سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نیشتمانسازی و ئیکۆلۆجیا: جەنگی بوون و ناسنامە و یاسای ژینگە

زەردەشت مەلا حەسەن

گەڕانەوەم بۆ دنیای یاسای ژینگە و مافی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماجستێرەکەم، تەنیا وێستگەیەکی ئەکادیمی ڕووت نەبوو، بەڵکوو دەستپێکی گەشەکردنی پرسیارگەلێکی ستراتیجی و فەلسەفی بوو؛ پرسیار لەسەر هاوکێشە و ڕەهەندەکانی ژینگە و نیشتمان و ناسنامە و داهاتووی نەتەوە.

نیشتمان بەپێی پێوەرە یاساییەکان تەنیا سنوورێکی جوگرافی، یان پێکهاتەیەکی سیاسیی بێگیان نییە، بەڵکوو کیانێکی زیندووی مێژوویی و فەلسەفییە، کە لە ئاوێتەبوونی گیانی نەتەوە لەگەڵ خاکەکەیدا دروست دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، پڕۆسەی نیشتمانسازی تەنیا بونیادنانی دامەزراوە سیاسییەکان نییە، بەڵکوو لە ئاستە قووڵەکەیدا بەهێزکردنی ڕاگری سێکوچکەی سەروەریی خاک و هاوسەنگیی ئیکۆلۆجی و ناسنامەی نەتەوەییە.

لە ڕوانگەی بیری نەتەوەییەوە، پەیوەندیی نێوان خاک و نەتەوە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی (بوونناسی)یە. خاک نەوەکوو هەر شوێنی ژیانە، بەڵکوو سەرچاوەی مانا و بیرەوەریی بەکۆمەڵ و ڕەسەنایەتیی کولتورییە. نەتەوە بەرهەمی دیالێکتیکی کارتێکردنی دوو لایەنەی مرۆڤ و ژینگەکەیەتی. شاخ و ڕووبار و  دارستان و دەشتەکان تەنیا سەرچاوەیەکی سروشتی، یان دارایی نین، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و گیانی  نەتەوە.

کاتێک ژینگەی نیشتمانێک تووشی وێرانکاری و دارستانبڕین، یان پیسبوون دەبێتەوە، ئازارەکە لە ئاستی ئیکۆلۆجیدا ناوەستێت، بەڵکوو بریندارکردنی ڕاستەوخۆی جەستە لە گیانی نەتەوە خۆیەتی. پاراستنی ژینگە لەم ڕوانگەیەوە، کردارێکی بەرگریی دەستبەجێ و ستراتیجییە لە ناسنامە و هەبوونی نەتەوە.

نەتەوە وەکوو زنجیرەیەکی بەستراوە لەنێوان نەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا دەخولێتەوە. نیشتمانسازی وەڵامدانەوەی خێرای پێداویستییەکانی ئیمڕۆ نییە، بەڵکوو بەدیهێنانی بەڵێننامەیەکی ئەخلاقی و یاساییە بەرانبەر نەوەکانی داهاتوو.

سوتاندن، یان پشتگوێخستنی ژینگە لەپێناو قازانجی کاتیی، خیانەتێکی بەکۆمەڵە لە بەردەوامیی نەتەوە. سەروەریی ڕاستەقینە کاتێک دەستەبەر دەبێت، کە نەتەوە بتوانێت ژینگەکەی بە پاکی و بەپیت وەکوو “سپاردەیەک” ڕادەستی نەوەکانی داهاتوو بکات. کۆمەڵگەیەک، کە ژینگەکەی وێران ببێت و توانای خۆژێنیی ئاوی و خۆراکی لەدەست بدات، کۆمەڵگەیەکی وابەستە و لاواز و بێ بڕیار دەبێت بەرانبەر هەڕەشە دەرەکییەکان.

نیشتمانسازی پێویستی بە هاووڵاتییەک هەیە، کە هەست بە بەرپرسیارێتیی کۆیی بکات. ژینگەپارێزی بەهێزترین ڕاهێنانی فەلسەفی و ڕەفتارییە بۆ پیادەکردنی نیشتمانپەروەریی هاوچەرخ. کاتێک تاکەکانی نەتەوە تێ دەگەن پاراستنی دارێک، یان ڕووبارێک بەشێکە لە پاراستنی سەروەری و کەرامەتی نەتەوەدا ئەوکاتە، وەرچەرخان لە هۆشیاریی نیشتمانیدا ڕوو دەدات.

پەیوەندیی نێوان نیشتمانسازی و پاراستنی ژینگە و پەیوەندیی خاوەن و کەلوپەل نییە، بەڵکوو پەیوەندیی جەستە و گیانە. هیچ نیشتمانسازییەکی مەزن بەبێ ژینگەیەکی تەندروست نایەتە دی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO