سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زمانی کوردی لە ڕۆژاڤای کوردستان‌دا

لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سووریا، مەگەر بۆ ماوەیەکی کەم نەبێت لەسەردەمی ئینتدابی فەڕەنسییەکان دەرفەتێک بۆ کوردانی دانیشتووی شام ڕەخسا، لە بواری زمان و کولتوور و چاپەمەنیدا چالاک بن، لەوانەش وەشاندنی گۆڤاری هاوار(١٩٣٢)، ئەگینا هیچ ئاماژەیەکی دەستووری و یاسایی لەو وڵاتەدا بە زمان و کولتووری کوردیدا نەکراوە، ڕاستە وەکوو کۆماری تورکیا بە ڕەسمی زمانی کوردی قەدەغە نەکرابوو، بەڵام لە کایەکانی پەروەردە و فێرکردن و فەزا گشتییەکانی فەرمانگە حکوومییەکان، تەنانەت لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەشدا لە لایەن دیمەشقەوە زۆر بە تووندی دژایەتی زمان و ناسنامەی کوردی کرا، لەو سۆنگەیەشدا هاووڵاتییانی کورد دووچاری زیندان و ڕاوەدوونان و ئاوارەیی، تەنانەت کوشتنیش هاتوون.

دوای سەرهەڵدانی ڕۆژاڤا، دواتر دامەزراندنی کانتۆنەکان و دەسەڵاتی خۆسەری لەو هەرێمەدا، بزاڤێکی کولتووری و زمانەوانییان بۆ فەراهەم بوو و ئاستی خوێندنی کوردی لە سێکتەری پەروەردە و فێرکردندا گەیشتە قۆناغەکانی زانکۆ (زانکۆی ڕۆژاڤا لە کۆبانێ بە نموونە)، بەڵام کاتێک زمانی کوردی لە لایەن حکوومەتەکەی شەرعەوە بە فەرمانی ڕەسمی دەخرێتە ناو قوتابخانەکانی ڕۆژاڤاوە، ئێمە تەنیا باسی قۆناغێکی جیاواز دەکەین، باس لە لاپەڕەیەکی نوێ دەکەین لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی سووریا و ناسنامە و کولتوور و زمانی نەتەوەیەک، کە لە مێژە تووشی پەراوێزخستن بووە.

وەزارەتی پەروەردەی سووریا ڕێنمایی جێبەجێکاری سەبارەت بە فێرکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکوومی و ئەهلییەکاندا دەرکرد. ئەم بڕیارە شایەنی ئەوەیە بەهێمنی و بێ زیادەڕەوی و کاردانەوەی سۆزداری و لە چاویلکەیەکی سیاسی و یاساییەوە بخوێنرێتەوە و لەبەرچاو بگیرێت، تاوەکوو بزانین چی بەدەست هاتووە و لە داهاتوودا دەبێت چی بەدەست بهێنرێت. لە ڕاستیدا، بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد ڕەخنەیان لەو بڕیارە گرت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فێرکردنی زمانی کوردی بە تەنیا بۆ ئاستی مافێکی نەتەوەیی و زمانەوانی بەرز نابێتەوە و ئەوەی پێویستە دانپێدانانی زمانی کوردییە وەکوو زمانێکی ڕەسمی، نەوەکوو وەکوو زمانێکی نیشتیمانی بخوێنرێتەوە، بە تایبەتیش لە ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانی مێژوویی کورد پێکدەهێنن. پێم وایە ئەم داخوازییەی کورد ڕەوایە، مافی گەلان بۆ زمانەکەیان نابێت تەنیا لە خوێندنی ئیختیاری، یان قۆناغێکی سنووردار بێت. بەڵام ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ دەبێت لە خۆمانی بکەین ئەویش ئەوەیە، کە ئایا پێویستە ئەم هەنگاوە مێژووییە ڕەت بکەینەوە، تەنیا لەبەرئەوەی کۆتایی ڕێگەکە نییە؟

بەڕای من نەخێر. هێنانە ناوەوەی زمانی کوردی بۆ ناو خوێندنگەکانی ڕۆژاڤا لە ڕێگەی بڕیارێکی فەرمی، کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی سووریاوە، گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە مێژوویەکی دوور و درێژی ئینکاری و پەراوێزخستن. لە ڕووی سیاسییەوە ناژیرانە دەبێت، کە بەهای ئەم هەنگاوە کەم بکەینەوە تەنیا لەبەرئەوەی هەموو داواکارییەکانی کوردی بەدی نەهێناوە. دەیان ساڵە کورد لە سووریا لەژێر سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەدا دەژین، کە بەشێکی بنەڕەتی لە ناسنامە و کولتوور و زمانییان ڕەتکراوەتەوە. ئەوان تووشی ستەم و هەڵاواردن هاتوون، سیاسەتگەلێک کە بوونی زمان و ناسنامەی کوردی لە کایەی گشتیدا لاواز کردبوو. لە هەندێک کاتدا کارەساتەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە نەوەکان لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بێ ترس و فێربوون زمانەکەیان زەوت بکرێت. بۆیە ئەمڕۆ ناساندنی زمانی کوردی هەڵگری بەهایەکە، کە لە وردەکارییەکانی میتۆد و شێوازی وانەگوتنەوەدا تێ دەپەڕێت. دانپێدانانە بەوەی کە زمانی کوردی زمانێکی زیندووە و ئاخێوەرانی ئەو هاووڵاتییانەن، کە مافی ئەوەیان هەیە منداڵەکانیان لەناو خوێندنگەکانی سووریا گوێیان لە ئاوازی زمانەکەیان بێت، نەوەکوو لە پەراوێز و  لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بن. لێرەدا، دەبێت ڕوونتر بین، ستایشکردنی بڕیارەکە بە  واتای وازهێنان لە داخوازییەکانی دیکەی کورد نییە. دەتوانین بڵێین ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆ ئەم هەنگاوە، لە هەمانکاتدا دان بەوەدا بنێین، کە گەشتەکە کۆتایی نەهاتووە، دەتوانین پشتیوانی لە فێرکردنی زمانی کوردی بکەین لە هەمانکاتدا داوای مافی زیاتری زمانەوانی و کولتووری بکەین. دەتوانین ئەو بڕیارە بە خاڵی دەستپێک بزانین و داوا بکەین، کە ئەم سەرەتایە پەرە بسێنێت بۆ دانپێدانانێکی دەستووری ڕوونتر بە مافەکانی هەموو نەتەوەی کوردی ڕۆژاڤا، لەپێش هەموویانەوە مافی کورد بۆ زمان و ناسنامە و کولتوورەکەی، زامنی پێگەی زمانی کوردی وەکوو زمانێکی فەرمی لە ناوچە کوردنیشینەکاندا، لە چوارچێوەیەکی دەستووری و ئیداریدا، کە هەموو مافەکانی هاوووڵاتییە سوورییەکان مسۆگەر بکات بەبێ ئەوەی کەمێک لە مافی هەر گرووپێکی دیکە، ئەمانە دژایەتی نین، بەڵکوو سیاسەتی پێگەیشتوو ناچارمان ناکات لەنێوان دانپێدانان بەو شتەی بەدەست هاتوون و داوای ئەوەی هێشتا بەدەست نەهاتوون هەڵبژێرین.

کوردی ڕۆژاڤا بە درێژایی مێژووی سووریا باجی قورسیان داوە، لەپێناو ئازادی و دادپەروەری ڕۆڵەکانیان کردە قوربانی و بەرگەی ساڵانێک لە ستەم و هەڵاواردنیان گرت و باجی ستەمکارییان داوە، لەگەڵ ئەو سەختییەی ژیان، کە ناسنامە و زمان و بوونی کولتوورییان کردە ئامانج. بۆیە ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە گوتارێکی سیاسی جیاواز هەیە. نامانەوێت مافی زمان ببێتە مایەی ململانێی نێوان سوورییەکان. کورد دەیەوێت زمانی کوردی ببێتە بەشێکی سروشتی سووریای نوێ، هەروەکوو چۆن دەیەوێت زمانی عەرەبی زمانی یەکگرتووی دەوڵەت بێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەبێ جیاوازی پارێزراو بێت. زمان دیواری نێوان مرۆڤەکان نییە، زمان پردێکە بۆ شکۆی مرۆڤ، داننان بە زمانی کوردی، عەرەبێک کەم ناکاتەوە، هەروەکوو چۆن داننان بە زمانی عەرەبی، کوردێک کەم ناکاتەوە. دەوڵەتێک، کە ڕێز لە فرەچەشنی زمانەوانی و کولتووری خۆی بگرێت، لاوازتر نابێت، بەڵکوو زیاتر متمانە بەخۆی دەکات و باشتر ئامێزی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان دەکاتەوە.

لێرەدا، ئەرکی ئەمڕۆی کوردانی ڕۆژاڤا تەنیا ئاهەنگگێڕان نییە بۆ بڕیارەکە و هێرشکردنە سەری، بەڵکوو کارکردنە بۆ سەرکەوتنی. پێویستە داوای مامۆستایانی شارەزا و میتۆدی کوالیتی بەرز و کتێبی خوێندن و ڕاهێنان و ژینگەیەکی گونجاوی فێربوون و چاودێری جێبەجێکردنیان بکەن. چونکە مافەکان تەنیا بە دەرکردنی فەرمان نابنە واقیع. مافەکان بۆ پاراستنیان پێویستیان بە دامەزراوە هەیە، خوێندنگە بۆ جێبەجێکردنیان، کۆمەڵگەیەک، کە بزانێت چۆن بیانپارێزێت. ئەمڕۆ کورد بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە. ئەگەر دەیانەوێت زمانی کوردی لە پەروەردە و کارگێڕی و کۆمەڵگەدا ئامادەیییەکی بەهێزی هەبێت، پێویستە کار بۆ پەرەپێدانی و ڕاهێنانی کارمەندەکانی و بەرهەمهێنانی کتێب و پڕۆگرامی خوێندن و هاندانی منداڵان و لاوان بۆ فێربوونی و لە داخوازییەکانی بگۆڕین بۆ پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی فەرهەنگی و پەروەردەیی.

 ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ئەوە بووین، کە زمانی کوردی بە فەرمی بخرێتە ناو قوتابخانەکانی سووریاوە. با وەکوو شایەنی خۆی سەیری ئەم ساتەوەختە بکەین.ئەمە کۆتایی نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەنگاوێکی زوو تێپەڕیش نییە. هەنگاوێکی مێژووییە دوای دەیان ساڵ، کە زمانی کوردی لەو پێگەیەی کە شایەنیەتی بەهرەمەند نەبوو. بۆیە گەرەکە کورد پێشوازی لێ بکەن، کاربکەین بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنەکەی. لە هەمان کاتدا پابەندی تەواوی مافەکانی خۆیان ببنەوە، بە مافی کورد بۆ ئەوەی زمانەکەیان بەشێکی دانەبڕاو بێت لە پەیکەری دەستووری و ئیداری سووریای نوێ، هەروەها بە مافی ناوچە کوردستاییەکان، کە پێگەی فەرمییان هەبێت بۆ زمانی کوردی، کە ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و مێژووییە ناوازەکانیان بێت.

کورد زمانێکی ناوێت، کە تەنیا ڕێگەپێدراو بێت. ئەوان زمانێکیان دەوێت، کە ڕێزی لێ بگیرێت. مافێکی کاتیمان ناوێت. مافێکی هەمیشەییمان دەوێت، کە لە دەستووردا بچەسپێت. جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لەنێوان ڕەتکردنەوەی هەنگاوێک، چونکە نەگەیشتووەتە ئەنجام و پەژراندنی وەکوو سەرەتایەک و بەردەوامبوون لە ڕێگەکەدا. با ئەوەی بەدەست هاتووە بە جددی وەربگرین و بە بەردەوامی داوای ئەوەی دەمێنێتەوە. مافەکان لە یادەوەریدا پارچە پارچە نین، بەڵکوو لە سیاسەتدا بنیات نراون، ئێستا زانکۆی ڕۆژاڤا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانە دەکات، کە لەم دواییانەدا، وەزارەتی پەروەردەی سووریا سەبارەت بە کەمکردنەوەی وانەکانی زمانی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا دراون. لەم چوارچێوەیەدا، زانکۆ لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی و پەروەردەیی خۆیەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم پێوەرە پاشەکشەیە لە مۆدێلی پەروەردەیی وەرگیراو، هەنگاوێکە بۆ دواوە، کە ڕێگری دەکات لە گەشەسەندنی بەردەوامی سیستەمی پەروەردە لە ساڵانی ڕابردوودا.

لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، تاقیکردنەوەیەکی زانستی و مەیدانی گشتگیر لە ڕۆژاڤا-باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدرا، کە تێیدا سیستەمێکی پەروەردەیی گشتگیر دامەزرا و زمانی کوردی وەکوو زمانی سەرەکیd پەروەردە و توێژینەوە لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا ناسێنرا. ئیدیکە بەکارهێنانی زمانی دایک تەنیا لە بەشی ئەدەبی و زانستە مرۆییەکاندا سنووردار نەبووە، بەڵکوو فێرکردنی هەموو بوارە زانستی و پزیشکی و کارپێکراوەکانی وەکوو بیرکاری و فیزیا و کیمیا و ئەندازیاری و بە پێی پڕۆگرامە زانستییەکان و ستانداردە پێشکەوتووەکانی ئەکادیمی لەخۆگرتبوو. جیاکردنەوە و سنووردارکردنی زمانی فێرکردن بۆ سێ  وانەی هەفتانە و مانەوەی وەکوو پێکهاتەیەکی زمانی لاوەکی، لەبری ئەوەی ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ گوتنەوەی بابەتەکانی زانستی، لێکەوتەی نەرێنی پەروەردەیی و ئەکادیمی هەیە، وەکوو:

– کەمکردنەوەی توانای تێگەیشتن و شیکردنەوەی خوێندکارانی کورد بە دابڕینی لە ژینگە زمانەوانییەکەی کە زیاتر لە 12 ساڵە وەبەرهێنانی زانستییان تێدا کردووە.

یەکەم: وازهێنان لە ژێرخانی ئەکادیمی و دەستکەوتەکان، کە لە ڕێگەی هەوڵ و سەرچاوەکانی پەروەردە لە ماوەی تەواوی ١٢ ساڵدا بنیات نراون و پەرەیان پێدراوە.

دووەم: پشتگوێخستنی پێوەر و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییە پەروەردەییەکان، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پەروەردە بە زمانی دایکی فاکتەری سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی کوالیتی پەروەردە و جێبەجێکردنی داهێنان و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە.

ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پەروەردەیی باشترین چارەسەری ئەکادیمی لە سنووردارکردنی زمانێک نییە، لەسەر حیسابی زمانێکی دیکە، بەڵکوو لە ئەگەری وەرگرتنی مۆدێلی خوێندنی دوو زمان دایە. ئەمەش مۆدێلێکی زانستییە و لەسەر ئاستی جیهانی جێبەجێ دەکرێت. دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ فێرکردنی زانست و بابەتە سەرەکییەکان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی شانبەشانی یەکتر، بە شێوەیەک پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی خوێندکاران مسۆگەر بکات، توانای زانستی و پەیوەندیکردنیان بەرز بکاتەوە پردی یەکڕیزی ئەکادیمی و نەتەوەیی لەبری سیاسەتی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دروست دەکات.

مافی خوێندن بە زمانی دایک لە لقە جیاجیاکانی زانستدا مافێکی ئەکادیمیی مرۆڤە و لە ستاندارد و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا پارێزراوە، هەروەها ئامرازێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی پڕۆسەی خوێندن و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی. جگە لەوەش بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی پەروەردەیی گشتگیر و بەردەوام، پێویستە فرەزمانەوانی بەهێز بکرێت و بەرنامەی پەروەردەیی گشتگیر بگیرێتەبەر، لەبری جێبەجێکردنی سیاسەتی سنووردارکردن و پەراوێزخستن

لەسەر ئەم بنەمایە، زانکۆی ڕۆژاڤا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، چاو بەو بڕیارە بخشێننەوە، کە پێشتر  ئاماژەمان پێکرد، لە سنووردارکردنی بازنەی خوێندن بە زمانی کوردی، هەروەها کاربکەن بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئاستی ئەکادیمی و پڕۆگرامە زانستییە گشتگیرەکان، کە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا بە زمانی کوردی دەگوترێنەوە، لەوانەش ڕێگەخۆشکردن بۆ پەرەپێدانی مۆدێلی پەروەردەی دوو زمانەیی بەردەوام بە مەبەستی دڵنیابوون لە داهاتووی خوێندکاران و پاراستنی کوالیتی سیستەمی پەروەردە. ئەگینا بەو شێوەیەی کە بڕیاری لەسەر دراوە لە هەفتەیەکدا سێ وانە بخوێنرێت، پاشەکشەیەکی گەورەیە لە خەون و خواستی نەتەوەکەمان لە ڕۆژاڤادا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO