەلماندی، کە دەکرێت مرۆڤ لە زیندان و تاراوگەشدا بێت، بەڵام وێنەی دەرەوەی زیندان بگرێت و بۆ ئازادی تێ بکۆشێت و ناوی وەکوو ئیمپراتۆری سینەمای ڕاستی لە یادەوەرییدا بمێنێتەوە.

ئەگەرچی یەڵماز گیونەی وەکوو ستێفن سپیلبێرگ، یان تێری جۆرج کۆمەڵکوژیی و جێنۆسایدی دۆکیومێنت نەکردووە، بەڵام سینەمای ئەو لە چوارچێوەی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتیدا، گوزارشت لە ژێرخانە سیاسییەکانی ستەم و پڕۆسەی جێنۆسایدی کولتووری دەکات. گیونەی لەجیاتی وێناکردنی ساتەوەختی کوشتن، وێنای ساتەوەختی بێدەنگکردن و سڕینەوەی سیستەماتیکی ناسنامەی نەتەوەیەک دەکات، کە لە زانستی جێنۆسایدناسیدا بە جێنۆسایدی سپی، یان قۆناغەکانی پێش کۆمەڵکوژی هەژمار دەکرێت. لە فیلمی ڕێگەدا، گیونەی وێنای نەتەوەیەک دەکات، کە زمان و کولتووری دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام لێی قەدەغە کراوە. هەروەها لە فیلمی مێگەلدا، ئاماژە بە لەناوچوونی شێوازێکی ڕەسەنی ژیان دەکات، لەژێر فشاری مۆدێرنیتەی دەوڵەتدا، کە ئەمەش جۆرێکە لە سیاسەتی لەناوبردنی گرووپە مرۆییەکان.

بە بڕوای دەردەشتی (١٣٩٦)، گیونەی لە ڕێگەی ڕیالیزمی ڕەخنەیییەوە، ئەو پێکهاتە سیاسییانە نیشان دەدات، کە زەمینەخۆشکەرن بۆ جێنۆساید. چونکە سڕینەوەی فیزیکی هەمیشە لە سڕینەوەی زمان و مێژوو لە کایەی گشتیدا دەست پێ دەکات. هەروەکوو چۆن ڕەشکردن و بێزراندن زەمینەسازکردنە بۆ کۆمەڵکوژیی فیزیکی، تاوەکوو لە کاتی جێبەجێکردنی تاوانەکەدا جەلاد باشتر دەستی بچێتە خوێنی قوربانی. بەپێی تێڕوانینەکانی دۆنمێز کۆلین (٢٠١٤)، سینەمای گیونەی یەکەمین ئاڵنگاریی جدییە دژی ئەو ونبوونە کولتوورییەی بە سەر کورددا سەپێنراوە. ئەو پێی وایە، گیونەی سینەمایەک پێشکەش دەکات، کە جێنۆسایدێکی لەسەرخۆ نیشان دەدات، کە تێیدا نکۆڵیکردن لە شێوازی ژیانی گرووپێک، ئەگەر زۆرتر و مەترسیدارتر نەبێت، ئەوا کەمتر نییە لە کۆمەڵکوژی بە چەک.

لە ڕووی ئەکادیمییەوە، گیونەی کە لە ناوەندە هونەرییەکاندا بە “پاشای ناشیرین” دەناسرێت، قوتابخانەی ڕیالیزمی سۆسیالیستی لە سینەمای ڕۆژهەڵاتدا گەیاندە قۆناغی کامڵبوون. ئەو توانی جەستەی ئەکتەر و ژینگەی سروشتیی کوردستان بکاتە دالێکی بەهێز بۆ مەدلوولە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. گیونەی وەکوو پێشەنگی سینەمای پابەند، ڕێگەی بۆ نەوەکانی دوای خۆی خۆش کرد، تاوەکو بتوانن ڕوونتر باس لە جێنۆسایدە فیزیکییەکانی وەکوو ئەنفال و دێرسیم و شەنگال بکەن. ئەو بۆخۆی یەکێک بوو لە قوربانیانی ئەو سیاسەتە، چونکە وەکوو کوردێک نکۆڵی لێ دەکرا و هیچ کات ئازاد نەبوو بە زمانی خۆی فیلم دروست بکات، کەچی دواتر بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە وەکوو سینەماکارێکی تورک ناو دەبرا. مەرگی ئەو کۆتایی فیزیکیی جەستەیەک بوو، بەڵام دەسپێکی گوتارێکی جیهانی بوو، کە سنوورە دەستکردەکانی تێپەڕاند و ئازاری مرۆڤی کوردی گەیاندە لوتکەی فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان.

داهێنانی گیونەی چەندە جێگەی شانازییە بۆ خۆی و بۆ هەر کەسێک، کە وەکوو ئەو بیری لە ژیان و مەرگ کردووەتەوە، سەد هێنەر جێگەی شەرمەزارییە بۆ سیستەم و دەسەڵاتێک، کە زیندانیان دەکرد و ڕێگەیان نەدەدا بچێت سەر سێت و سەرقاڵی وێنەگرتن بێت.

سبەی یادی مەرگی یەڵماز گیونەی و هاوکات ڕۆژی لەدایکبوونی سینەمای کوردییە، سینەمای نەتەوەیەک کە هێشتا وەکوو ئەوەی مرۆڤ نەبێت نە لەناو نەتەوەیەکگرتووەکان نوێنەری هەیە و نە دنیا لە برینەکانی دەپرسێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO